شرۆڤه‌
ئاراستەکان

کات کاتی تۆڵەکردنەوە لە یەکتری نییە

هەڵدانەوەی لاپەڕە تاریکەکانی شەڕی ناوخۆ، بە تایبەت لە قۆناغی دوای سەرهەڵدانی ١٩٩١ و دامەزراندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە هیچ شێوەیەک لە بەرژەوەندی گەلی کوردستاندا نییە.

شەڕی ناوخۆ دیاردە و حەقیقەتێکە لە مێژووی نوێی مرۆڤایەتی، لە زۆر وڵات ڕوویداوە و ئەگەری هەیە لە وڵاتانی دیکە سەرهەڵبدات .

هۆکاری هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ وەکوو هەموو دیاردە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، بۆ ئەو زەمینە ناوخۆیی و دەرەکییانە دەگەڕێتەوە، کە لە هەندێ وڵات دێنە ئاراوە و هاندەرن بۆ هەڵگیرسانی ئەو جۆرە شەڕە ماڵوێرانکەرانە.

پڕۆسەی بەدیموکراتیزەکردنی خێرای کۆمەڵگاکان، یەکێکە لە فاکتەرەکانی دروستبوونی ناسەقامگیری، کە لە ساڵی ١٩٩٢ لە یەکەم خولی هەڵبژاردنی ئەندامانی پەرلەمان و دیاریکردنی ڕێبەری بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد لە کوردستان ڕوویدا، کە فاکتەرێک بوو بۆ زیاتر دابەشبوونی کۆمەڵگا بە سەر دوو حزبی سیاسی کە مێژوویەکی چەند ساڵەی ڕکابەری و دژایەتی کردنی یەکتریان هەبووە.

 

پڕۆسەی بەدیموکراتیزەکردنی خێرا فاکتەرێک بوو بۆ زیاتر دابەشبوونی کۆمەڵگا بە سەر دوو حزبی سیاسی

 

پڕۆسەی دیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگا بۆ ئەوەی سەرکەتوو بێت، دەبێت پڕۆسەیەکی ئارام و لەسەرخۆ بێت، پەلەکردن تێدا بە تایبەت بۆ کۆمەڵگایەکی دابەش بوو و نائاشنا بە ئەزموونی دیموکراسی وەکوو کۆمەڵگای کوردستان، بووە هۆی ناسەقامگیری زیاتر، لە غیابی سەقامگیری و نەبوونی ستراتیژیەکی نیشتمانی سەروو حزبایەتی، هێز و دامەزراوەی نیشتمانی لەدایک نەبوون، ئەم بارودۆخانە، ڕوودانی شەڕی ناوخۆیان لە کوردستان خێراتر کرد.

ئەگەرچی هەردوو لایەنی بەشدار لە شەڕ، شەڕی ناوخۆ بەخراپ و نادروست دەزانن، کەچی هەردوو لایەن پێیان وایە حەق لەلای ئەوانە.

بەبۆچوونی من پارتی و یەکێتی و سەرکردایەتی و ئەندام و لایەنگرانیان، بەتایبەتی ئەوانەی لە میدیا و سۆشیال میدیا خەریکی کولاندنەوەی برینەکانن و خوێ دەکەنە سەر برینی شەڕی ناوخۆ، لەو دۆخە خراپەی کوردستان، کە لەهەر کاتێکی دیکە زیاتر پێویستی بە یەکگرتوویی هەیە، بە تۆمەتبارکردنی یەکتری کارێکی نادروست ئەنجام دەدەن. بەو شێوازە وانە لە مێژوو وەرناگرین و ڕێگە لە ڕوودانی ڕووداوی هاوشێوە ناگیردرێت، بەڵکو زیاتر لە جاران تۆوی ڕق و کینە لە دڵی نەوەی نوێ دەچێنین، هەروەها دەوروبەر و جیهان بە چاوێکی نزم سەیرمان دەکەن، نەیارەکان دڵخۆش و دۆستانی گەلەکەمانیش لە ئێمە بێهیوا دەبن.

 

بە تۆمەتبارکردنی یەکتری تۆوی ڕق و کینە لە دڵی نەوەی نوێ دەچێنین، هەروەها دەوروبەر و جیهان بە چاوێکی نزم سەیرمان دەکەن

 

هەرێمی کوردستان ئێستا لە بەردەم گوشارێکی سیاسی و ئابووری زۆری بەغدا و دەوروبەردایە، گەلی کوردستان شایانی ئەوەیە سەرکردایەتییە سیاسییەکەی زیاتر لە هەموو کات درک بە مەترسییەکان بکەن و موجازەفە بە داهاتووی هەرێم و گەلەکەی نەکرێت، ئێمە ئەگەر یەکگرتوو بین بەهێز دەبین، دەتوانین بەرگری لە مافەکانی خۆمان بکەین، گەر هەر بەردەوامیش بین لەسەر شکاندن و تەخوینکردنی یەکتری و پێکەوە بە دوای دۆزینەوەی چارەسەری بۆ کێشەکان لە هەولێری پایتەخت نەبین، دەبێت چاوەڕوانی زۆر شتی خراپتر بین.

پێم وایە هەموو حزبەکان ئەرکی سەرشانیانە هەوڵ بدەن پێکەوە هەنگاوێکی کرداری بهاوێژن بۆ دەربازبوون لەو قەیرانە، ئەوانەی لە حکوومەت و لە دەرەوەی حکوومەتن، مادام پیشەی سیاسەتیان هەڵبژاردووە، بەرپرسیارەتیان بەرانبەر بە خەڵک لە سەر شانە.

کات کاتی تۆڵەکردنەوە لە یەکتری نییە، کات کاتی بەرگری کردنە لە مافی گەلی کوردستان.

خودای مەزن گیانی قوربانیانی شەڕی ناوخۆ بە بەهەشت شاد بکات و گەل و وڵاتمان لە هەڕەشەکان بپارێزێت.

 

نەزهەت حالی

نووسه‌ر و سیاسه‌تڤان

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...