ئابووریسیاسیشرۆڤه‌
ئاراستەکان

چین و نەوتی عێراق

 

ماوەیەک لەمەوپێش کۆمپانیای ئێکسۆن لە کێڵگەی گەورەی قوڕنەی ڕۆژئاوا لە کارکردن دەستی کێشایەوە. ئەمە وەها بینرا کە کۆتایی کۆمپانیا گەورەکانی ڕۆژئاوایە لە عێراق، ئەوانەی کە لە ئەدەبیاتی نەوتدا بە حەوت دەستەخوشکەکە ناسراون. کشانەوەی ئێکسۆن، چین جێگرەوەی بوو. چیرۆکی چین و نەوتی عێراق چیرۆکێکی سەرنجڕاکێشە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

لە ساڵی ٢٠٢٢ سارا ماکفارلن، لە ڕێگای واشنتۆن ئینستیویتەوە، پەیوەندی پێوەکردم، بۆ قسەکردن لە سەر هەوڵی عێراق بۆ ڕێگری لە زاڵبوونی کۆمپانیا نەوتییەکانی چین بە سەر کەرتی نەوتی عێراقدا. پرسی فرۆشتنی پشکی ئیکسۆن و لوک ئۆیلی ڕووسی بۆ چینییەکان لە ئارادابوو. عێراقییەکان بە ئێکسۆنیان گوتبوو کە ئەوان وەها بە باشتر دەزانن کە پشکەکانیان بدەن بە کۆمپانیای نەوتی بەسڕا.

ئەم هەوڵی ڕاگرتنی چینییەکان وەک هەنگاوێکی گرنگ بینرا لە میدیاکانی ڕۆژئاوادا. پاش گفتوگۆ لەگەڵ سارادا، کە بۆ ڕۆیتەر کاری دەکرد، لە ڕێگەی کەسێکەوە قسەم لەگەڵ لوئەی خەتیب کرد، وەزیری پێشووی کارەبا و ماوەیەک وەزیری نەوتی عێراقی. لوئەی زانیارییەکی ئەوتۆی نەبوو. لە ڕاستیدا هەستمکرد، وەک زۆر عێراقی بە تەواوی هەرزەکاریی تێنەپەڕاندووە. پۆزێک هەیە لە کەرتی نەوتدا، کە بەرپرسانی وڵاتی نەوتی دەڵێن کاشکا نەوتمان نەبووایە، ئەویش وەها پۆزی لێدەدا، منیش پێمگوت لە سۆماڵ خراپتر دەبووین، گوتی، نەخێر وەک مەغریب دەبووین.

سەرباری هەوڵەکان، بەڵام نەتوانرا ڕێگری لە چینییەکان بکرێت. ئەم ڕۆژانەی پێشوو کارێکم بۆ خانەی بیری ئیماراتی کرد لەمبارەوە. چۆن چین هەوڵدەدات کە عێراق وەها وابەستە بکات بە خۆیەوە کە توانای ئەوەی نەبێت ئاسایشی وزەی بخاتە مەترسییەوە. بۆ تێگەیشتن لەم پرسە پێویستمان بە تێگەیشتنە بۆ ئاسایشی وزە لە دیدی چینەوە.

 

چین هەمیشە دژ بە ئابلۆقەی سەر عێراق بوو، بەمجۆرە لەلای ڕژێمی پێشوو جۆرێک لە قبوڵیەتی هەبوو. کە بڕیاری نەوت بە خۆراک دەرچوو، چین وەک دەرفەتێکی بینی بۆ هاتنی بۆ ناو کەرتی نەوتی عێراق.

