سیاسیشرۆڤه‌كه‌لتووركۆمه‌ڵایه‌تی
ئاراستەکان

بۆچی خۆپیشاندان لە هەولێر بكرێت؟

لەگەڵ هەر خۆپیشاندانێك لە سلێمانی، پرسیارە باوەكە ئەوەیە بۆچی خۆپیشاندان لە هەولێر ناكرێ؟ بەڵام دەبێ پرسیارەكە بەم شێوەیە هەڵبگێڕدرێتەوە: بۆچی دەبێت خۆپیشاندان لە هەولێر بكرێت؟
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

خەڵك وا بیر دەكەنەوە، لەبەرئەوەی، سلێمانی و هەولێرییەكان یەك داخوازی و نیگەرانیان هەیە، هەر چالاكییەكی مەدەنی كە لە سلێمانی بكرێت، دەبێت ڕاستەوخۆ بۆ هەولێر بگوازرێتەوە. ئەگەر گردبوونەوە و خۆپیشاندانەكانی سلێمانی، وەك فۆڕمێكی چالاكی مەدەنی بۆ خستنەڕووی داخوازی و نیگەرانییەكان لێك بدەینەوە، گردبوونەوە و خۆپیشاندان، تەنیا فۆڕمی گەیاندنی نیگەرانی و داخوازیی نییە، هەرچەند ئەگەر لە ڕووكەشدا وا دەربكەوێت، یەكێك لە فۆڕمە كاریگەرەكانە، بەڵام مەرج نییە، لە هەموو پانتایی و زەمینەكی كۆمەڵایەتیدا، هەمان ئەنجام بە ڕاست بگەڕێتەوە.

 

ئەگەر دانیشتووانی سلێمانی، لەو باوەڕەدان لە فۆڕمی گردبوونەوە و خۆپیشانداندا، دەتوانن باشتر و كاریگەرتر داخوازییەكانیان بگەیەنن، ناكرێت پێمان وا بێت، هەمان فۆڕمی چالاكی بۆ هەولێریش كاریگەرتر و باشترینە.

 

بەردەوام زیاد لە فۆڕمێك بۆ گەیاندنی داخوازی و نیگەرانییەكان هەیە، لە هەر وێستگەیەك، هەلومەرجێكی كۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابووریدا، خەڵك بەشێوەیەكی ئاسایی پەنا بۆ ئاسانترین فۆڕم دەبەن كە لەگەڵ سروشتی خۆیان و تایبەتمەندییەكانی قۆناغەكەدا دەگونجێت.

 

ئەو گوتارەی كە دەیەوێت چالاكییەكانی سلێمانی و هەولێر بەیەكەوە گرێ بدات و تەنانەت لە فۆڕمێكی هاوشێوەدا و لە یەك كات و ساتدا ئاڕاستەیان بكات، لە دوو هۆكارەوە سەرچاوە دەگرێت، یەكەمیان، پێوەستە بەو ڕاستییەی كە هەر چالاكییەكی ناڕەزایەتی بۆ ئەوەی كاریگەرتر بێت، پێویست دەكات لەڕووی چەندایەتی و چۆنایەتییەوە تا دەتوانرێت فرەوانتر بكرێت، هاتنەپێشەوەی خەڵكی ناوچەكانی تر، لە یەك كاتدا گەشەپێدانێك لە ڕووی چەندایەتی و چۆنایەتی لە ڕەوتی چالاكییەكەدا دروست دەكات. هۆكاری دووەمیان، گرێدراوی دابەشبوونێكی سیاسییە لە نێوان هەولێر و سلێمانی و ململانێیەكانی سیاسی لەو ڕووەوە.

 

یەكێك لە دەرهاویشتەكانی دابەشبوونە سیاسییەكە، بەكارهێنانی نیگەرانی و داخوازییەكانی خەڵكە وەك ئامرازێكی سیاسی لە نێوان هێزە ڕكابەرەكاندا. لەو بەكارهێنانە سیاسییەدا، هێزە حاكمەكانی زۆنی سەوز و نیلی، نەبوونی خۆپیشاندان و چالاكی هاوشێوەی سلێمانی لە هەولێر، بۆ خۆسەپاندن و بەكارهێنانی زەبروزەنگ لەلایەن حاكمی زۆنی زەرد دەگێڕنەوە، حاكمی زۆنی زەرد لەو وێناكردنەدا، دێوەزمەیەكی تۆقێنەرە و بە ئاگر و ئاسن خەڵكەكەی سەركوت دەكات.

 

لە پشت ئەو بەكارهێنانە سیاسییەدا، ئامانجێكی سیاسی پێوەست بە تموحی مەرجەعبوونی هێزەكانی سلێمانی بەرانبەر بە هێزی حاكمی هەولێر هەیە، هەر خودی ئەو تموحە سیاسییە، پاڵپشتییەكی شاراوە دروست دەكات بۆ خەڵكی سلێمانی كە بتوانێت لە فۆڕمە دیارەكانی ناڕەزایەتیدا دەنگ هەڵبڕێت، چونكە تموحە سیاسییەكە، بۆ بە مەرجەعكردنی سلێمانی یان هێنانەدەرەوەی لە ژێر هەیمەنەی هەولێر، هەمان تموح لە پانتایی كۆمەڵایەتی بەرهەم دێنێتەوە و ئەوەش وا دەكات هەر تاكێكی سلێمانی بەو ئاڕاستەیە ئیش بكات كە لەپاڵ هەر كردەیەكی ئەودا، دەبێت هەولێر ئامادە بێت. وەك چۆن پڕۆسە سیاسییەكە، بە ئاڕاستەی دەربازبوون لە هەیمەنەی هەولێر لەڕووی سیاسییەوە بەڕێوە دەبرێت، بەهەمان شێوە خەڵكی شارەكە، دەیەوێت بە سوودوەرگرتن لەو ئاڕاستە سیاسییە، پەیامی داخوازی و نیگەرانییەكانی خۆی لەسەر هەمان ڕیتم ڕوو لە هەولێر ئاڕاستە بكات.

