سیاسیشرۆڤه‌

سەردەمێکی نوێ

 

ئەم ڕۆژانە ئەگەر لە دەوحەی پایتەختی قەتەر پیاسە بکەیت، ئەگەری زۆرە لوتت بە چەند سیخوڕێکی وڵاتانی جیاوازدا بتەقێت، کە بە دوای دانوستانەوەن بۆ ئازادکردنی گیراوەکانیان لە لایەن موحەمەد زەیفەوە، سەرکردەی کەتیبەی قەسام و بەرپرسی هێرشی تۆفانی ئەقسا.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

زۆرێک بە لایانەوە مایەی سەرسووڕمانە، کە چۆن قەتەر دەتوانێت ئەمە بکات؟ لە سەردەمی ئۆبامادا، ئەمریکا وەهای پێ باش بوو، کە ئیسماعیل هەنییە بارەگاکەی بگوازێتەوە بۆ دەوحە، لە بری ئێران. قەتەرییەکانیش ئەمەیان پێ باش بوو، هەروەها بە هاوکاری ئیسڕائیل مانگانە زیاتر لە چل ملیۆن دۆلار پارە و هاوکاری لە ڕێگای ئیسڕائیلەوە بە حەماس بدەن لەگەڵ دابینکردنی سووتەمەنی لە لایەن ئیسڕائیلەوە بۆ غەززە.

ئەم ڕۆڵەی قەتەر بەشێکە لەو پڕۆسە ئاڵۆزەی بەڕێوەبردنی دنیا لە لایەن ئەمریکاوە. لەم پڕۆسەیەدا قەتەر و ئەمریکا ئامانجی جیاوازیان هەیە، ئەمریکا قەتەر بەکاردەبات بۆ پەیوەندیکردن بە ئەو وڵات و لایەنانەوە، کە نایەوێت یان ناتوانێت پەیوەندی ڕاستەوخۆیان لەگەڵدا بکات، قەتەرییەکانیش ئەمە وەها دەبینین کە ڕۆڵێکی گرنگ و دەروازەیەکیان بۆ دەکاتەوە، بۆ بوون لە نێو کایەی زلهێزانی جیهاندا، وەک شارە وڵاتێکی بچووک، هەروەها خۆپاراستنیان لە قووتدانیان لە لایەن هێزە هەرێمییەکانەوە، بەتایبەتی سعوودیە و ئێران.

ئیسماعیل هەنییە تەنیا کەسە لە دەرەوە، کە پەیوەندی لەگەڵ محەمەد زەیفدا هەیە. هەرچەندە هێندە بە ئاگا نییە لە دۆخی حەماس. لە ڕاستیدا کاتێک هێرشەکە ڕوویدا، لە سەفەرێکی خێزانی بوو لە ئیستەنبوڵ بۆ سەیر و سەفا و تەلەفۆنەکەی داخست بوو. ئەوەی جێگای سەرنج بوو، ئەو ماڵپەرە ئێرانییانە بوون، کە بانگەشەی ئەوەیان دەکرد، پلانی سەردانی بەغدای هەبوو لەو کاتەدا. کەس گومان لە بێئاگابوونی ناکات، چونکە نەک تەنیا ئەو، بەڵکو شن بێت و موساد و سی ئای ئەی و زۆری تریش بێئاگابوون.

 

کە حەماس هێرشەکەی ئەنجامدا، ئیسماعیل هەنییە لە سەفەرێکی خێزانی بوو لە ئیستەنبوڵ بۆ سەیر و سەفا و مۆبایلەکەی داخست بوو

 

ئەگەری زۆرە پاش ئەم دۆخە، هەنییە چ لە لایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی و چ لە لایەن حەماسەوە ڕۆڵی کۆتایی بێت. ئێستا بەرەی ناوەوەی حەماس و بەرەی قەتەر و بەرەی بەیرووت جیاوازن.

