سیاسیشرۆڤه‌
ئاراستەکان

هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و چەند زانیارییەکی گرنگ

بەگوێرەی قانونی هەڵبژاردنی کوردستان ژمارە (١)ی هەموارکراوی دەرچووی ساڵی ١٩٩٢ و لەبەر ڕۆشنایی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی سەبارەت بە یاسای هەڵبژاردنی کوردستان، کە چەند مادەیەکی یاساکەی ڕەتکردووەتەوە و چەند گۆڕانکارییەکی جەوهەری لەیاساکەدا کردووە، بەشێوەیەکی گشتی پڕۆسەی هەڵبژاردنەکە و گرنگترین وێستگەکانی ئەمانەی لای خوارەوەن:

 

  • پەیڕەوی سیستەمی ڕێژەیی نوێنەرایەتی و لیستی کراوە دەکرێت، ئەمەش بەو مانایەی کە کۆی ژمارەی دەنگدەرانەی ناو یەک بازنە، کە بەشداری دەنگدانیان کردووە، واتە ژمارەی ئەو دەنگدەرانەی کە دەنگیانداوە، نەک کۆی ژمارەی دەنگدەرانی ناو بازنەیەک،  دابەش دەکەین بەسەر ژمارەی کورسییە دیاریکراوەکانی ئەو بازنەیەدا.  بەمەش نرخی کورسییەک دیاری دەکەین، کەواتە نرخی کورسی لە هەموو بازنەکان وەکوو یەکتری نابێت، چونکە مەرج نییە ڕێژەی بەشداری خەڵک لە هەموو بازنەکان وەکوو یەکتری بێت. هەر بۆیە نرخی کورسی لە نێوان سلێمانی و هەولێر و دهۆک و هەڵەبجە جیاواز دەبێت.

نمونەی گریمانەیی بۆ تێگەیشتن دەهێنینەوە، پارێزگای سلێمانی کۆی گشتی دەنگدەرانی نزیکەی یەک ملیۆن و ٣٠٠ هەزار دەنگدەرە، ژمارەی کورسییەکانی بازنەی سلێمانی (٣٨) کورسییە، لە کۆی یەک ملیۆن و ٣٠٠ هەزار دەنگدەر،  گریمان ٥٠٠ هەزار دەنگدەر بەشداری دەنگدانیان کرد، کەواتە ٥٠٠ هەزار دابەش دەکەین بەسەر ٣٨ کورسییەکەی بازنەکەدا؛ دەکاتە ١٣ هەزار و ١٥٧ دەنگ، کەواتە هەر حزبێک یان تاکەکەسێک بۆ ئەوەی یەک کورسی پەرلەمان لە سلێمانی بەدەستبهێنێت پێویستە ١٣ هەزار و ١٥٧ دەنگ بهێنێت، بەڵام ڕەنگە لە بازنەی دهۆک جیاواز بێت و نرخی کورسی جۆرێکی تر بێت. بۆ نمونە بازنەی دهۆک ژمارەی کورسییەکانی (٢٥) کورسییە و کۆی ژمارەی دەنگدەرانی ٩٢٦ هەزار و ٧٤٦ دەنگدەرە، گریمان لەو ژمارەیە تەنیا ٦٠٠ هەزار دەنگدەر دەنگیانداوە. کەواتە کۆی ئەو ژمارەیە دابەشی کۆی ٢٥ کورسی بازنەکە دەکەین و نرخی کورسیەک دەکاتە ٣٧ هەزار و ١٠٩ دەنگ.

 

  • تەنیا حزب مافی دروستکردنی لیستی حزبی هەیە و بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە حزبەکان مۆڵەتی فەرمیان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێم بەگوێرەی قانوونی حزبایەتی هەرێم ژمارە (١٧)ی ساڵی ١٩٩٣ هەبێت، یان مۆڵەتی فیدڕاڵی کۆمسیۆنیان بەگوێرەی قانوونی حزبایەتی ژمارە (٣٦)ی ساڵی ٢٠١٥ هەبێت، بە پێچەوانەوە چەند کەسێک پێکەوە ناتوانن لیست دروست بکەن، بەڵکو دەتوانن بەشێوەی لیستی تاکەکەسی بەشداری بکەن.

 

  • ئەژمارکردن و جیاکردنەوەی دەنگدان لە ڕێگای سندووقی ئەلیکترۆنی (بیکۆس)وە دەبێت بە بەکارهێنانی ئامێری سکانی خێراکردنی ئەنجامی هەڵبژاردن. سەرەتا ئەژمار و جیاکردنەوەکە بەشێوەی ئەلیکترۆنی دەبێت، پاشان ڕاستەوخۆ دەست دەکرێت بە ئەژمار و جیاکردنەوەی دەستی، ئەنجامەکان لە ڕێگای گواستنەوەی هەوایی ئەلیکترۆنییەوە لە ناوەندەکانی دەنگدانەوە بۆ ناوەندی تۆمارکردنی ئەنجامی دەنگدان کە بارەگاکەی لەناو ئۆفیسی نیشتمانی کۆمیسۆنە لە بەغدا دەبێت. پێویستە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا ئەنجامی سەرەتایی ڕابگەیەندرێت.

