یەکەم کۆڵبەری ڕۆژهەڵات بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی پاسەوانی سنوری هەرێم کوژرا
سەرچاوەکی بەرپرس لە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بۆ زێدپرێس ڕایگەیاند، ئەمڕۆ دووشەم ٢٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، کۆڵبەرێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەناوی هۆشیار مەحموودی کە خەڵکی ئاوایی شمشێری سنوری پاوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی پاسەوانی سنوری هەرێمی کوردستان کوژراوە.
بەگوێرەی بەدواداچوونی ڕێکخراوەکە، لەلایەن هێزەکانی پاسەوانی سنورەوە، لە ناوچەی کەلەبەری هەورامان دەستڕێژی ڕاستەوخۆ لە ژمارەیەک کۆڵبەری کورد کراوە، هۆشیار مەحموودی کە گوللە بەر سەری کەوتووە، گیانی لەدەستداوە و دووانی دیکەیش بریندارن.
ڕێکخراوەکە ناسنامەی یەکێک لە بریندارەکانی بۆ ساخ بووەتەوە، بەناوی ڕزگار فەرەجی کە قاچی پێکراوە.
هێزەکانی پاسەوانی سنوری ناوچەی یەک، سەر بە فەرماندەیی پاسەوانی سنوری عێراق، لە هێزێکی کوردی پێکهاتووە و لە سنورەکانی هەرێمی کوردستان جێگیر کراوە.
بارەگای سەرەکی فەرماندەییەکە لە ڕۆژئاوای شاری هەولێرە.