لەسەر بنەمای داوایەکی یاسایی لەلایەن سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکرا بوو، دادگەی باڵای فیدڕاڵیی عێراق لە ٢١ی شوباتی ٢٠٢٤دا، هەر ١١ کورسی کۆتای پێکهاتەکانی لە پەرلەمانی کوردستان هەڵوەشاندەوە. ئەوەش ئەو دەرفەتەی لەباربرد کە بۆ بەشداری نوێنەرایەتیی پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان ڕەخسابوو. لەکاتێکدا پێشتر پێنج کورسی بۆ مەسیحی، پێنج کورسی بۆ تورکمان و کورسییەک بۆ ئەرمەن تەرخانکرا بوو.
بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق نیگەرانی قوڵی لە ئاست پێکهاتەکان بەدوای خۆیدا هێنا. بەو هۆیەوە زۆرینەی هێز و لایەنە سیاسییەکانی مەسیحی و تورکمان بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بایکۆت کرد، کە پێشتر لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە ڕۆژی ١٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ بۆ ئەنجامدانی دیاریکرابوو.
لە ١٣ی ئازاری ٢٠٢٤دا، نوێنەرایەتی ١٠ هێز و لایەنی سیاسی تورکمان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، بڕیاری بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیان ڕاگەیاند: “تا ئەوکاتەی سیستەمی کۆتای پێکهاتەکان دەگەڕێتەوە و سیستەمی دیموکراسی دەگەڕێتەوە سەر ڕێچکەی خۆی“.
لایەنە سیاسییەکانی کریستیان و تورکمان، پێش دەرکردنی بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق، لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا، بەتوندی ڕەخنەیان لە هەوڵەکان نەک هەر بۆ لابردنی کورسی کۆتای پێکهاتەکان، بەڵکوو لە هەر هەوڵێک بۆ دابەشکردنی کورسی کۆتا بەسەر چەند بازنەیەکی هەڵبژاردن گرت. تا ڕاگەیاندنی بڕیارەکەیش لەلایەن دادگای فیدڕاڵییەوە، چاوەڕوان دەکرا کورسی کۆتاکان یان وەک خۆی بمێنێتەوە یان بەسەر چەند بازنەیەکی هەڵبژاردندا دابەش بکرێت.
لەو ڕاگەیەندراوە هاوبەشەدا، نوێنەرایەتی پێکهاتەکان داوایان لە نەتەوە یەکگرتووەکان کردبوو، پشتیوانی لە بوون و پاراستنی مافەکانی پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکان بکەن و دەستێوەردان بکەن بۆ پاراستنی مافەکانیان و کۆتاییهێنان بەو پێشێلکارییانەی لە دژییان ئەنجام دەدرێت، کە وەک دەڵێن “دەبێتە هۆی شەپۆلێکی دیکەی کۆچکردنی ڕۆڵەکانی پێکهاتەکان، دوای ئەوەی هیوا بە دادپەروەری لە خاکی دایکیان لەدەستدەدەن“.
بەو شێوەیە، نوێنەرایەتی سیاسی پێکهاتەکان لابردنی کورسی کۆتایان وەک هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ لەسەر خودی پێکهاتەکان و بە ناڕاستەوخۆیش لەسەر ئەوروپا و ڕۆژئاوا لێکدایەوە؛ لە چاوەڕوانکردنی شەپۆلێکی نوێی کۆچبەراندا.
بە چەند ڕۆژێکی کەم دوای ڕاگەیەندراوە هاوبەشەکەی نوێنەرایەتی سیاسیی پێکهاتەکان، فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، وتارێکی لەبارەی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی کۆتای پێکهاتەکان بڵاوکردەوە و دووپاتی لە هەمان ئەو مەترسییە کردەوە، کە پێشتر نوێنەرایەتی سیاسی پێکهاتەکان ئاماژەیان پێکردبوو. میرانی یەك لە ماناكانی بڕیاری لابردنی بەشی پێکهاتەکانی بەوە لێکدایەوە، کە پاڵپێوەنانی ئەو پێكهاتانەیە تا لە خاڵی سفرەوە دەست پێبکەنەوە و بچنە نێو پێشبڕکێیەکەوە لە دەرەوەی شوێنەكانی ژیانیان و ڕوونتر گوتی: “لەوانەیە ناچاری كۆچكردن ببن لە شوێن و ژینگەیەکەوە بۆ شوێن و ژینگەیەکی تر، شوێنێک کە بوونێکی ژمارەیی و قوڵاییەکی مێژووییان تێیدا هەبێت و شایەتی ئەدائێكی لێكنەچوو دەبین لە کوردستان و لەشوێنێکی دیکەدا، ھەنگاوێک ھاوشێوەی ڕاگواستنێكی زۆرەملێ“.
