ئابووریسیاسی
ئاراستەکان

عێراق ئامادە نییە دەست بە هەناردەکردنی نەوتی خاو لە کوردستان بۆ تورکیا بکاتەوە

سایمن وۆتکنز

 

هەندێکجار لە جیهانە ئاڵۆزەکەی نەوت، زۆر بە ئاسانی دەکرێت وێنە گەورەترەکە ون بکەیت، هەروەها، ڕەنگە هیچ بابەتێک لە جیهان هێندەی پەیوەندییە سەمەرەکەی نێوان حکوومەتی فیدراڵی عێراق لە بەغدا و حکوومەتی سەربەخۆی هەرێمی کوردستان لە هەولێری باکووری عێراق ڕەهەندی ئاڵۆز و بزۆک لەخۆنەگرێت. تەنیا کاتی ڕووداوی گەورە، وەک ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوت لە کوردستانەوە بەرەو تورکیا لە ٢٥ی ئادار، شرۆڤەکاران دەست بە گەڕان لە هۆکارەکانیان دەکەن، لەو ساتەشدا، نوقمی جیهانێکی مەتەڵی دەبن. لەم جیهانەدا پێویست بە هەنگاوێک گەڕانەوە بۆ دواوە دەکات، بۆ ئەوەی بە وردی هۆکارەکانی ڕێگرییەکە و کاتی کۆتایی هاتنی دیاری بکرێت.

 

هەنگاوێکی لەم شێوەیە بە ڕوونی ئاشکرای دەکات، کە حکوومەتی فیدراڵی عێراق، کە لە لایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت، نایەوێت هەرێمی کوردستان سەربەخۆیی ڕاستەقینەی هەبێت. پەکخستنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە دەستەبەرکردنی داهاتی خۆی لەڕێگەی فرۆشی سەربەخۆی نەوتەوە، بەشێکە لە هەوڵەکانی ڕەتکردنەوەی ئەو هەرێمە لە بەدەستهێنانی سەربەخۆیی. ئەگەر بارودۆخەکە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو بەم شێوەیە بەردەوام بێت، بەغدا و ئێران، هەروەها ڕووسیا و چینیش، پێیان وایە دەکرێت هەرێمی کوردستان بگەڕێنرێتەوە بۆ سەر عێراق.

هەوڵەکان بۆ چەسپاندنی ئەو یەکگرتنەوەیە لە لایەن بەغدا و تارانەوە دەستی پێ کرد، هەروەها چڕتر کراونەتەوە بەتایبەت لە دوای ڕیفراندۆمەکەی ٢٠١٧ـی کوردستانی عێراق. گونجاوە ئەگەر وای دابنێین ڕیفراندۆمەکەی کوردستانی عێراق بەهۆی سووربوونی ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە ئەنجام درا، هەروەک بە وردی لە کتێبە نوێیەکەم لەسەر بازاڕی نەوت لە جیهاندا ئاماژەی پێدراوە. واشنتن بە نهێنی لە ساڵی ٢٠١٤ دڵنیایی بە کوردەکانی عێراق دابوو لە بەرانبەر ڕۆڵی سەرەکیی هێزەکانی پێشمەرگە لە شەڕی داعش، سەرەنجام بە وڵاتێکی سەربەخۆی خۆیان قەرەبوو بکرێنەوە. هەرچەندە ڕیفراندۆمەکەی ٢٠١٧ ڕاستەوخۆ سەربەخۆیی بە کوردستانی عێراق لە لایەن بەغداوە نەدا، بەڵام بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان وەک مۆدێلێکی کاریگەر وابوو، بۆ ئەوەی بزانێت کاردانەوەی وڵاتانی ناوچەکە بۆ کوردستانێکی سەربەخۆ چۆن دەبێت.

