سیاسیشرۆڤه‌كۆمه‌ڵایه‌تی
ئاراستەکان

بۆچی سەرجەم موستەشارەكان بەشدارن لە تاوانی جینۆسایدی ئەنفال؟!

عەلی مەحموود محەمەد

 

لە ڕێكکەوتی 20-6-1987دا، بیرۆی باكووری پارتی بەعس، كۆبوونەوەیەك دەكات، لەو كۆبوونەوەیەدا بڕیارێك دەدات تیایدا ژیانی گەلێك بە تەواوی دەگۆڕێت، ئەویش بڕیاری شوومی ژمارە 4008 بوو، ئەم بڕیارە بە مانفیستۆی جینۆسایدی گەلی كوردستان دێتە ژماردن، سەرەتایەكە بۆ دەستپێكی جینۆسایدكردنی خەڵكی كوردستان بەشێوەی سستەماتیك و نەخشە بۆ داڕێژراو. لەو كات و ڕۆژەوە  كوشت و بڕ و دەركردن خرایە چوارچێوەی بڕیاری فەرمییەوە, بە پێی بڕیارەكە سەرجەم ئەو گوندانەی تاكو ڕێكکەوتی 22-6-1987 دەستیان لێنەدرابوو دەبێت بڕوخێنرێن، هەموو ناوچەكانی دەرەوەی شارەكان بكرێنە ناوچەی قەدەغەكراو، گوندی قەدەغەكراو هەموو ئەو گوندانە دەگرێتەوە لە دەرەوەی دەسەڵاتی سەربازیدا بوو لەو كاتەدا، كە ڕژێم تەنیا سەنتەری شارەكان و بەشێك لە ڕێگاكانی بەدەستەوە مابوو، لە ڕووی ئاسایشەوە نابێت ئەو ناوچانە هیچ مرۆڤ و ئاژەڵێكی  تێدا بمێنێت و ژیانی تێدا یاساغ كرا، هاتوچۆ و كشتوكاڵی تێدا قەدەغە كرا، هێزی ئاسمانی چاودێری زەوییە كشتوكاڵییەكان و ڕێگاكانی بە چڕی دەكرد، ئەوەی بەربكەوتایە ژیانی لێ دەسەندەوە، سیاسەتی زەوی سوتاندن پەیڕەو كرا، هێزەكان دەستكراوە كران بۆ كوشتنی خەڵكی ئەو ناوچانە لە زەوی و ئاسمانەوە. بڕیارەكە هەوڵدانێك بوو بۆ ئەوەی زۆرترین ژمارەیان لێ بكوژرێت، بە تفەنگ یان تۆپ یان ڕۆكێت یاخود لە ئاسمانەوە بە جۆرەها كۆپتەر و فڕۆكەی جەنگی پیراتۆز، بە چەكی ئاسایی یان هیشوویی و كیمیاویی، یان لە كاتی دەستگیركردندا لەسەر ڕێگاوبانەكان یان لە هێرشەكاندا بۆ ناوچەكانیان گولەباران بكرێن. ئەوانەی تەمەنیان لە نێوان 15 ساڵ بۆ 70 ساڵ  بوو، بڕیاردرا لە سێدارە بدرێن لە دەرەوەی دادگا، دەستنیشان كران بۆ لەناوبردن، بێ ئەوەی یەك كەسیان لێ دادگایی بكرێت، بەمەش دۆسیەكانیان نەچووە خانەی یاسای تاوانەوە، ماف و توانای هیچ داكۆكیكردنێكی یاساییان لە خۆیان نەبوو.

