شرۆڤه‌

دوور لە سیاسەت؛ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان

 

سلێمان مستەفا-یاساناس

 

لە خشتەی دانیشتنەکانی دادگای فیدراڵی ئەمڕۆ (٢٩/١٠/٢٠٢٣) دوو داوا تایبەتن بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، داوای یەکەمیان ژمارە (٢٢٤ اتحادیە) لەلایەن (عەدالەت ڕەحیم و بوخاری جەمیل و حەیدەر محەمەد)ەوە کراوە، داوای  دووەمیان بە ژمارە (٢٢٧ اتحادیە) لە لایەن (مەحموود حوسێن ڕەزا عگیلی)ەوەیە. لە هەردوو داواکە، داوا دەکەن بە خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەکاتی خۆی وەک باقی فەرمانبەرانی عێراق.

بەگەڕانەوە بۆ دەستور، حکوومەتی فیدڕاڵ هیچ بەهانەیەکی یاسایی بەدەستەوە نییە، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بکاتە بارمتە، بۆیە باشترین شرۆڤە گەڕانەوەیە بۆ دەستوور، لە حاڵەتێک گەر بەهانەیەکی یاساییش هەبێت، نابێتە سەند بۆ نەناردنی مووچەی فەرمانبەران، بۆیە باشتر وایە بگەڕێنەوە بۆ دەستور:

 

بەپێی دەستور، حکوومەتی فیدڕاڵ هیچ بەهانەیەکی یاسایی بەدەستەوە نییە، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە بارمتە بگرێت

 

لە ماددەی یەکەمی دەستوردا هاتووە: (كۆمارى عێراق دەوڵەتێكى فيدڕاڵى يەكگرتووى سەربەخۆى خاوەن سەروەریيە، ڕژێمى حوكمڕانى تێيدا كۆمارى نوێنەرايەتى (پەرلەمانى) ديموكراسیيە، ئەم دەستورەش يەكپارچەيى عێراق دەپارێزێت)، لەکاتێکدا قووتی هاووڵاتییانی هەرێم و ئەو جیاکارییەی ماوەی ڕابردوو، پێچەوانەی ئەو بنەمایەمان پێدەڵێن. لە ماددەی (١٣) پێداگری لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە دەبێت ڕێز لەم دەستورە بگیرێت و نابێت یاسایەک دابنرێت پێچەوانەی ئەم دەستورە بێت، کەواتە گەر حکوومەتی فیدڕاڵ و وەزارەتی دارایی یاسای بودجە بەکاردێنن دژی فەرمانبەرانی هەرێم، ئەمەش سەرپێچی ماددەی (١٣)ی دەستورە، چونکە ناکرێت هاووڵاتییان بکرێنە بارمتە، گەر وەزارەتی دارایی بەهانەی یاسایی دەدۆزێتەوە بۆ نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، بەڕای بەندە هەموو ئەو بەهانە یاساییانەی وەزارەتی دارایی عێراق پێچەوانەی دەستورن، بە بەکارهێنانی بەهانەی ئینفاقی فیعلییەوە.

 

هەموو ئەو بەهانە یاساییانەی وەزارەتی دارایی بۆ نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەیانهێنێتەوە پێچەوانەی دەستورن

 

لە ماددەی (١٤)ی دەستوردا هاتووە: (عێراقیيەكان يەكسانن لەبەردەم ياسادا، بەبێ جياوازى ڕەگەز يا نەژاد يا نەتەوە يا بنەچە يا ڕەنگ يا ئايين يا ئايينزا يا بيروباوەڕ يا بۆچوون يا بارودۆخى ئابوورى يا كۆمەڵايەتيیان)، بەڵام مامەڵەی حکوومەتی فیدڕاڵ پێچەوانەی ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێت، هەروەها لە ماددەی (٢٩) يەكەم، هاتووە (أ – خێزان بنەماى كۆمەڵگەيە و دەوڵەت پارێزگارى لە قەوارە و بەها ئايينى و ڕەوشتى و نيشتمانیيەكەى دەکات)، هەروەها لەبڕگەکانی تری هەمان ماددە پێداگری لەسەر پاراستنی مافی دایکایەتی و مافی منداڵ و مافی پیروپەککەوەتەکان دەکاتەوە، بەڵام پێچەوانەی ئەو بنەمایانە و بنەماکانی ماددەی (٣٠) ،پێشێلی مافیان دەکات، ئایا هەر بەڕاست بەم شێوازە پارێزگاری لە بنەمای پاراستنی خێزان و مافی دایکایەتی و پیروپەککەوتە و خانەنشینان دەکات .