 

مێژووی چین لەگەڵ نەوتدا مێژوویەکی تایبەتە. لە پاش شۆڕشی چینی، چین پشتی بە سۆڤیەت دەبەست بۆ دابینکردنی وزە. پەیوەندی ماو و ستالین پەیوەندییەکی ئاسان نەبوو، ستالین نەیدەویست کەس بە هاوتای خۆی بزانێت بەتایبەتی کۆمۆنیستەکان، هەتا لێی یاخی نەبن، وەک تیتۆ لە یوگوسلاڤیا کردی. بەڵام پەیوەندییەکە درێژەی کێشا. پاش مەرگی ستالین پەیوەندی چین و سۆڤیەت بەرەو خراپی ڕۆشت، لە ساڵی ١٩٦٩ گەیشتە ئاستی بەریەککەوتن. ئەمە بووە هۆکاری پچڕانی پەیوەندی وزەی نێوان هەردوو وڵات.

ئەوەی کەمێک شارەزایی لە ماوزیمدا هەبێت، دەزانێت کە یەکێک لە چەمکە سەرەکییەکانی ماویزم پشت بەخۆبەستنە. کاتێک کە سۆڤیەت نەوتی بڕی، هەرزوو پاش ئەوە دەست بە پشکینین کرا لە ناو چیندا و لە ئەنجامدا لە ناوچەی تاچینگ نەوت دۆزرایەوە، چین توانی پشت بە خۆی ببەستێت، تەنانەت هەندێک هەناردەش بکات. بەڵام لە ناوەڕاستی هەشتاکان ئەمەش بەرەو کۆتایی ڕۆیشت، ئیتر چینییەکان گەیشتنە ئەو باوەڕەی کە کرانەوە و گەشەی ئابوورییان ناچاریان دەکات لە دەرەوە بە دوای دابینکردنی نەوتدا بگەڕێن. ئەمە بۆ چین ئاسان نەبوو. بەڵام لە ساڵی ١٩٩٣ چین بە ناچاری و بەیەکجاری بوو بە وڵاتێکی هاوردەکار لە بواری نەوتدا. لەم ڕووەوە چین کۆمەڵێک ستراتیژی گرتەبەر، یەکێک لەو سیاسەتانە ڕۆیشتن بوو بۆ ئەو جێگایانەی کە کەسی تری لێنەبوو یان هیچ کۆمپانیایەک توانای نەبوو بڕوات. لە نەوەدەکان چین هەمیشە دژ بە ئابلۆقەی سەر عێراق بوو لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بەمجۆرە لەلای ڕژێمی پێشوو جۆرێک لە قبوڵیەتی بۆ درووستبووبوو. کاتێک لە ساڵی ١٩٩٦ بڕیاری نەوت بە خۆراک لە نەتەوەیەکگرتووەکانەوە دەرچوو، چین خێرا وەک دەرفەتێکی بینی بۆ هاتنی بۆ ناو کەرتی نەوتی عێراق. هەردوو وڵات لە ساڵی ١٩٩٧ گەیشتە لێکگەیشتنێک کە چین لە کێڵگەی نەوتی ئەحدەب کار بکات. بەڵام پڕۆسەکە بە هۆی دۆخی سەختی عێراقەوە بە ئاسانی بەرەوپێش نەچوو.

 

جەلال تاڵەبانی بە یەکێک لە هۆکارەکانی هاتنی چین بۆ عێراق دادەندرێت و یەکێتی ڕێخۆشکەری سەرەکی ئەم پەیوەندییەیە

 

ئەمجۆرە لە مامەڵەیە، لە لایەن ئەمریکاوە وەها دەبینرێت کە چین سوود لە لاوازی ئەوانی تر وەردەگرێت بۆ مەبەستی سوودی تایبەتی خۆی. کاتێک کە سەدام لابردرا، چین داوای گەڕانەوەی بۆ گرێبەستەکانی کرد، بەڵام بە ئاسانی قبوڵ نەکرا. چین بۆ ئەم مەبەستە بڕیاری دا کە لە قەرزەکانی عێراق خۆش بێت. کاتێک لە شەرم ئەلشێخ لەمبارەیەوە کۆنفراسێک سازکرا، چین ئاماژەی بە ئەوە دا، بەڵام بە فەرمی بڕیاری نەدا هەتا لە هاوینی ساڵی ٢٠٠٧ سەرۆکی ئەوکاتی عێراقی جەلال تاڵەبانی سەردانی چینی کرد و لەگەڵ سەرۆکی ئەوکاتەی چین هوژین تاو کۆبووەوە. دیارە پلانی چینییەکان وەهابوو کە لە کاتی سەردانەکەی سەرۆکی عێراقدا بڕیاری لێخۆشبوونی قەرزەکان بدەن بۆ کۆمەڵێک مەبەست.

