
وا دەبینم ئاماژە بێت بە دەستپێکی سەرەپێچێکی نوێ لە دۆخی عێراق و ناوچەکەدا، ئەگەری قووڵبوونەوەی زیاتری ململانێکان و تێوەگلانی عێراق، هەڵکشانی گرژییەکان و بەشداربوونی زیاتری ئەمریکا لە ئاڕاستەکردنی گۆڕانکارییە چاوەڕوانکراوەکان و واقیعی ناوخۆی عێراقدا.
ئەم هەنگاوەی ئەمریکا، لە سایەی نەبوونی باڵوێزی واشنتۆن لە بەغدا، تەواوبوونی کاری نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراقدا، شکستی هەوڵەکانی بینینی ترەمپ لە لایەن سوودانییەوە لە ماوەی پێشوودا، سەروبەندی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی عێراق و بەشداریکردنی ناڕاستەوخۆی ئەمریکا تێیدا، بە تایبەتیش لە ئاستی چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ بەرەنجامەکانیدا، ناکامی داواکاریی پێشووتری واشنتۆن بۆ چەکداماڵینی گرووپە چەکدارە ئایدۆلۆژیستە شیعە عێراقییەکان، ئەگەری دووبارە دەستپێکردنەوەی جەنگی ئێران لەگەڵ ئیسرائیل و ڕەنگە ئەمریکا و ترۆیکای ئەورووپیشدا، بەسەریەکەوە پێمان دەڵێن، کە عێراق و ناوچەکە لە بەردەم بەرکەوتەیەکی بە ئازاربەخشی نوێدان، بە تایبەتیش لە چوارچێوەی ستراتیژ و دروشمی نوێی ترەمدا کە، چەسپاندنی ئاشتییە لە ڕێگەی هێزەوە. واتە ئەگەر حکوومەتێک ئەوەی لێی داوا دەکرێت سەبارەت بە چەکداماڵینی گرووپەکان، جێگۆڕکەی جیۆسیاسی، دووبارە داڕشتنەوەی هاوپەیمانێتییەکان و خۆپێناسەکردنەوە، خۆی نەیهێنێتەدی و ئەنجامی نەدات، ئەوا ئەمریکا بە شێوازی جیاواز و تایبەتی خۆی و بەیارمەتی چنگ و نینۆکەکانی ئیسرائیل ئەو کارە دەکات. حوکمی حکوومەت و دەوڵەتێکی شکستخواردووشی بە سەردا دەدات. بە حوکمی ئەوەی کە دەخوازێت، ناوچەکە بە شکڵ و سیمایەکی نوێوە دابڕێژێتەوە، هەربۆیە ئەوەی ئامادەی خۆگۆڕین لەگەڵ پێداویستییەکانی ئەم گۆڕانکارییە نەبێت، خۆی لێ نەبان بکات و پارێزگاری لە دۆخی کۆن و هاوکێشەکانی بکات، وەک بەربەست و دوژمن سەیری دەکات و هەوڵ دەدات بە هێز گۆڕانکاری بەسەردا بسەپێنێت.
خو ئەگەر دەرفەتی مانەوەی بۆ ماوەیەک پێدرا، بۆ ئەوە نییە تا سەر بەو جۆرە بمێنێتەوە، بەڵکوو بۆ ئەوەیە وەك نموونەیەکی خراپ و ناکارا و شکستخواردوو و بێ ئاسۆی دۆخی کۆن نیشان بدرێت، تاوەکوو ببێت بە ڕەمزی درێژەپێدان بە ئازار و نەهامەتی و مەینەتییەکان و دواجاریش پاساوی کۆتاییپێهێنانی.
لە ڕوویەکی ترەوە، بە دیاریکردنی ئەم نوێنەرەی سەرۆکی ئەمریکا، دیمەنەکە لە لوبنانەوە بۆ عێراق تەواو دەبێت، ساڤایا دەبێتە تەواوکەری کارەکانی تۆم باراك، بەوەش، جوگرافیای ململانێکان و ئاڕاستەی گۆڕانکارییەکان ڕوونتر دەبێتەوە.