لێرەوە  زۆربەی دەستكەوتەكان كە تاڵانی لادێنشینانی كوردستان بوو، كە بەدەست دەهێنران  لە سەروەت و سامان بۆ فەوجی جاشەكان و هێزەكانی حكوومەتی عێراقی  بوون بەپێی  بڕیارەكە. هێزەكانی عێراق بە تەواوی دەستكراوە كران بۆ فەرهوود و تاڵانی، بە تایبەت فەوجەكانی جاشەكان، كە ئەوان دواتر ناوی ئەنفالیان لێ نا، بەپێی بڕیاری 4008 تەقەكردن ئازاد بوو بۆ بەئەنقەست كوشتنی هاووڵاتییان، بە تایبەتیش خاڵی 5ی بڕیاری 4008، گفتوگۆی زۆر لەسەر بوو، بەردەوام تەئكیدی لێكراوەتەوە، ئەو خاڵە بریتی بوو لە ئیعدامكردنی گشتی “هەموو ئەو كەسانەی  لەو گوندانە دەستگیر دەكرێن، دەبێت لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا  بكرێت لە لایەن دەزگا ئەمنیەكانەوە، ئەوانەی تەمەنیان لە نێوان 15 بۆ 70 ساڵە پێویستە ئیعدام بكرێن پاش ئەوەی زانیاری بە كەڵكیان لێوەردەگرترێت و لە كاتی خۆیدا ئاگادار بكرێینەوە”.

هەرچی خاڵی حەوت لە بڕیاری 4008 بوو، جاشەكانی سەرپشك كرد لە تاڵانكردن “هەموو ئەو شتومەكانەی كەوا فەوجەكانی بەرگری نیشتمانی جەنگاوەرەكانیان دەستیان دەكەوێت بۆ خۆیان دەبێت تەنیا چەكە قورسەكان و چەكی ئەسناد و چەكی مامناوەندی نەبێت، چەكە سووكەكان بۆ خۆیان دەبێت، ئێمەی لێ ئاگاداربكەنەوە و تەنیا ژمارەكانیان تۆمار بكەن. پێویستە لەسەر فەرماندەی جحافلەكان چالاك بن و بۆ ئاگاداركردنەوەی هەموو موستەشارەكان و فەرماندەی سرییەكان و مەفرەزەكانیان، و بە وردی ئێمە ئاگادار بكرێینەوە لە چالاكییەكانی فەوجەكانی بەرگری نیشتمانی”.

لە ڕێكکەوتی 8-9-1987 بە نووسراوی ژمارە 5731ی بیرۆی باكوور، بڕیار درا تەنیا 50%ی پێكهاتەی فەوجە خەفیفەكان لە بارەگا جێگیرەكانیان و رەبایەكان بمێننەوە، ئەوی دی بەكار بهێنرێن بۆ پەلاماری گوندە قەدەغەكراوەكان، بۆ ئەوەی پەلاماری پێشمەرگە و دانیشتووانە سڤیلەكەی بدەن. لە هێرشەكاندا جاشەكان پێش سوپا كەوتن، بەشداریان كرد لە پەلاماردانی هاووڵاتییانی سڤیلی لادێنشین، خانووی هاووڵاتییانیان ڕووخاند، مزگەوت و قوتابخانە و نەخۆشخانەیان وێران كرد، لە تاڵانیش دەستیان نەپاراست. بڕیاری 4008یش لەوبارەوە ئازادی كردن لە تاڵانكردن، واتا بەردەوام چارەكی كۆی ژمارەی فەوجە خەفیفەكان  لە ماوەی ئەو 364 ڕۆژەدا لە ئەركدا بوون لە پانتایی جوگرافیای كوردستان، وێڕای چارەكێكی دیكە زیاتریان بەردەوام لە بارەگا و ڕەبایەكاندا پارێزگاری حكوومەتیان دەكرد و لەسەر ڕێگاكان بۆسەیان دادەنایەوە بۆ پێشمەرگە و هاووڵاتییان، دەیان و سەدان تاوانی جەرگبڕیان لەو بۆسانە ئەنجامدا “چونكە ئەوان  لە مانگدا 15 ڕۆژ دەوامیان دەكرد”، بۆیە هەموویان لە تەواوی پڕۆسەی ئەنفالەكان و قۆڵەكانیەوە بەشدار بوونە. سەرەتا جاشەكان وەك چاوساغ و شارەزا چوونەتە گوندەكان و هەڵەت و شیو و دۆڵ و ناو ئەشكەوتەكان و سەر چیاكانیان كۆنتڕۆڵ كردووە، دواتر سوپا، بەمەش دەردەكەوێت تەواوی فەوجە جاشەكان لە پڕۆسەی ئەنفالدا لانیكەم چەندین جار بەشدارییان كردووە لە تاوانەكە و تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی جینۆساید، ناویان لە لیستی تۆمەتبارانی ئەنفال نووسرابێت یان نا، ئەوانەی نووسراون ئەوانەن یان مەدالیای ئازایەتیان وەرگرتووە، یاخود سكاڵایان لەسەر تۆمار كراوە، یاخود ناویان لەو تاك و تەرا بەڵگەنامانەدا هاتووە کە دەستیان بەسەردا گیراوە.