 

لەو كردەیەدا هەریەك لە حاكمە سیاسییەكانی سلێمانی و خەڵكی شارەكە سوود لە یەكتر وەردەگرن، بەبێ ئەوەی ئامانجێكی هاوبەشیان هەبێت. نیگەرانی و داخوازییەكانی خەڵكی شارەكە ڕوو بە هەولێر، دەبێتە پاڵپشتییەكی شاراوە، بەڵام كاریگەر بۆ بەدیهێنانی تموحە سیاسییەكە كە دەربازبوونە لە هەژموونی سیاسی هەولێر، هاوكات خەڵكی شارەكە، بۆ ئەوەی هیچ ڕووبەڕووبوونەوە و بەریەككەوتنێكیان لەگەڵ حاكمەكانی سلێمانی بۆ دروست نەبێت و بتوانن لانی كەمی نیگەرانی و داخوازییەكانیان بخەنەڕوو، پەیامی خۆیان لەسەر هەمان ڕیتمی حاكمە سیاسییەكان ڕوو لە هەولێر بەڕێوە دەبەن. ئەوەش قازانجێكی دووسەرە لەمەڕ خەڵكی شارەكە و حاكمە سیاسییەكانی مسۆگەر دەكات.

 

هاوشێوەی حاكمی زۆنی سەوز و نیلی، حاكمی زۆنی زەرد، هەمان یاری سیاسی لە پشت ئەنجامدانی خۆپیشاندان و گردبوونەوەكانی سلێمانی دووبارە دەكاتەوە، زەقترین نمونەی بەكارهێنانەكە، گرێدانی خۆپیشاندانەكانی سلێمانییە بە دەستێكی ئاژاوەگێڕ و تێكدەرانە كە دەیەوێت “ئەزموونە سەركەوتووەكەمان” لەبارببات. لەو گوتارەدا كە لە پشت هەر خۆپیشاندانێك لە سلێمانی، دەستێكی ئاژاوەگێڕ هەیە، حاكمی هەولێر دوو ئامانج دەپێكێت، ئامانجی یەكەم، ڕووبەڕووبوونەوەیە لەگەڵ حاكمە سیاسییەكانی سلێمانی و هەوڵێكی پێچەوانەیە بۆ بەرگری لە هەژموونی سیاسی هەولێر بەسەر سلێمانییەوە، چونكە حاكمی سیاسی هەولێر تێدەگات هەر چالاكییەكی جەماوەری لە سلێمانی، بە كردەنی لەلایەن حاكمە سیاسییەكانی شارەكەوە، وەبەرهێنانێكی سیاسی بەو ئاڕاستەیە تێدا دەكرێت.

 

لە دیوێكی دیكدا، حاكمی سیاسی هەولێر لە ڕێگەی گوتاری “ئاژاوەگێڕ و تێكدەرانە كە لە چالاكییەكانی سلێمانی هەیە”، ئامانجێكی دیكە لەئاستی ناوخۆی هەولێر و بەرانبەر بە خەڵكی شارەكە دەپێكێت. حاكمی سیاسی هەولێر، زۆرباش دەزانێت، هەر كاتێك توانی هەبوونی دەستێكی ئاژاوەگێڕ و تێكدەرانە لە پشت خۆپیشاندانەكانی سلێمانییەوە لە تێگەیشتنی دەستەجەمعی خەڵكی هەولێردا جێگیر بكات، چیتر خەڵكی هەولێر ئامادە نابن نیگەرانی و داخوازییەكانی خۆیان بە نیگەرانی و داخوازییەكانی خەڵكی سلێمانییەوە ببەستنەوە، ئەوەش وا دەكات، خەڵكی هەولێر بۆ دەربڕینی نیگەرانی و داخوازییەكانی، نەك هەر هەمان فۆڕمە تاقیكراوەكانی سلێمانی بەكارنەهێنێت، بەڵكو سانسۆرێكی دەروونی لەناوەوەیدا دروست دەبێت كە پێش ئەوەی بیر لە چالاكییەك بكاتەوە، لە شێوەی هێزێكی شاراوە، لە دەستێكی ئاژاوەگێڕ و تێكدەرانە، وریای دەكاتەوە و هۆشدارییەكی تێكەڵ بە هەڕەشەی پێ دەدات.

 

وەبەرهێنانی سیاسی حاكمەكانی هەولێر و سلێمانی لە پشت ئەنجامدانی خۆپیشاندان و چالاكییەكانی ناڕەزایەتی، شێوەی دیكەشی لەخۆگرتووە. بۆ نمونە، حاكمە سیاسییەكانی سلێمانی، لە پشت نەبوونی چالاكی ناڕەزایەتی لە هەولێر، بەتایبەت چالاكی لە فۆڕمی هاوشێوەی سلێمانی، پەرە بە وێنەی دێوەزمەئاسای حاكمی هەولێر دەدەن. مەبەست لە پەرەپێدانی ئەو وێنەیە، بەكارهێنانە سیاسییەكەیەتی لەلایەن حاكمەكانی زۆنی سەوز و نیلی.

 

ئەوان لە پشت پەرەپێدانی وێنەی پڕ لە زەبروزەنگی حاكمی زۆنی زەرد، ئامانجی دیكە دەپێكن، بۆ نمونە، پەرەپێدانی ئەو وێنە دێوەزمەئاساییەی حاكمی هەولێر، وا دەكات لە پانتایی كۆمەڵایەتی سلێمانی بەگشتی، ترسێكی تەواو بەرانبەر دێوەزمەی زەرد دروست ببێت، ئەدی كێ دەبێت خەڵكی شارەكە لە دێوەزمەی زەرد بپارێزێت، جگە لە حاكمی سەوز و نیلی؟ كەواتە حاكمە سەوز و نیلییەكان، هەرچەندیش ڕەخنەیان لەسەر بێت، لانی كەم خەڵكی شار لە دێوەزمەی زەرد دەپارێزن، ئەوەش خەڵكی سلێمانی قەناعەت پێ دێنێت، لانی كەم لە ترسی گەیشتنی دێوە زەردەكە، خۆبەخۆ بەرگری لە حاكمە سیاسییەكانی ئەوێ بكەن كە هاوكات بوونەتە پاسەوانی دەروازەكانی شار لە بەرانبەر دێوی زەرددا.

