سیاسیشرۆڤه‌
ئاراستەکان

لە یادی ڕیفراندۆمدا

لە تێکۆشانی گەلانی جیهان لە پێناوی بڕیاڕدانی مافی چارەنووسی خۆیان و وەدیهێنانی سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی نیشتمانی خۆیان، چەندین وێستگەی نسکۆ و سەرکەوتن هەبووە. لە تێکڕای ئەزموونەکانی تێکۆشانی گەلان، هەڵسەنگاندن بۆ سەرجەم وێستگەکان کراوە و، بە دیدێکی شۆڕشگێڕانەی ئەوتۆش تەماشای تەنانەت نسکۆکان کراوە، کە ورە و ئاڕاستەی بەردەوامبوونی تێکۆشان بپارێزرێت و، کار نەگاتە دروستکردنی ڕەوشێکی ئەوتۆ، کە ڕای گشتی گەلێکی تێکۆشەر لە پێناوی ئازادی و سەربەخۆیی لەژێر کارتێکردنی لۆجیکی دوژمن و نەیارانی سەربەخۆیی بن و کار بۆ ئەوە بکرێت، کە لە جیاتی ئاڕاستەی هەڵسەنگاندنی وێستگەیەکی تێکۆشان بە نیازی بەردەوامبوون و گەیشتن بە ئامانجەکان، کار بۆ پێچەوانەکەی بکرێت، کە سەندنەوەی ڕەوابوونە لە پڕۆسەی سەربەخۆیی گەلێک، کە ئەمەش بە شێوەیەکی مێژووی سیاسەتی دەوڵەتی عێراق و ناوچەکە و سەرجەم هێزە سیاسییە ناکوردستانییەکان بووە، کە بە دەڕبڕینی لۆجیکی جۆراجۆر باوەڕیان بە مافی چارەنووسی گەلی کوردستان نەبووە و، لەمپەر لە بەردەمی دادەنێن.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

بە نیسبەت حزبمانەوە، یەکێک لە دروشمە سەرەکییەکانی شەشەمین و حەوتەمین کۆنگرەی حزبمان، جەختکردنی تێکۆشان بۆ بڕیاردانی مافی چارەنووسی گەلی کوردستان بووە و، حزبمان ئەم هەڵوێستە بە بەشێک لە پڕەنسیپەکانی مارکسیزم سەبارەت بە چارەسەرکردنی مەسەلەی نیشتمانی دەزانێت و، شیوعییەکان لە سەرانسەری جیهاندا تێکۆشەری ڕاستەقینەی بواری ئەم تێکۆشانە و داننان بەم مافە بوونە و، حزبمان ئەم بابەتە بە یەکێک لە پڕەنسیپەکانی لینین دەزانێت، کە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات (مەبەست لە ئازادی نەتەوەکان لە بڕیاردانی مافی چارەنووسی خۆیان، جیابوونەوەی سیاسییانەی ئەم نەتەوانەیە لە بنیادی نەتەوە نامۆکانی دیکە و، دامەزراندنی دەوڵەتی نیشتمانی سەربەخۆیە).

لەم ڕوانگەیەوە سەرجەم ئەو گوتارە سیاسییە ناوخۆیی و دەرەکییەی، کە کار بۆ گوماندانان لەسەر ڕەوابوونی بابەتی ڕیفراندۆم و گرتنەبەری شێوازی گاڵتەپێکردن و سوکایەتیکردن بە ئاڕاستەی تێکۆشان بۆ بڕیاڕدانی مافی چارەنووس و سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی نیشتمانی دەکات و تەنانەت ئەگەر بە نیازپاکییەوە و لە ڕوانگەی مافی هەڵسەنگاندنی پڕۆسەی ڕیفراندۆمەوە تەماشا بکرێت، ئەوا ئەو جۆرە وتارانە نەشیاوە بە نەریتی خەبات و قوربانیدانی سەد ساڵەی گەلەکەمان و، نامۆن بە لۆجیکی تێکۆشان و، لە بەرژەوەندی دروستکردنی بێهودەییە و ئاو لە ئاشی چەوسێنەرە مێژووییەکانی گەلی کوردستان دەکات.