تەواوی شایەدحاڵەكانیش ئەوە دەردەخەن، كە زۆرینەی خەڵك یان لەلایەن جاشەكانەوە  ڕاستەوخۆ دەستگیر كراون لە كاتی خۆشاردنەوە، یاخود لە لایەن ئەوانەوە تەسلیم كراونەتەوە، یاخود پڕۆپاگەندەی درۆیان كردووە بۆ خۆبەدەستەوەدان، لە كاتێكدا لە هەموو قۆناغەكانی ئەنفال، ئەمنی پارێزگاكان پێشتر ئاگاداریان كردوونەتەوە كە لێبوردن  هاووڵاتییانی ناوچەی ناو پڕۆسەی ئەنفال ناگرێتەوە.

ئەگەر لەناو ئەو 423 كەسەی وەك تۆمەتباری ئەنفال ناویان هاتووە، تەنیا 258یان كورد بن، كە زیاترە، ئەوا لەوانەی ناویان تۆماركراوە 60,9%ی كوردن.

سەیر كەن تەنیا لە پڕۆسەی ئەنفالی هەشت، بەپێی بەڵگەنامەیەك، لانیكەم 163 فەوجی جاشی خەفیفە، بە 65,375 جاشەوە بەشداری ئۆپەراسیۆنەكەیان كردووە.

 

