سیاسیشرۆڤه‌كه‌لتوور
ئاراستەکان

لەداگیركردنی هزرەوە بۆ داگیركردنی وڵاتێك

چۆن بەرەو ڕووی داگیركاری توركیا ببینەوە؟!

داگیركاری پڕۆسەیەكی تەواوە و لەكۆمەڵێك پڕۆسەی بچووكتر پێكدێت، سەرەتا بە هەنگاوە بچووكەكانەوە دەست پێدەكرێت و دواتر وردە وردە هەنگاوە گەورەكە، واتە داگیركارییەكە دەست پێدەكات.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

كەواتە هیچ داگیركارییەك ڕاستەوخۆ دەست پێناكات، تاوەكوو زەمینەسازی و ئامادەكاری تەواوی بۆ نەكرێت، بەڵام لە هەموو هەنگاوەكانی زەمینەسازی ترسناكتر، كە دەكرێت وەك یەكەم هەنگاوی سەرەتایی بۆ داگیركاری هەژمار بكرێت، داگیركردنی مێشكە، واتە داگیركردنی مێشكی ئەو خەڵكەیە، كە پڕۆسەی داگیركارییەكەی لە دژ ئەنجام دەدرێت. لەبەرئەوەی كاتێك مێشك داگیر دەكرێت، ئیرادە پەكی دەكەوێت، لە ڕێگەی تێكدانی بنەماكانی بیركردنەوە، ئیرادەی میللەتان چرووك دەكرێت و ئەمەش دەبێتە بنەمایەك بۆ چرووككردنی كایەكانی تر، هەر لەكایەی ئابوورییەوە بگرە تا دەگاتە كایە سیاسی و كۆمەڵایەتی و سەربازی و كەلتووری و گشت كایەكانی تر.

 

توركیا بەرلەوەی هێزەكانی بنێرێتە هەرێم و ڕاستەوخۆ و بەڕۆژی ڕووناك سەرباز و زرێپۆشەكانی لەناو شار و شارۆچكەكانی هەرێم بسوڕێنەوە، هەوڵیاندا مێشكی تاكەكانی هەرێم داگیر بكەن، سەرەتا لەڕێگەی بڵاوكردنەوەی ئایدیۆلۆژیای ئایینییەوە، كۆمەڵێك هێز و حزبیان دروستكرد، كە وەك سوپایەكی ناوخۆ بەرگری لە توركیا و دەسەڵاتی سیاسی توركیا بكات، بەوە چین و توێژێك دروست بوو، كە داگیركاری توركیا بە فەرزێكی ئایینی و بڵاوبوونەوەی ئایینیی ئیسلام تێدەگات، ئەوانە نەك هەر ڕووبەڕووی داگیركاری نابنەوە، كە لەناو خودی ئیسلامدا فەرزێكی ئایینییە، بگرە لەژێر ڕۆشنایی خودی ئایینەكەدا پاساو بۆ داگیركارییەكە دەهێننەوە و پێشوازی لێدەكەن.

 

بەشێكی تر لە حزبەكانیان بەهۆی بەرژەوەندی ئابوورییەوە، وەك كاڵایەكی بێبەها كڕدران، لە ڕێگەی ئەوانیشەوە، لەبەرئەوەی دەسەڵاتیان لەبەردەستدابوو، نەك بە تەنیا بیركردنەوەی ئابووری، بەڵكو كایە ئابوورییەكانی هەرێمیان داگیر كرد، هەرێم كرایە بازاڕێك بۆ ساخكردنەوەی كەلوپەلی ستۆك و ژاراویكراوی توركیا، بێگومان ئەم راستییانە ئێرانیش دەگرێتەوە، بەڵام تاوەكوو ئێستا ئێران ڕاستەوخۆ وەكوو توركیا هێرشی زەمینی ئەنجام نەداوە، هەرچەندە هەموو ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن، وەك بەشێك لە پڕۆسەی داڕشتنەوەی نەخشەی سیاسی ناوچەكە، ئەوانیش هێرشی زەمینی دەست پێبكەن.

 

كاتێك كایە ئابوورییەكان داگیر كران، لە ڕێگەیانەوە شەڕێكی بایۆلۆژی دەستی پێكرد، بۆ ئەوەی كۆمەڵگەی كوردی لە باشوور لە كۆمەڵگەیەكی تەندروست و بەپیتەوە، بكەنە كۆمەڵگەیەكی نەخۆش، هەموو دەزانین ئێستا ڕێژەی سەرەتان و نەخۆشییە ترسناكەكانی تر گەیشتوونەتە كوێ، بەشێكی زۆری ئەو كارانەشی لە ڕێگەی ئەو حزبانە كرد، كە سەرەتا لە ناوەوە داگیری كردن.

