شرۆڤه‌كه‌لتوور

فه‌لسه‌فه‌ و میكانیزمه‌كانی بازاڕ

نامه‌وێ له‌م وتاره‌دا باس له‌ پێناسه‌ی فه‌لسه‌فه‌ بكه‌م و، هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌م چه‌مكه‌، كه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ له‌ لایه‌ن گریكه‌كانه‌وه‌ به‌ (خۆشه‌ویستی ژیری) باسكراوه‌، به‌ درێژایی زیاتر له‌ دوو هه‌زار و پێنج سه‌د ساڵ له‌ سه‌رهه‌ڵدانی، یه‌كێكه‌ له‌ سه‌رچاوه‌ گرنگه‌كانی هزری مرۆڤایه‌تی له‌ ڕێڕه‌و و ئاڕاسته‌ی خۆیدا بۆ گه‌یشتن و لێكدانه‌وه‌ی مانا و ناوه‌ڕۆكی جیهان و، له‌م كاروانه‌شدا قوتابخانه‌ی جیاواز له‌ پێناسه‌كردن و ده‌ستنیشانكردنی ئه‌ركی فه‌لسه‌فه‌ و ڕۆڵی له‌ ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و هه‌ڵوێستی ئه‌رێنی و نه‌رێنی له‌ بوونی فه‌لسه‌فه‌ له‌ میانه‌ی یاسای ناكۆكی و ململانێیه‌كان، كه‌ خودی ئه‌م یاسایه‌ش ده‌سته‌واژه‌یه‌كی فه‌لسه‌فییه‌، هاتۆته‌ كایه‌وه‌. بۆیه‌ ده‌بینین فه‌یله‌سوفه‌كان شوێنی دیاری خۆیان له‌ نێو به‌شداربووان له‌ به‌رهه‌مهێنانی ڕۆشنبیری له‌ بواری هزر و هۆشمه‌ندی مرۆڤایه‌تی و جیهانی زانست و هه‌ڵوێستوه‌رگرتن له‌ دیارده‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ژیانی مرۆڤ و سروشت هه‌بووه‌.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

لێكدانه‌وه‌ی مرۆڤ بۆ سه‌رجه‌م گۆڕانكارییه‌كان، كه‌ به‌ درێژایی مێژوو ڕوویانداوه‌ و ده‌ستنیشانی شێوازی به‌شداریبوونیان له‌و گۆڕانكارییانه‌، به‌شێك بووه‌ له‌و ئه‌ركه‌، كه‌ فه‌لسه‌فه‌ بینیویەتی. ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ لێكدانه‌وه‌كان بۆ سروشت و په‌ره‌سه‌ندنه‌كان له‌ بواری سه‌رجه‌م زانست له‌و بواره‌دا دانەبڕاوه‌. به‌م جۆره‌ فه‌لسه‌فه‌ توێژینه‌وه‌ی واقیع و بابه‌تی بوون و، به‌شێك له‌ ئاڕاسته‌بوونی مرۆڤ بۆ تێگه‌یشتن و به‌فرەوانبینینی له‌ ژیان بووه‌.

ئاماژه‌كردن به‌ مێژووی فه‌لسه‌فه‌ و په‌ره‌سه‌ندنی و ڕۆڵی له‌ ژیانی مرۆڤدا، ئه‌و ڕاستییه‌ ده‌رده‌خات، كه‌ فه‌لسه‌فه‌ هونه‌ری بیركردنه‌وه‌ و هه‌وڵدان بۆ خوێندنه‌وه‌ی واقیع و خستنه‌ڕووی  پرسیاره‌ ئاڵۆز و سه‌ره‌كییه‌كان بووه‌.

له‌ ڕێگای فه‌لسه‌فه‌وه‌ مێژوو خوێنراوه‌ته‌وه‌ و دیارده‌كان له‌ بازنه‌ی خودی مێژووبوونیدا خوێنراونه‌ته‌وه‌ و ئاماژه‌ به‌ كارتێكردنی هۆكاری خودی و بابه‌تی له‌سه‌ر یه‌كتر كراوه‌ و، هۆكاری دروستبوون و گۆڕانكاری و گه‌شه‌سه‌ندن و كۆتاییهاتنی پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و نه‌ریته‌ ڕه‌وشتییه‌كان خراونه‌ته‌ ڕوو.

ئه‌م كاروانه‌ی مێژووی فه‌لسه‌فه‌ له‌ چه‌مكی لۆجیك به‌ قوتابخانه‌ جیاوازه‌كانییه‌وه‌ و بیری عه‌قڵانی دانه‌بڕاوه‌ و، به‌شێك له‌ پێداویستییه‌ ڕۆحی و مادییه‌كانی ژیانی مرۆڤایه‌تی بووه‌.

