سیاسیشرۆڤه‌
ئاراستەکان

لەسەرمانە ئەوەی هەمانە بیپارێزین

لە وڵاتێکی ئازاد و دیموکراسی وەکو هەرێمی کوردستان و بۆ گەلەکەی کە بە دەیان ساڵە بۆ ئازادی تێدەکۆشێت و قوربانی زۆری بۆی داوە، لەو وڵاتەی کە حزب و سەرکردەکانیان گوێ و مێشکی جەماوەرەکانیان پڕ کردووە لە وشە و چەمکەکانی ئازادی و سەربەستی، ئاساییە ڕای جیاواز هەبێت و نەبوونی ڕای جیاواز بە هیچ جۆرێک ئاسایی و سروشتی نابێت. لەو نێوەندەشدا ڕووداوێکی گرنگی وەکو ڕيفڕاندۆمی سەربەخۆیی، کە دەنگدانەوەیەکی جیهانی هەبووە، بێگومان بەدەر نابێت لە هەڵسەنگاندنی ئاکادیمی و زانستییانە و جەماوەرییانە و ڕای جیاواز. بە تایبەت لە نێوان ئەوانەی کە ئێستایش ڕیفراندۆم بە کردارێکی درووست دادەنێن و ئەو کەسانەش کە بە هەڵەی دادەنێن.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

لەبەر ئەوەی زۆر ڕووداوی ناخۆش و تاڵ بە دوای ڕیفراندۆم ڕوویاندا، بۆیە ئەو ڕا جیاوازانە بۆ ماوەیەکی درێژ دەمێنن.

بە شێوەیەکی گشتی، پێدەچێت تا ئەو کاتەی کە خەڵک بەرهەمی باشی ڕیفراندۆم نەبینن، واتە تا ئەو کاتەی وەکوو بنەمایەک لە لایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ مافی چارەی خۆنووسینی گەلی کوردستان لە عێراق دانی پێدانەنرێت و پاڵپشتی نەکرێت، ئەو مشتومڕانە و ڕا جیاوازانە هەر بمێنن.

لە ڕاستییدا بوونی ئەو بۆچوونە جیاوازانە لە بنەڕەتدا نیشانەی هۆشیاری و زیندوویی نەتەوەکەمانە و سروشتییە، بەڵام پێم وایە سروشتی نییە کە لایەنگرانی هەر دوو بۆچوونەکان یەکتر تەخوین بکەن و بێڕێزی بە یەکتری بکەن.

ئەوە مافی هاووڵاتییانە، کە ڕای خۆیان هەبێت، لەبەر ئەوەی ئەو جۆرە پرسانە پەیوەندی بە ژیان و ئێستا و داهاتووی ئەوان و گەلەکەیانەوە هەیە.

لایەنگرانی هەر دوو بەرەی خاوەن بۆچوونی جیاواز، دەتوانن لە نووسین و لە وتەکانیان، بە لۆژیک و بەڵگە بەرگری لە بۆچوونی خۆیان بکەن، هەر جۆرە باسکردنێکیش گەر بە مەبەستی وانە وەرگرتن بێت، کارێکی باش دەبێت، بەڵام گەر بە مەبەستی یەکترشکاندن بێت، کارێکی ناڕەوایە و زیانی بۆ گەلەکەمان دەبێت، بە تایبەت لەو بارودۆخە سیاسی و ئابوورییە سەختەدا.

دەبێت ئەو ڕاستییەمان لەبەرچاو بێت کەس بە قەدەر خۆمان لە دەردی خۆمان نازانێت و ناتوانێت هاوکارمان بێت، بەو جۆرە سیاسەتکردنەی ئێمە و دژایەتیکردنی یەکتری، ئەو دۆستانەی کە حەز دەکەن هاوکاریمان بکەن ناتوانن هیچمان بۆ بکەن.

لەو کاتەدا تەنیا هێزی بێڕکابەری ئێمە وەکو گەلی کوردستان، یەکگرتن و هۆشیاری و زیرەکی ئێمەیە. بۆیەش هەر نووسینێکی باش، هەر وتەیەکی باش و هەر کردارێکی باش بۆ پتەوکردنی یەکگرتنی ناوخۆیی ئەرکێکی نیشتمانییە.

پێکەوە دەتوانین ئەو قۆناغە سەخت و دژوارە تێپەڕێنین، با هەمیشە ئەوەمان لە هزردا بێت، کە سەربەخۆیی مافی ئێمەیە، بەڵام لە نێوان ماف و وەرگرتنی ماف و پاراستنی ماف، زۆرجار مەودا و هەڕەشەی زۆر هەیە، ئێستا ئەوەی هەمانە، لەسەرمانە بیپارێزین و موجازەفەی پێوە نەکەین و خۆمان بۆ هەڕەشە و دەرفەتەکانی ئێستا و داهاتوو ئامادە بکەین.

نەزهەت حالی

نووسه‌ر و سیاسه‌تڤان

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...