حکوومەتی عێراقیش لە سایەی ناکامی چەمکی دەوڵەت و نەبوونی سەروەری ناوخۆیی و دەرەکی ڕاستەقینە، لە سۆنگەی هەلومەرجی ناوخۆیی، ناسنامە و پاشخانی سیاسی و فکری و مەزهەبیی هێزە باڵادەست و بڕیار بە دەستەکانی، توانای مانۆڕ و بە دەستەوەگرتنی دەستپێشخەری زۆری نییە. بە هۆی چەکی دەستی گرووپەکان، هەڵوێستی هێزە بنەڕەتییەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، ڤیتۆی هەندێ لە دراوسێکان، دابەشبوون لەسەر ئاستی پێکهاتەکان، دەست و پێبەستران بە هۆی هەندێ یاسا و ڕێسا و هاوسەنگییەوە، تا ڕادەیەکی زۆر چارەنووسی خۆی بەواتای وشە لەدەستی خۆیدا نەماوە.
بە واتایەکی تر، ئەوەی لە دووجەمسەرە دژ بەیەکەی ناوچەکە لە عێراق داوا دەکرێت، لە تواناکانی ئەو گەورەترە، بۆیە، داوا و تەرحەکان لەم چوارچێوەدا بەگوێرەی پێویست فۆڕمی گفتوگۆ و وتووێژی ڕاستەقینە بەخۆوە ناگرن، هێندەی قسەکردنن لەسەر کات و جۆری وەڵامدانەوە بە داخوازییە یەکلاکەرەوە و هۆشیاریی پێدانەکان، هەروەها چارەنووس بەستنەوە بە ئاکامی ڕەوتی ململانێکان، داوای ڕێککەوتن و چارەسەری مامناوەندی نین.
ئەمریکا داوای لێدەکات لە چوارچێوەی دۆخی نوێی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا خۆی بگونجێنێت. هاوپەیمانە هەرێمایەتییەکەشی، ڕێک بە پێچەوانەوە، داوای خۆڕاگری و درێژەدان بە دۆخی ڕابردوو پارێزگاریکردن لە ڕۆڵ و ناسنامە و دەوری ئێستای لێ دەکات، بەڵکوو زیاد لەوەش چاوی لەوەیە، لە جەنگی هەمەجۆری چاوەڕوانکراوی شیعەی سیاسی ناوچەکەدا، شوێنگەی ئێستاش بە قازانجی هەڵوێستێکی ڕادیکاڵ و بەبڕشتر بە جێبهێڵێت و ببێتە بەشێکی بنەڕەتی ململانێ و جەنگەکان و بە تەواوەتی بەلای بەرەی خۆڕاگری لە هەڵقە هەرە توندەکەیدا، خۆی یەکلایی بکاتەوە.
ئەمەش پێمان دەڵێت، ئەو لەیەکتر تێگەیشتن و ڕۆڵ دابەشکردنەی نێوان دژبەرەکان لە عێراقدا، کە چەندین ساڵ بوو ئەم وڵاتەی پێوە بەڕێوە دەچوو، لە کۆتاییەکانی خۆی نزیک دەبێتەوە، کە هێندەی تر شانی کاربەدستانی عێراق یاخود بەشێ لەوان بۆ درێژەدان بە پەیڕەوکردنی سیاسەتی پاراستنی هاوسەنگی لەنێوان جەمسەرە دژبەیەکەکاندا قورستر دەکات. بە تایبەتیش لەو سۆنگەوە، کە ئەگەر هەندێ لە بڕیاردەستەکان بژاردەیەکی جیاوازیشان هەبێت، بەئاسانی توانای بڕیاردانیان نییە، ئەگەر توانای بڕیاردانیشان بۆ پەیدا ببێت، بە گوێرەی پێویست توانای جێبەجێکردنی بڕیارەکەیان نییە. بەتەواوەتیش لەوە دڵنیا نین، کە ئەگەر کارێکی لەو جۆرە بکەن، داخۆ دەتوانن وەک بەشێك لە جوگرافیای هێز و حوکمڕانی پاش گۆڕانکارییە چاوەڕوانکراوەکان حسابیان بۆ بکرێت و بمێننەوە، یاخود تەنها دەورێکی وەزیفی کاتیان پێ دەسپێردرێت و دواتر لە دیمەن و شانۆکە دەکرێنە دەرەوە؟




