تورکیا هێرشەکانی بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان چڕ کردووەتەوە
![](https://zedpress.krd/wp-content/uploads/2023/10/zed-press-rojava-turk-oil.jpg)
زێدپرێس
مەزڵوم کۆبانێ لە پەیامێکدا لە ڕێگەی هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس(تویتەری پێشوو)، ڕایگەیاند، لەماوەی ٧٢ کاتژمێردا، تورکیا زیاتر لە ١٤٥ هێرشی کردووەتە سەر ڕۆژئاوای کوردستان و لەو هێرشانەدا، ژێرخانی ئابووری و شوێنە مەدەنییەکانی بە ئامانج گرتووە.
زیاتر ئاماژەی کرد، هێرشەکانی تورکیا تاوانی جەنگن و ئامانج لێیان پەکخستنی ژیانی خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستانە.
بەگوێرەی مەزڵوم کۆبانێ، دامەزراوە مەدەنییەکانی وەک وێستگەکانی کارەبا، نەخۆشخانە، قوتابخانە، دامەزراوەکانی ئاو و وزە لە هێرشەکانی تورکیادا بە ئامانجگیراون.
“تورکیا مەبەستیەتی لەو ڕێگەیەوە، تواناکانی بەڕێوەبەرایەتی خوسەری بکاتە ئامانج و هەوڵەکانی وڵاتان و ئاژانسەکان پەکبخات، کە لەو ناوچەیەدا دەستیان بە دووبارە بونیادنانەوە کردووە. لەناوبردنی ژێرخانی ئابووری، یەکسانە بە تاوانی جەنگ و ناتوانرێت بە کەمتر لەوە پێناسە بکرێت”، مەزڵوم کۆبانێ وای گوت.
لای خۆیەوە، محەمەد حوسێن ڕۆژنامەوان و شرۆڤەکاری ئابووری، ڕایگەیاند، لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا، سوپای تورکیا دەیان وێستگەی کارەبا و گاز و پڕۆژەی پەیوەندیدار بە کەرتی وزەی ناوچەکانی ئیدارەی خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا (ڕۆژئاوا)ی بۆردمان کردووە، ئەمەش بۆتە هۆی کەمبوونەوەی کارەبا و گاز و بەرهەمە نەوتییەکانی تر بۆ دانیشتووانی ناوچەکە.
ڕوونیکردەوە، “تورکیا بۆردمانکردنی ناوچەکە و پڕۆژە مەدەنییەکانی ڕۆژئاوا وەک شەڕکردن لە دژی گەریلاکانی قەندیل دەناسێنن، لە کاتێکدا ئاشکرایە قەندیل لە قامیشلۆ و حەسەکە و عەین عیسا نییە”.
زیاتر دەڵێ “ئەوەی سوپای تورکیا دەیکات بە هەموو پێوانە و حساباتێک تاوانی جەنگە و بەرانبەر خەڵکی مەدەنی و بێدیفاع دەکرێت، بەڵام لەبەر ئەوەی بەرانبەر ڕۆژئاوا و کورد دەکرێت، سەدا و دەنگدانەوەی تاوانەکان زۆر بە کەمی هەستی پێ دەکرێت”.