جەلال تاڵەبانی پەیوەندییەکی تایبەتی هەبوو بە چینەوە، کە بە تەواوی نازانرێت پاڵنەرەکانی چی بوون. مەلا بەختیار پێی گوتم کاتێک سۆڤیەت پشتیوانی شۆڕش نەبوو، مام جەلال بەرەو چین ڕۆیشت. بەڵام لە ڕاستیدا چین بە هیچ شێوەیەک ئاگادار نەبوو لە ماویزمی کوردی. وەک دەڵێن خۆشەویستییەکی تاکلایەنە بوو، وەک زۆرێک لە پاڵەوانەکانی چیرۆکەکانی شێرزاد حەسەن.

هۆکار و پاڵنەرەکان هەرچی بن، جەلال تاڵەبانی بە یەکێک لە هۆکارەکانی هاتنی چین بۆ عێراق دادەندرێت و یەکێتی ڕێخۆشکەری سەرەکی ئەم پەیوەندییەیە.

 

تا دێت چین بە سەر کەرتی نەوتی عێراقدا زاڵ دەبێت. نابێت ڕۆڵی ئێران لەم ڕووەوە نادیدە بگرین. ئێران هەمیشە دژ بە پێدانی گرێبەست بووە بە کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە عێراق

 

کە دێتە سەر ئاسایشی وزە، چین چەند بنەمایەک بەلایانەوە مایەی نیگەرانییە؛ یەکەم، چۆن دەستیان بە سەرچاوەکانی وزە بگات و چۆن بە سەلامەتی بیگەیەننە چین. لەم پێناوەدا چەندین هەنگاویان ناوە، بۆ نمونە ڕاکێشانی بۆڕی لە ڕووسیا و ئاسیای ناوەندەوە. هەروەها پەرەدان بە بەندەری گوادار لە پاکستان، هەرچەندە ئەم هەنگاوە ئەگەری سەرکەوتنی کەمە. بەڵام هەوڵەکان هەرچۆنێک بێت، چین هێشتا پێویستی بە گواستنەوەی وزەیە لە ناو ئەو دەریا و زەریا و تەنگەبەرانەوە کە ئەمریکا بە سەریدا زاڵە، هەر لە کەنداوی عەرەبییەوە هەتا تەنگەبەری مەلاکە.

هەرچی پەیوەستە بە عێراقەوە، ئەوە لە چەند ئاستێکدا دۆخێکی تایبەتە. یەکەم، ئەمریکا ڕاستەوخۆ لە عێراق بوونی سەربازیی هەیە، دووەم، ئەمریکا هێشتا کاریگەری هەیە لە سەر بڕیاری سیاسی و ئابووری و دارایی عێراق، سێیەم، ئەمریکا ڕۆڵێک دەبینێت لە ڕاگرتنی ئاسایشی عێراقدا. هەموو ئەوانە بۆ چین لە یەککاتدا مایەی قبوڵ و نیگەرانییە، چونکە چین نایەوێت لە بواری سەربازی و ئاسایشدا هیچ هەوڵێک بدات.

بۆیە چینییەکان وەهای دەبینن کە هەوڵ بۆ پێکەوەبوون دەدەن. بەڵام هەتا بێت چین بە سەر کەرتی نەوتی عێراقدا زاڵ دەبێت. نابێت ڕۆڵی ئێران لەم ڕووەوە نادیدە بگرین. ئێران هەمیشە دژ بە پێدانی گرێبەست بووە بە کۆمپانیا نەوتییە ئەمریکییەکان لە عێراق. لە ٢٠٠٧ەوە بە بەردەوامی هەوڵی ئەوە دەدات.

