سیاسیشرۆڤه‌
ئاراستەکان

ئێران و ئیسرائیل؛ بەرەو کوێ

دوێنێ شەو ساتەوەختێکی ناوازە بوو لە ناوچەکە. لە سی ساڵی ڕابردوودا ئێران هەوڵیداوە ڕاستەوخۆ نەبێتە بەشێک لە جەنگەکان، بەڵام ناچارکرا بە بەشداریی. ئێرانییەکان یەکێک لە هۆکارەکانی دواکەوتنی هێرشەکەیان ئەوە بوو کە چۆن زەمینەی تۆڵەیەکی سنوردار بدۆزنەوە و کۆتایی بە دڵەڕاوکێ ستراتیژییەکەیان بهێنن.

 

ئێران خێرا پاش هێرشەکان ئەوەیان ڕاگەیاند کە کۆتایی هات. لە هەمانکاتدا ئەمریکا دەخوازێت کە کۆتایی پێبهێنرێت، بەوەی کە بایدن داوای لە نەتانیاهۆ کردووە کە وەڵام نەداوە.

لە بەر بنەمای ئەم پێودانگە، دەکرێت هەڵوێست و دۆخی هەر سێ ئەکتەرە سەرەکییەکە و ئەکتەرە ناوەنجییەکان هەڵبسەنگێنین. سێ ئەکتەرە سەرەکییەکان بریتین لە ئێران و ئیسرائیل و ئەمریکا.

 

ئیسرائیل

ئامانجی نەتانیاهۆ ئەوە بوو کە ئێران بهێنێتە ناو جەنگەکەوە. هەروەها ئەمریکاش بکات بە بەشێک لە شەڕەکە. ئیسرائیل وەک منداڵێکی نازکێشراوی بێزاری ئەمریکییە. ئەمریکا ناتوانێت پشتیوانی ئیسرائیل نەکات، بەڵام حەز ناکات ئیسرائیل دۆخەکە زیاتر ئاڵۆز بکات.

ئامانجێکی تری ئیسرائیل ئەوە بوو کە وڵاتانی ناوچەکە لە جەنگەکە بەرانبەر ئێران تێوەبگلێنێت. دوێنێ شەو ئوردن شەوێکی پڕ لە ترسی بەڕێوەبرد. وڵاتانی کەنداو بە چاوی خۆیان بینیان کە توانای ئێران چەندە و ئەگەر هەمان تەکنەلۆجیای ئیسرائیلیان نەبێت، ئەوا لە  ژێر ڕەحمەتی ئێراندا دەبن.

ئیسرائیل ناتوانێت وەڵام نەداتەوە، چونکە ئەوان وەها بیر دەکەنەوە، وەڵام نەدانەوە وەک لاوازی دەبینرێت، لاوازیش سەردەبڕدرێت نەک ڕێزی دەگیرێت. دۆخی کوردستان لە عێراق بەڵگەیەکی ڕوەنی ئەم بیرکردنەوەیە.

ئیسرائیل وەڵام دەداتەوە. چاوەڕوانکراو بوو هەندێک ڕۆکێت بگاتە ناو خاکی ئیسرائیل بۆ دروستکردنی بەڵگە بۆ هێرشکردنە سەر ئێران، بەڵام زۆرینەی نەگەیشتنە سەر ئیسرائیل.

 

ئێران

ئێران ناچاربوو. ئێستا بە هیوایە دۆخەکە بگەڕێتەوە سەر دۆخی جارانی. لە هەمانکاتدا ئێران ئەوەی بۆ دەرکەوت کە سەرباری زۆری چەک و تەقەمەنی هێشتا لاوازە بەرانبەر تەکنەلۆجیای ئیسرائیل و ڕۆژئاوا. ئەمە لە هەمانکاتدا کێشەیە بۆ حزبوڵا، کە سەرباری چەک و تەقەمەنی توانای زیان گەیاندنی بە ئیسرائیل سنوردارە.

ئێران بە ئاستێکی زۆر زیاتر لەوەی چاوەڕوان دەکرا وەڵامی دایەوە، هەرچەندە ئەم هەوڵانە شکستیان هێنا، بەڵام کۆمەڵێک شتی دەرخست، هەبوونی خەزێنەی زۆری درۆن و ڕۆکێت.

ئێران ئێستا چاوەڕێی ئیسرائیلە. هەرچەندە ئەوەی بە ئەمریکاییەکان گەیاندووە کە کۆتایی بە هێرشەکەی هێناوە.

ئێران بۆی دەرکەوت سەرباری ئەوەی لە غەزە دەگوزرێت، ئیسرائیل تەنیا نییە، نەک ڕۆژئاوا بەڵکو وڵاتانی عەرەبیشی لەگەڵدایە. یان ڕەفتاری ئێران وەهایکردووە.

 

ئەمریکا

دوو ئەمریکا هەیە. یەکەم، ئیدارەی بایدن کە سیاسەتی کورتخایەنی هەیە. بەڵام ئەمریکا وەک وڵات خاوەن ستراتیژی درێژخایەنی خۆیەتی.

بایدن دەخوازێت لەوە زیاتر گەورە نەبێت، هەر زوو کۆتایی پێبهێنرێت. ئەمریکای دەوڵەت دەخوازێت ئێران لاوازبێت، بەڵام نەکەوێت، چونکە زیاتر پشێویی دروست دەکات. بەڵام ڕێگری لە کەوتنی ناکات.

 

دەرئەنجامەکان

ئێران و ئیسرائیل ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووبوونەوە.

غەزە بە جۆرێک لە جۆرەکان دادەپۆشرێت.

نەدەبوو بۆ ئیسرائیل پاش غەزە ئێران بەبێ لێدان بەجێبهێڵێت.

ئیسرائیل هاتەوە ناو هاوپەیمانی ناوچەکە و نێودەوڵەتی لە ڕێگای ناچارکردن و هێزەوە.

ئیسرائیل وەڵامی دەبێت و ڕەنگە ئەم دۆخە بەکاربهێنێت بۆ هێرشکردنە سەر بنکە ئەتۆمییەکان.

سه‌ردار عه‌زیز

لێکۆڵەر و رۆژنامەڤان

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...