هه‌واڵ

ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکانی شاندی هەرێم لە بەغدا ئاشکرا دەکرێت

زێدپرێس

سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ڕای دەگەیەنێت، شاندی هەرێم درێژە بە کۆبوونەوەکانی لە بەغدا دەدات و دوێنێ سێشەمیش، جگە لە چەند کۆبوونەوەیان لە نووسینگەی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و سەردانی کۆمپانیای سۆمۆ و وەزارەتی پلاندانیان کردووە.

د. ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیبسووک بڵاوی کردەوە، ڕۆژی سێشەم ١٨ی تەمووزی ٢٠٢٣، وەکو شاندی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، لە نووسینگەی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران درێژەیان بە کۆبونەوەکان دا، کە چەند تەوەرێکی گرنگی لە خۆگرتبوو.

ڕوونی دەکاتەوە، لە تەوەری یەکەمی کۆبوونەوەکاندا باس لە بابەتی دارایی و بەشە بودجەی هەرێم و میزانی مراجعەی مانگەکانی ڕابردوو و بابەتی داهاتی نانەوتی كرا. هەروەها، پرسی تەمویلی پێشمەرگە و پتڕۆدۆلار یەکێکی تر بوو لە باسوخواسی ناو کۆبوونەوەکان.

بەگوتەی سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران، دواتر شاندی هەرێم سەردانی کۆمپانیای سۆمۆیان کردووە و لە کۆبوونەوەکەدا باس لە ئەگەری هەناردەکردن و هەناردەنەکردنی نەوت کراوە، بەو پێیەی کە لە بڕگەکانی یاسای بودجەی گشتی هاتووە. هەروەها پرسی تێچووی کۆمپانیاکانی نەوتی هەرێم تاوتوێ کراوە.

ئومێد سەباح دەڵێ “هەر لە درێژەی کۆبوونەوەکاندا سەردانی وەزارەتی پلاندانانی حکوومەتی فیدڕاڵ کرا، لە کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر پرسی بودجەی وەبەرهێنان و پەرەپێدانی پارێزگاکانی تایبەت بە پشکی هەرێمی کوردستان”.

ئاشکرایشی کردووە، کە بریار وایه رۆژی پێنجشەم ٢٠ی تەمووزی ٢٠٢٣، لێژنەی باڵای هاوبەش کۆببنەوە.

ئێوارەی ڕۆژی یەکشەم ١٦ی تەمووزی ٢٠٢٣، شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد، ڕۆژی دووشەم ١٧ی تەمووز، یەکەمین کۆبوونەوە لە نێوان تیمی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان و تیمی باڵای حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ لە شاری بەغدا کرا.

لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەبارەی شێوازی جێبەجێکردنی برگەکانی تایبەت بە پابەندبوونی هەرێمی کوردستان و دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی فیدڕاڵی کرا.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...