هه‌واڵ

دادگای فیدڕاڵی دوو داوای تایبەت بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی دواخست

زێدپرێس

 

دادگای فیدڕاڵی عێراق، هەردوو داوای تایبەت بە خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە، دواخست. ڕاوێژکارێکی یاساییش، کێشەکە بۆ نائامادەیی نوێنەری حکوومەتی هەرێم لە دانیشتنەکە دەگێڕێتەوە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەمڕۆ یەکشەم، ٢٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق لەسەر دوو داوای تایبەت بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، بەڵام هەردوو داواکە دواخران. داوای یەکەمیان لەلایەن ئەمینداری گشتی پارتی ئوممەی عێراقی و داوای دووەمیان لەلایەن ژمارەیەک فەرمانبەری هەرێمەوە تۆمارکرابوو.

عەبدولقادر ساڵح ڕاوێژکاری یاسایی، ڕایگەیاند، دەربارەى داواکەى سەرۆکى پارتى ئوممەى عێراقى، دادگا گرفتى بەرژەوەندى (مصلحة)ى لە داواکەدا هەبووە، پێى وابوو داواکار بەرژەوەندى لە داواکەدا نییە، لەم ڕووەشەوە مەرجى هاتوو لە پێڕەوەى ناوخۆى دادگاکە بەدینەهاتووە، بەڵام دادگا داواکەى دواخستووە و بڕیارى لێ نەداوە.

 

بریکاری حکوومەتی عێراق لەبەردەم دادگای فیدڕاڵی، هۆکاری نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی خستە ئەستۆی حکوومەتی هەرێمەوە

 

لەبارەی داواکەی دووەمیان، کە لەلایەن ژمارەیەک فەرمانبەرى هەرێمەوە تۆمارکراوە، وەک ڕاوێژکارە یاساییەکە ڕوونیکردەوە، دادگا لەڕووى مەرجە شکلییەکانى داواکەوە گرفتى نەبووە و چووتە ناو بابەتى داواکە و لەم بەرەنجامەشەوە گفتوگۆى گەرم لە دانیشتنى دادگا بەڕێوەچووە لە نێوان داواکار و بریکارى  داوا لەسەرکراوى یەکەم، کە سەرۆکوەزیرانى عێراق بووە.

ئاماژەیدا، “سەرۆکى دادگا پرسیارى ئەوەى لە بریکارى داوالەسەرکراوى یەکەم کردووە، کە ئایا ئەوان قبوڵیانە بەو جۆرە فەرمانبەرانى هەرێم مووچە وەرنەگرن؟ لەلایەن خۆیەوە بریکارى سەرۆکوەزیرانى عێراق هۆکارى بابەتەکەى داوەتە پاڵ حکوومەتى هەرێم و ئاماژەى بەوەداوە، لەبەر ئەوەى حکوومەتى هەرێم لەمبارەیەوە کەمتەرخەم بووە و پابەندنەبووە، بۆیە هەرێم بەرپرسیارێتى جێبەجێ نەکردنى یاساى بودجە دەگرێتە ئەستۆ”.

زیاتر دەڵێ، “هەروەها ئاماژەى بەوەداوە بۆ چارەسەرى ئەم بابەتە مەگەر حکوومەتى عێراقى وەک کارێکى مرۆیى مامەڵە لەگەڵ بابەتى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم بکات”، بەڵام لە بەرانبەردا “بریکارى داواکاران ئەو ڕستەیەى ڕەتکردۆتەوە و داواى لە دادگا کردووە بۆى جێگیر نەکرێت و دووپاتى ئەوەى کردۆتەوە، ئەگەر حکوومەتى عێراق فەرمانبەرانى هەرێم بە هاووڵاتى عێراقى دەزانێت ئەوا بەرپرسیارە لە دابینکردنى مووچەکەیان و ئەگەر بە هاووڵاتى عێراقیشیان نازانێت ئەوە بابەتێکى دیکەیە”، عەبدولقادر ساڵح وای گوت.

ئامادە نەبوونی نوێنەری حکوومەتی هەرێم لەبەردەم دادگای فیدڕاڵی نیشانەی بێباکییەتی لەبەرانبەر چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی فەرمانبەران

 

ڕاوێژکارە یاساییەکە، زیاتر گوتی “ئەوەى جێگەى نیگەرانییە، ئامادەنەبوونى نوێنەرى حکوومەتى هەرێم بوو لە دانیشتنەکە، کە بەداخەوە ئەم پشتگوێخستن و بە هەند وەرنەگرتنەى دۆسییەکانى ئەم دادگایە و ئامادەنەبوونى حکوومەتى هەرێم لانى کەم بۆ بەرگریکردن لە خۆى، نیشانەى بێباکى هەرێمە لە چارەسەرکردنى کێشەیەک کە خودى حکوومەتى هەرێم خۆى هۆکارى سەرەکى دروستبوونى بووە”.

وەک ئاماژەیدا، بەو هۆیەوە، دادگا ناچار بوو دانیشتنەکانى دادگاییەکە بۆ ٢٨ى مانگى داهاتوو دوابخات، بەمەبەستى ئامادەبوونى وەزیرى دارایى عێراق و سەرۆکوەزیرانى هەرێم یان نوێنەرە یاساییەکانیان .

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...