هه‌واڵ

ڕاگەیەندراوێک لە وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە

زێدپرێس

 

وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕەوانەکردنی ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی سێ مانگی ڕابردوو بۆ بەغدا ڕایدەگەیەنێت.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەم، ٢٩ی تشرینی یەکەمی، ٢٠٢٣، وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەم، ٢٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، بەواژۆی ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان، ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچونەوە (میزان مراجعە)ی مانگەکانی تەمووز و ئاب و ئەیلوولی هەرێمی کورستان، ڕەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق کرا.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووری، ڕاپۆرتەکە “سەرجەم داهات و خەرجییەکانی سێ مانگی ڕابردووی هەرێمی کوردستانی بە داتا و ژمارە تێدا ڕوون کراوەتەوە”.

ئەو ڕاگەیەندراوەی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێم لەکاتێکدا دێت، کە پێشتر سەرچاوە میدیاییەکان لە زاری تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق بڵاویان کردووەتەوە، کە بەهۆی نەناردنی ڕاپۆرتی خەرجی و داهاتەکانی هەرێمی کوردستانەوە، ناردنی ٧٠٠ ملیار دینارەکە بۆ هەرێمی کوردستان دواکەوتووە.

بڕیارە، ڕۆژی سێشەمی ئەم هەفتەیە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆببێتەوە و چاوەڕوانیش دەکرێت سبەی دووشەم شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی ناردنی ٧٠٠ ملیار دینارەکە، سەردانی بەغدا بکات.

دوێنێ شەممە، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێم لە ڕاگەیەندراوێکدا، حکوومەتی عێراقی تۆمەتبار کرد، بەوەی بە پێچەوانەی ڕێککەوتنەکانەوە، جارێکی دیکە ناردنی ٧٠٠ ملیار دینارەکە بۆ هەرێم دواکەوتووە، لەکاتێکدا دەبوو هەفتەی ڕابردوو ئەو بڕە پارەیە بخرابووایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم، بەمەبەستی پێدانی مووچەی مووچەخۆران.

هەر ئەمڕۆ یەکشەم، ٢٩ی تشرینی یەکەم، بەنگین ڕێکانی، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لە حکوومەتی عێراق، ڕایگەیاند، کە پەیوەندی بە تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراقەوە کردووە و گوتوویەتی، ئەگەر سبەی شاندی حکوومەتی هەرێم سەردانی بەغدا بکەن و نووسراوەکان دروست بن، کێشەی ناردنی پارەکە چارەسەر دەبێت.

ڕێکانی، جەختیشی لەوە کردبووەوە، کە کێشەی ناردنی پارەکە، تەکنیکییە و هۆکارەکە ئەوەیە هەریەک لە حکوومەتی هەرێم و بەغدا، بە دوو سیستەمی جیاوازی هەژمارکردن، کاردەکەن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...