شرۆڤه‌
ئاراستەکان

لۆزان؛ سەدەیەک لە بێماڵیی

لەبری دەستپێک:

ئەمڕۆ یادی ١٠٠ ساڵەی ڕێککەوتننامەی لۆزانە، لەبنەمادا ڕێککەوتننامەی ئاشتیی نێوان بەریتانیا، فەڕەنسا، ئیتاڵیا و یوگسلاڤیایە لەگەڵ تورکیا، بۆ دیزاینکردنەوەی ساتەوەختی دوای جەنگ. بۆ ئەوەی لە لۆزان و دوای لۆزان تێبگەین، دەبێت لەزۆر ڕووداوی سەدەی نۆزدەهەم، لە سیڤەر و هەڵوەشاندنەوەی ئیمپڕاتۆری عوسمانی و جەنگی یەکەمی جیهان تێبگەین. بەریتانیاییەکان لە جەنگی قڕمی نێوان عوسمانییەکان و ڕووسەکان لە سەدەی نۆزدەهەمدا، کۆمەکی ئیمپڕاتۆری عوسمانییەکان دەکەن، بەڵام ئەم کۆمەکە بێبەرانبەر نییە.

ئەوکات ئیمپڕاتۆری عوسمانی بە پیاوە نەخۆشەکە Sick Man ناسرابوو! بەرەو پیری و ماڵئاوایی دەچوو. زلهێزەکان هەوڵیاندەدا لە ڕێگەی جیۆپۆلەتیک، جوگرافیا و میراتە دەوڵەمەندەکەی عوسمانییەوە بگەن بە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست. جیۆپۆلەتیک واتە چۆن زلهێزان بگەن بە نەتەوە، کەلتوور، سامانی سروشتی جیاواز و دەریا و ئاوەوە لەناوچەکەدا، بەتایبەت کاتێک ئیمپڕاتۆری عوسمانی لە کەنداوی عەرەبییەوە بۆ دەریای سپی ناوەڕاست و لە دەریای ڕەش و بەڵکانەوە تا سنورەکانی مەغریب خاوەن سنوور، خەڵک و باڵایی بوو.

 

لۆزان؛ جەنگێکی جیۆپۆلەتیکی

بۆ بینینی لۆزان و لۆزانییەکان وەک جەنگێکی جیۆپۆلەتیکی، پێویستمان بە گەڕانەوەیە بۆ باوکی جیۆپۆلەتیک “ماکندەر” و تیۆری دڵی زەوی، دواتر ماهان و کڵاوزویتز بەتایبەت کتێبی لە “بارەی جەنگەوە”. ئێمپڕاتۆری عوسمانی و تورکیای ئێستا وەک لکێنەرێکی جیۆپۆلەتیکی ڕۆڵ دەبینێت. هەندێکجار ڕۆڵی دیواری بینیوە لەنێوان جەنگی ئایدۆلۆژیا و پڕۆژە فکرییەکان “کۆمۆنیزم و کاپیتاڵیزم”. ئەم بەها جیۆپۆلەتیکییەی تورکیا، ئەوانی تری ناچارکردووە دانوستان، گفتوگۆ و تێکەولێکەی سیاسی و دیپلۆماسی لەگەڵدا بکەن.

 

ئێمپڕاتۆری عوسمانی و تورکیای ئێستا وەک لکێنەرێکی جیۆپۆلەتیکی ڕۆڵ دەبینێت. هەندێکجار ڕۆڵی دیواری بینیوە لەنێوان جەنگی ئایدۆلۆژیا و پڕۆژە فکرییەکان “کۆمۆنیزم و کاپیتاڵیزم

 

