
پیشەسازی ئۆتۆمبێلی چین لەو ساڵانەی ڕابردوودا چیرۆکێکی سەرکەوتنی تۆمارکردووە. لە نێوان ساڵانی ٢٠٢١ بۆ ٢٠٢٤ ژمارەی ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە چینەوە هەناردە کراون بە ڕێژەی ٣٠٠٪ زیادی کردووە، ئەمەش وایکردووە چین بەسەر ژاپۆن تێپەڕێت و ببێتە گەورەترین هەناردەکاری ئۆتۆمبێل لە جیهاندا.
لەو چوارچێوەیەدا، بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، چەند ساڵێکە بەڕووی ئۆتۆمبێلە چینییەکاندا واڵا کراون. لە ساڵی ٢٠٢٣، عێراق نزیکەی ٢٠ هەزار ئۆتۆمبێلی چینی هاوردە کردووە. تەنها لە ماوەی چەند مانگی ساڵی ٢٠٢٤، ژمارەکە بۆ ٢٣ هەزار ئۆتۆمبێل بەرزبووەوە. ئەوەش نیشاندەری گەشەی خێرای هاوردەکردن و بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی چینییە لە عێراقدا.
هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی چینی بۆ عێراق
بەپێی زانیارییەکانی کۆمپانیای ڤۆڵزا، عێراق لە ماوەی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ تا ئەیلوولی ٢٠٢٤، بە ژمارە دوو هەزار و ٥٩٤ باری ئۆتۆمبێلی هاوردە کردووە. هاوردەکردنەکە لەلایەن ٥٢٤ هەناردەکاری بیانییەوە بۆ ٥١٠ کڕیاری عێراق دابینکراوە، کە ڕێژەی گەشەسەندنی ٥٪ بەراورد بە دوانزە مانگی پێشوو تۆمارکردووە. عێراق زۆرینەی ئۆتۆمبێلەکانی لە هیندستان، تورکیا و چینەوە هاوردە دەکات. داتاکانی کۆمپانیاکە پیشانی دەدەن، چین لەگەڵ ژاپۆن و ڤێتنام، یەکێکە لە سەرچاوە سەرەکییەکانی هاوردەی ئۆتۆمبێل بۆ عێراق، چین بە تەنیا ١٩٪ی بازاڕی هاوردەی ئۆتۆمبێل لە عێراق دادەپۆشێت.
لە ساڵی ٢٠٢٣دا، دووەمین گەورەترین قەبارەی هاوردە بۆ عێراق ئەو پارەیە بووە کە لە کڕینی ئۆتۆمبێل خەرجکراوە؛ لەو ساڵەدا عێراق بە بەهای زیاتر لە شەش ملیار دۆلار بەرهەمەکانی نەوتی و لە پلەی دووەمیشدا بە بەهای چوار ملیار و ٤٠٠ ملیۆن دۆلار ئۆتۆمبێلی هاوردە کردووە.
هۆکارەکانی گەشەی هاوردەی ئۆتۆمبێلی چینی
گەشەی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی چینی بۆ عێراق، هاوکاتە لەگەڵ هەڵکشانی بازاڕی ئۆتۆمبێلی چینی لە ئاستی جیهاندا.
بەکارهێنەرانی ئۆتۆمبێلی چینی، جەختیان لەسەر گونجاوی نرخی ئۆتۆمبێلە چینییەکان کردووەتەوە، بەراورد بە ئۆتۆمبێلە ئەوروپی و ئەمریکییەکان کە هاوردەی بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکرێن.
لەپاڵ ئەوەشدا، بەرهەمهێنەرە چینییەکان لەو دوو سێ ساڵەدا، چەندین بەرهەمی جیاوازیان لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەردەستخستووە، لەناویاندا بەرهەمە جیاجیاکانی کۆمپانیاکانی وەک MG، Chery، و Great Wall Motor و ئەوانی دی.