به‌م جۆره‌ فه‌لسه‌فه‌ وه‌ك هونه‌ری بیركردنه‌وه‌، ئه‌ركێكی مه‌عریفی و لۆجیكی و ڕه‌وشتی و ئیستاتیكی، وه‌ك به‌شێك له‌ پڕۆسه‌ی بنیاتنانی مرۆڤ  له‌ مێژوودا بینیه‌وه‌، جگه‌ له‌ ئه‌ركێكی ئێجگار گرنگی دیكه‌ له‌ بواری دروستكردن و گه‌شه‌كردنی عه‌قڵی ڕه‌خنه‌گرانه‌.

ئه‌گه‌ر پێشتر و له‌ میانه‌ی توێژینه‌وه‌ی مێژووی مرۆڤایه‌تیدا، فه‌لسه‌فه‌ وه‌ك پێداویستییه‌ك شوێنی خۆی و ئه‌ركه‌ بابه‌تییه‌كه‌ی خۆی كردبێت، ئه‌وا ئه‌و پێداویستییه‌ له‌ چوارچێوه‌ی ڕابردوو نامێنێته‌وه‌ و ئه‌مڕۆ مرۆڤایه‌تی بۆ ئێستا و ئاینده‌ی خۆی  پێویستی به‌ فه‌لسه‌فه‌ هه‌یه‌.

پرسیاره‌ ئاڵۆزه‌كان سه‌باره‌ت به‌ بوون و ژیان، كۆتاییان نه‌هاتووه‌. دیارده‌ نوێیەكانی باری ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئاڕاسته‌ ئابوورییه‌كان و كارتێكردنیان له‌سه‌ر ژیانی ئێستا و دواڕۆژی مرۆڤایه‌تی، به‌رده‌وام ئه‌گه‌ر و گریمانه‌ی نوێ ده‌خەنه‌ ڕوو. ئه‌م ئه‌گه‌ر و گریمانانه‌ش له‌ دۆزینه‌وه‌ زانستییه‌ نوێیەكان له‌ بواری گه‌ردوون و ژیری ده‌ستكرد و جیهانگیری و په‌یوه‌ندییان به‌ مرۆڤه‌وه‌، كۆتایی نه‌هاتووه‌.

ئه‌و كۆمه‌ڵگایانه‌ی پێویستییان به‌ گه‌شه‌سه‌ندن و ڕزگاربوون و سه‌ربه‌خۆیی و سه‌قامگیری و ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌یه‌، وه‌ك گه‌لی كوردستان، پێویستی زیاتریان به‌ فه‌لسه‌فه‌ هه‌یه‌.

جگه‌ له‌ تێكڕای ئه‌م بابه‌تانه‌ی سه‌باره‌ت به‌ گرنگی و پێداویستی فه‌له‌سه‌فه‌ باسمان كرد، چه‌مك و ده‌سته‌واژه‌ فه‌لسه‌فییه‌كان بواری نزیكبوونه‌وه‌ و له‌یه‌كتر تێگه‌یشتنی پێكهاته‌ مرۆییه‌كانی كۆمه‌ڵگای جیاواز سه‌باره‌ت به‌ بابه‌تی هاوبه‌ش و چاره‌نووسی هاوبه‌ش ئاسانتر ده‌كەن.

له‌ خستنه‌ڕووی تێكڕای ئه‌م گرنگی‌ و پێداویستیبوونه‌ی فه‌لسە‌‌فه‌ له‌ ژیانی ئێمه‌دا، فه‌لسه‌فه‌ زێده‌ڕۆیی هزری نییه‌ و، پێویستییه‌كی لۆكس نییه‌، كه‌ مرۆڤایه‌تی به‌ گشتی و ئێمه‌ش له‌ كوردستاندا خۆمانی لێ بێبه‌ش بكه‌ین.

فه‌رامۆشكردنی فه‌لسه‌فه‌ له‌ ژیان و خوێندندا، فه‌رامۆشكردنی عه‌قڵه‌ له‌ ڕه‌خنه‌گرتن و شیكردنه‌وه‌ و تێگه‌یشتن.