ئایا ڕۆڵی قەتەر وەک کەناڵێک و ناوەندێکی خاوەن گاز و پارە دەتوانێت بەردەوام بێت؟ لە گواستنەوەی ونیا بۆ فرەجەمسەریی، ئەگەری پشێوی و نەبوونی توانا بۆ مامەڵەی خێرا و کاریگەر، ئەگەری زۆرە قەتەر بتوانێت ڕۆڵەکەی بپارێزێت لەوەی کە خزمەت بە ڕۆژئاوا بکات و کەناڵی پەیوەندی لەگەڵ نەیارەکانیشدا هەبێت.

لە ئیسڕائیل، ڕۆنین بار، سەرۆکی شین بێت، ئەو دەزگایەی کە بەرپرسە لە هەواڵگریی ناوخۆی ئیسڕائیل، دواڕۆژەکانی بەسەر دەبات. هەرچەندە بە هۆی ناتەبایی و ڕقی زۆری لە نەتەنیاهۆ، چەند جارێک پێشتر داوای وازهێنانی کرد، بەڵام پاش هێرشەکەی ٧ی ئۆکتۆبەر، وازهێنانی حەتمیە، هەروەها نەتەنیاهۆش. کۆشکی سپی ئەوەی بە ڕوونی زەق کردووەتەوە، کە دەبێت نەتەنیاهۆ بڕوات. نەتەنیاهۆ، مایەی سەرئێشە بوو بۆ ئەمریکییەکان، بە تایبەتی دیموکراتەکان. ئێستا بەم پشتیوانییە زۆرەی ئەمریکا بۆ ئیسڕائیل، ئەستەمە ئیسڕائیلییەکان بتوانن لە کەللەڕەقییان بەردەوام بن. ڕۆیشتنی نەتەنیاهۆ، یانی ڕۆشتنی مۆدێلێک لە توندڕەویی و گەندەڵی. ئایا ئیسڕائیل ناچاردەکرێت دەست بە پڕۆسەی ئاشتی بکات جارێکی تر. هەمیشە دوو جۆر چارەسەر هەبوو، یان دەوڵەتێک کە هەمووان تیایدا هاووڵاتی بن، کە ئێستا وەک مەحاڵ و نەخوازراو دەردەکەوێت، لە بەر زۆر پرسی جیاواز، یان دوو دەوڵەت. ئێستا چارەسەری دوو دەوڵەت زیاتر کردارییە، بە مەرجێک دیندارە ڕقدارە جووەکان پەراوێز بخرێن.

 

کۆشکی سپی ئەوەی بە ڕوونی زەق کردووەتەوە، کە دەبێت نەتەنیاهۆ بڕوات. نەتەنیاهۆ، مایەی سەرئێشە بوو بۆ ئەمریکییەکان، بە تایبەتی دیموکراتەکان

 

بەڵام هەموو ئەمانە ڕێگرنین لە پڕۆسەی ئاشتی نێوان کەنداو و ئیسڕائیل. کەنداوییەکان، بە قەتەریەکانیشەوە، ڕقیان لە حەماسە، پاش هێرشەکەی ٧ی مانگ ئەم ڕقە قوڵتر بووەوە، بەوەی وەها بینرا کە ئەگەری پەکخستنی پڕۆژەکانیان و زاڵبوونی ئێران هەیە.

هەرچی ئێرانە، هەوڵەکانی جێگای سەرسوڕمان نەبوون. ئێران کە خاوەنی بەرەی بەرگرییە، پڕۆژەی جیاوازی هەیە. ئەوەی پێی دەگوترێت بەرەی بەرگریی لە وەڵامی بەرەی شەڕی جۆرج بۆشدا دروست بوو. ئامانجی ئێرانییەکان ڕێگرییکردن بوو لە ئەمریکا لە ڕێگای سەرقاڵکردن و شکستهێنانی لە جێگاکانی تر، بۆ ئەوەی نەتوانێت ڕاستەوخۆ هێرش بکاتە سەر ئێران. لەم ڕوانگەیەوە بەرەی بەرگریی ئامرازی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئێرانن. زۆر گرنگە ئەوە بزانین کە دەوڵەت هەرگیز تێکەڵی ناکات لە نێوان ئامراز و بەرژەوەندیدا. ئامراز بەرژەوەندی نییە، بەڵکو بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندییە. ئایا ئەم ڕووداوە ڕاستی پڕۆژەی موقاوەمە دەردەخات بۆ هەوادارەکانی.