دادگاییكردنی تاوانبارانی ئەنفال

هێما بیركارییەكان بۆ ژماردنی تاوانەكانی ئەنفال كڵۆڵن، هێندە تاوانەكان زەق و گەورە و زۆرن، یاساكانیش لە ئاستیاندا زەبوونن بۆ پێناسی یاساییان، بەڵگەنامە و فیلم و دیدنامەكان لاوازن، كۆمەڵكوژی، كوشتنی مەیدانی، دوورخستنەوەی بە زۆری دانیشتووان، زیندانیكردن و كوشتنی تەواوی ئەو خەڵكە سڤیلە پاش گرتنیان و گواستنەوەیان بۆ ناوەندی كۆكردنەوەی تۆپزاوە و شوێنەكانی دی، دواتر كوشتنیان لە گۆڕە بە كۆمەڵەكاندا. تەرمی بەشێكیان لە مووسڵ و سەماوە دۆزرانەوە و لە لایەن پسپۆڕی نێودەوڵەتی مایكل تربیل و ئەوانی دییەوە دەرهێنران، زۆرینەیان تا ئێستا گۆڕەكانیشیان نەدۆزراونەتەوە، بێبەریكردن لە پێداویستییەكانی ژیان، ئەشكەنجەدان، دەستدرێژی سێكسی و پەلاماردان و لاقەكردن، سزادانی بە گرووپ بە هۆی جیاوازی نەتەوەییەوە، پەلاماردانی ناوچەی سڤیل بە چەكی كۆكوژی كیمیایی و هیشوویی و چەكی كلاسیك، پەلاماردانی گوندەكان و بێهۆكار ڕووخاندنی نەخۆشخانە و قوتابخانە و مزگەوت، بەزۆر گواستنەوە و سەپاندنی نیشتەجێبوونی زۆرەملێ لە ئۆردوگاكان و بێبەریكردن لە هەلی كار و پێداویستی ژیان، توندوتیژ جوڵانەوە لەگەڵ هاووڵاتییانی سڤیل تا ئاستی كوشتنی بە ئەنقەستی بەكۆمەڵیان، بێڕێزیكردن بە تەرمی مردووەكانیان، مردن بەهۆی  برسێتی و تێنوێتی و  گەرما و بێ دەرمانی و پیسییەوە، نەبوونی بێبایەخترین كەرەستەی ژیان لەناو زیندانەكان، هێرش بۆ سەر هاووڵاتییانی سڤیل كە هیچ بەشدارییەكیان لە چالاكی سەربازی نەبووە، وێرانكردنی ماڵیان و تاڵانكردنیان، جیاكردنەوەی ژنان و پیاوان و ڕێگاگرتن لە بەیەك گەیشتنیان، بۆ ئەوەی منداڵیان نەبێت، توندوتیژی بە نەخشە، زیانی جەستەیی و عەقڵی، وێڕای مردن زۆرێك لە ئەنفالكراوان تووشی كەمئەندامی بوون لە زیندان، بێهۆكار پەلاماردانی خەڵكی سڤیل، كوشتنی بە دەستی ئەنقەست، كوشتنی نابەجێ، بێبەشكردنی توند لە هەموو پێداویستییەكی تەندروستی و ژیان، دەستگرتن بەسەر سەروەت و سامان لەناویاندا بەروبوومی هەڵگیراوی كشتوكاڵی، نەهێشتنی سەرەوەت و سامانی ئاژەڵداری، كوێركردنەوەی كانیاو و پڕكردنەوەی بیرەكان، پەیڕەوكردنی سیاسەتی زەوی سوتاندن، بۆردمانكردنی گوند بە خەڵكەكەیەوە، لە زیندانەكان و شوێنەكانی كۆكردنەوە ئاوی خواردنەوەی پیس، كەمی خۆراك و برسیكردن، نەبوونی دەرمان و چارەسەری پزیشكی، سەپاندنی ژیان لە گەرمای بەتیندا، تەعریبكردن… ئەمانە نموونەی كەم بوون، تا شوێنپێی هەموو قوربانییەكان هەڵنەگرترێت ناتوانرێت هەمووی بنووسرێتەوە، بۆیە بەڵگەنامە و فیلم و دیدنامە و نووسراوەكان ناتوانن دەربڕی گەورەیی تاوانەكە بن، كاتێك ئامادەی هەڵدانەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكان دەبیت دەزانیت چ تاوانێك ئەنجامدراوە، دەزانیت چ جەهەنەمێك لە ژێر بیابانەكان شاردراوەتەوە.

