ئابووریشرۆڤه‌
ئاراستەکان

لە بانکەکانی سلێمانی و هەولێر بە ئاشکرا خەڵک دەچەوسێنرێنەوە

ئەمڕۆ لقی سلێمانی بانکی بازرگانی عێراق ڕاکێشانی دۆلاری ڕاگرت بە بیانووی نەبوونی کاش. کارمەندانی بانکەکە دەڵێن دۆلاری کاشیان نەماوە، لە کاتێکدا ئەو خەڵکانەی کە دەیانەوێت دۆلارەکانیان ڕابکێشن یان بە کاش دۆلاریان لەوێ هەڵگرتووە، یاخود مانگانە مووچەکانیان بە دۆلار بۆ حەواڵە دەکرێتە سەر هەژمارەکانیان لەو بانکە، ئەمانە کارمەندانی ڕێکخراو و کۆمپانیا و دەزگا نێودەوڵەتییەکانن.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

سەرەتای گرفتەکە لە کوێوە هات؟

بەپێی بڕیارێکی بانکی ناوەندی عێراق، دەبێت لە ١/١/٢٠٢٤ ڕێگە نەدرێت کەس لە عێراقدا حەواڵەی دۆلاری کاش ڕابکێشێت. بانکەکان حەواڵەی دۆلارەکانیان بۆ دەگۆڕنەوە بە دینار و بە نرخی فەرمی دەیدەن بە خەڵک.

ئەم بڕیارە دوای تێکشکانە بەردەوامەکانی بانکی ناوەندی هات لە هەموو ئەو هەوڵانەی کە بۆ سەقامگیرکردنی نرخی دینار بەرانبەر دۆلار دایویەتی لە ١٤ مانگی ڕابردوودا.

 

دوای ئەم بڕیارە لقەکانی هەولێر و سلێمانی بانکەکان هەر لە ئێستاوە دۆلاریان لە بەردەستدا نەهێشتۆتەوە. بانکی بازرگانی هەرێمایەتی (RT Bank) لە مانگی ڕابردووەوە دەستی کردووە بە گۆڕینەوەی زۆرەملێی هەموو حەواڵەکانی دۆلار بە نرخی فەرمی دیناری عێراقی، نزیکەی ٤ مانگ پێش ئەو وادەی بۆی دانراوە. لقی سلێمانی بانکی بازرگانی عێراق ئەمڕۆ بە هیچ جۆرێک ڕێگەی بە ڕاکێشانی حەواڵەی دۆلار نەدابوو.

 

ئەمەی کە دەگوزەرێت، بە ئاشکرا چەوساندنەوەی بەکاربەرانی ئەم بانکانەیە. وا دیارە ئەم بانکانە دەیانەوێت هەر لە ئێستاوە ڕاکێشانی حەواڵەی دۆلار ڕابگرن. بە هۆی ئەو جیاوازییە گەورەیەی لە نێوان نرخی فەرمی ئاڵوگۆڕی دۆلار-بە-دینار هەیە لەگەڵ نرخی بازاڕی ئاڵوگۆڕەکە. ئەم ڕاگرتنە زیانێکی زۆر لە هاووڵاتییان و بەکاربەرانی (clients) بانکەکان دەدات، بەڵام قازانجێکی مفتی ناڕەوا و ناقانوونی قۆرخکارانە بۆ بانکەکان مسۆگەر دەکات.

یارییەکە بەم جۆرەیە؛ لەمەولا ئەم بانکانە بە زۆرەملێ ١٠٠ دۆلاری هاووڵاتییان دەگۆڕنەوە بە ١٣٢ هەزار دینار، لە کاتێدا لە بازاڕدا ١٦٠ هەزار دینارە (شتێک زیاتر یان کەمترە). بەمەش بۆ هەر تاکە دۆلارێکی هاووڵاتییان کە ئەوان بە زۆر دەیگۆڕنەوە، نزیکەی ٢٨ دیناری عێراقی قازانج دەکەن.

 

کێشەکە هەر تەنیا ستەمکردن نییە لەو هاووڵاتییانەی کە مووچە و پارەی هەڵگیراویان بە دۆلار هاتۆتە ناو ئەم بانکانەوە، بەڵکو هێندەی تر دۆلار لە بازاڕەکانی کوردستاندا کەم دەکاتەوە؛ ئینجا خۆبەخۆ گرانتریشی دەکات (بەپێی یاسا سادەکەی خواست و خستنەڕوو).

