سیاسیشرۆڤه‌

شەڕی حەماس و ئیسرائیل: چەند سەرنجێک

 

یەکەم، لە ئاستی مرۆییدا غەزە بەندیخانەیەکی گەورەیە. بە دیوار و دەریا دەورە دراوە. ئەمەی ڕوویدا لە هەوڵی هەڵاتنی بەندی دەچوو.

دووەم، لە ساڵانی ڕابردوودا پرسی فەڵەستین زۆر خرایە پەراوێزەوە. بە جۆرێک کە جاران دەیانگوت بەبێ چارەسەری پرسی فەڵەستین ئاشتی نابێت، بەڵام ئاساییکردنەوە لەگەڵ وڵاتانی کەنداو و ئیسرائیلدا وەها دەبینرا، کە ناوچەکە ئەو قۆناغەی تێپەڕاند. دەرکەوت وەها نییە.

سێیەم، ئەوەی ڕوویدا پەشۆکان و سوپرایز بوو بۆ سیستەمێکی سەربازی کە لە دنیادا وەها دەبینرێت، کە لە ڕووی تەکنەلۆجی و زانیارییەوە یەکەمی بێ ڕکابەرە.

چوارەم، حەماس ڕووداوێکی قارەمانی تۆمار دەکات، بەڵام هەوڵێکی خۆکوژیی بوو.

بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئیسرائیل

پێنجەم، لە کاتێکدا ئیسرائیل لە باشترین کاتی جیۆپۆلەتیکیدایە، بەوەی هەموو نەیارەکانی لاوازن و سەرقاڵی دۆخی ناوخۆیی خۆیانن، بەڵام ئەم هێرشە تۆقاندی.

شەشەم، ئیسرائیل لەم ساڵانەی دواییدا بە ئاڕاستەیەکی دینی دژە دیموکراسی و توندڕەوی و پەرتبوون دەچێت. هەموو ئەمانە کاریگەرن لەوەی کە چۆن هۆکاری ئەم دۆخە بوو، هەروەها چۆن مامەڵەی دەکات.

حەوتەم، ئیسرائیل پەنجا ساڵ لەمەوپێش تووشی پەشۆکانێکی هاوشێوە بوو، ئێستا ئیسرائیل لە ڕووی توانای تەکنەلۆجی و سەربازییەوە بەهێزترە، بەڵام لە ڕووی مرۆییەوە، خەڵکەکەی شەڕکەر نین.

 

ڕەهەندی هەرێمی

هەشتەم، ڕێککەوتنی سعودی-ئیسرائیلی-ئەمریکی لە دواقۆناغدا بوو. بەو جۆرێک سعودییەکان گەرەنتی پاراستن لە ئەمریکا وەربگرن و ڕێگەیان پێبدرێت ببنە خاوەن ئەتۆمی ئاشتی.

نۆیەم، پرسیارەکە ئەوەیە ئایا حزبوڵا دێتە ناو شەڕەکەوە یان تەنیا لە ئاستێکی سنورداردا پشتیوانییەکی سیمبولی پێشان دەدات. ئەمە پەیوەستە بە هەڵوێستی ئێرانەوە. ئەمریکا بۆ ڕێگریی لەوە، کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکەی بەرەو ناوچەکە خستووەتە ڕێ. ئێران هەتا ئێستا براوەیە. چونکە قوربانی یەکەمی هێرشەکەی حەماس پڕۆسەی ئاساییکردنەوەی سعودیە-ئیسرائیلە.

دەیەم، ئەمریکا دەیویست ناوچەکە بەو هێمنییە بهێڵێتەوە هەتا پاش هەڵبژاردن. تەنانەت شانازیشیان پێوە دەکرد، وەک لە ڕۆژانی پێشوودا سولیڤان لە فیستڤاڵی ئەتلانیتیکدا ئاماژەی پێدا. بەڵام بە هێمن هێشتنەوەی ناوچەکە ڕەنگە بەو شێوەیە مەحاڵ بێت.

 

ڕەهەندی نێودەوڵەتی

یانزە، گەرچی پرسی فەڵەستین پاش پرسی کورد کۆنترین کێشەی ناوچەکەیە، بەڵام لە نەخشەی نوێی جیهاندا خۆی دەبینێتەوە. خێرا زیلینیسکی پشتیوانی ئیسرائیلی کرد. گەرچی لە دڵەوە پێی ناخۆشە، چونکە سەرنج و هاوکاری ئەمریکا بۆ ئیسرائیل دەچێت. بەم پێیە ڕوسیا پێی خۆشە.

دوانزە، ئەمریکا سیستەمێکی سیاسی شلۆقاوی هەیە. کۆنگریس بێ سەرۆکە، وڵات پەرتە، شەڕی کەلتووری ئەمریکای داخان کردووە.

سیانزە، چین ناڕاستەوخۆ هۆکارە، بەڵام چین لە هەڵوێستێکی ئاساندا نییە، بۆیە ڕەنگە هیچ نەڵێت یان داوای ئاشتی یان تەشەنەنەکردن بکات. چونکە چین سود لە ئەی ئای ئیسرائیلی دەبینێت و هەروەها وەک سیمبول پشتیوانی فەڵەستینییەکانە بۆ دەرخستنی دژە ئەمریکایی و ئیمپریالیزمی خۆی.

 

کورد

چواردە، مامەڵەی تورک لەگەڵ ڕۆژئاڤادا لە زۆر ڕووەوە لە مامەڵەی ئیسرائیل دەچێت لەگەڵ غەزەدا. دژایەتی هێرشی غەزە و پشتیوانی ئەردۆگان جگە لە نیفاق هیچی تر نییە.

پانزە، ڕەنگە ئێران بکەوێتە ژێر فشارەوە، ئەمە ئەگەر وەها بێت بۆ کورد باشە، چونکە هەوڵی ئارامی لە قازانجی کورد نەبوو، بە تایبەتی لە عێراق.

چواردە، کورد لە ڕووی مرۆییەوە لە فەڵەستینییەکان دەچێت، لە ڕووی جیۆپۆلەتیکییەوە ڕەنگە زیاتر سوودمەندبێت، کە ئەمریکا بایەخ بە ناوچەکە بدات، نەک فەرامۆشی بکات وەک یەک دوو ساڵی ڕابردوو بینیمان، بەڵام پێویست ناکات کورد پشتیوانی هیچ لایەک بێت، بە فەرمی.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...