سیاسیشرۆڤه‌كه‌لتوور
ئاراستەکان

“ئیسلام بۆ دەرەوە”!

ئەو دروشمەی بۆتە مەحاڵ

 

سەرکەوتنی خێرت ویڵدەرس (Geert Wilders) لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی هۆڵەندا، لە یەکێک لە وڵاتە هەرە ئارامەکانی ئەوروپا، وڵاتێک کە خەڵکەکەی لێبووردەترین نەتەوەی ئەوروپان، ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ ئەو سەرگەردانییەی کە ئەوروپا تێی کەوتووە بەهۆی ئەو لێشاوە زۆرەی پەنابەران، کە هەموو سنوورە ماقوڵەکانی تێپەڕاندوون. ئەو لێشاوەی پەنابەران، مەترسی لەسەر دیمۆگرافیای ئەوروپا درووستکردووە، نەك هەر لەسەر دیمۆگرافیا بەڵکو وەختە پڕۆسەی ئاوێتەبوون یا ئینتەگرێیشنی پەنابەران لەناو کۆمەڵگەی ئەوروپی پێچەوانە ببێتەوە و ئیدی ئەوروپییەکان لەناو کۆمیونیتێکانی پەنابەران بتوێنەوە و ئینتەگرێیت بکەن. کێشەی ئەو پەنابەرانە فرەڕەهەندە و گۆڕانکاری لە بیرکردنەوە و ئەقڵییەتیاندایە، بەتایبەتیش پەنابەرانی وڵاتانی عەرەبی، تورکیا، مۆرۆکۆ، پاکستان، هیندستان و وڵاتانی ئەفریقی، کە ڕێژەی هەرە زۆریان بەدوای ئازادیدا ناگەڕێن و ژیانیان لە مەترسیدا نەبووە، بەڵکو بەدوای ژیانێکی خۆشتردا دەگەڕێن لە ڕووی ئابووری و خۆشگوزەرانییەوە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

بۆیە، گوتاری خێرت ویڵدەرس، بە ڕاگەیاندنی (ئیسلام بۆ دەرەوە)، وتارێکە سەرباری ئەو پۆپۆلیزمەی کە بەسەریاندا زاڵە، ڕەهەندی جیددیشی هەن و بەهیچ جۆرێک ناکرێت پشتگوێ بخرێت و قسەی جیددی لەسەر نەکرێت. بەر لە خێرت ویڵدەرس، لە هەڵبژاردنەکانی 2002 پڕۆفیسۆرێکی زانکۆ دەرکەوت بەناوی پیم فۆرتاون (Pim Fortuyn) کە هەر لە ٢٠٠٢، لیستێکی بۆ هەڵبژاردنەکان ڕاگەیاند بەناوی لیستی پیم فۆرتاون و پەنجەی گەواهیدانی بەرز کردەوە و گوتی “من سەرۆک وەزیرانی داهاتووی هۆڵەندام و دەبێت سیستەمی سیاسی بگۆڕین”، ئینجا گوتی “ئەگەر دەربچم سنوورەکان دادەخەم، چیدی نایەڵم ئیسلام بێتە ژوورەوە. موسوڵمانەکان دەیانەوێت کەلتوور و دنیابینی ئێمە بگۆڕن، بۆیە وەستاندن و ڕێگریکردن لە هاتنەژوورەوەیان حەتمییە”. پاشان، فۆرتاون، بەر لە دەستپێکی هەڵبژاردنەکان، لەسەر دەستی ژینگەپارێزێک کوژرا، بەڵام دروشمەکانی سەبارەت بە گۆڕینی سیستەمی سیاسی و ڕەخنەگرتن لە هاتنەژوورەوەی ئەو هەموو پەنابەرە زەنگی وشیارکردنەوە و مەترسی بوو بۆ هۆڵەندا و وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا.

 

بردنەوەی خێرت ویڵدەرس و لەبەرانبەریشدا بەهێزبوونی ڕادیکاڵیزمی ئیسلامی لەناو پەنابەراندا، زەنگێکی مەترسییە بۆ بەیەکەوەژیان و فرەیی و ئازادییەکان و مافەکانی مرۆڤ

 

دوای کوژرانی فۆرتاون، دەرهێنەر و بەرهەمهێنەری ناوداری هۆڵەندی، تێیۆ ڤان خۆخ (Theo van Gogh)، لەسەر دەستی محەمەد بوەیری مۆڕۆکانی ١٩ ساڵ، کوژرا، بە پاساوی دەرهێنانی کورتە فیلمێك بەناوی “ملکەچی”، لە نووسینی نووسەری سۆماڵی ئەیان حرسی عەلی، هۆڵەندییەکان گڕیان گرت و دژە موسوڵمان بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیادی کرد. لە کورتە فیلمەکەدا چەند ژنێک بەپێوە وەستاون وەکوو ئەوەی نوێژ بکەن، قوماشێکی تەنکی ڕەشیان لەبەردایە، مل و سنگیان دیارە، هەندێک پیتی عەرەبی بە شێوەیەکی هەڕەمەکی لەسەر سینگ و شانیان نووسراون. ژنەکان نزا دەکەن و باس لەو نابەرانبەرییە دەکەن کە لەنێوان پیاو و ژناندا هەیە. ئەو فیلمە ڕەخنەئامێزە ئارامی لەبەر ئیسلامییەکان هەڵگرت و ترسنۆکانە تێیۆیان کوشت.