 

ئەم هاووڵاتییانە هەمیشە سەرچاوەیەکی باشی دۆلاری کاش بوون بۆ ناو بازاڕەکانی کوردستان و عێراق، ئیتر ئەگەر مووچەکانیان بە زۆرەملێ بۆ بکەن بە دینار، ئەوا ئەم سەرچاوەی دۆلاری کاش وشک دەکات.

هەر لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی دەرکردنی بڕیارەکەی بانکی ناوەندی عێراق، لە ماوەی دوو ڕۆژدا ١٠٠ دۆلار لە ١٥١ هەزار دینارەوە گەیشت بە ١٦٢ هەزار. ئەمە هێشتا ٣ مانگی ماوە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە.

 

بەپێی حسابات و لێکدانەوەی بەرپرسانی بانکی ناوەندی، ئەم هەنگاوەیان بۆ سەقامگیری نرخی دینار و کەمکردنەوەی جیاوازی نێوان نرخی فەرمی و نافەرمی بوو. بەڵام هەر لە یەکەم ڕۆژی بڕیارەکەوە نرخی گەڵای ١٠٠ دۆلاری لە ١٥١ هەزارەوە فڕاند بۆ ١٦٢ هەزار دینار.

 

دەرەنجامی، ئەم گەمەیە چی دەبێت؟

ئەوەی لقی سلێمانی و هەولێری بانکەکان دەیکەن؛ سەرەتا وێرانکردنی ئەو تۆزە متمانەیە کە خەریکە لە ناو خەڵکدا دروستی دەکەن. ئەمانە بۆ قازانجێکی کورتمەودای مشەخۆرانە، بە تەور خەریکی بڕینەوەی لقەدارەکەی ژێر پێی خۆیانن. بڕە پارەیەکی زۆر پەیدا دەکەن لە سەر حسابی بەکاربەرەکانی خۆیان، بەڵام هێندەی تر متمانەی خۆیان لاواز دەکەن. متمانە بۆ بانک بەقەدەر ئۆکسجین لە ژیانی مرۆڤدا پێویستە.

ئەم بانکانە بەهۆی جیاوازی نرخی فەرمی و نافەرمی دینار بە دۆلار، ڕۆژانە سەدان ملیۆن دینار زیان لە هاووڵاتییانی سلێمانی و هەولێر دەدەن. بە زۆرەملێ دۆلاری خەڵک دەبەن بە ١٣٢٠ دینار بەرانبەر هەر دۆلارێک، لە کاتێکدا لە بازاڕدا ١٦٠٠ دینارە. ئەگەر هەر ئەم بەکاربەرە بیەوێت دۆلار لەم بانکانە بکڕێت، یان بە نرخی بازاڕ پێی دەفرۆشن، یان هەر بۆی دابین ناکەن. ئایا ئەمە ڕەفتاری بانکە؟

ئەم بانکانە، کە هەر بەناو بانکن و تەنیا ڕۆڵی حەواڵەکردنی پارەیان هەیە، هەرگیز نەیانتوانیوە ئەو ڕۆڵانە بگێڕن کە هەر بانکێکی ئاسایی هەیەتی لە کۆکردنەوەی پارە و خستنەگەڕی بۆ وەبەرهێنان و دواتریش پشتگیریکردنی چالاکییە ئابوورییەکان. هەربۆیە ئێستا نزیکەی ٨٠٪ی هەرچی دیناری عێراقی هەیە لە دەرەوەی بانکەکان و سوڕی ناو بانکەکاندایە.

 

ئەگەر بەم عەقڵیەتە کورتبین و مشەخۆرەوە ئیدارەی بانکەکان بکرێت، ئەوا پێش خەڵک بانکەکان خۆیان زیانمەند دەبن. هەرگیز ناتوانن ببنە بانک و ڕۆڵی بانکێکی نۆرمال بگێڕن، چونکە بانک بە متمانە دروست دەبێت. بەوە دروست دەبێت کە ببێتە شوێنێک کە قازانج و دڵنیایی بۆ بەکاربەرەکانی دابین بکات، نەک بەناوی ئاڵوگۆڕی زۆرەملێوە زیانیان لێ بدات.