 

حاكمی زۆنی زەرد، هەر لە سروشتی خۆیدا، ڕاهاتنێكی لەسەر بەكارهێنانی زەبروزەنگ هەیە، لە ئاستی حاكمەكانی زۆنی سەوز و نیلی، كاتێك وەبەرهێنانی سیاسی لە پشت ئەو زەبروزەنگەوە دەكرێت، لەوێدا ئەوان هەرچەند لەمەڕ پێگەی خۆیان لە سلێمانی و كەم كردنەوەی هەژموونی دێوە زەردەكە وەك براوەی سیاسی دەربكەون، بەڵام لە پانتایی كۆمەڵایەتیدا، ئەگەر خەڵكی سلێمانی یەكجار دەكرێت بە قوربانی وێنایەكی ساختە، ئەوە خەڵكی هەولێر، باجێكی تەواو قورستر دەدات.

 

لە پشت وەبەرهێنانی سیاسی لە زەبروزەنگی حاكمی سیاسی هەولێردا، تۆقاندنێكی ڕاستەقینە هەیە، لەو بەكارهێنانەدا ئامانجەكە بەرگری لە خەڵك یان دژایەتی بەكارهێنانی زەبروزەنگ نییە، بەڵكو ئامانجە سیاسییەكە بەتەواوەتی زاڵ بووە، ئەوە وا دەكات هیچ لێكدانەوەیەك لە ئاست حاكمە سیاسییەكانی سلێمانی نەبێت، بەوەی چۆن وێنای دێوە زەردەكە دەكەن و لێكەوتەكانی ئەو وێنەیە لە تێگەیشتنی خەڵكی هەولێر چۆن دەكەونەوە. پرسیارەكە ئەوەیە؛ ئایا پەرەپێدانی ئەو وێنەیە و وەبەرهێنانەكانی لە پشتی دەكرێت، زیاتر لە قەبارەی ئەوەی لە واقیعدا دەگوزەرێت، ترس و تۆقاندنی بەرهەم نەهێناوە؟

 

ترس و تۆقاندنێكی زیاتر لەوەی لە واقیعدا و لە ئەنجامی پێشێلكارییەكانی حاكمی سیاسی هەولێر لە بەكارهێنانی توندوتیژی بەرانبەر بە بەشداربووانی چالاكییە ناڕەزایەتییەكان دەكەوێتەوە، لەو وێناكردنەوە دروست دەبێت كە حاكمە سیاسییەكانی زۆنی سەوز و نیلی، لە ڕێگەی مەكینەیەكی گەورەی میدیاییەوە كاری لەسەر دەكەن، ئەو وێناكردنەی حاكمی سیاسی هەولێر لە دێوێكی تۆقێنەردا، زیاتر لە هەر كردەیەكی توندوتیژانە كە حاكمی سیاسی هەولێر لەوەتەی جێگیربوونی لەو شارەدا تاقیكردووەتەوە، كاریگەری لەسەر خەڵكی شارەكە دروستكردووە، تەنانەت بە كردەی ٣١ی ئابیشەوە، ئەوەندەی قورسایی وێناكردنەكە كاریگەری نەرێنی لەسەر خەڵكی شارەكە نەبووە لە بڵاوكردنەوەی ترس و تۆقاندندا.

 

ئەگەر لە ٣١ی ئابی ١٩٩٦ەوە دێوە زەردەكە بە سواری تانك و زرێپۆشەكانی بەغدا دەست بەسەر هەولێردا دەگرێت، ئەگەر لەو ڕێككەوتەوە تا گەڕانەوەی دەرگەوانە سەوزپۆشەكەی بەهەشت لە پێكهێنانی كابینەی پێنجەمی حكوومەت لە ٢٠٠٥ و دەركەوتنی مەهدی بە بەرگێكی نیلییەوە لە ٢٠٠٩دا، هەولێر خۆراكێكی جێهێشتراو بوو بۆ دێوە زەردەكە، ئەوە بەدڵناییەوە بە دێوە زەردەكە نەخورا، بەڵكو لە دێوە زەردەكە نەتۆقی.

 

ئەنجامی خولەكانی هەڵبژاردنی ٢٠٠٥، دواتر هەڵبژاردنی ٢٠٠٩ و كۆتا هەڵبژاردنی ٢٠١٣، پیشانمان دەدات، لە زەمینەی واقیعدا نە دێوە زەردەكە ئەوەندە تۆقێنەر بوو، نە خەڵكی شارەكە ئەوەندە تۆقیوو بوون. ئەنجامی دوا هەڵبژاردن وەردەگرین، دێوە زەردەكە ٣٧٢ هەزار و ٦٠٢ پاسەوانی هەیە، بەڵام فریادڕەسە سەوزپۆش، نیلیپۆش و سپیۆشەكان بە كلیلی بەهەشتەوە ٣٦٢ هەزار و ٣٤٠ كەس لە چنگ دێوە زەردەكە دەرباز دەكەن. دێوە زەردەكە ١٢ پاسەوان و فریادڕەسەكان دەبن بە خاوەنی ١٣ پاسەوان لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێردا.

 

پرسیارەكە ئاڵۆز نییە، وەڵامەكەش سادەیە، ئایا جەبەڕووتی دێوە زەردەكە، ئیرادەی سیاسی دانیشتووانی هەولێری تێك شكاند؟ ئەدی ئەو هەموو فریادڕەسە سەوزپۆش، نیلیپۆش و پیاوە بەدەستنوێژانە لە كوێوە پەیدا بوون و چۆن توانیان هەر لە دوورەوە، ئیرادەی نیوەی خەڵكی شارەكە وەك منارەكەی ڕاست بكەنەوە؟

 

ئەگەر ئەو ئەنجامانەی هەڵبژاردنەكان لە هەولێردا تێگەیشتنێكی پێچەوانەی وێناكردنە سیاسییە زاڵەكەمان بۆ دروست بكەن، لانی كەم لەوەی خەڵكی شارەكە بەدرێژایی زیاتر لە ١٠ ساڵ لە “جەبەڕووت”ی دێوە زەردەكە نەتۆقی بوون، پێویست دەكات لە چەند ڕەهەندێكی دیكەوە، هەڵوەستە لەسەر كۆی پرسەكە بكەین.