لە ماددەی (١١٠)ی دەستوردا ،ئەم دەسەڵاتانەى خوارەوەی تايبەت کردووە بە حكوومەتى فيدڕاڵیيەوە، گەر دیقەت لە بڕگەی (دووەم، سێیەم و حەتەم) بدەین، کە پەیوەندیدارن بە بابەتەکەی ئێمەوە، دەگەینە ئەو ڕاستییە کە حکوومەتی فیدڕاڵ بەرپرسە؛ با بەیەکەوە دیقەت بدەینە ئەو سێ بڕگەیە:

بڕگەی دووەم: دانان و جێبەجێكردنى سياسەتى ئاسايشى نيشتمانى، لەوانەش پێكهێنان و بەڕێوەبردنى هێزێكى چەكدار بەمەبەستى دڵنيابوون لە پاراستن و مسۆگەركردنى ئاسايشى سنوورەكانى عێراق و بەرگريكردن لێيان.

ئایا بە بارمتەگرتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەگەڵ پاراستنی ئاسایشی نیشتمانیدا دێتەوە؟

 

حکوومەتی عێراق هەر ناکۆکییەکی لەگەڵ حکوومەتی هەرێم و کاربەدەستانی هەبێت، نابێتە پاساو بۆ نەناردنی مووچەی خانەنشینان و فەرمانبەران

 

بڕگەی سێيەم: ڕەنگڕێژكردنى سياسەتى دارايى و گومرگ و دەركردنى دراو و ڕێكخستنى سياسەتى بازرگانى لەسەر سنوورى هەرێم و پارێزگاكانى عێراق و دانانى بودجەى گشتى دەوڵەت و ڕەنگڕێژكردنى سياسەتى دراو و دامەزراندن و بەڕێوەبردنى بانكێكى ناوەند.

کە حکوومەت بەرپرسبێت لە دانانی بوجەی گشتی دەوڵەت، دادوەری لەکوێدایە تەڵە و فێڵی یاسایی بەکاربهێنرێت بۆ نەناردنی مووچە؟ ئایا وەزارەتی دارایی عێراقش بەرپرس نییە لە ماف و ئیمتیازاتی فەرمانبەرانی عێراق، ئایا فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان عێراقی نین؟

بڕگەی حەوتەم: دانانى پڕۆژەى بودجەى گشتى و وەبەرهێنان.

لەسەروبەندی ئەو داوایانەی تۆمارکراون، دەبێت چاوەڕێی دادگای فیدڕاڵی بکەین بزانین چۆن و بەکام پێوەر بڕیار لەسەر ئەم دوو داوایە دەدات. بەڕای ڕاشکاوی بەندە، هیچ یاسا و ڕێنماییەک لە دەستور گەورەتر نییە و نابێت هیچ یاسا و ڕێنماییەکیش پێچەوانەی دەستور دەربکرێن، دەسوریش جیاکاری ڕەت دەکاتەوە، حکوومەتی فیدڕاڵ هەر ناکۆکییەکی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کاربەدەستانی هەرێمی کوردستان هەبێت، نابێتە پاساو بۆ نەناردنی مووچەی خانەنشینان و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.

هیوادارم دادگای فیدڕاڵی و دادوەرە بەڕێزەکانی، ئاکاری باڵا و بنەماکانی دەستوور و بنەما و ڕێسا ڕێزلێگیراوەکانی جیهانی ڕەچاو بکەن، لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم کەیسە. ژیان و کەرامەت و مافی ڕەوای فەرمانبەرانی هەرێم لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە، بۆیە دەبیت فراکسیۆنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران و کۆمەڵگای مەدەنی لە بەسڕاوە بۆ خانەقین یەکدەنگ بن بەرانبەر ئەو نادادییەی کە بەرانبەر فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێم دەکرێت.

جێگای خۆیەتی داوا لە سەندیکای پارێزەرانی عێراق و هەرێمی کوردستانیش بکەین، بێنە مەیدان و بە ئەرکی یاسایی خۆیان هەستن، ئەگەر دادگای فیدڕاڵی بە هەر هۆکارێک ئەم داوایە ڕەت بکاتەوە، ئەوا وەک بەشێک لە پسپۆڕانی یاسایی بە پێویستی دەزانن لەبەردەم دادگای کارگێڕی سکاڵا تۆمار بکەن؛ کاتی شەڕی یاساییە، ئەم شەڕەش شەڕی هەمووانە   .

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button