بەپێی دەستوری عێراق و هەموو یاسا بەرکارەکانی ئەم وڵاتە، هاووڵاتییان مافی خۆیانە دۆلارییان هەبێت یان دینار، سامانەکەیان بە دۆلار هەڵبگرن یان بە دینار، مووچەکانیان بە دۆلار وەربگرن یان بە دینار، مامەڵەکانیان بە دۆلار بکەن یان بە دینار. ئیتر ئەو ڕێکارە بێمانایە چییە؟

 

بانکی ناوەندی عێراق خۆی دەردە، یان دەرمانی دەردەکە دەدۆزێتەوە؟

قەدەری عێراق وەهایە کە سێ لە هاوبەشە سەرەکییە بازرگانییەکانی (ئێران، ڕووسیا، سووریا) لە لایەن ئیدارەی ئەمریکاوە سزادراون. عێراق بە هیچ شێوەیەک نابێت دۆلاری ئەمریکی بدات بە خەڵک و کۆمپانیاکانی ئەم سێ وڵاتە.

تەنیا لە ساڵی ٢٠٢٢دا، عێراق بە بەهای زیاتر لە ١٠ ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانی هەبووە لەگەڵ ئێراندا (ئەمە جگە لە کڕینی گاز و کارەبا کە ئەوانیش بە بەهای زیاتر لە ٣ ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێن).

ئێرانییەکان جگە لە دۆلار بە هیچی تر ڕازی نابن لەم ئاڵوگۆڕەدا. لەگەڵ ڕووسیا و سووریاش هەم دیسان عێراق جگە لە دۆلاری ئەمریکی هیچی تری نییە بیدات. لەبەر سزاکانی ئەمریکا بانکی ناوەندی ناتوانێت هاوردەکردنی کاڵا و خزمەتگوزاری لەم وڵاتانەوە (تمویل) پارەدار بکات، بۆیە هەمیشە بازرگانانی عێراق ناچارن لە بازاڕی ڕەشدا دۆلار بکڕن بۆ هاوردەکردنی کاڵا و خزمەتگوزارییەکانی ئەم وڵاتانە. ئەمە ئەو خواستە زیادەیە کە هەمیشە بۆ دۆلار هەیە و وایکردووە نرخی بازاڕی زیاتر بێت لە نرخە فەرمییەکەی.

 

تا ئێستا بانکی ناوەندی سەرکەوتوو نەبووە لە ڕێکخستنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ ئەم سێ وڵاتە و نەیتوانیوە میکانیزمێک بدۆزێتەوە بۆ پارەدارکردنی هاوردەی کاڵا و خزمەتگوزارییەکانیان. ئەمە گەوهەری گرفتەکەیە و هەر لێرەشدا دەبێت بۆ چارەسەر بگەڕێت.

لەبەرانبەردا بەرپرسانی بانکی ناوەندی پەنایان بۆ چەندین ڕێگا و چارەسەری جۆراوجۆر بردووە کە هەمیشە گرفتەکەیان قورستر و ئاڵۆزتر کردووە، نەک چارەسەر. جگە لەمەش، هەرگیز بانکی ناوەندی و بانکەکانی تریش نەیانتوانیوە وەک پێویست دۆلار دابین بکەن بۆ بازرگانە بچووک و مامناوەندییەکان، کە بەشی هەرە زۆری هاوردەکانی عێراق لە لایەن ئەمانەوە دابین دەکرێت.

 

بەگشتی چارەسەرییەکانی بانکی ناوەندی تا ئێستا نەک هەر بەهای دیناری سەقامگیر نەکردووە، بەڵکو گرفتەکانی قوڵتر کردۆتەوە. لە مێژووی عێراقدا، هەرگیز ئەم وڵاتە بەقەدەر ئێستا دۆلار و یەدەگی دراوی بیانی نەبووە. هەرگیز بانکی ناوەندییەکەشی بەقەدەر ئێستا دەستەوەستان و بێ-کەڵک و بێ-توانا نەبووە لە جێبەجێکردنی سەرەتاییترین ئەرکی خۆی، کە سەقامگیرکردنی بەهای دینارە.

 

محەمەد حوسێن

شرۆڤەکاری ئابووری و سیاسی

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...