دادگای دۆسیەی ئەنفال لە دادگای باڵای تاوانەكان لە ڕۆژی دووشەم ڕێكکەوتی  21-8-2006  دەستی پێكرد، لە  61  دانیشتندا، كۆی گشتی 1193 سكاڵاكەر و دیدەر و پسپۆڕی ناوخۆیی و بیانی، سكاڵا و شایەدییان پێشكەش كرد، لەوانە  52 سكاڵاكەر، 10 ڕزگاربووی گۆڕی بە كۆمەڵ، هەشت دیدەر، چوار پسپۆڕی بیانی؛ كلایكۆلون سنۆ 1928 ئۆكلاهۆما وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، زانای بواری زانستی بایۆلۆژی، پسپۆڕ لەسەر ئاستی جیهان، گۆڕی بە كۆمەڵی كرۆمی هەڵدابووەوە و  كاری لەسەر قوربانیانی كیمیابارانكردنی گوندی فرجینی كردبوو، كە چەكی كیمیایی تێدا بەكارهاتبوو، ئەسفەندیار ئەحمەد  شكری  توێژینەوەی لەسەر ئەو  ئاوارانەی دیاربەكر و ماردین كردبوو، كە كیمیایی لێیانی دابوو، مایكل كۆمفر ترەمبیل پسپۆڕ لە بواری پزیشكی ڕێوشوێنی دیاردە سزاییەكانی لە مووسڵ  و مووسەننا، گۆڕی بەكۆمەڵی ئەنفالكراوانی هەڵداوەتەوە، بە هاوكاری پسپۆڕانی ئەمریكی و كۆستاریكی و ئوسترالی و كەنەدی، دۆگلاس سكوتی- ئەمریكی پسپۆڕ لە بواری چەك و زانستی سزایی، ڕاستەوخۆ بەشدارییان لە دادگاییەكە كرد و گوتەیان پێشكەشكرد لە بەردەم دادوەرەكان، لە ڕێكکەوتی 24-6-2007 بڕیاری دادگا دەرچوو، لە ڕێكکەوتی 4-9-2007 بڕیاری كۆتایی درا، تاوانكاران بە ئەنجامدانی تاوانی جینۆساید و تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی سزا دران.

لە پڕۆسەی دادگاییەكە حەوت تۆمەتبار دادگاییكران و ژمارەیەك تۆمەتباریش لە هەنگاوی یەكەمدا دیاریكرابوون بۆ دادگاییكردن لێ ئامادە نەبوون وەك لە دوو نامەی دادگای باڵای تاوانەكاندا ناویان هاتووە “بەپێی نووسراوی ف2  1445 لە ڕێكکەوتی 18-12-2005ی دادگای باڵای تاوانەكان، بڕیاری گرتن بۆ 24 كەس دەرچوو، كە بریتی بوون  لە “نزار خەزرەجی، یونس ئەلدرب، ئەیاد خەلیل زەكی، ڕەمزی مەحموود، سەعید مەحموود باریكە، قاسم دڕەیی، معتەسەم بەرزنجی، یاسین ڕەئوف، تەحسین شاوەیس، قاسم ئاغای كۆیە، بایز عەبدولڕەحمان، عەلی ئەحمەد ڕەشید، نیعمە فارس، حەمید شەعبان، نەجم عەبدوڵا دوری، عیسمەت سابیر، عەدنان جەباری، جیهان موسا، ڕەفعەت گلی، عوسمان شێخ سەعید، شێرزاد ساڵح، تۆفیق جەبار قارەمان، حوسێن شێخ سەعید و حەسیب حەمە ئینجە”.

هەروەها لە ڕێكکەوتی 21-12-2005، بەپێی نووسراوی دادگای باڵای تاوانەكان ژمارە ف2  1474، داوای ناوی سیانی و ناونیشانی 18 تاوانبار دەكات  كە بریتین لە “سەعید مەحموود باریكە، عەدنان جەباری، شێخ ڕەئوف، شێخ جەعفەر، شێخ ڕەمەزان، قاسم دڕەیی، جیهان موسا، معتەسەم بەرزنجی، ڕەفعەت گلی، یاسین ڕەئوف، غەسان شێخ سەعید، تەحسین شاوەیس، شێرزاد ساڵح، قاسم ئاغای كۆیە، تۆفیق جەبار قارەمان، بایز عەبدولڕەحمان، حوسێن شێخ سەعید، عەلی ئەحمەد ڕەشید و حوسێن حەمە ئینجە”.