 

ئامانجی ئێران ڕێگرییکردن بوو لە ئەمریکا لە ڕێگای سەرقاڵکردن و شکستهێنانی لە جێگاکانی تر، بۆ ئەوەی نەتوانێت ڕاستەوخۆ هێرش بکاتە سەر ئێران

 

هەرچی ئەمریکایە لە دۆخێکی ئاڵۆزدایە. یەکەم لێکدانەوە ئەوەیە کە بایدن ئەمە دەکات لە بەر هەڵبژاردنەوە، چونکە نەک دەنگی جووەکان و کاریگەرییان گرنگە، بەڵکو دەنگی زۆری مەسیحییە زایۆنییەکدان زۆر کاریگەرە. مەسیحییە زایۆنییەکان ئەو مەسیحییە توندڕەوانەن، کە بڕوایان وەهایە مەسیح لە قودسەوە دەگەڕێتەوە، بۆیە دەبێت لەم پێناوەدا بەرگری لە قودس و جوو بکرێت. ئایینییبوونی ئەمریکا و ئیسڕائیل و حەماس و ئێران، دۆخێکی میتافیزیکی ئاڵۆزی درووستکردووە. ئەوەی لە پێوەست بە ئەمریکاوە گرنگە، ئایا ئەمریکا پاش ئەم ڕووداوە چۆن هەڵوێستی دەگۆڕێت؟ ئایا ناچار دەبێت جارێکی تر بێتەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، یان هەڵکشانی چین و دۆخی ناوخۆیی ڕێگەی پێنادات بەو هەنگاوە هەستێت؟ دیارە هاتنەوەی ئەمریکا، دژبە بەرژەوەندی بەرەی بەرگرییە، کە ئامانجیان ئەوەیە ئەمریکا لە ناوچەکە تێپەڕێنن و خۆیان تیایدا باڵادەست بن. ئەمە ڕەنگە هۆکارێک بێت بەوەی تەنیا لە ئاستێکی ڕووکەشدا مامەڵە لەگەڵ پرسەکەدا دەکەن.

هەرچی عێراقە لە دۆخێکی ناڕووندایە، چونکە ئەکتەرە عێراقییەکان بەکرێگیراوی هێزی دەرەکیین و خۆیان خاوەن سەروەری نین. نوکتەکە ئەوەیە کە زۆربەی بەناو سیاسییە عێراقییەکان باس لە سەروەریی دەکەن، کەچی خۆیان بڕیاریان لە شوێنێکی ترەوە بۆ دەدرێت.

 

ئەکتەرە عێراقییەکان بەکرێگیراوی هێزی دەرەکیین و خاوەن سەروەری نین. نوکتەکە ئەوەیە زۆربەی بەناو سیاسییەکانی عێراق باس لە سەروەریی دەکەن

 

با بێینەوە سەر کوردستان. دەکرێت مەترسیی و لە هەمانکاتدا دەلاقەیەک لە دەرفەت هەبێت، ئەگەر هێزە کوردییەکان توانای تێگەیشتن و خۆئامادادەکردنیان هەبێت بۆ دۆخەکە. بەڵام هەموو ئاماژەکان ئەوە دەردەخەن کە کورد لە باشور بە دەست کۆمەڵێک قەیرانەوە دەناڵێنێت، کە نە دەیەوێت و نە دەتوانێت چارەسەری بکات. بە گشتی دۆخێک هەیە لە عێراق و کوردستان و لوبنان و یەمەن و ئەو شوێنانە کە بێتواناییە لە چارەسەر یان نەبونوی خواستە بۆ چارەسەر. بۆ نموونە، لە قازانجی هیچ ئەکتەرێکی سیاسی باشوور نییە، کە کێشەکان چارەسەر ببن، چونکە ئەوان سوودمەندی سەرەکی کێشەکانن. خەڵکیش خاوەنی توانا و ئاگایی ئەوەی نییە کە بەدیل پێشنیاز بکات.

 

 

-ئەم بابەتە لە ڕۆژنامەی هاووڵاتی بڵاوکراوەتەوە.

سه‌ردار عه‌زیز

لێکۆڵەر و رۆژنامەڤان

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...