 

  • کوردستان دەکرێت بە چوار بازنەوە و لە کۆی ١٠٠ کورسییەکەی پەرلەمان ژمارەی کورسی بازنەکان بە نزیککراوەیی بەم جۆرەی خوارەوە دەبن، چونکە هەتاوەکوو نووسینی ئەم بابەتە، هێشتا کۆمسیۆن بەشێوەیەکی فەرمی ژمارەکانی بڵاو نەکردووەتەوە:

 

سلێمانی: ٣٨ کورسی

هەڵەبجە: ٣ کورسی

هەولێر: ٣٤ کورسی

دهۆک: ٢٥ کورسی

 

  • بەگوێرەی ڕێنمایی کۆمسیۆن بۆ هەر بازنەیەک، حزبەکان دەتوانن دوو هێندەی ژمارەی کورسی بازنەکان کاندید پێشکەش بکەن، بۆ نمونە بازنەی سلێمانی ٣٨ کورسییە، کەواتە حزبەکان دەتوانن ٧٦ کاندید پێشکەش بکەن. بەگوێرەی قانوونی هەڵبژاردنی هەرێم ڕێژەی کۆتای ژنان ٣٠٪یە، بۆیە دەبێت ئەم ڕێژەیە لە لیستی کاندیدانی حزبەکان زامن بکرێت.

 

  • بەگوێرەی قانوونی هەڵبژاردنی هەرێم مەرجەکانی کاندید بۆ پەرلەمانی کوردستان ئەمانەن:

 

یەکەم: وڵاتنامەی عێراقی هەبێت و دانیشتووی هەرێمی کوردستان بێت.

دووەم: تەمەنی ٢٥ ساڵی تێپەڕاندبێت.

سێیەم: توانای نووسین و خوێندنەوەی هەبێت.

چوارەم: تاوانبار نەبووبێت و بەشداری تاوانەکانی ڕژێمی بەعسی ڕووخاوی نەکردبێت دژی گەلی کوردستان.

 

  • بانگەشەی هەڵبژاردن لە ڕێککەوتی پەسەندکردنی لیستی کاندیدان لەلایەن کۆمسیۆنەوە دەستپێدەکات و بەر لە ٤٨ کاتژمێر پێش ڕۆژی دەنگدانی گشتی ڕادەوەستێت.

 

  • بەگوێرەی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی پێویستە دەنگدەر کارتی دەنگدانی بایۆمەتری هەبێت، کە وێنەی بایۆمەتری دەنگدەرەکە لەسەر کارتی دەنگدانەکە هەیە.

 

  • بەگوێرەی قانوونی هەڵبژاردنی هەرێم دەنگدان لە کاتژمێر ٨:٠٠ی سەرلەبەیانی دەستپێدەکات و کاتژمێر ٨:٠٠ی شەو دەنگدان تەواو دەبێت، بەڵام چونکە کۆمسیۆنی عێراق هەڵبژاردنەکە بەڕێوەدەبات و ئەوانیش سندووقی ئەلیکترۆنی بیکۆس بەکاردەهێنن و ئەو سندووقانەش لە ساڵانی ڕابردوودا پڕۆگرامکراون بە شێوەیەک پڕۆگرامکراون کە لە کاتژمێر ٧:٠٠ی بەیانی دەکرێتەوە و کاتژمێر ٦:٠٠ی سەر لەئێوارە دادەخرێت، ئێستا ناتواندرێت دەستکاری پڕۆگرامینی سندووقەکان بکرێت، بۆیە پەیڕەوی کاتەکەی سندووقەکانی کۆمسیۆن دەکرێت.

 

  • کۆتای پیکهاتەکان نەماوە، ئەوانیش وەکوو تەواوی حزبەکانی تر دەتوانن وەکوو قەوارەی سیاسی و تاکەکەس بەشداربن.

 

  • کۆی گشتی دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان سێ ملیۆن و ٧٨٩ هەزار و ٣٦٠ دەنگدەرە و لە کۆی ئەو ژمارەیە، ژمارەی دەنگدەرانی پارێزگاکان بەم جۆرەیە:

 

پارێزگای هەولێر: ملیۆنێک و ٣٦٦ هەزار و ٤٦٢ دەنگدەر.

پارێزگای دهۆک: ٩٢٦ هەزار و ٧٤٧ دەنگدەر.

پارێزگای سلێمانی: ملیۆنێک و ٤٩٦ هەزار و ١٥٢ دەنگدەر.

 

تێبینی: کۆی ژمارەی دەنگدەرانی پارێزگای سلێمانی، ژمارەی دەنگدەرانی هەڵەبجەی تیادایە. بۆیە لەو ژمارەی سەرەوە پێشبینی دەکرێت ١٠٠ هەزار دەنگدەر بێت. لەلایەکی تر سنوری یەکە کارگێڕییەکانی پارێزگای هەڵەبجە، شارۆچکەی سەیدسادقی لەگەڵدا نییە، بەڵکو ناوەندی هەڵەبجە و سیروان و خورماڵ و تەوێڵە و بیارەیە.

هاوڕێ تۆفیق

شارەزای یاسایی

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...