 

تا بە ئێستاش، هەولێر تەنیا شارێكە لە سەر ئاستی هەموو هەرێمی كوردستاندا، كە توانیویەتی دەرفەت بە فرەییەكی سیاسی بدات، سەنتەری هەر شارێكی گەورە و بچووك لە كوردستاندا، لەلایەن تەنیا هێزێكی سیاسییەوە كۆنتڕۆڵ كراوە، لەوپەڕەكەیدا هێزێكی باڵادەست و هێزێكی لاواز ئامادەییان تێدا هەیە، لە شێوەی دابەشبوونی دهۆك لە نێوان پارتی و یەكگرتووی ئیسلامیدا، یان لە شێوەی سەنتەری سلێمانی لە نێوان یەكێتی و گۆڕان وەك توخمێكی دوو جەمسەر، لە بەرانبەر نوزەیەكی بچووكی پارتی و چەپ و ئیسلامییەكاندا.

 

ئەو فرەییە سیاسییەی لە هەولێر هەیە، لانی كەم گرێدراوی هەبوونی ئیرادەیەكی سیاسی بەهێزە لە ئاست پانتاییە كۆمەڵایەتییەكەیدا، ئەگەر هێزە سیاسییەكانی دەرەوەی پارتی لە سەر ئاستی هەموو پارێزگاكەدا نیوەی دەنگەكانی شارەكەیان مسۆگەر كردووە، ئەوە لە ئاستی سەنتەری شارەكەدا، بەنزیكەی ٧٠٪ دەنگەكانیان بردووەتەوە. ئەو ئەنجامە بەڵگەیەكی نكوڵی لێ نەكراوە، لەمەڕ هەبوونی ئیرادەیەكی بەهێزی سیاسی لە پانتایی هەولێردا كە لە ئاستی شارەكانی دیكەدا هاوشێوەی نییە.

 

ئێمە دەتوانین لە دوو ڕەهەندی جیاوازەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو فرەییە سیاسییەدا بكەین كە لە ئاستی هەولێردا دەركەوتووە. ئاستی یەكەم ئەوەیە؛ ئەگەر دێوە زەردەكە بەدرێژایی تەمەنی لە شارەكەدا هەر زەبروزەنگێكی بەكارهێنا بێت، ئەو زەبروزەنگە لە واقیعدا نەبووەتە هۆكاری لەناوبردنی ئیرادەی سیاسی خەڵكی شارەكە، بە پێچەوانەوە، دەبوو لانی كەم زۆرینەی خەڵكەكە بە چار و ناچار ببن بە پاسەوانی دێوە زەردەكە، تەنانەت بە ئێستاشەوە كە شارەكە لەڕووی ئەمنییەوە هەر بەدەست پاساوانانی دێوە زەردەكەیە.

 

ئاستی دووەم دیسان گرێدراوی پانتاییە كۆمەڵایەتییەكەیە، بەڵام لە ڕەهەندێكی دیكەدا، دەتوانین بە وروژاندنی پرسیارێك دەست پێ بكەین، ئایا هەڵبژاردن یەكێك لە فۆڕمەكانی بەشداری هاووڵاتییان نییە لە گەیاندنی داخوازی و نیگەرانی یان لە چوارچێوەیەكی گشتیدا لە دروستكردنی بڕیاردا؟ كەواتە بۆچی وەها بیر نەكەینەوە، دانیشتووانی هەولێر لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە، وەك فۆڕمێكی بەشداریی لە بڕیاردا، زۆر پێشتر پەیامی خۆیان گەیاندووە و ئەنجامەكەشیان وەرگرتووەتەوە؟

 

كاتێك هێزەكانی دەرەوەی پارتی لە ناوەندی هەولێر، واتە ڕێك لەناو ماڵی دێوە زەردەكە، زیاتر لە نیوەی دەنگەكان مسۆگەر دەكەن، ئەوە مانای ئەوەیە كە خەڵكی شارەكە لە فۆڕمێكی گشتیدا، ناڕەزایەتی، نیگەرانی، داخوازیی و زۆر پەیامی دیكە بە بێدەنگی لە بەرانبەر حاكمی سیاسی هەولێر دەخەنەڕوو.

 

ئێمە نابێت ئەوە لە بیر بكەین، هەولێر هەم وەك پایتەختی سیاسی و هەم وەك خاڵی یەكلاییكردنەوەی هێزی براوە لەسەر ئاستی كوردستاندا، بۆ پارتی گرنگییەكی لەڕادەبەدەری بەراورد بە تەواوی شارەكانی دیكە هەیە. ئەوەش یارمەتیمان دەدات لەو ڕاستییە تێبگەین كە دەنگدانەكانی بە دژی پارتی لەو شارەدا، چ كاریگەرییەك و هەتا ترسێك لەسەر تەواوی پێگەی سیاسی ئەو هێزە دروست دەكات، كاریگەرییەك كە نەخۆپیشاندانەكان و نە هیچ چالاكییەكی دیكەی جەماوەری لە هەر ناوچەیەكی كوردستاندا بەرانبەر پارتی دروستییان نەكردووە.

