سیاسیشرۆڤه‌
ئاراستەکان

حوکمی دادگایی

مەبەستمان لە حوکمی دادگایی، پێچەوانەی حوکمی دیموکراسییە. لە کاتێکدا لە دیموکراسیدا خەڵک دەبێت حوکم بکەن، دیارە لە میانەی پڕۆسەی نوێنەرایەتیدا، بەڵام دادگا، دادوەر، لە سەر بنەمای یاسا، هێز، لە گەڵ دەستور حوکم دەکەن، بەم پێیە دادوەر و دادگا دانراو و دەستنیشانکراون، نەک هەڵبژێردراو یان بڕوا پێبەخشراو.

 

لەم ماوەی دواییەدا دادگای باڵای فیدڕاڵی بووە بە جێگای پیادەکردنی حوکم لە عێراقدا. ئەم دیاردەیە نوێیە، بەو پێیە دادگاکە هەرچەندە سەرەتای دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٥، بەڵام زۆربەی تەمەنی لە کارخراوبوو. وەک فایەق زێدان دەڵێت، لە دایکبوونێکی سەختی هەبوو. لە هەمانکاتدا دەرئەنجامی خواستێکی هەنووکەیی سیاسییە، لە پێناو فەراهەمکردنی هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٢١. ئەم (ولادە عسیرە) وەک فایەق زێدان دەڵێت، بۆ هەمیشە مایەی گومان و لاوازیی و سیاسی بوونی دەزگاکە دەبێت، بۆیە دەبێت چارەسەریی بکات. کارابوونی دەزگا، ئاماژەیە بۆ پەککەوتنی ناوەند و دەزگاکانی تر. ئەوەی جێگای سەرنجە، دادگای فیدڕاڵی لە ئەمڕۆی عێراقدا بە غرورێکی زۆرەوە ڕووبەڕووی هەموو دەزگاکانی تری وەک پەرلەمان و سەرۆکایەتی دەبێتەوە. ئەوە لە کاتێکدا کە دادگاکە کێشەی دەستوری و شەرعی و تێگەیشتنی ڕۆڵ کرداری زۆرە. بەڵام ئێستا بە ئەمری واقیع، کاراترین و کاریگەرترین دەزگای حوکمداریی وڵاتە.

سەرەتای پاشخانێکی فیکریی بۆ دەزگاکە دەخەمە ڕوو، پاشان سەرنج دەخەمە سەر ئەم بڕیارانەی دوایی. بیرۆکە و پلانی دادگای فیدڕاڵی دەگەڕێتەوە بۆ پۆل برێمەر. برێمەر پلانڕێژی بە لیبراڵکردنی عێراق بوو. دەستوری عێراقی کە لیبراڵترین دەستوری ناوچەکەیە دەرئەنجامی ئەوەیە. بۆیە پاشخانی ئەمریکایی بوونی دەزگاکە گرنگە.

خەسڵەتی دەسەڵاتی لیبراڵ وەهایە؛ هەوڵ دەدات کە دەسەڵات بە گشتی و بە زۆری لای هیچ کەس و ناوەندێک کۆنەبێتەوە، چونکە کۆبوونەوەی دەسەڵات، دەبێتە مایەی خراپبوونی یان خراپ بەکارهێنانی. بۆیە جیاکاریی دەسەڵاتەکان، بە خەسڵەتی سەرەکی لیبراڵ دەناسرێتەوە. بیری جیاکاری لیبراڵ لە جۆن لۆکەوە دەستپێدەکات، مۆنتسکیو دادگەریی بۆ زیاد دەکات و پاشان لە سەردەستی باوانی دامەزرێنەری ئەمریکا بەرجەستە دەبێت.

لە هەمانکاتدا فیدڕاڵ خۆی وەک بونیادێک و شێوازێک لە دابەشکردنی دەسەڵات، لە هەناوی کەلتووری دەسەڵاتی لیبراڵەوە هاتووە. ئەگەر جیاکاریی دەسەڵاتەکان جیاکارییەکی ئاسۆیی بێت، ئەوا فیدڕاڵ و هەموو شێوەکانی لامەرکەزی جیکاریی ستوونییە. بەڵام نەبوونی تێگەیشتن و  لاوازیی کەلتووری لیبرال لە هەناو کەلتووری سیاسی و ئاگایی گشتی عێراقدا، فیدڕاڵی کردووەتە مەترسی و مۆتەکە، بە جۆرێک ناوهێنانی وەک تابوویەک و بڤەیەکی لێهاتووە. بۆ نمونە، وەک جۆرێک لە پەراوێزخستن و شاردنەوە، وشەی ئیتحادی عەرەبی کە لە بری فیدڕاڵ بەکاردێت، بە هیچ جۆرێک مانای فیدڕاڵ نادات، بەڵکو مانای یونیەن دەدات، کە لەو پاشخانەوە هاتووە، کە ئیتحاد، بە پێچەوانەی فیدڕاڵ، جەخت لە یەکبوون دەکاتەوە نەک جودایی. بەڵام مەبەستی سەرەکی لە نەگوتنی وشەکە نکوڵیکردنیەتی.