هێشتا، ڕاپۆرتەکان جەخت لە بەهێزبوونی پەیوەندییە سیاسییەکانی نێوان چین و عێراق دەکەن، وەک زەمینەسازی بۆ گەشەی ئابووری و وەبەرهێنانی چین لە وڵاتەکەدا و ئەوەش خۆبەخۆ هاوکاردەبێت لە گەشەی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی چینی بۆ عێراق. لەکاتێکدا قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان چین و عێراق لە ساڵی ٢٠٢٣دا، گەیشتووەتە ٤٩ ملیار دۆلار.
ئەو کارئاسانییانەی لەلایەن حکوومەتەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ ئۆتۆمبێلی کارەبایی پێشکەش دەکرێن، لەناویاندا هەڵگرتنی چەند باجێک لەسەر ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە، بازاڕێکی دیکە بۆ ئۆتۆمبێلی کارەبایی دەکاتەوە، لەناویشیاندا بەرهەمە چینییەکان کە چەند ساڵێکە لە عێراقدا ئامادەن. فرۆشیارانی ئۆتۆمبێلی کارەبایی چینی، دەڵێن، بەرهەمە چینییەکان بەهۆی کوالێتی بەرز، نرخی کەمتر و شێوە و مۆدێلی جیاجیاوە، سەرنجی کڕیارانیان بۆ خۆیان ڕاکێشاوە.
بەشێک لە نادڵنیایی کڕیارانی ئۆتۆمبێل لە عێراق و هەرێمی کوردستان و پێوەست بە ئۆتۆمبێلەکانی چینی، ترسە لە دەستنەکەوتنی یەدەگ و کەلوپەلی ئۆتۆمبێلەکان، ئەوەش وەک زۆر ئۆتۆمبێلی دیکەی نوێ. لەکاتێکدا بریکارانی کۆمپانیا چینییەکان هەوڵیانداوە لەڕێگەی دابینکردنی بەشەکانی خزمەتگوزاری چاککردنەوەی ئۆتۆمبێل و پێدانی دڵنیایی درێژخایەن بە کڕیاران و سەبارەت بە بەرهەمەکانیان، وەڵامی ئەو دڕدۆنگی و نادڵنیاییە بدەنەوە.
سەربەست عەلی، مامەڵەکارێکی ئۆتۆمبێل لە پیشەنگەی ئۆتۆمبێل لە هەولێر بە زێدپرێسی گوت، ئەو نادڵنیاییە بەزوویی و لەگەڵ گەشەی بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی چینی تێپەڕ دەبێت، لەکاتێکدا زۆرینەی پارچە و کەلوپەل و یەدەگی زۆرینەی ئەو ئۆتۆمبێلە ئەوروپی، ژاپۆنی و کۆری و … ئەوانی دی کە لە هەرێمی کوردستان بەکاردێن لە بنەڕەتدا لە چینەوە هاوردە دەکرێن، نیگەرانییەکی ئەوتۆ لەئارادا نابێت کە یەدەگی ئۆتۆمبێلە چینییەکان لە چینەوە ئاسانتر دەگات و دابین دەکرێت.
گوتەکانی سەربەست، هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامی هاوردەکردنی پارچە و یەدەگی ئۆتۆمبێل لە چینەوە بۆ عێراق. تەنیا لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣دا، عێراق بە بەهای زیاتر لە ٢٧١ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی یەدەگ و کەلوپەلی ئۆتۆمبێلی لە چینەوە هاوردە کردووە.
تەنیا لە مانگی ئازاری ئەمساڵدا، بە بەهای زیاتر لە ٤٠ ملیۆن دۆلار ئۆتۆمبێلی چینی هەناردەی عێراق کراوە، لە هەمان مانگدا بە بەهای زیاتر لە ٥٣ ملیۆن دۆلار تەنیا تایەی ئۆتۆمبێل لە چینەوە هاوردەی عێراق کراوە.