 

ئەوەی لە ڕیفراندۆمی کوردستانی باشوور و ڕیفراندۆمی کەتەلۆنیا ڕوویان دا، بەکارهێنانی هێزی سەربازی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی و بێدەنگی و تاڕادەیەک دەستێوەردانی زلهێزەکان دژ بە گەلانی ئازادیخواز بوو

 

لە چوراچێوەی ئاماژەکردن بە تێکۆشانی دیموکراتی و مەدەنی و ئاشتییانە، کە لە سیاسەتی نێودەوڵەتی ئەمڕۆدا باس دەکرێت، ڕێگای ڕیفراندۆم، واتە زانینی بۆچوونی گەل و دەڕبڕینی ئیرادەی ئازادانەی خۆی لە بابەتی دەستنیشانی بابەتێک، کە ڕاستەخۆ پەیوەندی بە ژیانی خۆیەتی، مافێکە و لە پڕەنسیپەکانی یاسای نێودەوڵەتیدا هاتووە و، چاوەڕوان دەکرا بەرانبەر و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە ئەرێنییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتە بکەن، بەڵام ئەوەی لە ڕیفراندۆمی کوردستانی باشوور و ڕیفراندۆمی کەتەلۆنیا ڕوویان دا، بەکارهێنانی هێزی سەربازی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی و بێدەنگی و تاڕادەیەک دەستێوەردانی زلهێزەکان دژ بە گەلانی ئازادیخواز بوو. ئەمەش بوون بە هۆکاری سەرەکی بۆ ڕێگاگرتن لەوەی ئاکامەکانی ڕیفراندۆم و دەنگی خەڵکی سەربەخۆخواز، شوێنی خۆی نەگرێت.

کاتێک باس لەم هۆکارە بۆ ڕێگاگرتن لە ئاکامی ڕیفراندۆمی باشوری کوردستان دەکەین، نابێ هۆکارە ناوخۆییەکان فەرامۆش بکەین، کە بە شێوەی سەرەکی بریتییە لە نەبوونی هەڵوێستی یەکگرتووی دوو لایەنی دەسەڵاتدار لە کوردستاندا سەبارەت بەم بابەتە و، ئاکامەکەی  ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ی لێهاتەکایەوە، کە تا ئێستا لێکەوتە جۆراجۆرەکانی بەردەوامن.

هەڵبەتە، ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەوە دەرچوو، کە بابەتێکی ناوخۆیی عێراق و باشوری کوردستان بێت. بۆیە هەڵوێستی نەرێنی تورکیا و ئێران و عێراق و گەلەکۆمەکییان دژ بە گەلەکەمان دەرکەوت و، کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش نەک تەنیا بێدەنگ بوو، بەڵکو چاوپۆشی لە لەشکرکێشی ١٦ی ئۆکتۆبەر کرد.

 

گەلی کوردستان نابێت وا بزانێت بڕیاردانی مافی چارەنووس و دامەزراندنی دەوڵەتی نیشتمانی پڕۆژەیەکە، کە خەڵکی دیکە و زلهیزەکانی جیهان بۆی جێبەجێ دەکەن و، بە خەڵات پێشکەشی گەلی کوردستانی دەکەن

 

ئەم هۆکارە سیاسییانە لە سەر ئاستی ناوەوە و دەرەوەدا، هیچ لە نەبەردی و گیانی سەربەخۆخوازانەی گەلەکەمان کەم ناکاتەوە، کە لە ٢٥ی ئەیلوولی ٢٠١٧دا، ڕیفراندۆم لە باشوری کوردستاندا بە دەنگی بەڵێی سێ ملیۆن و پێنج سەد هەزار کەس ئەنجام درا و، ئەم دەنگدانەش وەرچەرخانێکی سیاسیی چلۆنایەتی بەرچاوە لە میانەی کارکردنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتمانی گەلی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی چارەسەری سەربەخۆیی و بژاردەی دەوڵەتی نیشتمانی کوردستانی و، گەیاندنی ئەم ئاڕاستە سیاسییە بە ڕای گشتی ناوچەکە و جیهان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و دەرچوون لە بازنەی داخراوی ئۆتۆنۆمی و فیدڕاڵیزم.

