دۆلار لە هەردوو بانکی بازرگانی عێراق و بانکی کوردستان نەماوە
زێدپرێس
ڕاکێشانی دۆلار لە بانکەکانی بازرگانی عێراق و بانکی کوردستان ڕاگیراوە و هەر بەشدارێکی ئەو بانکانە پارەیان بە دۆلار دانابێت، تەنیا دەتوانن پارەکە بە دینار ڕابکێشنەوە و بۆ هەر ١٠٠ دۆلارێکیش تەنیا ١٣٢ هەزار دینار دەدرێت.
بەگوێرەی بەدواداچوونی زێدپرێس، لە هەردوو بانکی بازرگانی عێراق و بانکی کوردستان، تا ئێستا ڕاکێشانی دۆلار ڕاگیراوە و هەر یەکێک بیەوێت دۆلارەکانی ڕابکێشتەوە، تەنیا دیناری عێراقی پێدەدرێت و لە بەرانبەر هەر ١٠٠ دۆلارێکیش بری ١٣٢ هەزار دینار دەدرێت، لەکاتێکدا ئەمڕۆ سێشەم ١٢ی ئەیلوولی ٢٠٢٣، نرخی ١٠٠ دۆلار لە بازاڕی دراودا، لە دەوری ١٦٠ هەزار دیناری عێراقییە.
چەند خاوەن ژمێرەیەکی بانکی کە ئەمڕۆ سێشەم سەردانی هەریەک لە بانکەکانی بازرگانی عێراق و بانکی کوردستانیان کردووە، بۆ زێدپرێس پشتڕاستیان کردەوە، لە هەردوو بانکەکەدا پێیانڕاگەیەنراوە، دۆلار لە بانکەکانیاندا بەردەست نییە و تەنیا دەتوانن بە دینار پارەکەیان ڕابکێشنەوە.
گرفتەکە ئەوەیە، بۆ هەر ١٠٠ دۆلار، تەنیا ١٣٢ هەزار دیناری عێراقی دەدرێتەوە(واتە حیسابکردنی دۆلار بە نرخی بانکی ناوەندی عێراق)، ئەوەش بە زیانی گەورەی بەشدارانی بانکەکان تەواو دەبێت.
بەگوێرەی بەدواداچوونی زێدپرێس، کەمبوونەوەی دۆلار لە بانکەکانی عێراق و کوردستان ڕوویداوە، بەو هۆیەوە کە ئەمریکا پارەی تەواوەتی نەوتی عێراقی نەناردووە.
“ئەمریکا لەڕێگەی نەگێڕانەوەی تەواوەتی پارەی نەوتی عێراق بۆ وڵاتەکە، دەیەوێت گوشار لەسەر عێراق دروست بکات، بەئاڕاستەی ڕێگرتن لە گواستنەوەی دۆلار لە عێراقەوە بۆ ئێران، کە تا ئێستا بەردەوامە”، شارەزایەکی ئابووری بۆ زێدپرێس وای گوت.
ئاماژەی زیاتری دا، “ئەو گوشارانەی ئەمریکا لە عێراق بەدەرنین، لە پاڵنانی عێراق بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ هەرێمی کوردستان و بەو شێوەیەیش کەمکردنەوەی گوشارەکانی ئێران لەسەر هەرێمی کوردستان”.
هەرچەند ئەمڕۆ سێشەم لە چەند میدیایەکی ناوخۆی هەرێمی کوردستان باس لەوە کرا، کە بڕیاری پێدانی دینار بەرانبەر بە دۆلار لە بانکەکان و بەدیاریکراوی لە بانکی کوردستان (ئاڕ تی بانک) هەڵوەشێنراوەتەوە، بەڵام بەپێی بەدواداچوونی زێدپرێس لەسەر بنەمای لێدوانی ئەو کەسانەی هەر ئەمڕۆ سێشەم سەردانی هەردوو بانکی بازرگانی عێراق و بانکی کوردستانیان کردووە، هێشتا دۆلار بە هیچ خاوەن ژمێرەیەکی بانکی نەدراوەتەوە. بەرپرسانی هەردوو بانکەکە بە خاوەن ژمێرەکانیان ڕاگەیاندووە، دۆلار لە بانکەکانیاندا نییە و تەنیا دەتوانن بە دینار پارەکانیان ڕابکێشن.