هه‌واڵ

هەر کەس بە چەکی بێمۆڵەتەوە بگیرێت تا سێ ساڵ بەند دەکرێت

زێدپرێس-هەولێر

 

هێمن میرانی بەڕێوەبەری گشتی دیوان لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕای دەگەیەنێت، یاسای چەک چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و هەرکەس بە چەکی بێمۆڵەتەوە بگیرێت، بە ساڵێک تا سێ ساڵ زیندانی دەکرێت، جگە لە پێبژاردن.

 

ئەمڕۆ دووشەم ٢٤ی تەمووزی ٢٠٢٣، میرانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، دوای هەڵمەتێکی یەک ساڵی لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ بۆ تۆمارکردنی چەکی جەنگی، دوای تەواوبوونی ئەو وادەیەی وەزارەتی ناوخۆ بۆ تۆمارکردنی چەک لە هەرێمی کوردستانی دیاریکردبوو، لە ٢١ی تەمووزەوە، دەست بە جێبەجێکردنی یاسای چەک کراوە.

میرانی باسی لەوە کرد، کۆنتڕۆڵکردنی چەک یەکێک لە ئەولەویەتەکانی کابینەی نۆیەم و خودی مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیران، بەتایبەت چاودێری هەنگاوەکانی کۆنتڕۆڵکردن و تۆمارکردنی چەک دەکات.

پێشتر وەزارەتی ناوخۆ، چەندین بنکەی تۆمارکردنی چەکی ئاگرین لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان کردبوونەوە و داوای لە هاووڵاتیان کرد، بەبێ بەرانبەر چەکەکانیان تۆمار بکەن.

بەڕێوەبەری گشتی دیوان لە وەزارەتی ناوخۆ، ئاشکرای کرد، لەو ماوەیەدا، ١٧ هەزار و ٤٩ پارچە چەکی بێمۆڵەت لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە تۆمارکراون.

هێمن میرانی ڕوونی کردەوە، هەنگاوی یەکەمی کۆنتڕۆڵكردن و ڕێکخستنی چەک، لە دامەزراوە ئەمنییەکانەوە دەست پێدەکات، بۆ ڕێکخستنی هەڵگرتنی چەک، دەست بەوە دەکرێت، کە ئەوانەی کارمەندی ئەمنیین چیتر بە چەکەوە نەگەڕێنەوە ماڵ و لەو شوێنانەی جبەخانە دروستکراوە، چەکەکانیان دابنێن و لەو شوێنانەیش کە هێشتا لەبەر هۆکاری تەکنیکی جبەخانە نەکراوەتەوە، کە لە دەوام دەگەڕێنەوە بە مۆڵەت و پسوولە بگەڕێنەوە و پاشان چەکەکانیان لە ماڵەوە دابنێن، بەو مانایەی کە ناتوانن چەک لەگەڵ خۆیان بگێڕن و تەنیا لەکاتی دەوامدا بۆیان هەیە چەک هەڵبگرن.

بەڕێوەبەری گشتی دیوان لە وەزارەتی ناوخۆ ڕوونی کردەوە، لە دوای ٢١ی تەمووزی ئەمساڵەوە کە دەست بە جێبەجێکردنی یاسای چەک کراوە، هەرکەس چەکی بێمۆڵەتی لە دەست بگیرێت، بەگوێرەی مادەی ١٥ی یاسای چەک مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.

وەک ئاماژەی دا، مادەکە لە دوو بڕگە پێکهاتووە، باس لەوە دەکات هەر کەسێک چەکێکی بێمۆڵەت یان تفاقەکەی، تەنانەت گولەیەکی پێ بگیرێت، لەماوەی یەک تا سێ ساڵ بەند دەکرێت و بە دوو تا پێنج ملیۆن دینار پێبژاردن سزا دەدرێت. بڕگەی دووەمیش دەڵێ، هەر کەس بە چەکێکی بەمۆڵەت لە هەر خۆپیشاندانێکی مەدەنی بەشداری بکات، بە جۆرێک بەند دەکرێت کە لە سێ ساڵ کەمتر نەبێت و ئەگەر چەکەکەی مۆڵەتی نەبێت، لانیکەم بە حەوت ساڵ بەند دەکرێت، جگە لە پێبژاردن.

وەک میرانی باسی کرد، بەپێی مادەی ١٢ لە یاسای چەک، ئەو هاووڵاتییەی لەماوەی ساڵی ڕابردوودا چەکەکەی تۆمار نەکردووە، دەتوانێت داوای مۆڵەتی دەستداری چەک یان هەڵگرتنی چەک بکات و ئێستایش دوو مانگ بۆ داواکردنی مۆڵەتی دەستداری یان هەڵگرتنی چەک هەیە، هاووڵاتی دەتوانێت سەردانی بەڕێوەبەرایەتی کاروباری ناوخۆ لە پارێزگا و یەکە سەربەخۆکان بکات، یان داوای مۆڵەتی دەستداری چەک دەکات، واتە لە ماڵەوە چەکی هەیە، بەڵام مۆڵەتی نییە چەکەکە هەڵبگرێت، یان داوای مۆڵەتی هەڵگرتنی چەک دەکات.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...