دادگای فیدڕاڵی لە ئەمریکاش خۆی مایەی مشتومڕە. یەکێک لە باوانی دامەزرێنەری ئەمریکا کە ئەلکسەندەر هاملتنە، وەها باسی دەکات کە دەزگایەکە نە گیرفانی هەیە، نە شمشێر، بە زمانی ئەو کاتەی ئەمریکا یانی نە سەرچاوەی پارە و دارایی هەیە، نە چەک و هێز. نەبوونی ئەم دووانەش وەها بینراوە کە مایەی لاوازی بێت. وەها دیارە ئەو سەردەمەی ئەمریکا وەک ئەمڕۆی عێراق وەهابووە کە چەک و دراو بنەمای دەسەڵات بوون.

ئەم دەزگا یاساییە، وەک ڕۆبەرت دال ناوی دەبات، مایەی مشتومڕ بووە لە ئەمریکا. ڕەنگە توێژینەوە کورتەکەی بیرمەندی سیاسی گەورە ڕۆبەرت دال کە لە ساڵی ١٩٥٧ نووسراوە، یەکێک بێت لە هەرە توێژینەوە دیارەکان دەربارەی ئەم دەزگایە.

لە ئاستی ئایدیالدا، دادگا بۆ ئەوە دامەزراوە، هەتا ناسیاسییانە، مشتومڕی نێوان ناوەندە جیاوازەکانی دەسەڵات لە وڵاتدا یەکلایی بکاتەوە. چونکە وەک دەزانرێت هەردوو دەسەڵاتی یاسادانان و دەسەڵاتی جێبەجێکردن لە لایەن حزبەکانەوە دیاری دەکرێن و هەمیشە دەبنە مایەی سیاسیی بوون لە ناو کایەی دیموکراسیدا. ئەم ڕۆڵی ناسیاسی بوونە لەگەڵ، کۆتابوون و نەبوونی توانای تانەلێداندا دەردەکەوێت، چونکە دادوەریی وەها دەبینرێت کە دەبێت یەکلاکەرەوە و کۆتاییپێهێنەربێت.

بەڵام لە بەر نەبوونی گیرفان و شمشێر، دەسەڵاتی دادگای باڵا هەمیشە بە دەست جێبەجێکردنی ناتەواو و پشتگوێخستنەوە دەناڵێنێت. دیارە ڕای گشتیش ڕۆڵ دەبینێت، بە گشتی کاتێک بڕیاری دادگا لە لایەن خەڵکەوە پشتگیریی بکرێت ئەوا چانسی جێبەجێکردنی زیاترە، لەوەی لە لایەن خەڵکەوە نەیارێتی بکرێت.

دادگای فیدڕاڵیی عێراق کۆمەڵێک کێشەی زۆری هەیە. یەکەم، بێلایەنی لە عێراقدا، بە مانای ئەوە دێت کە هەمووان تیایدا بەشدارن، بە تایبەتی هەموو حزبەکان، ئەمەش بە هیچ شێوەیەک بێلایەنی نییە و نابێتە مایەی بێلایەنی. دیارە ئەمە تەنیا لە دادگا نییە، بەڵکو لە هەموو دەزگاکانی تردا بوونی هەیە. ئەم جۆرە تێگەیشتنە لە بێلایەنی دژ بە سروشتی بێلایەنییە. وەک کۆمیدیاکاری ناسراو ئەحمەد ئەلبشیر ئاماژەی پێدەدا، هەمیشە لەگەڵ ناوهێنانی بێلایەنی لە عێراق، دەبێت زیاتر پێبکەنین.

دووەم، کێشە زاڵبوونی کەسی سەرۆکە بە سەر دادگاکەدا. وەک لە زۆر ناوەندی تردا دەبینرێت. ئەم دادوەرەش لە هێزێکی سیاسی تایبەتەوە نزیکە، کە چەند هەفتەیەک لەمەوپێش کوڕەکەیان بۆ پارێزگاری دیالە هەڵبژارد، بەڵام لە بەر بچووکی تەمەن ڕێگریی لێکرا.