لێرەوە لۆزان وەک پڕۆژەیەکی تەواو جیۆپۆلەتیکییانە دەردەکەوێت، بەتایبەت کاتێک ڕووسەکان لەدوای جەنگی یەکەمی جیهانەوە هاوکاری ئەتاتورک دەکەن بۆ جەنگان لەگەڵ ڕکابەرەکانیان، بەریتانیا و فەڕەنسا و هاوڕێکانیشیان دانوستان لەگەڵ ئەتاتورک دەکەن. جەنگی دوو پڕۆژەی فکری و ئایدۆلۆژی لەسەر میراتێکی جیۆپۆلەتیکی. لێرەوە تورکیا وەک پرد دەردەکەوێت. پرد لەنێوان ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات، کۆمۆنیزم و کاپیتاڵیزم، ڕووس و هاوپەیمانان، دواتر ئەتاتورک جەنگ دەباتەوە و تورکیا وەک کۆمەڵگە و دەوڵەت دەخاتە نێو پڕۆسەی مۆدێڕنە لەسەر مۆدێڵی فەڕەنسی “بیناکردنەوە لەسەر بنەمای لەیسیزم نەک سێکیۆلاریزم”.

 

لۆزان لەناوەوە، لۆزان لەدەرەوە:

لەم دوو سێ ڕۆژەدا کوردانی دنیا لە لۆزان کۆدەبنەوە، پڕۆتێستۆی لۆزان دەکەن وەک ساتەوەختێک بۆ بێماڵکردنی کورد. سەدەیەک لە بێماڵی کورد بەسەردەچێت! وادیارە ئێمە هێشتا تەنیا ڕووکاری دەرەوەی لۆزان دەبینین و هەستپێدەکەین کە لۆمەکردنی ئەوانی ترە! دیارە ئەمە بەشێکی چیڕۆکەکەیە. ئاگایی کورد لە دنیای دەرەوە، لە چەقی ئەوروپا لەبارەی لۆزانەوە گرنگ و پێویستە، بەڵام نابێت ئەم هەوڵ و ئاگاییە ڕووبەڕووی خەیاڵمان بکاتەوە، ئێمە وەک کورد هێزێک نین بتوانین دەستکاری سنور و جیۆپۆلەتیکی لۆزان بکەین، هێشتا لە دەرەوەی سیسته‌می سیاسی نێودەوڵەتی دەوڵەت-نەتەوە Nation-state و لەپەراوێزی مێژووداین. لۆزان پڕە لە ئەکتەری زلهێز و خاوەن هەژموون.

 

سەدەیەک لە بێماڵی کورد بەسەردەچێت! وادیارە ئێمە هێشتا تەنیا ڕووکاری دەرەوەی لۆزان دەبینین و هەستپێدەکەین کە لۆمەکردنی ئەوانی ترە!

 

ئەوەی دەبینرێت دنیای دەرەوەی لۆزانە، دنیای ناوەوەی لۆزان، دابەشبوون، سنور و هێڵە ناوخۆییەکانە کە وەک بەشی دووەمی لۆزان دەردەکەوێت لە بێماڵبوونی کورد و درێژەدان و پتەوکردنی بەتایبەت کاتێک کورد لەم کۆنفڕانسی سەد ساڵەیدا بە چوار ئاڵا، هێما و یادەوەری جیاواز دەرکەوت، وەک دەرخەرێک بۆ چوارپارچەیی ئێمە، یەکنەبوون لەسەر دنیای سیمبولەکان و نەچوونە نێو پڕۆسەی نەتەوەسازییەوە لەدوای سەد ساڵ. دەرکەوتنی کورد لە لۆزان بە چوار ئاڵاوە خەمێکی گەورەی لۆزانی ناوخۆییە.

 

لۆزان ڕووداوێک لەپێشمانەوە یان لە دواوە!

چیڕۆکێک هەیە گوایە کوردان لە سیڤەر بەڵێنی دەوڵەتیان پێدراوە بۆ ڕێگەگرتن لە شەپۆلی سۆڤیەت و کۆمۆنیزم. لەبەرانبەریشدا سۆڤیەت ددانی بە تورکیای کەمالی داناوە و تەنانەت هاوکاری سەربازیشی کردووە بۆ ئەوەی لەگەڵ خۆرئاوادا “یۆنان و ئیتاڵیا و بەریتانیا و ئەوانی تر” شەڕبکات و ڕووبەڕوویان بێتەوە. سیڤەر ساتەوەختێکی دراماتیکی بوو لەمێژووی هاوچەرخی ئێمەدا، مێژوویی بەو مانایەی کورد بۆ یەکەمجار لە ڕێگەی تێکستێکی نێودەوڵەتی و دنیای دیجورەوە دەچێتە نێو مێژوو، دەبێت بە “رۆحی ڕەها” وەک ئەوەی هیگڵ وێنەی دەکات. بڕیاردەدرێت مافی دەوڵەتبوونی پێبدرێت.