 

واشنتن بە نهێنی لە ساڵی ٢٠١٤ دڵنیایی بە کوردەکانی عێراق دابوو لە بەرانبەر ڕۆڵی سەرەکیی هێزەکانی پێشمەرگە لە شەڕی داعش، سەرەنجام بە وڵاتێکی سەربەخۆی خۆیان قەرەبوو بکرێنەوە

 

دواتر ئاشکرا بوو، ٩٢.٧٣٪ـی دەنگەکان لە بەرژەوەندی سەربەخۆیی کوردستان لە دەنگدانی ٢٥ـی ئەیلوولی ٢٠١٧ کاردانەوەی زۆر توندی لە لایەن عێراق، ئێران، سوریا و تورکیا لێدەکەوێتەوە. هۆکاری سەرەکیی ئەمەش بوونی کورد وەک پێکهێنەرێکی قەبارە گەورەی دانیشتووانی هەریەک لە وڵاتە ناوهاتووەکان بوو، ٩٪ لە ئێران، ١٠٪ لە سوریا، هەروەها ١٨٪ لە تورکیا، بیانووش ئەوە بوو ئەگەر کوردانی عێراق سەربەخۆیی لە عێراق بەدەست بهێنن، ئەوا دانیشتووانە کوردەکانی ئەم وڵاتانەش ڕەنگە هەوڵی هەمان کار بدەن.

سەرەنجام، ڕیفراندۆمەکەی ٢٠١٧ ڕاستەوخۆ هاتنەناوەوەی هێزەکانی ئێرانی بۆ کوردستان بەدوای خۆیدا هێنا، لەپاڵیدا بۆ ناوچەکانی دەوڵەمەند بە نەوت هاتن. هەروەها، ئەفسەرانی باڵادەستی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و دەزگای سیخوڕی ئێران، وەزارەتی ئیتڵاعاتی جمهوریی ئیسلامیی ئێران، بۆ هەندێک لە سیاسەتمەدارە دەستڕۆیشتووەکانی کوردستانیان ڕوونکردەوە، کە هەوڵدان بۆ سەربەخۆیی لە بەرژەوەندیی خۆیاندا نابێت. لە هەمان کاتیشدا، جەنەڕاڵ یەحیا ڕەحیم سەفەوی، یەکێک لە ڕاوێژکارە سەربازییە پلەبەرزەکانی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، عەلی خامنەیی، داوای داخستنی سنووری لەگەڵ کوردستانی عێراق کرد. سەرۆکی تورکیاش، ڕەجەب ئەردۆغان، هەڕەشەی داگیرکردنی کوردستانی عێراقی کرد، لەتەکیشیدا باسی لە ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوت لە عێراقەوە بۆ بەندەری جیهان لە تورکیا کرد. لەم کاتەدا، هەرێمەکە ٥٠٠ بۆ ٦٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە هەناردە دەکرد، کە سەرچاوەی سەرەکیی ئابووریی کوردستان بوو.

 

ئەفسەرانی باڵادەستی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و دەزگای سیخوڕی ئێران، وەزارەتی ئیتڵاعاتی جمهوریی ئیسلامیی ئێران، بۆ هەندێک لە سیاسەتمەدارە دەستڕۆیشتووەکانی کوردستانیان ڕوونکردەوە، کە هەوڵدان بۆ سەربەخۆیی لە بەرژەوەندیی خۆیاندا نابێت

 

ڕێک لەو کاتەدا، ڕووسیاش هاتەناوەوە، دەستی بەسەر تەواوی سێکتەری نەوت لە کوردستاندا گرت لەڕێگەی سێ ئامرازەوە. یەکەم، ١.٥ ملیار دۆلاری پێشوەختەی بە حکوومەتی هەرێم دا لە بەرانبەر هەناردەکردنی نەوت لە لایەن هەرێمەوە لە ٣ بۆ ٥ ساڵی داهاتوو. دووەم، ٨٠٪ پشکەکانی لە پێنج بلۆکی سەرەکیی نەوت لە هەرێمەکە وەرگرت. سێیەم، مافی خاوەندارێتیی ٦٠٪ بۆڕییەکانی نەوتی نێوان هەرێمی کوردستان و بەندەری (جیهان)ی لە تورکیا وەرگرت لەڕێگەی بەڵێندان بۆ تەرخانکردنی ١.٨ ملیار دۆلار بۆ زیادکردنی قەبارەی وەبەرهێنان بۆ ملیۆنێک بەرمیل لە ڕۆژێکدا.

بەهۆی دەرفەتەکانی گەڕان و گەشەکردن لە بواری نەوت و گازدا، ڕووسیا کاریگەریی خۆی لە کوردستان قۆزتەوە بۆ ئەوەی هەژموونی بەسەر هەموو عێراقدا زاڵ بکات. سەرەڕای چالاکبوونی لە چەند کێڵگەیەکی نەوتی عێراق، ڕووسیا ویستی فراوانکردنی بازنەی دەسەڵاتیی هەبوو، بە تایبەت بۆ ئەو ناوچانەی قەبارەی گەورەی گازیان لەخۆگرتبوو. لە هەمان کاتیشدا ویستی بەهێزکردنی پێگەی ئێرانی هاوپەیمانیشی لە عێراقدا هەبوو.