حەوت كەسەكەی دادگایی كران، پێشتر زیندانیبوون، بریتی بوون لە: سەدام حوسێن ئەلمەجید ئەلحەسەن عەبدولغەفور عەبدولقادر ئەلناسری ئەلتكریتی سەرۆك كۆماری عێراق كە ڕۆژی شەممە ڕێكکەوتی  30-12-2006  لەسەر تاوانی دوجەیل لە سێدارە درا، بۆیە تۆمەتی ئەنفالی لەسەر هەڵگیرا، عەلی حەسەن ئەلمەجید ئەلحەسەن عەبدولغەفور عەبدولقادر ئەلناسری ئەلتكریتی بەرپرسی بیرۆی باكوری پارتی بەعس، لیوا ڕوكن سابیر عەبدولعەزیز حوسێن عەلی دوری بەڕێوەبەری هەواڵگری گشتی سەربازی، فەریق ڕوكن حوسێن ڕەشید محەمەد عەرەب ئەلتكریتی یاریدەدەری ئەركانی سوپا بۆ كاروبارەكانی ئۆپەراسیۆنەكان، لیوا ڕوكن سوڵتان هاشم ئەحمەد محەمەد حەمەد  ئەلحەمەد ئەلتانی فەرماندەی فەیلەقی یەكەم، تاهیر تۆفیق ئەلحاج یوسف ئەلعانی سكرتێری لیژنەی كاروباری باكوور و پارێزگاری مووسڵ، عەقیدی ڕوكن فەرحان موتڵەگ ساڵح خەڵەف ئەلجبوری بەڕێوەبەری ڕێكخراوی هەواڵگری رۆژهەڵات.

تۆمەتباران  بەم شێوەیەی خوارەوە، پاش ساغبوونەوەی تاوان لەسەریان سزا دران: عەلی حەسەن ئەلمەجید پێنج سزای لە سێدارەدان، یەك  زیندانی بەند بوون تا پاشماوەی ژیانی، یەك سزای 15ساڵ زیندانی، دوو سزای زیندانی 10 ساڵی و دوو سزای زیندانی حەوت ساڵی.

لیوا ڕوكن سوڵتان هاشم چوار سزای لەسێدارەدان، دوو سزای زیندانی بەندبوون تا پاشماوەی ژیانی، یەک سزای زیندانی 15 ساڵی، یەك سزای زیندانی 10 ساڵی و دوو سزای زیندانی حەوت ساڵی.

فەریق ڕوكن حوسێن ڕەشید چوار سزای لەسێدارەدان و سزایەكی حەوت ساڵی زیندانی.

سابیر عەبدولعەزیز حوسێن سێ سزای زیندانی بەندبوون تا پاشماوەی ژیانی و سزایەكی زیندانی 10 ساڵی.

عەقیدی ڕوكن فەرحان موتڵەگ دوو سزای زیندانی بەندبوون تا پاشماوەی ژیانی و سزایەكی زیندانی 10 ساڵی.

تۆمەتبار تاهیر تۆفیق ئەلحاج یوسف ئەلعانی بڕیاری بێتاوانی لە تۆمەتی بەشداری لە تاوانی ئەنفال بۆ دەرچوو.

ناوبراوان  بە ئەنجامدانی تاوانی جینۆساید و تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی لە پرۆسەی تاوانی ئەنفال تاوانبار كران.

تاوانباران عەقیدی ڕوكن فەرحان موتڵەگ لە ڕێكکەوتی 30-3-2013  لە گرتووخانەی مووسڵ  و سوڵتان  هاشمیش لە نەخۆشخانەیەكی شاری ناسریە  لە ڕێكکەوتی 19-7-2020  مردن و بڕیارەكانی  دادگای باڵای تاوانەكانیان لەسەر جێبەجێ نەكرا.