 

سیڤەر ساتەوەختێکی دراماتیکی بوو لەمێژووی هاوچەرخی ئێمەدا، مێژوویی بەو مانایەی کورد بۆ یەکەمجار لە ڕێگەی تێکستێکی نێودەوڵەتی و دنیای دیجورەوە دەچێتە نێو مێژوو

 

دواتر دنیای دیفاکتۆ دیمەنەکان دەگۆڕێت، بەریتانیا داوا لە تورکیا دەکات ببێت بە ئەندام لە “کۆمەڵەی گەڵان” ،لەبەرانبەردا ماددەکانی ٦٢ و ٦٣ و ٦٤ لە ڕێککەوتننامەی سیڤەر لادەبات کە پڕۆسەی دەوڵەتبوونی کوردی لەسەر بنیاتنرابوو. لێرەوە بەتەواوی دەمرین و دەخرێینەوە پەراوی مێژوو. لێرەوە لۆزان وەک تارماییەک لەدوامانەوە دەردەکەوێت! بەڵام هێشتا لۆزانی تر لەپێشمانەوە دێت و دەچێت. لەڕاستیدا ئێمە لەنێوان دوو لۆزاندا جوڵە و هاتووچۆ دەکەین. لۆزانێک بەردەوام لەپێشمانەوەیە، ئەگەر نەتوانین دووبارە بیر لەخۆمان، سیاسەت، ڕێکخستن، پەیوەندی و مانەوە و بەهێزبوومان بکەینەوە.

 

لەبری کۆتایی:

سەد ساڵە بێماڵین! لەناو سیستەم و یاسای نێودەوڵەتیدا نەخوێنراوەین. بەزمانی سیاسی یەکە/ئەکتەرێکی سیاسی ددانپێدانراونین. نەتەوەیەکی گەورە بەبێ دەوڵەت و سەروەری. ئەم دۆخە ئازارێکی گەورەیە، بەڵام ڕەگوڕیشەکەی لەزۆر شوێن و جێگەدایە. چیڕۆکەکە لای ئێمە لۆمەکردنی ئەوانی ترە، بەتایبەت کاتێک کورد وەک نەتەوە لە لۆزانەوە دەکرێت بە کەمینە Minority و ستاتۆ سیاسیی و ئیتنیکییەکەی لە زۆرینەیەکی خاوەن یەک جیۆپۆلەتیکی ناو ئیمپڕاتۆری عوسمانی دەگۆڕدرێت بۆ پارچەپارچەکردن و چوار ستاتۆی جیاواز.

بەکەمینەکردنی کورد ڕێگەخۆشدەکات بۆ تواندنەوە Assimilation و لەبیربردنەوەی کوردبوون. دواتر بینینی کورد وەک هەڕەشە بۆ ئاسایش و مانەوەی ئەوانی تری سەردەست. لێرەوە تراژیدیای کوردبوون دەستپێدەکات. ئەگەرچی نەمانتوانی سوود لە تراژیدیای کوردبوون وەربگرین، هێشتا بە چوار ئاڵاوە لەگەڵ دنیا یادەوەری و خەمە سیاسییەکان هاوبەشی پێدەکەین، بەبێ یادەوەری هاوبەش لەگەڵ دنیا لە گفتوگۆ و پەیوەندیدان. لۆزان بۆ ڕوویدا! لۆزان بۆ ڕوودەداتەوە! پێدەچێت لۆزان هەمیشە لەگەڵماندا بێت، ڕووداوێکە کۆتایی نەهاتووە، هێشتا بەردەوامە و لەگەڵماندا دەژی! ئەو بێماڵییە درێژەی دەبێت.

 

پەیڕەو ئەنوەر

نووسه‌ر و توێژەر

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...