 

ئەگەر ئەو ڕاستییانەی سەرەوەمان بۆ ڕوون بووەوە، لەوەش تێدەگەین، ئەوەی لە بەكارهێنانە سیاسییەكەی پشت ناڕەزایەتییەكانی خەڵكی سلێمانی و لەلایەن حاكمە سەوزپۆش و نیلیپۆشەكانەوە ئاڕاستە دەكرێت، هیچ نییە جگە لە هەوڵدانێك بۆ تەواوكردنی ئەو پڕۆسەیەی كە لە هەولێر دەستی پێ كراوە، حاكمە سیاسییەكانی سلێمانی، دەیانەوێ لە ڕێگەی ئاڕاستەكردنی گوتارێكی سیاسی لە پشت ناڕەزایەتییەكانی خەڵكەوە، بەبێ ئەوەی خۆیان هەنگاوی دووەم هەڵبگرن، تەكانێكی دیكە بە خەڵكی هەولێر بدەن و پانتاییەكی فرەوانتر لەوەی هەر لە دوورەوە كۆنتڕۆڵیان كردووە، لە چنگ حاكمە سیاسییەكەی هەولێر دەربهێنن.

 

كەواتە لە واقیعدا و لە دەرەوەی گوتارە پێچەوانەكراوە سیاسییەكان، جوڵە جەماوەرییەكانی سلێمانی لە ڕووی سیاسییەوە، دەبن بە پاشكۆی كردەیەكی سیاسی كە دەمێكە لە هەولێر دەستی پێ كردووە. ئامانجی كردەكە، لاوازكردنی پێگەی پارتییە لە بەرانبەر گێڕانەوەی سەنگ و قورسایی هێزەكانی دیكە لە شاری هەولێردا.

 

پرسیارەكە ئەوەیە، ئەگەر لە هەڵبژاردنەكاندا، ئەنجامێكی تەواو پۆزەتیڤ لە بەرژەوەندەی هێزەكانی دەرەوەی پارتی لە ئاستی هەولێر بەدی هاتووە، بۆچی ئەو هێزانە چاوەڕوانی هەڵبژاردنەكانی داهاتوو ناكەن، لەكاتێكدا پڕۆسەی سیاسی لە شێوە هەرە ئاساییەكەیدا، پێ بە پێ لەگەڵ هەڵبژاردنەكاندا ئاڕاستە دەكرێت؟ بۆچی ئەوان دەیانەوێ لە دەرەوەی چاوەڕوانی كردن لە هەڵكشانی دەنگەكانیان لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوودا، لە دەرەوەی ئامادەیی خۆیان لە هەولێردا، تەكانێكی نائاسایی لە شێوەی ڕاماڵینی حاكمی سیاسی شارەكە، لە سەر دەستی خەڵك بكرێت؟

 

پێدەچێت هێزەكانی دەرەوەی پارتی، باوەڕیان بەوە نەبێت كە دەتوانن لە ڕێگەی هەڵبژاردنەكانەوە، پارتی لە هەولێر بكەنە هێزی دووەم، هۆكارەكەش ئەوەندەی پەیوەندی بە خودی ئەو هێزانەوە هەیە، پەیوەندی بە پارتییەوە نییە. هەم یەكێتی لە دوای گەڕانەوە بۆ هەولێر و هەم بزووتنەوەی گۆڕان لە دوای دروستبوونییەوە كە بەشداری دوو خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێری كردووە، پاش بەدەستهێنانی ئەنجامێكی زۆر پۆزەتیڤ لە هەڵبژاردنەكاندا، نەیانتوانی هەنگاوی دووەمی دوای بەدەستهێنانی ئەو ئەنجامانەی هەڵبژاردن هەڵبگرن.

 

خەڵكی شارەكە تا هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانیش لە ٢٠١٣دا، بە تەنیا لەسەر بنەمای گوتارێكی سیاسی دەنگیان بە گۆڕان بەتایبەتی و یەكێتی و هێزەكانی دیكەی دەرەوەی پارتی بەگشتی داوە. ئەو گوتارە ئومێدێكی گەورەی لەخۆگرتووە و بانگەشەی ئەوە دەكات دۆزەخی هەولێر بۆ بەهەشتی سلێمانی دەگۆڕێت. ئێمە ناچینە ناو ئەو باسەوە كە ئایا لە بنەڕەتدا بەهەشتێك لە سلێمانی هەیە یان ئایا دۆزەخێك لە هەولێر هەڵكراوە؟ بەڵام بە پێداگیرییەوە ئەوە دەڵێین كە یەكێتی و گۆڕان، هیچ كات نەیانتوانی “بەهەشتی سلێمانی” بۆ هەولێر بگوازنەوە، بەڵكو هەنگاوە سەرەتاییەكانی ئەو بەڵێنەش دیارنییە. كەواتە ئەوان پڕۆژە و بەرنامەیەكیان بۆ دروستكردنی بەهەشتێك لە هەولێردا نەبوو، لەكاتێكدا خەڵكی شارەكە ناتوانێت تاهەتایە بە ئومێدی بەهەشتەوە ڕۆژەكانی دۆزەخ بژمێرێت.

 

خەڵكی هەولێر بەرانبەر یەك بەڵێن و گوتاری سیاسی كە لە سلێمانییەوە ئاڕاستەیان كرا، هەزار هەنگاو بە پیر یەكێتیی نیشتمانی و گۆڕانەوە چوون و خاوەندارێتییان لەو هێزە سیاسییانە كرد، بەڵام بزووتنەوەی گۆڕان لە پلەی یەكەم و یەكێتی لە پلەی دووەمدا بەڕێژەی ١٠٪ی ئەو خاوەندارێتییەی خەڵك لەوانی كرد، ئەوان لە خەڵكی شارەكەیان نەكرد. تەنانەت ئەوان ئامادە نەبوون لە ئاستی پەرلەمانتارێك و ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای شارەكە بۆ یەكجاریش لەناو خەڵك و لەپاڵ خۆپیشاندان و گردبوونەوە سادەكانی خەڵك بوەستن.

 

هەردوو هێزەكە چەندین پەرلەمانتارییان لە سەر بنەمای دەنگەكانی هەولێر هەیە، بەڵام لەكوێدا ئەوان نوێنەرایەتی خەڵكی شارەكەیان كرد كاتێك بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ فشاریان لەسەر دادەنێن بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان و گردبوونەوەی ناڕەزایەتی دژی حاكمە سیاسییەكەیان، پەرلەمانتارێكیشیان ئامادەنییە لەناویاندا بوەستێت، لەكاتێكدا هەر ئەو نوێنەرانەی ئەوان ئامادەن بە بەشداریكردن لە خۆپیشاندانەكانی زۆنی سەوز و نیلی، خاوەندارێتی لە خەڵكی ئەوێ بكەن.