له‌ ڕوانگه‌ی گرنگی فه‌لسه‌فه‌ له‌ ژیانی مرۆڤایه‌تیدا، یۆنسكۆ له‌ ساڵی 2002  ڕۆژی جیهانی فه‌لسه‌فه‌ی ده‌ستنیشانكرد. مه‌به‌ست له‌م هه‌نگاوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌ هاندانی شیكردنه‌وه‌ و توێژینه‌وه‌ فه‌لسه‌فییه‌كانه‌، سه‌باره‌ت به‌ بابه‌ته‌ هاوچه‌رخه‌كان، به‌ مه‌به‌ستی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئاڵنگارییه‌كانی سه‌رده‌م و، ئاڵوگۆڕكردنی كه‌له‌پووری فه‌لسه‌فی به‌ جۆرێك پابه‌ندبوونێكی نیشتمانی بۆ پشتگیریكردنی فه‌لسه‌فه‌ ئه‌نجام بدرێت و، ڕای گشتی به‌ بابه‌تی گرنگی فه‌لسه‌فه‌ و تێڕوانینی ڕه‌خنه‌گرانه‌ بۆ نه‌وه‌ی داهاتوو به‌ هاندانی خوێندنی فه‌لسه‌فه‌ له‌ قۆناغه‌ جیاوازه‌كانی خوێندن به‌تایبه‌تی له‌ زانكۆكاندا، گۆش بكرێت.

له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌م تێكه‌یشتنه‌ بۆ ئه‌رك و ڕۆڵی فه‌لسه‌فه‌ بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كانی ئاشتی جیهان و دیموكراسی  و مافی مرۆڤ  و عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی و یه‌كسانی سه‌قامگیر ده‌بێت.

مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ توێژینه‌وه‌كانی بواری فه‌لسه‌فه‌ به‌ شێوه‌یەكی مێژوویی دوور بووه‌ له‌ تێڕوانین بۆ فه‌لسه‌فه‌ له‌ سۆنگه‌ی میكانیزمه‌كانی بازاڕی سه‌رمایه‌داری، كه‌چی زانكۆی سه‌لاحه‌دین ساڵی پار بڕیاری دا پۆلی یه‌كی به‌شی فه‌لسه‌فه‌ له‌ كۆلیجی ئاداب نه‌كاته‌وه‌، چونكه‌ ژماره‌ی قوتابیانی داواكاری خوێندنی فه‌لسه‌فه‌ كه‌م بووه‌ و هۆكاری سه‌ره‌كیش ئه‌وه‌یه‌، كه‌ ده‌رچووی فه‌لسه‌فه‌ بواری كاركردنی نییه‌ و بێكار ده‌بێت و، هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌م بابه‌ته‌ش په‌یوه‌ندی به‌ سیاسه‌تی حكوومه‌ته‌وه‌ هه‌یه‌، كه‌ خوێندنی بابه‌تێكی گرنگ وه‌ك فه‌لسه‌فه‌ به‌ میكانیزمه‌كانی بازاڕی سه‌رمایه‌داری ده‌به‌ستێته‌وه‌.

خوێندنی بواری فه‌لسه‌فه‌ به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ و خوێندنه‌وه‌ی زاتی كتێبه‌ فه‌لسه‌فییه‌كان سه‌ڕه‌ڕای گرنگیبوونی، به‌ شێوه‌یەكی میتۆدی ئه‌نجام نادرێت و، ئه‌م شێوازه‌ شوێنی كۆلیجی تایبه‌ت به‌ فه‌لسه‌فه‌ ناگرێته‌وه‌، ته‌نیا له‌و حاڵه‌تانه‌دا نه‌بێت كه‌ پێمان وابێت كوردستان پێویستی به‌ فه‌لسه‌فه‌ نییه‌!

كاتێك ئه‌سكه‌نده‌ری مه‌قدۆنی یۆنان جێده‌هێڵێت و به‌ره‌و داگیركردنی وڵاتانی دیكه‌ ده‌ڕوات، هه‌واڵی پێده‌گات، كه‌ ئه‌رستۆی مامۆستای، كۆمه‌ڵێك كتێبی سه‌باره‌ت به‌ فه‌لسه‌فه‌ بڵاوكردوونەته‌وه‌ و، به‌م هۆیه‌وه‌ زۆر لێی نیگه‌ران ده‌بێت، كه‌ زانیاری فه‌لسه‌فه‌ی بۆ هه‌موو خه‌ڵك بڵاوكردۆته‌وه‌ و گشتاندوویه‌تی و، ده‌بووایه‌ ته‌نیا بۆ خۆی و تاقمی حوكمڕان بووایه‌. ئه‌رستۆ  له‌ وه‌ڵامدا ده‌ڵێت خه‌م مه‌خۆ ته‌نیا به‌ كتێب خه‌ڵك فێری فه‌لسه‌فه‌ نابێت ئه‌وانه‌ فێر ده‌بن كه‌ وانه‌م لاوه‌رده‌گرن.

كاوه‌ مه‌حموود

سیاسه‌تمه‌دار

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...