سێیەم، نەبوونی کەلتوور و تێگەیشتنی فیدڕاڵ لە هەناو کەلتووری یاسایی و خوێندنی عێراقدا، هەروەها لاوازبوون یان نەبوونی کەلتووری لیبراڵ یان تەنانەت دژایەتیکردنی زۆری لە لایەن نوخبەی سیاسی ئەمڕۆی عێراق و کوردستانەوە. دیارە ئەم کێشانە تەنیا کێشەی دادگای فیدڕاڵی نین، بەڵکو هەموو دادگاکان بە دادگاکانی کوردستانیشەوە، بە دەست ئەم کێشانەوە دەناڵێنن. پاش ئەم پاشخانە کورتە: دەمەوێت بە کورتی باس لە دواین بڕیاری دادگا بکەم دەربارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم.

بڕیاری پێدانی مووچە لە لایەن حکوومەتی ناوەندەوە، دەکرێت خوێندنەوەی باش و هەروەها نێگەتیڤیشی بۆ بکرێت. ئەگەر حکوومەتی ناوەند بەبێ هیچ ڕێگرییەک مووچەی خەڵکی کوردستان بدات، ئەوا نەک تەنیا بە سوودی ئابووری، بەڵکو بە سودی زۆری دیموکراسی کوردستان دەشکێتەوە، چونکە ڕەنگە بۆ یەکەمجار ببێتە مایەی دروستبوونی چینی ناوەند لە وڵاتدا. چینی ناوەند ئەو چینەیە کە ئەگەر داهاتی مسۆگەر بکرێت ڕەنگە بایەخ بە جۆری خوێندن و ئازادی و ماف بدات.

هەرچەندە توێژی فەرمانبەرانی کوردستان و عێراق کە دێتە سەر کەلتوور و ڕۆشنبیریی و ماف و ئاگایی مایەی گریانن. چونکە ئەوان لە هەناو کەلتووری کرێخۆریدا بوون بە بەشێک لە سیستەمەکە، کە لە ئەنجامدا عەقڵەیەتی کرێخۆرێتی دروستکردووە. بیرمەندی میسری حازم ببلاوی کاری باشی لە سەر ڕەهەندی عەقڵی ئەم بوارە کردووە. لە ساڵانی ڕابردوودا کە مووچە کێشەی نەبوو، بە پلان و بە خواست، هەموو بوارەکانی وەک ماف و ئازادی و دەزگا و چۆنێتی دەسەڵاتەکان پشتگوێخران. ئەوەی مووچەخۆران دەبێت بیزانن ئەوەیە کە بۆ مسۆگەرکردنی مووچە دەبێت شەڕ بۆ زیاتر لە مووچە بکەیت. لە هەناو سیستەمێکدا کە ماف و ئازادی و دیموکراسی هەبێت مووچەش مسۆگەرە، بەڵام پێچەوانەکەی وەها نییە.

دادگای فیدڕاڵی لە سەرووی هەموویەوە ئاماژەیە بۆ سەردەمێکی نوێ لە ڕێکخستنی هێز لە عێراق و ناوچەکە. کورد، پارتی و یەکێتی بە تایبەتی، لە سی ساڵی ڕابردوودا بە ئاستێکی وەها لە ناوە و دەرەوە دۆخەکەیان خراپ کردووە، کە باشکردنی مەحاڵە. هەرێم چیدی بواری هەڵە و سەرکێشی نییە، چونکە ئێستا وەک کەلەپچەکراوێک وەهایە، هەتا زیاتر بجوڵێت کەلەپچەکەی توندتر دەبێت لە مەچەکیدا.

هەرێم نەک نەیتوانی سیستەمەکی وەها تۆکمە دروست بکات کە بەرگەی ئەم فشارانە بگرێت، بەڵکو هێندە لاوازی هەیە، بە هەبوونی هەر هێزێک و نیەتێک لە بەغداوە دژی بە ئاسانی لاواز دەبێت. کۆی سیستەمی حوکمڕانی هەرێم لە سەر پارە بونیادنراوبوو، لە بەرانبەر پەکخستنی دەزگاکان، کە بە پەکخستنی پەرلەمان دەستی پێکرد، ئێستا کە پارە لە دەستی هەرێمدا نەمێنێت، کۆی سیستەمەکە لە بەر مەترسی نەماندایە. مەترسییە گەورەکەش ئەوەیە، ئەوەی خۆی بە نەیار و جیاواز دادەنێت زۆر زیاتر پوولەکییە لە دەسەڵاتدارانی هەرێم خۆی.

دادگا ئەگەر سەربەخۆ و بێلان بێت لە هەموو دەزگایەک زیاتر پێویستە بۆ حوکمڕانی، بەڵام بە پێچەوانەوە زۆر زیانبەخشە. بەڵام کوردستان ئەگەر بیەوێت ڕەخنە لە دادگای ناوەند بگرێت دەبێت بە نموونەبوون ڕەخنەی لێبگرێت، بەو مانایە سەرەتا دادگای خۆت بێلان و سەربەخۆ بکە، پاشان ڕەخنە بگرە.

سه‌ردار عه‌زیز

لێکۆڵەر و رۆژنامەڤان

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...