 

ئەو خاوەندارێتی نەكردنەی هێزەكانی دەرەوەی پارتی لە خەڵكی هەولێر، لە خۆپیشاندانەكانی ١٧ی شوباتی سلێمانی و پاشتر هاندان و دنەدانەكانی خەڵكی هەولێر بۆ خۆپیشاندان لە ٢٥ی شوباتدا، تاڕادەیەكی زۆر بۆ خەڵكی شارەكە ڕوون بووەوە. لەو ڕۆژەدا میدیای گۆڕان زۆر بە چڕی كاری بۆ گردبوونەوەی هاووڵاتییان لە هەولێر كرد و سەتان كەس لە سەنتەری شارەكەدا كۆبوونەوە، بەڵام تەنانەت پەرلەمانتارێكی ئۆپۆزسیۆن لە كۆی ٣٥ پەرلەمانتار لەو قۆناغەدا/خولی سێیەمی پەرلەمان، ئامادە نەبوون بێنە ناو خەڵكەكەوە، بەڵام هەموویان بە ئاسمانی هەولێردا هەڵفڕین و لە بەر دەركی سەرا نیشتنەوە.

 

نائامادەیی كارەكتەرانی گۆڕان و یەكێتی و ئیسلامییەكان بەگشتی لە ئاستی پەرلەمانتاران و ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا و كارەكتەرە سیاسییەكانیان لەناو چالاكییەكانی ناڕەزایەتی لە هەولێردا، لە دوای ٢٥ی شوباتەوە، یەكێك لە جددیترین ئەو ڕەخنانەیە كە ڕووبەڕووی ئەوان دەكرێتەوە، ئەو ڕەخنەیە لە چاوەڕوانییەكی زیاتری خەڵكی شارەكەوە سەرچاوە دەگرێت بەرانبەر بەو هێزە سیاسییانەی پێشتر متمانەیان پێداون.

 

ئەو نائامادەییەی پەرلەمانتاران و نوێنەرەكانی دیكەی هێزەكانی دەرەوەی پارتی لە هیچ چالاكییەكی ناڕەزایەتی هەولێردا، پێدەچێت بەو هۆیەوە بێت كە ئەوان نەیانەوێ بە ڕاستەوخۆ، ڕووبەڕووی حاكمی سیاسی شارەكە ببنەوە، بەڵكو ئەركی ئەوان تەنیا دنەدانی خەڵك دەبێت، ئەوە یارییەكی ترسنۆكانە و نابەرپرسیارانەی سیاسییە، ئامانجەكە ئەوەیە خەڵك چالاكییەك بكات، ئەگەر شكستی هێنا، خۆی باجەكە دەدات، سەركەوتنی بەدەست هێنا حزبە سیاسییەكان دەبن بە خاوەنی. لێرەدا هێزە سیاسییەكە بەرپرسیارێتی هیچ شكستێك هەڵناگرێت، بەڵام خاوەندارێتی لە هەر دەستكەوتێك دەكات ئەگەر بەدی هات.

 

لەناو هەموو ئەو یارییەدا، دیسان ئاڕاستەكردنی خەڵكی هەولێر لەلایەن هێزە سیاسییەكانەوە زۆر ئاسان نییە، بگرە لە ئاڕاستەكردنی خەڵك لە هەر شارێكی دیكەی كوردستان قورسترە. نە لەبەرئەوەی كە شارەكە لەلایەن حاكمە سیاسییەكەیەوە خراوەتە ژێر زەبروزەنگەوە، بەڵكو لەبەرئەوەی شارەكە لە ڕووی ئینتمای سیاسییەوە، بەتەواوەتی فرەیی سیاسی لەخۆگرتووە، هێزێك بە تەنیا ناتوانێت بیجوڵێنێت، ئەگەر بە جوڵەخستنەكە بەهۆی سیاسی، كارگێڕی و ئەمنییەوە، لەلایەن هێزی حاكمەوە ئاسانتر بێت، بەڵام ئەوە هیچ لەو ڕاستییە ناگۆڕێت كە بە جوڵەخستنی شەقام لەلایەن حاكمی سیاسییەوە، لە نمایشێكی ناكاریگەری سیاسی زیاتر نابێت و ناتوانێت كاریگەرییەكی ئەوتۆ لەسەر ئەو پانتاییە كۆمەڵایەتییە دابنێت كە ئینتمای سیاسی بۆ هێزەكانی دیكە هەیە.

 

لێرەدا پرسیارێك دێتە پێشەوە، ئەگەر هێزە حاكمەكە دەتوانێت لانی كەم لەو پانتاییە كۆمەڵایەتییەی ئینتمای سیاسی بۆ هەیە، جوڵەیەك دروست بكات، بۆچی هێزەكانی دیكە ناتوانن لەو پانتاییە كۆمەڵایەتییە جوڵەیەك دروست بكەن كە ئینتمای سیاسییان بۆ ئەوان هەیە؟ ئایا ئەگەر سەرووی ٣٦٠ هەزار كەس ئامادەبوون لە فۆڕمی هەڵبژاردندا پاڵپشتیان بكەن، تەنیا ٣٦٠ كەس ئامادە نابن لە فۆڕمێكی وەك خۆپیشاندان و گردبوونەوەدا بەشداری بكەن؟

 

بەدڵنیاییەوە ئامادە دەبن، كەواتە بۆچی ئەو هێزە سیاسییانە خۆیان نایەنە پێشەوە و نابن بە لایەنی ڕێكخەری چالاكییەكە؟ هۆكارەكەی جگە لەو گریمانەیەی كە خۆیان نایانەوێت، زیاتر هەڵناگرێت. ڕاستییەكەی خەڵك هەرچەندیش نیگەرانی و ناڕەزایەتی هەبێت، ناتوانێت بەبێ ڕێكخستن، ئامادەسازیی، ڕێبەرایەتی و نوێنەرایەتی، فۆڕمێكی مەدەنی لەشێوەی خۆپیشاندان، گردبوونەوە و مانگرتن بۆ دەربڕینی نیگەرانی و ناڕەزایەتییەكانی هەڵبژێرێت. كەواتە هەر دەبێت نوێنەرایەتییەك هەبێت، بەڵام دەركەوت هێزە سیاسییەكانی دەرەوەی پارتی، نەك هەر نوێنەرایەتی و خاوەندارێتی لە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەكان لە هەولێر ناكەن، بەڵكو ئامادەنین لەپاڵیشیاندا بوەستن.