 

بەو جۆرە دوای کوژرانی تێیۆ، شیرازەی کۆمەڵگەی هۆڵەندی گۆڕا و ئەو ئارامییەی پێشتر هەبوو، لەسایەی توندڕەویدا گۆڕانکاری بەسەر داهات. لەو لایەشەوە، توندڕەوەکان یەکتر بەهێز دەکەن و یەک ڕەهەندی دژە مرۆڤن. بردنەوەی خێرت ویڵدەرس و لەبەرانبەریشدا بەهێزبوونی ڕادیکاڵیزمی ئیسلامی لەناو پەنابەراندا، زەنگێکی مەترسییە بۆ بەیەکەوەژیان و فرەیی و ئازادییەکان و مافەکانی مرۆڤ. زەنگێکە بۆ بەئاگاهاتنەوەی کۆمەڵگەی ئەوروپی، بۆ سنووردانان بۆ هەموو جۆرە توندڕەوییەک، ئەگینا، جوانییەکانی کۆمەڵگەی ئەوروپی ئەو بەها و نۆڕمانەی کە مرۆڤایەتی بە چەندین هەنگاو بردە پێشەوە، خەریکە بەرەو دواوە دەگەڕێتەوە و توندڕەوی و توندوتیژی باڵ بەسەر ئایندەی مرۆڤایەتیدا دەکێشێت.

 

لە مێژووی ئەمڕۆی مرۆڤایەتیدا تەنیا یەک ژیار و یەک شارستانییەت هەیە، نابێت بە دووان. ئەوەی پێی وابێت پێکدادان هەیە لەنێوان دوو یان زیاتر لە دوو شارستانیەت، بە هەڵەدا چووە

 

ژیار یا شارستانییەتی ئەوڕۆ، بە هەموو ڕەهەندە جوانەکانی لە سیستەمی دیموکراسی/ سەکولار، ئازادییەکان، مافەکانی مرۆڤ، ئەمانەتی هەموو مرۆڤایەتییە. ژیارێك کە لە مێژوودا بێوێنەیە. ئەوەش گرنگە ئاماژەی پێ بکەم، کە لە مێژووی ئەمڕۆی مرۆڤایەتیدا تەنیا یەک ژیار و یەک شارستانییەت هەیە، نابێت بە دووان. ئەوەی پێی وابێت پێکدادان هەیە لەنێوان دوو یان زیاتر لە دوو شارستانیەت، بەو ڕەهەندانەی کە باسم کرد، بە هەڵەدا چووە. دوو شارستانیەت نین، بەڵکو یەک شارستانییەت هەیە لەوپەڕی سەر زەوی تا ئەوپەڕی سەر زەوی. ڕاستە ئەوروپیەکان لە درووستکردن و سەرکەوتنی ئەو شارستانییەتەدا پێشەنگن، بەڵام بە تەنیا بەرهەمی ئەوان نییە، بەڵکو هەموو مرۆڤایەتی لە پەرەپێدان و بەهێزکردنی ئەو بەها و نۆڕمە گەردوونییانەدا بەشدارن، بۆیە ئەو ژیارە موڵکی مرۆڤایەتییە و ئەمانەتی هەمووانیشە. ئەوانەی ئەوڕۆ لە هەر پێگە و شوێنێکدا بن و دژ بەو ژیارە لە جەنگ و شەڕدان، هەڵگری بەها و نۆڕمەکانی ئەو ژیارە نین، بەڵکو دژە ژیارن. ئەوە ڕاستە دژە ژیار، خاوەنی کەلتوور و ئایدیۆلۆژیای تایبەت بە خۆیانن، بەڵام هەڵگری ئەو بەها و نۆڕمانە نین کە تایبەتمەندیی ئەو ژیارە هاوچەرخەن.

تەماشا کەن پوتین بە هەموو ڕەهەندە ئۆتۆریتێر و تاکڕەوێتی خۆی، نەک هەر دژە ڕۆژئاوایە، بەڵکو دژی ئەو بەها و نۆڕمە گەردوونییانەشە کە تا ئەوڕۆ مرۆڤایەتی لەوە باشتری بەرهەم نەهێناوە، “ڕژێمی ئیسلامی ئێران لەو لایە” و “کۆریای باکوور لەو سەر” و ڕژێمە لات و پاتەکانی وەکوو سووریا، عێراق، یەمەن و پڕۆکسییە پڕۆ ئێرانییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەو سەریشەوە لە ڕۆژئاوا، بزووتنەوە ڕادیکاڵە توندڕەوەکان و کەسایەتییە توندڕەو و پۆپۆلیستەکانی وەکوو تڕەمپ لە ئەمریکا، لۆپین لە فەڕەنسا، خێرت ویڵدەرس لە هۆڵەندا و نایجل فارێیج لە بەریتانیا، هەموو ئەوانە بەرەیەکن و دژ بە دیموکراسی، فرەیی، ئازادییەکان و مافەکانی مرۆڤ و بەها و نۆڕمەکانی ژیاری هاوچەرخن و یەکتر تەواو دەکەن. ئەگەر مرۆڤایەتی پارێزگاری لە شارستانییەتی خۆیان نەکەن و دژ بە توندڕەوی و ڕادیکاڵیزم نەوەستنەوە، ئایندەی مرۆڤایەتی بەدەست ئیسلامیست، ناسیۆنالیست، کۆمۆنیست و تەواوی گرووپە ڕادیکاڵیستە جیاوازەکان و خێرت ویڵدەرسەکانەوە وێران و سەراوبن دەبێت.

ئیبراهیم مه‌لازاده‌

نووسه‌ر و توێژه‌ر

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...