هەرچەندە بە فەرمی وادەی دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن لە لایەن کۆمسیۆن دیاری نەکراوە، بەڵام حزب و لیست و کاندیدەکان ماوەیەکە بە ئارامی خەریکی بانگەشەن. پێدەچێت هەڵبژاردنی ئەمجارە ئاسان نەبێت، نە بۆ ئەو حزبانەی کە لە دەسەڵاتن و بە نیازی مانەوەن لە دەسەڵات، نە بۆ ئەوانەش کە لە دەرەوەی دەسەڵاتن و خوازیاری وەرگرتنی دەسەڵاتن، ئەمەش لەبەر چەند هۆکارێک، لەوانەش:
-لە لایەک هاووڵاتی لەو سەردەمە بەئاگاتر و هۆشیارترە لە جاران، بۆیە پێویستە کاندید و لایەنەکان لە گوفتار و دروشم و کردارەکانیان واقعیتر بن.
لە لایەکیتریشەوە میدیا و سۆشیال میدیا و تەکنۆلۆژیای سەردەم ئاسانکاری زۆر بۆ گەیاندنی پەیامی هەموو کاندید و لایەنەکان دەکات، بۆیە پەیامی هەر کاندیدێک دەبیسترێت و لە لایەن دەنگدەر هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت.
جگە لە ڕۆڵی ئەرێیی میدیا و سۆشیال میدیا و ئامرازەکانی پەیوەندیکردنی سەردەم پێویستە ئاماژە بە ڕۆڵی خراپ و نەرێییان بدەین لە ڕەخساندنی هەل بۆ بڵاوکردنەوەی هەواڵی ساختە بە ئامانجی کاریگەریکردنە سەر دەنگدەر.
کریسالیس وایت( Chrysalis Wright – Associate Lecturer of Psychology ) شارەزا لە هەواڵی ساختە و زانیاری ناڕاستی ئۆنلاین کە لەسەر شێوازەکانی بەرەنگاربوونەوەی هەواڵی ساختە کار دەکات، هەروەها وەک دەستەی بەڕێوەبەری لیژنەی هەماهەنگی پەیوەندییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ باشترکردنی پەیوەندی کەلتوورەکانە لە ئاستی جیهانیدا دەستنیشانکرابوو دەڵێت:
“هەرچەندە زیاتر لێکۆڵینەوە لەسەر کاریگەری هەواڵی ساختە بکەین، زیاتر دەتوانین بزانین چۆن بە شێوەیەکی گشتی کاریگەری لەسەر کۆمەڵگا هەیە… ئێمە مەیلی ئەوەمان هەیە وا بیر بکەینەوە کە بۆچوون و هەڵوێست و بیروباوەڕەکانمان هیی خۆمانە، بەڵام لەسەدا سەد ئەوە ڕاست نییە، چونکە ئێمە لەژێر کاریگەری ئەو شتانەداین کە دەیانبینین. هەواڵی ساختە بە تەواوی کاریگەری لەسەر هەڵوێست و بیروباوەڕەکانمان هەیە و دەتوانێت کاریگەری لەسەر ڕەفتاری ڕاستەقینەمان هەبێت”.
هەروەها وایت دەڵێت: بەپێی هەندێک توێژینەوە نزیکەی لەسەدا ٧٠ی ئەمریکییەکان هەست دەکەن هەواڵی ساختە کاریگەری لەسەر ئاستی متمانەیان بە حکوومەت هەبووە.
بۆیە پێم وایە لەبەر کاریگەری خراپی هەواڵی ساختە لەسەر دەنگدەر، باشتر وایە دەنگدەر بە خوێندنەوەی بابەتێک کە سەرچاوەکەی ماڵپەڕێک یاخود ناوەندێکی باوەڕپێکراوی هەواڵ نەبێت خێرا باوەڕ بە هەواڵەکە نەکات و تەئکید لە زانیاری و هەواڵەکە بکات، بۆ ئەوەی لە کاریگەری خراپ و نەرێیی هەواڵی ساختە پارێزراو بێت.
بە هیوای سەرکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.