 

لە دەرەوەی هێزە سیاسییەكاندا، ڕێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی میكانیزمی گونجاون بۆ ڕێبەرایەتیكردنی داخوازییەكانی خەڵك. لە شاری هەولێردا، سەتان ڕێكخراوی كۆمەڵی مەدەنی ئامادەییان هەیە، بەڵام ئەوان بەگشتی نە خۆیان و نە خەڵكیان لەسەر هەندێك فۆڕمی چالاكی مەدەنی وەك گردبوونەوە، مانگرتن و خۆپیشاندان ڕانەهێناوە.

 

ئەو حاڵەتە هەر تەنیا پێوەست نییە بەو ڕێكخراوە مەدەنییانەی كە دەشێت دژ بە دەسەڵاتی سیاسی و لە پرسە سیاسییەكاندا نوێنەرایەتی خەڵك بكەن، بەڵكو هەمان بارودۆخ لەمەڕ ڕێكخراوەكانی نزیك لە حزبی حاكمیش لە هەولێردا بەڕاست دەگەڕێتەوە. تۆڕی ڕێكخراوەیی نزیك لە حاكمی سیاسی هەولێر هەیە كە سەرووی ١٠٠ ڕێكخراوی مەدەنی لەخۆگرتووە، بەڵام لە هیچ چالاكییەكدا لە بەرژەوەندی هێزی حاكمیشدا ناتوانێت ٢٠ كەس كۆبكاتەوە. كەواتە تا ئێستا ڕێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنیش نەیانتوانیوە نوێنەرایەتی شەقام بكەن لە ڕێكخستنی وەها چالاكییەكی جەماوەریدا. ئەوەش وا دەخوازێت هێزەكانی سیاسی نوێنەرایەتیكردنی ناڕەزایەتییەكانی خەڵك لە ئەستۆ بگرن، بەڵام ئامادەییان نییە ئەوە بكەن.

 

ئەگەر هەر ناچاربین بەدوای نوێنەرایەتیكردندا بگەڕێین، دەشێت گرووپی ئاسایی هاووڵاتییان لە دەرەوەی حزبی سیاسی و ڕێكخراوی كۆمەڵی مەدەنی بتوانن وەك ڕێكخەری چالاكییەكی ناڕەزایەتی بەرفرەوان بێنە پێشەوە. لە ڕێگەی میدیاكان و تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی، دەتوانن بانگهێشتی خەڵك بكەن بۆ بەشداریكردن لە چالاكییەكە، بەڵام ئەوەش كاتێك مسۆگەر دەبێت ئەگەر هۆشیارییەكی كۆمەڵایەتی لەمەڕ ڕێكخەرە خۆبەخشەكان و شەقام لەو ئاستەدا هەبێت. دەشێت پێویست بە نزیكبوونەوەی ئەوان و میدیا بكات، ئایا وەها پەیوەندییەكی پتەو لە نێوان میدیا و خەڵكدا هەیە؟

 

لە بنەڕەتدا بەشێكی زۆر لەو هەوڵە سەرەتاییانەی لە ئاستی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی و هاووڵاتییانی ئاسایی لە توێژە جیاجیاكاندا بۆ گەیاندنی ناڕەزایەتی بەڕێوەدەچن، بەهۆی ڕووماڵ نەكردنێكی بەبایەخەوە لەلایەن میدیاكانەوە، شكست دێنن یان ئاسانتر لەلایەن دەسەڵاتەوە پاشەكشەیان پێ دەكرێت. لاوازی ڕووماڵی میدیاكان بەگشتی بۆ چالاكییەكانی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی و هاووڵاتییانی ئاسایی، بۆ گرێدراوی میدیاكان بە لایەنەكانی سیاسی دەگەڕێتەوە، لێدوانی بەرپرسی كۆمیتەیەك، ناوچە و مەكۆیەكی حزبی، لە میدیاكاندا بە گەرمی لێ پێشوازی دەكرێت، بەڵام ئەگەر یاداشتی بیست ڕێكخراوی كۆمەڵی مەدەنی لەبارەی پرسێكی تایبەت یان گشتی، بەهای هەواڵێكی نییە.

 

ئەوە جگە لەوەی لە هەرێمی كوردستاندا بەشێوەیەكی گشتی هاووڵاتییان لە پرسە مرۆییەكانیشدا، متمانەی خۆیان زیاتر بە پارتە سیاسییەكانەوە گرێداوە، نەلەبەرئەوەی پارتە سیاسییەكان زیاتر لە ڕێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی بەرگری لە مافەكانی مرۆڤ دەكەن، بەڵكو لەبەر چەند هۆكارێكی وەك ئەوەی كە ئەزموونی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی لە كوردستاندا دوور و درێژ نییە و سەرەتای كارەكانیشیان بە دابینكردنی پێداویستییە مادییەكان دەستی پێ كردووە نەك كاركردن لە بوارەكانی پێوەست بە پرسەكانی مافی مرۆڤ بەگشتی، هاوكات لەبەرئەوەی حزبەكان خاوەنی میدیان و دەرفەتی گەورەیان بۆ ڕەخساوە وەك نوێنەری خەڵك لە هەموو بوارێكدا دەربكەون. ئەوەش وا دەكات بەگشتی خەڵك بۆ هەر پرسێك چاوەڕوانی دەستپێخەرییان لە پارتە سیاسییەكان هەبێت.

