هه‌واڵ

وەزیری دارایی: بە هیواین بۆ ساڵی داهاتوو کێشەی مووچە چارەسەر ببێت

زێدپرێس

 

وەزیری دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، هەوڵەکانیان بەردەوامە بەئاڕاستەی هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی عێراق و هیوادارن بتوانن بۆ ساڵی داهاتوو پرسی مووچەی فەرمانبەران “لە هەموو کێشە و ململانێیەک دوور بخەنەوە و بەیەک پێوانە مامەڵە لەگەڵ مووچەخۆرانی هەرێم وەک تێکڕای مووچەخۆرانی پارێزگاکانی تری عێراق بکرێت”.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

گوتەکانی ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێم لە میانەی پێشوازیکردنی لە نەسروڵڵا ڕەشنوودی کونسڵی گشتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر هات، کە ئەمڕۆ سێشەم لە دیوانی وەزارەت لەگەڵیدا کۆبووەوە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی وەزارەتەکە، لە دیدارەکەدا وەزیری دارایی کورتەیەکی لەسەر دواین هەنگاوەکان و گفتوگاکانی نێوان هەرێم و بەغدا لە سەر پرسی بودجە و مووچە بۆ وەفدی میوان خستەڕوو، ئاماژەی بەوە کرد هەوڵەکانیان بەردەوامە بەئاڕاستەی هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی عێراق بەو هیوایەی بتوانن بۆ ساڵی داهاتوو پرسی مووچەی فەرمانبەران لە هەموو کێشە و ململانێیەک دوور بخەنەوە و بەیەک پێوانە مامەڵە لەگەڵ مووچەخۆرانی هەرێم وەک تێکڕای مووچەخۆرانی پارێزگاکانی تری عێراق بکرێت.

“لەو ڕووەشەوە داوای لە کونسڵی گشتی کۆماری ئیسلامی ئێران کرد لە ڕێی پەیوەندییەکانیانەوە هاوکاربن بۆ چارەسەی کێشەکان”، لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە.

هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، نەسروڵڵا ڕەشنوودی کونسڵی گشتی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاندووە “توانا و پەیوەندییەکانی خۆمان بەکاردەهێنین بۆ ئەوەی کێشەکانی هەرێم و بەغدا لەسەر پرسی بودجە و مووچە بەزووترین کات چارەسەر بکرێت”.

لەتەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا، نەسروڵڵا ڕەشنوودی باسی لە شایستەی ئەو کۆمپانیا ئێرانییانە کرد کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن و بەهۆی قەیرانی داراییەوە شایستەکانیان دواکەوتووە.

لە بەرانبەردا، وەزیری دارایی پابەندی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی بۆ خەرجکردنی شایستەی کۆمپانیاکان دووپات کردووەتەوە و ڕایگەیاند “بەچارەسەربوونی کێشە سیاسییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی ناوەندی، کە کێشەی گەورەی ئابووری و دارایی قورسی بۆ هەرێمی کوردستان درووستکردووە، کێشەی سەرجەم کۆمپانیا ئێرانییەکان و کۆمپانیا بیانی و ناوخۆییەکانیش چارەسەر دەبێت، بەتایبەت کێشەی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...