خاوەن مۆلیدەکانی سلێمانی داوای پارەی زیاتر دەکەن

عوسمان محەمەد سەرۆكی كۆمەڵەی مۆلیدە ئەهلییەكانی سلێمانی ئەمڕۆ دووشەم، ١٠ی ئاداری ٢٠٢٥ بە میدیاکارانی ڕاگەیاند: تیمی “پڕۆژەی ڕووناکی” داوایان لە خاوەن مۆلیدەکان کردووە کە نابێت تا ماوەی شەش مانگ مۆلیدەکانیان هەڵبگرن و پێویستە لە ئامادەباشیدا بن بۆ هەر حالەتێکی پچڕانی کارەبا لەچوارچێوەی پڕۆژەی ڕووناکیدا و پێویستە لەو کاتەدا مۆلیدەکانیان بەگەڕ بخەن.
سەرۆکی کۆمەڵەی مۆلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی ڕایگەیاند: “نیگەرانین لەو گرێبەستەی تیمی پڕۆژەی ڕووناکی تاکلایەنە ئامادەی کردووە و داوا لە خاوەن مۆلیدەکان دەکات بۆ هەر ئەمپرێك كە پێشتر بە هاووڵاتییانیان داوە نرخی یەك هەزار دینار قەرەبوو دەدرێت بە خاوەن مۆلیدەكان”.
زیاتر دەڵێ: “داواكارییەكەی تیمی پڕۆژەی ڕووناكی ئەوەیە، هەر كاتێك كارەبای پڕۆژەكە بڕا و كێشەی تەكنیكی دروستبوو، مۆلیدەكان ئیش بكەن و كارەبا بۆ هاووڵاتییان دابین بكەن”.
عوسمان محەمەد ڕوونیکردەوە: “ئێمە بەو گرێبەستە ڕازی نین و داوا دەكەین بۆ هەر ئەمپێرێك بڕی دوو هەزار دینارمان پێ بدرێت، بەپێچەوانەوە ئامادەنین لەكاتی پچڕانی كارەبادا ئیش بە مۆلیدەكان بكەین”.
بەگوێرەی ڕووپێوی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، تا ساڵی ٢٠٢٣ لە هەر سێ پارێزگای هەولێر، دهۆک و سلێمانی، حەوت هەزار و ٣٥٤ مۆلیدەی کارەبایی ئەهلی تۆمارکراون و لەو چوارچێوەیەشدا هەزار و ٧٥٩ مۆلیدە لە سنووری پارێزگەی سلێمانی هەن.