ئەو میتۆدە سەرەکییەی ڕووسیا بۆ قۆزتنەوەی بارودۆخەکە بەکاری هێنا ڕێککەوتنی “بودجە بە نەوت”ی نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵی عێراق بوو لە ساڵی ٢٠١٤. سەرەتا بە کردنەوەی جێی خۆی لە دڵی کوردستانی عێراق و دواتریش بەرجەستەکردنی ڕۆڵی مامەڵەکەر لە ڕێککەوتنی بودجە بە نەوت لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی، ڕووسیا دەیتوانی دڵنیایی بدا حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەتەواوی لەژێر ڕکێفیدا بوو، هەروەها حکوومەتەکەی بەغداش لە ساتێکدا ئەو ڕۆڵەی بۆی دانراوە بەرجەستە دەکات، هەروەک چۆن بە وردی لە کتێبە نوێیەکەم لەسەر بازاڕی نەوت لە جیهاندا شیکراوەتەوە.

لە کۆتایییەکانی ٢٠٢٠ و سەرەتاکانی ٢٠٢١، چینیش بۆ پاڵپشتیکردن لە هەوڵەکانی ڕووسیا هاتە ناوەوەی عێراق و بەغدا، هەروەک چۆن لە کتێبەکەم باسکراوە، بە بەکارهێنانی هەمان ئەو ستراتیجییەی ڕووسیا لە ساڵی ٢٠١٧ لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەکاری هێنابوو.

لەدوای ئەوە، ڕێککەوتنی بودجە بە نەوتی ساڵی ٢٠١٤ لە نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵی هیچی دیکە بەکار نەدەهێنرا. ناڕوونی یاساییش لەسەر سەرپشکبوونی حکوومەتی هەرێم لە فرۆشتنی نەوت بە سەربەخۆیی و دوور لە سۆمۆ و بەغدا یارمەتیدەری بارودۆخەکە نەبوو. بەگوێرەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە گەڕانەوە بۆ ماددەی ١١٢ و ١١٥ـی دەستووری عێراق، حکوومەتی هەرێم مافی بەکارهێنانی نەوت و گازی ئەو کێڵگانەی هەرێمەکەی هەیە، کە لە ساڵی ٢٠٠٥ چالاک نەبوون، ئەو ساڵەی کە دەستوور لەڕێگەی ڕیفراندۆمەوە چەسپێنرا. حکوومەتی هەرێم جەخت لە ماددەی ١١٥ دەکاتەوە، “هەموو ئەو دەسەڵاتانەی بە بەشێک لە دەسەڵاتە تایبەتییەکانی حکوومەتی فیدراڵی دیاری نەکراون، دەچنە ژێر دەسەڵاتی هەرێمەکان یان ئەو پارێزگایانەی لە هەرێمێکدا ڕێک نەخراون.” بۆیە، حکوومەتی هەرێم پێی وایە بەهۆی دیاری نەکردنی ئەو دەسەڵاتانە لە دەستووری عێراقی، مافی فرۆشتن و وەرگرتنی داهاتی نەوت و گازە هەناردەکراوەکانی هەیە. بەهەرحاڵ، حکوومەتی فیدراڵی لە بەغدا و سۆمۆ پێیان وایە لە ژێر ماددەی ١١١ـی دەستوور، نەوت و گاز موڵکی تەواوی خەڵکی عێراقن لە هەموو هەرێم و پارێزگاکاندا. سەرەنجام، بڕوایان وایە گشت ئەو نەوت و گازەی لە عێراق بەرهەم دەهێنرێت پێویستە لەڕێگەی کەناڵە فەرمییەکانی حکوومەتی ناوەند لە بەغداوە بفرۆشرێن.

 

حکوومەتی هەرێم جەخت لە ماددەی ١١٥ دەکاتەوە، “هەموو ئەو دەسەڵاتانەی بە بەشێک لە دەسەڵاتە تایبەتییەکانی حکوومەتی فیدراڵی دیاری نەکراون، دەچنە ژێر دەسەڵاتی هەرێمەکان یان ئەو پارێزگایانەی لە هەرێمێکدا ڕێک نەخراون.”