هەروەها لە ڕێكکەوتی 20-5-2007 دادگای باڵای تاوانەكان بە فەرمی لیستێكی بە 423 ناوەوە ڕاگەیاند وەك تۆمەتبارانی تاوانی جینۆسایدی ئەنفال، كە تاكو ئێستا بڕیاری گرتن و دادگاییكردنی ئەو تۆمەتبارانە جێبەجێ نەكراوە چ لە عێراق یاخود كوردستان، كە 258 كەسیان هاووڵاتی هەرێمی كوردستانن، چ بە لیست و چ  بە كەسی  بڕیاری گرتنیان بۆ دەرچووە، تاكوو هەنووكە هیچ یەكێك لەو تۆمەتبارانە بانگ نەكراون بۆ لێكۆڵینەوە، دووجار ڕێكخراوی كوردستان بێجینۆساید لە ڕێگای داواكاری گشتییەوە لە شاری هەولێر سكاڵای لەسەریان تۆماركردووە، وەلێ لە ژێر فشاری كەسانی دەستڕۆیشتووی دەسەڵاتدارەوە داواكاری گشتی بێئیرادە كراوە و لە سكاڵاكە نەپرسراوەتەوە.

بەهانە بۆ لێپرسینەوە  لە تۆمەتباران، لێبووردنە گشتییەكەی بەرەی كوردستانی ساڵی 199ە، بەڵام لێبووردنەكەی بەرەی  كوردستانی  ساڵی 1991 بەپێی بڕگەی شەشی یاسای دادگای باڵای تاوانەكانی عێراقی هیچ شەرعیەتێكی نییە، هەر لێبووردنێك پێش جێبەجێردنی ئەم یاسایە دەرچووبێت، بۆ تۆمەتبارانی دووتوێی تاوانەكانی بڕگەكانی 11 و 12 و 13 و 14ی دادگای باڵای تاوانەكان، كە بریتین لە تاوانەكانی جینۆساید و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ و تاوانی پێشێلكردنی یاسا عێراقییەكان، بەپێی بڕیارەكانی دادگای باڵای تاوانەكانی عێراقی لەسەر تاوانباران عەلی حەسەن مەجید و سوڵتان هاشم و …. تاوانی ئەنفال، تاوانی جینۆساید و تاوانی دژ بە جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییە، ئەم تاوانانەش بە تێپەڕبوونی كات كۆن  نابن و بەسەرناچن و بنەمای نێودەوڵەتییان هەیە، زمكان “زەمان و مەكان” تۆمەت لەسەر تۆمەتبار هەڵناگرن و تاوانی نێونەتەوەیشن، لەسەر ئەو بنەمایە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی دامەزراوە و ئەم جۆرە تاوانانە لە تایبەتمەندیەتی، تۆمەتبار بۆ كوێ هەڵبێت دەربازی نابێت لە سزا،  تەنانەت ناكرێت پەنابەریشی پێبدرێت، تۆمەتباری  ئەنفال مافی پەنابەری سیاسیان پێ نادرێت، بەپێی ڕێكکەوتننامەی قەدەغەكردنی جینۆسایدی ساڵی 1948، چونكە بەشدارن لە تاوانی جینۆساید و سزا دەسەپێنرێت  بەسەر هەموو كەسێكی بەشدار لە پڕۆسەی پاكتاوی بە كۆمەڵ، نابێت ڕزگاریان بێت لێی، بەو پێیەی ئەمانیش كەسانێكن بەشداربوونە لە ئەنجامدانی تاوانەكە، بۆیە وەك بەشداركەرێك لە پڕۆسەی كۆكوژی دەبێت دادگایی بكرێن و تاوانباران لە سزا دەربازیان نەبێت.

بۆیە ئەمانە لێبووردن نایانگرێتەوە، بەم هۆیەشەوە ئەو بڕیارەی بەرەی كوردستانی هیچ بنەمایەكی یاسایی و هێزێكی نییە، بەداخەوە جگە لە دەسەڵاتدارانی كوردستان لە عێراقیش بڕیارەكە جێبەجێنەكراوە، هاتووانی ناو لیستەكە لە بەغدا پۆستی سەربازی و تەشریعیان وەرگرتووە و چوونەتە پەرلەمانەوە و فەرماندەیی گرنگیان لە سوپا وەرگرتووە، یاسای بنەبڕكردنی پارتی بەعس ئەوانی لێ دەركراوە و بڕیارەكانی نەیگرتوونەتەوە.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...