 

بارودۆخەكە پێوەست بە شاری هەولێر، هێزەكانی سیاسی بەهەستكردن بەو ڕاستییەی كە هەموو چاوەڕوانییەكانی خەڵك بەوانەوە گرێدراوە، یارییەكی نابەرپرسانە دەكەن، ئەوان لە جیاتی نوێنەرایەتی یان خاوەندارێتی لە داخوازییەكانی خەڵك بكەن، بەڵكو داخوازییەكانی خەڵك لە پێناو ئامانجەكانی خۆیان بەكاردێنن. لێرەدا، هاوكێشەكە پێچەوانە دەبێتەوە، چیتر حزب ئامرازێك نییە لە پێناو خەڵكدا، بەڵكو خەڵك ئامرازێكە بەدەست حزبەوە. لەو بەكارهێنانەدا، ئێستا زیاتر لە هەر كاتێك، خەڵك خراوەتە ژێرباری گوتارێكی پڕ لە زەبروزەنگەوە.

 

لەگەڵ ئەوەشدا وەك پێشتر ئاماژەمان بەوە كرد، هیچ كاتێك لە واقیعدا بەكارهێنانی زەبروزەنگ لەلایەن حاكمی سیاسی هەولێرەوە، نەبووەتە هۆی كپكردنەوەی ئیرادەی سیاسی خەڵكی شارەكە، بەڵام لەو ساڵانەدا، وردە وردە بارودۆخێكی نائاسایی دەردەكەوێت كە پەیوەندی بە پەرەپێدانی وێنا پڕ لە زەبروزەنگەكەی پارتییەوە هەیە. ئەو وێناكردن و وەبەرهێنانە سیاسییەی لە پشتییەوە دەكرێت، نەك هەر خەریكە خەڵكی شارەكە دەتۆقێنێت، بگرە خەریكە خودی دێوە زەردەكەش دەتۆقێنێت!

 

لەناو ئەو بەكارهێنانە سیاسییەی هێزەكانی دەرەوەی پارتی لە ڕێگەی میدیا و تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی ڕەواجی پێ دەدەن، دووفاقییەكی گەورە بەدی دەكرێت، لەلایەك ئەوان دەیانەوێ بەو ڕێگەیە هەڵگەڕانەوەیەك لە دژی دێوە زەردەكە دروست بكەن و لەلایەكی تر پەخشكردنی ئەوەندە حیكایەتی ترسناك لەبارەی دێوە زەردەكەوە، سانسۆرێكی دەروونی لەناوەوەی هەر تاكێكی هەولێر دروستكردووە و خودی ئەو سانسۆرە لە كۆتاییدا ئیرادە سیاسییەكەی پێ دەدۆڕێنێت.

 

پێدەچێت حاكمە سیاسییەكەی هەولێر بە هەستكردن بەوەی وێنە تۆقێنەرەكە لە دیوێكی دیكەدا بە خزمەتی خۆی دەشكێتەوە، ماوە ماوە بەو نەفەسەوە، خولیا پڕ لە توندوتیژییەكە بەسەر یەكێك و دوواندا جێبەجێ بكات. لەكاتدا هێزەكانی بەرانبەر، بەردەوامن لە وەبەرهێنانە سیاسییەكەی پشت زەبروزەنگەكە و ئەوەش ئەوەندەی تر دنەی پارتی دەدات لە تاقیكردنەوەكانی زەبروزەنگدا. توندوتیژییەكان لە واقیعدا و لەوەش لە گوتاری سیاسییەكاندا وەبەرهێنانی تێدا دەكرێت، ئەمڕۆ دەرنەكەوتوون، زۆر دەمێكە بەردەوامیان هەیە، ئایا لە هەموو ئەو ساڵانەدا، گوتارە سیاسییەكان ئەنجامێكیان پێكا، هیچ دێوەزمەیەك ڕۆیشت؟ هی فریشتەیەك هات؟

 

لە واقیعدا نەك ئەنجام نەبوو، بەڵكو خەریكە پێچەوانەكەی دەربكەوێت. كەواتە ئامانجێكی ئەوها لە پشت گوتارە سیاسییەكەوە لە ئارادا نییە، بەو حاڵەشەوە، چالاكانی كۆمەڵی مەدەنی و زۆرێك لە ڕۆشنبیرانی ئێمە، دوای چەندین ساڵ هێشتاش نەیانتوانیوە ئەو فەزا سیاسییە تێپەڕ بكەن كە هێزە سیاسییەكانی كوردستان بەپێی قەبارەی خۆیان دروستیان كردووە. بەڵكو لە زۆر شوێندا بوونەتە پەیژەیەكی تۆكمە بۆ سەرخستن و جێكەوتنی گوتار و ئامانجە سیاسییەكە.

 

من لە هەولێر دەژیم، لێرەش لە دایك بووم، پێناچێت هیچ كام لە ئێوە، بە تۆزقالێكی من، لەلایەن دێوە زەردەكەوە هەراسان كرا بن، بەڵام دێوە زەردەكە ئەوەندەش تۆقێنەر نییە، لانی كەم زیاتر لەو دێوانەی هەریەك لە ئێوە لە شار و مەملەكەتی خۆتاندا بینیوتانن. ڕاستییەكە ئەوەیە، ئەوەی لە دێوە زەردەكەدا تۆقێنەرە، زیاتر لە قەبارەی خۆی بەتۆقێنەركردنیەتی. ئەوە بەڕاستی تۆقێنەرە،  خەریكە دایكەكان بۆ ژیركردنەوەی منداڵەكانیان/لە بنەڕەتدا بۆ بێدەنگكردنیان، تەنیا ناوهێنانی دێوە زەردەكەیان بەس بێت؛ بنوو دێوە زەردەكە هات!

 

تێبنییەکی پێویست

ئەم شیکارییە، لە ئەیلوولی ٢٠١٦ نووسراوە و هەر ئەوکات لە ماڵپەڕی شارپرێس بڵاوکراوەتەوە.

ڕێبین فه‌تاح

سه‌رنووسه‌ری زێدپرێس

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button