 

بڕیارە چارەنووسسازەکەی ٢٥ـی ئادار بۆ ڕاگرتنی فرۆشی سەربەخۆی نەوت لە لایەن کوردستانی عێراقەوە، بڕیاری ژووری بازرگانی جیهانی بوو بە بیانگەی ئەوەی سۆمۆ تاکە کەناڵی یاسایییە، کە تورکیا نەوتی لێ بکڕێت. بۆیە، بەرهەمهێنانی نەوت لە کوردستان لە ٤٥٠ هەزار بەرمیلی ڕۆژانەوە بۆ ٢٠ هەزار بەرمیل دابەزی بەگوێرەی زانیارییەکانی سۆمۆ. ژووری بازرگانی جیهانی بڕیاری ئەوەشی دا، کە پێویستە تورکیا نزیکەی ١.٤٧ ملیار دۆلار وەک قەرەبوو بە حکوومەتی فیدراڵی عێراق بدات بەهۆی مامەڵەکردن بە نەوتی کورستانەوە، بەبێ مۆڵەتی حکوومەتی فیدراڵی لە نێوان ساڵانی ٢٠١٤-٢٠١٨. هەرچەندە تورکیا مەزەندەی بڕە قەرەبوویەکی زۆر بەرزتری دەکرد، سەرچاوەیەکی پلەبەرزی ئاسایشی وزەی یەکێتیی ئەوروپا هەفتەی ڕابردوو بە تایبەت بە (ئۆیلپڕایس)ـی ڕاگەیاند، کە سەرەڕای ئەوەش، تورکیا لیستێک مەرجی بۆ حکوومەتی فیدراڵی لە بەغدا ناردووە و داوای پابەندبوون پێیانەوە دەکات، بەر لە دەستپێکردنەوەی وەرگرتنی نەوت لە کوردستانی عێراق. ئەو لیستە درێژە کەمکردنەوەی قەرەبووەکە لەخۆ دەگرێت و لەپاڵ ئەویشدا، دڵنیاییدان لە داشکاندنی نرخی نەوت، کشاندنەوەی دووەم سکاڵای یاسایی بەغدا کە تاوەکوو ئێستا لەلای ژووری بازرگانی جیهانی یەکلایی نەکراوەتەوە، هەروەها پێدانی پارە بۆ بە باشی ڕاگرتنی بۆڕییە نەوتییەکانی جیهان، زۆر مەرجی دیکەش.

بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، بەغدا نیازی ڕازیبوونی بە هیچ کام لە مەرجەکانی تورکیا نییە. هەروەها خواستی ئەوەشی نییە کوردستانی عێراق دەست بە فرۆشتنی سەربەخۆی نەوت بکاتەوە. “لە لایەکەوە، فرۆشی سەربەخۆی نەوت مەترسیی لەسەر بڕی نەوتی هەناردەکراو بۆ بەغدا دروست دەکات، بۆیە حکوومەتی فیدراڵی هیچ سوودێک لەوە نابینێ،” لێدوانی دا، “لە لایەکی تریشەوە، بەغدا پێویستی بە نەوتەکە نییە، چونکە ئەگەر کوردستان دەست بە وەبەرهێنانی تەواو بکاتەوە، ئەوا عێراق سنووری دیاریکراوی ئۆپێک پڵەس تێدەپەڕێنێت.”

هەروەها گوتیشی، “بەهۆی ئەوەی بەغدا کوردستانێکی سەربەخۆ لە داهاتووی عێراقدا نابینێت، پێی وایە باشترین چارەسەر ڕاگرتنی فرۆشی سەربەخۆی نەوت و ئیفلیجکردنی کوردەکانە لەڕووی ئابوورییەوە.” ئەم تێڕوانینە بە لێدوانێکی هەفتەی ڕابردووی محەمەد سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، پشتڕاستتر دەبێتەوە، تێیدا باسی لەوە کرد، بەغدا یاسایەکی نوێی نەوت و گازی داناوە بۆ چەسپاندنی هەمان ڕێکار و مەرج لە گشت پارێزگاکان، بە هەرێمی کوردستانیشەوە.

 

  • لە ئینگلیزییەوە: شکۆ شێرکۆ
سه‌رچاوه‌
سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی بابه‌ته‌كه‌

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...