 

یەکێک لە سیاسەتەکانی چین بۆ مسۆگەرکردنی نەوتی عێراق هەرزانکردنی نرخە، چونکە ئەوان هەوڵی قازانج نادەن، بەڵکو ئاسایشی وزە ئەولەویەتیانە

 

لە پێناو مسۆگەرکردنی بەردەوامی نەوتی عێراق، چین چەند ڕێگایەکی گرتوەتە بەر، کە بە کورتی لە خوارەوە ئاماژەیان پێدەدەم.

یەکەم، هەرزانکردنی خزمەتی کەرتی نەوت بە ئاستێک کە هیچ کۆمپانیایەکی تر نەتوانێت کێبڕکێی بکات، ئەوە تەنیا بۆ کۆمپانیا ئەوروپایی و ئەمریکاییەکان نییە، بەڵکو ژاپۆنیەکانیش گلەیی زۆر دەکەن. چینییەکان دەتوانن ئەوە بکەن، چونکە خۆیان کارەکان دەکەن، هەروەها قازانج مەبەست نییە لە لایان، چونکە کۆمپانیاکان حکومیین. بەڵکو ئاسایشی وزە ئەولەویتیانە.

دووەم، چین دەیەوت نەوت تەنیا مامەڵەیەکی بازاڕی نەبێت، بەڵکو بە بواری ترەوە گرێ بدرێت، بۆ نمونە ژێرخان، ئاوەدانی و گرێبەستی درێژخایەن و قەرز. کەسێکی وەک عادل عەبدولمەهدی ڕۆڵێکی کاریگەری بینیوە. نەک تەنیا لە واژۆکردن بۆ گرێبەستی نەوت بەرانبەر ژێرخان، بەڵکو لە ساڵی ٢٠١٥ کاتێک وەزیری نەوت بوو لەگەڵ عەبادیدا سەردانی چینیان کرد، دەستی بەم پڕۆژەیە کرد و پاش ڕۆیشتنی لە کابینەی حکوومەتی عەبادی داوایەکی هەبوو کە ئەو ڕێککەوتنە کۆتایی پێنەهێنرێت و پەرەی پێبدرێت، وەک مەزهەر ساڵح پێمان دەڵێت خواستەکەی لە بەرچاو گیرا و پەرەی پێدرا.

 

چین هەوڵدەدات کە نەک تەنیا عێراق سەرچاوەی وزە بێت بۆ چین، بەڵکو چینیش ببێت بە سەرچاوەی وزە، بە تایبەتی تەکنەلۆجیای وزە لە عێراقدا، ئەمە بە ڕوونی لە بواری وزەی خۆر و کارەبا دەبینرێت.

 

سێیەم، چین تەنیا کڕیاری سەرەکی نییە، بەڵکو لە بوارەکانی تری وەک دەرهێنان و گواستنەوە و پاککردنەوەدا کاردەکات. سێ قۆناغەکەی نەوت لە بواری ئەدەبیاتی نەوتدا ناسراوە. چین هەروەها بە بوونی بە یەکێک لە کڕیارە سەرەکییەکان، عێراق ناچار دەکات کە نەتوانێت وازی لێبهێنێت، چونکە ناتوانرێت کڕیارێکی وەها لە بازاڕدا بدۆزرێتەوە. چینییەکان زۆر بە ئاگایانە ئەم پرسی ساغکردنەوەیە بەکار دەبەن.

چوارەم، چین هەوڵدەدات کە نەک تەنیا عێراق سەرچاوەی وزە بێت بۆ چین، بەڵکو چینیش ببێت بە سەرچاوەی وزە، بە تایبەتی تەکنەلۆجیای وزە لە عێراقدا، ئەمە بە ڕوونی لە بواری وزەی خۆر و کارەبا و بوارەکانی تردا دەبینرێت.

 

  • ئەم بابەتە لە هەفتەنامەی هاووڵاتی بڵاوکراوەتەوە.

سه‌ردار عه‌زیز

لێکۆڵەر و رۆژنامەڤان

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...