یەکێک لە وانەکانی ڕیفراندۆم پشتبەستنە بە ڕای گەل و بڕیاری گەل، کە پێویستە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتمانی گەلی کوردستان هەردەم لە تێکڕای هەنگاوەکانی بە هەند وەریگرێت و، لەم ڕوانگەیەوە ڕاپۆرتی سیاسی شەشەمین و حەوتەمین کۆنگرەی حزبمان ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کە گەلی کوردستان نابێت وا بزانێت بڕیاردانی مافی چارەنووس و دامەزراندنی دەوڵەتی نیشتمانی پڕۆژەیەکە، کە خەڵکی دیکە و زلهیزەکانی جیهان بۆی جێبەجێ دەکەن و، بە خەڵات پێشکەشی گەلی کوردستانی دەکەن. ئەرکی بڕیاردانی چارەنووس بە بەردەوامی دەبێت بڕیارێکی سیاسی کوردستانی بێت و، پشت بە قوربانییەکانی پێشتر و تێکۆشان و ئامادەبوون بۆ بەردەوامبوونی بەخشینی قوربانی هەمەجۆر بۆ ئەنجامدانی ئەم پڕۆژە نیشتمانییە، ببەستێت.

 

نەیارانی گەلەکەمان بە شوناسە جۆراجۆرەکانیانەوە، پێیان وایە کۆتاییان بە خەونی گەلی کوردستان بۆ بڕیاردانی چارەنووسی خۆی هێناوە، بەڵام باوەڕی شیوعییەکانی کوردستان بە تێکۆشانی ڕزگاری نیشتمانی پتەوە

 

نەیارانی گەلەکەمان بە شوناسە جۆراجۆرەکانیانەوە، پێیان وایە کۆتاییان بە خەونی گەلی کوردستان بۆ بڕیاردانی چارەنووسی خۆی هێناوە، بەڵام باوەڕی شیوعییەکانی کوردستان بە تێکۆشانی ڕزگاری نیشتمانی پتەوە و، شاڵاوی نەیارانی گەلەکەکان و گوتاری ئەنتی سەربەخۆخوازی و خولیایی وابەستەیی جۆراجۆری سیاسی و ئابووری و کەلتووری و کۆمەڵایەتی بە بیانووی جۆراجۆرەوە، گوتارێکی نامۆی ئەوتۆیە، کە بە پێچەوانەی واقیع و نەریتی کەڵەکەبووی شۆڕشگێڕانەی گەلی کوردستانە و، لەگەڵ لۆجیکی سەرجەم ئەو تێکۆشەرانە ناگونجێت، کە باوەڕیان وایە کوردستان نیشتمانە و ئەرکی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتمانی کوردستانی ئەرکی ئەم قۆناغەیە و، ناکرێت ورەی شۆڕشگێڕانە لە پێناو تەواوکردنی قۆناغی ڕزگاری نیشتمانی لە تەک ڕاپەڕاندنی ئەرکە چینایەتییەکان ساردبکرێتەوە.

شیوعییەکانی کوردستان بە شانازییەوە لە هەر هەنگاوێک بۆ گەیشتن بە مافی بڕیاردانی چارەنووسی گەلی کوردستان بەشدارن و، لەم کاروانەدا قوربانییان داوە و لە تەک ئیرادەی ئازادانە و سەربەخۆییانەی گەلەکەیان بوونە و، لە هیچ وێستگەیەکی ئەو تێکۆشانە ڕەوایەیش پەشیمان نین.

كاوه‌ مه‌حموود

سیاسه‌تمه‌دار

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...