زۆر پێش بەیاننامەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی، مەسعوود بارزانی سەرۆکی حزبەکە لە ١٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣دا، هەڵوێستی خۆی لەمەڕ پرسی دەستکاریکردنی کورسی کۆتای پێکهاتەکان ڕاگەیاند، بەوەی “پێویستە ڕێگە بەوە بدرێت پێكهاتەكان خۆیان بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن و هیچ چوارچێوەیەكی دیاریكراو بەسەریاندا نەسەپێندرێت”، زیاتر لەوەیش گوتی: “پێكهاتەكان بەشێكی ئازیز و گرنگی كۆمەڵگەی كوردستانین و نابێ ئیستحقاق و مافەكانیان تێكەڵی هیچ بەرژەوەندییەكی سیاسی و نادادپەروەرانە بكرێت“.
لەو نامەیەکیشدا کە مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە ١١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣، بۆ هەریەک لە فایەق زێدان سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق، جینین پلاسخارت نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و عومەر ئەحمەد محەمەد سەرۆکی ئەنجوومەنی کۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقی ناردووە، نیگەرانی و ناڕەزایی لە بەرانبەر هەوڵەکانی گۆڕین و دەستکاریکردنی کورسی و مافی پێکهاتەکانی کوردستان دەربڕیوە و داوای کردووە کە “ڕێگری لەم هەوڵانە بکرێت و مافەکانی پێکهاتەکان دەستکاری نەکرێن و پارێزراو بن“.
هەروەها مەسعوود بارزانی سەرۆکی حزبەکە لە کۆبوونەوەی لەگەڵ گلین مایڵز باڵیۆزی ئوسترالیا لە عێراق، کە لە ٤ی ئازاری ٢٠٢٤ لە پیرمام بەڕێوەچوو، “تاوتوێی پرسی سەختیی بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە بەبێ بەشداریی سەرجەم پێکهاتەکان”ی کردبوو، لەسەر ئەو بنەمایەی کە “هەڵوەشاندنەوەی کۆتای پێکهاتەکان لێدانە لە پرسی هاوبەشێتی و پێکەوەژیان” و ئەوەش وەک “یەکێک لەو بنەما سەرەکییانەی کە بەشداریکردن لە پڕۆسەی سیاسیی لە هەرێمەکەدا لەسەری بونیاتنراوە” پێناسە کراوە.
لەو بەیاننامەیەی مەکتەبی سیاسی پارتی لە ١٨ی ئازاری ٢٠٢٤ بڵاویکردەوە و لەڕێگەیەوە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکەی ڕەت کردەوە، لابردنی کۆتای پێکهاتەکان وەک بەشێک لە هۆکارەکانی هەڵوێستوەرگرتنەکەی خستەڕوو. خاڵی دووەمی بەیاننامەکە بەوە دەستپێدەکات: “بە نەهێشتنی كورسی كۆتای پێكهاتەكان لەیاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، یەكێك لە گەرەنتییە سەرەكییەكانی هەڵبژاردنێكی ئازاد و بێگەرد و هەلی یەکسان و دادپەروەرانە لەهەرێمدا پێشێلکرا، چونكە سەرەڕای ئەوەی كە ئەوە پێشێلكردنی ویست و ئیرادەی هاووڵاتییانی هەرێمە لەمامەڵەكردن لەگەڵ بابەتێكی هەستیاری وەك پێكەوەژیان و یەکتر قەبوڵکردندا، كە بووەتە ناسنامەی سەقامگیری و ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی هەرێم“.
بەو جۆرە، ئەگەر دەربڕینی نیگەرانی و ناڕەزایەتی و هەوڵەکانی سەرەتا، نەیانتوانی بەر بە بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی بگرن لە نەک دەستکاریکردن و دابەشکردنەوە، بەڵکوو لابردنی یەکجارەکی کۆتای پێکهاتەکان، بەڵام دواتر و تا ئێستا پارتی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی وەک پاڵپشتییەکی بەهێز لە هەڵوێستوەرگرتنی خۆی بەرانبەر بە هەڵبژاردن و خودی ئاڕاستەی کارکردنی دادگای فیدڕاڵی بەکاردەهێنێت.
بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق بە لابردنی کۆتای پێکهاتەکان، وەک “دیاری خوا” بوو بۆ پارتی. هەرچەند لە ئاستی ناوخۆی کوردستاندا، وەک شکست و لاوازییەک بۆ پارتی پێناسە کراوە. پاڵپشت بەو بۆچوونەی کە دەڵێ نوێنەرایەتی پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان بریتییە لە ١١ کورسی گرەنتیکراوی پارتی.
هیچ ناڕوونییەک لەوەدا نییە، کە پێکهاتەکان لە دەرەوەی سیستەمی کۆتا توانای بەدەستهێنانی کورسی و نوێنەرایەتی پەرلەمانییان نابێت، لەو ڕوانگەیەوە لابردنی کۆتای پێکهاتەکان لەلایەن دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق، ڕەوایەتی تێدا نادۆزرێتەوە. لەکاتێکدا هیچ جێگرەوەیەک بۆ بەشداری سیاسی پێکهاتەکان بەردەست ناخات.
