هه‌واڵ

سەندیکای ڕۆژنامەنووسان: پێشێلکاری بەرانبەر ١٢٨ ڕۆژنامەنووس و دەزگای ڕاگەیاندن کراوە

 

بەگوێرەی داتای سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان لەماوەی ساڵی ڕابردوودا، ٦٢ حاڵەتی پێشێلکاری بەرانبەر بە ١٢٨ ڕۆژنامەنووس و دەزگای میدیایی لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراوە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان کە ئەمڕۆ دووشەم ٢٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ ڕاگەیەندرا، زۆرترین حاڵەتی پێشێلکاری خۆی لە ڕێگری لە ڕووماڵ و جیاکاری لە نێوان ڕۆژنامەنووسان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەبینێتەوە، کە ٢٥ حاڵەتی تێدا تۆمارکراوە، لەو چوارچێوەیەشدا پێشێلکاری بەرانبەر بە ٣١ ڕۆژنامەنووس و دەزگای ڕاگەیاندن کراوە.

لە پلەی دووەمیشدا ١٤ حاڵەتی ڕاگرتن و دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان تۆمار کراوە، کە ٥٦ ڕۆژنامەنووس دەستبەسەر و دەستگیرکراون.

لە پلەی سێیەمیشدا هێرش و سووکایەتی بۆ سەر ڕۆژنامەنووسان ١١ حاڵەت بووە، ئەوەش ٢٤ ڕۆژنامەنووس دەگرێتەوە.

هەر لە ساڵی ڕابردوودا، شەش حاڵەتی شکاندنی کەلوپەلی ڕۆژنامەنووسان بەرانبەر بە ١١ ڕۆژنامەنووس، سێ حاڵەتی هەڕەشەکردن، دوو حاڵەتی لێدان و یەک حاڵەتی هەڵکوتانە سەر دەزگای ڕاگەیاندن تۆمارکراوە.

داتاکانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان پیشانی دەدەن لە ساڵی ٢٠٢٣دا و لەسەر ئاستی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، زۆرترین پێشێلکاری لە هەولێر تۆمار کراوە، کە ١٩ حاڵەت بووە، لە پلەی دووەمدا پارێزگای دهۆک بە ١٤ حاڵەت و لە پلەی سێیەمیشدا پارێزگای سلێمانی دێت کە ١٢ حاڵەتی پێشێلکاری تێدا تۆمار کراوە.

لە پارێزگای کەرکووک پێنج حاڵەت و لە هەڵەبجە سێ حاڵەتی پێشێلکاری، لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران شەش حاڵەتی پێشێلکاری و لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان دوو حاڵەت و لە زاخۆیش حاڵەتێکی پێشێلکاری تۆمار کراوە.

سەرجەم ئەو پێشێلکارییانەی ئەنجامدراون، بەرانبەر بە ڕۆژنامەنووسانی نێرینە بوون.

سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان لە پێشەکی ڕاپۆرتەکەیدا، ئاماژەی بەوە کردووە، کە “ئەمساڵیش پێشێلکارییەکان زۆرن و شێواز و جۆرەکانیشیان گۆڕاوە”. داواشی لە لایەنە بەرپرسەکانی هەرێمی کوردستان کردووە، “بەهەنگاوی پراکتیکی لە ڕێگای بڕیار و ڕێنمایی پێویست ڕێگری لەو پێشێلکارییانە بکەن، چونکە بەشێکی زۆری ئەو پێشێلکارییانەی بەرانبەر ڕۆژنامەنووسان لە لایەن دەزگا ئەمنی و فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان دەکرێن”.

زیاتر دەڵێ: “سەرچاوەکەی تێنەگەیشتنە لە کاری ڕۆژنامەنووسی، بەداخەوە ئێستاش زۆربەی جار هەر بە چاوی دوژمن سەیری ڕۆژنامەنووس دەکرێت”.

هەر لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، کە “لەبەر نەبوونی یاسایەکی گشتگیر تایبەت بەكاری ڕۆژنامەنووسی، لە هەرێمی کوردستان بە دەیان کەناڵی یاسایی و نایاسایی دروست بووە، بە داخەوە هەندێکیان بە دوور لە هەموو ئیتنیکێکی ڕۆژنامەگەری کار دەکەن و گوێ بە هیچ بەهایەک نادەن، هەر کاتێکیش تووشی گرفت دەبن داوادەکەن لێژنەی داکۆکی بە دەنگیانەوە بچێت”.

داواش دەکەن، کاری ڕاگەیاندنی ئەلیکترۆنی و سۆشیاڵ میدیا بەیاسا ڕێکبخرێت و لە هەمان کاتیشدا دەزگاکان بە فەرمی خۆیان لە سەندیکا تۆمار بکەن و پابەندی بەهاکانی کاری ڕۆژنامەوانی بن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...