 

وەك پێشتر لە وتارێكدا ئاماژەم پێكرد، دوای ئەوەی گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان چەند بەرپرسێكی گەورەی دەزگای هەواڵگری توركیا (میت)یان لە شارۆچكەی دوكان دەستگیر كرد، دەركەوت، كە چۆن بەشێكی زۆر لە سەركردە باڵادەستەكانی حزبە سەرەكی و ناسەرەكییەكانی هەرێم دەستیان لەگەڵیان توركیا تێكەڵ كردبوو و سیخوڕیان بەسەر نەتەوەكەی خۆیانەوە بۆ دەكرد، بەداخەوە پارتی كرێكارانی كوردستان ئەو ڕاستییانەی شاردنەوە و لەبەر چەند هۆكارێكی سیاسی پەردەی لەسەر هەڵنەماڵین، كە دەتوانین بڵێین ئەمە دەروازەیەك بوو بۆ  گەشەسەندن و درێژەدان بەو سیخوڕیەتییە.

 

شایەنی ئاماژە پێكردنە لە ڕێگەی میدیاكانیشەوە، لە ڕووی كۆمەڵایەتییەوە كۆمەڵگەی كوردیان هەڵوەشاندەوە، قبووڵكردنی كەلتوور و شێوازی ژیانی توركیان لای خێزانی كورد، بەتایبەتیش گەنجەكان، كە هێزی سەرەكی ڕووبەڕووبوونەوەی داگیركارین، نەك هەر خۆشەویست كرد، بەڵكو كردیانە نموونەی باڵای ژیان، ئەمە لەلایەك بنەمای بەرەنگاربوونەوەی سوپای توركی لای تاكی باشوور هەڵتەكاند، لەلایەكی تر سوپایەكی لە ڕۆشنبیری بێهەڵوێست و دووڕوو دروست كرد، كە جگە لەبەرژەوەندی خۆیان چاویان هیچی تر نەبینێت، بەمەش توانای بیركردنەوەی كۆمەڵگەیان هێندە لاواز كرد، كە ئیرادەی ئەوە نەمێنێت، بە وشەیەكیش ڕووبەڕووی ئەو داگیركارییە ترسناكە ببنەوە!

 

ئەوە دۆخەی لە هەرێم دەگوزەرێت، ڕەنگ بێت لەمێژووی میللەتان نموونەی كەم بێت؛ بەرهەمی نوێترین شێوازەكانی داگیركارییە لەم سەردەمەدا، زادەی ئەو شەڕانەیە پێشتر كراوە. هیچ كۆمەڵگەیەك نییە، ئەگەر لەناخەوە تێكنەشكێنرابێت، بەو بێدەنگییە پێشوازی لە داگیركردنی وڵاتەكەی بكات، بۆیە دەبێت ڕۆشنبیرانی كورد بەر لە هەموو شتێك ڕووبەڕووی ئەو تێكشكانە دەروونییە ببنەوە، دەبێت كۆمەڵگەی كوردی هۆشیار بێتەوە، ئەگەر ئەمڕۆ لەوە بێدەنگە بە بەرچاوییەوە سوپای تورك دێتە ناو شارەكانی وڵاتەكەی و داگیری دەكات، دەبێت دڵنیابێت بەیانی دێتە شار و گوندەكەی ئەویش و ئەو كاتە ڕووی سەربازە توركەكان هێندە جوان نابێت وەك ئەوەی ئایدیۆلۆژیاكان و میدیاكان و حزبە كوردییەكان بانگەشەی بۆ دەكەن، بەڵكو ڕووبەڕووی سەربازێكی بێڕەحم و خوێنڕێژی مەغۆلەكان دەبێتەوە، كە بەر لە هەموو شتێك سادەترین مافی خۆی، كە كوردبوونە لێی دەسەننەوە!

 

ئەو بێدەنگییەی لە هەرێم دەگوزەرێت، بەڕوونی ئەوە نیشان دەدات، كە هێزەكانی كوردی بەتەواوی دەستەمۆكراون و تەسلیمبوونە، ئەگینا لەكوێی دنیا بووە وڵات داگیركرابێت و دەیان هەزار چەكداریشت هەبێت بە بێكاری بسوڕێنەوە، سەدان ژەنەڕاڵ و فەرماندە و سەرۆكی كاریزما هەبێت، كەچی كەسێك بوێری ئەوەیان نەبێت نقە بكەن، بەڕاستی لەماوەی سی و سێ ساڵدا سەیر و سەمەرەترین ژەنەڕاڵ و فەرماندە و سەرۆكی كاریزمامان بینی! بۆیە ئێستا كاتی ئەوە هاتووە ئەو ژەنەڕاڵ و پلە بەرزانە بنێردرێنە ماڵەوە و خەڵكی كوردستان خۆیان، قۆڵی بەرەنگاربوونەوەی لێهەڵماڵن و مێژوویەکی تر بنووسنەوە.

 

تا زووە پێویستە ئەو لاپەڕە دزێو و پڕ شەرمەزارییەی مێژووی كورد لە باشووری كوردستان هەڵبدرێتەوە، پێویستە متمانە و ئیرادە بۆ خەڵك بگەڕێتەوە، دەبێت خەڵكی باشوور لەوە تێبگات، ئەو بوونەوەرە لاواز و بێ ئیرادەیە نییە وەك كاری لەسەركراوە و وێنا دەكرێت، بەڵكو هێزێكە بە تەنیا بەجوڵەیەكی بچووك، گۆڕانكاری زۆر گەورە دروست دەكات.

د. کامەران مەنتک

نووسەر و ئەکادیمی

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button