هەم پارتی و هەم پێکهاتەکان مەترسییەکانی لابردنی کورسی کۆتا نەک وەک بێمافکردنی ئەوان لەڕووی سیاسییەوە، بەڵکوو وەک مەترسییەک لەسەر ئەوروپا و ڕۆژئاوا دەخەنەڕوو. پارتی و پێکهاتەکان بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەڵێن، ئەگەر بەو جۆرە مامەڵە لەگەڵ پێکهاتەکان بکرێت، چاوەڕوانی لێشاوێکی کۆچی پێکهاتەکان بن بەرەو وڵاتەکانتان، ئەوە پیشاندانی هەڕەشە و مەترسییەکی جددییە لەسەر ئەوروپا و ڕۆژئاوا تا خودی پێکهاتەکان لەناوخۆدا.
بەو جۆرە، ئەگەر بەرانبەرەکانی پارتی لە ئاستی ناوخۆدا سەرنجیان لەسەر هەڵوەشاندنەوەی کورسی کۆتا چڕ کردووەتەوە و ڕوونتر وەها پێناسەی دەکەن کە چیتر پارتی ١١ کورسی “پاشکۆ” لەدەست دەدات، ئەوە پارتی لە ئاستێکی دیکە وەبەرهێنان لەو پرسەدا دەکات، کە بەهێزکردنی هەڵوێستەکەیەتی لەمەڕ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان.
پێناسەکردنەوەی لابردنی کۆتا وەک هەڕەشەیەک لەسەر ڕۆژئاوا و زەقکردنەوەی مەترسییەکە بەڕادەی بوونە هۆیەکی کاریگەر لە دەستپێکردنی شەپۆلێکی کۆچپێکردنی پێکهاتەکان، کە هەم پارتی و هەم نوێنەرایەتی سیاسی پێکهاتەکان کاری لەسەر دەکەن، زۆریش ناکاریگەر نابێت بەسەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە.
ئێستا، لابردنی نوێنەرایەتی سیاسی پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان، نەک هەر لە ئاستی ناوخۆ پێکهاتەکانی لەگەڵ پارتی هاودەنگ و هاوسۆزتر کردووە، وەک ئەوەی سەرۆکی پارتێکی تورکمانی دەڵێ: “بۆ ڕای گشتی و هەموو لایەنەکان ئاشکرا بوو کە وەک پێکهاتەی تورکمان بەردەوامبوونمان لە هاوپەیمانیەتی لەگەڵ بارزانی و پارتی تاکە بژاردەی ستراتیجیمانە و دەرکەوت کە باشترین بژاردە بووە و ئەڵتەرناتیڤیشی نییە“. هەروەها، بەو ئەندازەیەش لە یەکێتی و لایەنەکانی دیکەی دڕدۆنگ و نیگەران کردوون، بەڵکوو بووەتە خاڵێکی بەهێزی پشتیوانی لە هەڵوێستەکەی پارتی لە بەرانبەر هەڵبژاردنی پەرلەمان و بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق.
دوای بەیاننامەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی، ژمارەیەک لە پارتە سیاسییەکانی تورکمان، نەک هەر “سوپاس“ی پارتییان کرد، لە بەرانبەر ڕەتکردنەوەی هەڵبژاردنەکە، بەڵکوو گەیشتە ئەوەی سەرۆکی یەکێک لە پارتە تورکمانییەکان داوا لە حزبە سیاسییەکانی دیکەش بکات هەمان هەڵوێستی پارتیان هەبێت و بڵێ: “چۆن بەشداریی لە هەڵبژاردنێك دەكەن كە مافی دەنگدەرانی خۆیان و پێكهاتەكان زەوت بكرێت؟”.
پارتی لە ئاستی مەکتەبی سیاسی و لە ئاستی مەسعوود بارزانی سەرۆکی حزبەکە، لە هەر دیدار و کۆبوونەوەیەکدا، لە هەر لێدوان و ڕاگەیەندراوێکدا، وروژاندن و زەقکردنەوەی پرسی پێکهاتەکان فەرامۆش ناکات، لەبەرئەوەی دەزانێت زەقکردنەوەی ئەو پرسە، پشتیوانییەکی بەهێز دەبێت لە ڕەوایەتیدان بە هەڵوێستەکانی. لە واقیعیشدا هەر پارتی نییە هەڵوێستی بەرانبەر بە هەڵبژاردنەکە و دادگای فیدڕاڵی وەرگرتووە، بەڵکو زۆرینەی هەرە زۆری پێکهاتەکانی نەتەوەیی و ئایینی، کە پێشتر بایکۆتی هەڵبژاردنەکەیان کردووە و بڕیارەکانی دادگەی فیدڕاڵی بە بڕیاری سیاسی پێناسە دەکەن و بەتوندی ڕەتییان دەکەنەوە.
لەو وێستگەیەدا، بەرژەوەندییەکی هاوبەش و بابەتییانە پارتی و پێکهاتەکان بەیەکەوە گرێدەدات، بەرژەوەندییەکی ڕوونتر؛ ئەو ڕوونییەی بەرژەوەندییە هاوبەشەکە، چ لەمەڕ جەماوەری پێکهاتەکان و چ لە ئاستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زۆر زیاتر بەهەند وەردەگیرێت، لەوەی بەسادەیی خوێندنەوەی بۆ بکرێت.