هه‌واڵ

شاندی حکوومەتی هەرێم دەچێتەوە بەغدا

زێدپرێس

 

سبەی دووشەم، جارێکی دیکە شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات و بڕیارە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆببنەوە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

بەگوێرەی زانیارییەکانی زێدپرێس، ئاوات جەناب وەزیری دارایی و ئابووری، سەرۆکایەتی شاندی حکوومەتی هەرێم بۆ بەغدا دەکات.

هەر ئەمڕۆ یەکشەم، ٢٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە میدیاکانی پارتی ڕایگەیاند، سبەی سەردانی بەغدا دەکەن و بڕیارە لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆببنەوە.

ئومێد سەباح گوتی “لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەت، وەک شاندی هەرێمی کوردستان کارمان لەسەر ئەوە کردووە، لە پەیوەندی بەردەوام بین لەگەڵ هەموو ئۆرگانەکانی حکوومەتی فیدڕاڵی عێراق و ئامانجی سەرەکیشمان وەرگرتنی شایستە دەستورییەکانی خەڵکی کوردستانە، بەتایبەت مووچەخۆران”.

زیاتر دەڵێ “سەرۆکوەزیرانی هەرێم لە پەیوەندی بەردەوام بووە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، خۆی نەخشەدانەری ئەو کارانە بووە کە لە بەغدا ئەنجاممانداوە و لە دواکۆبوونەوەشدا کارمان لەسەر ئەوە کردووە، کە شاندێکی دیکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات، بڕیارە سبەی شاندەکە سەردانی بەغدا بکات و لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆدەبینەوە”.

بەگوتەی سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم، شاندەکە لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی عێراق گفتوگۆ لەسەر پرسێکی دیاریکراو دەکەن، لەناویاندا مووچەی مووچەخۆران و شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکانی خاوەنکار لە کەرتی نەوت و گازی کوردستاندا.

ئومێد سەباح زیاتر گوتی “قسەکردنی زیاتر لەسەر مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەبێت. ئێمە دەچین لەچوارچێوەی فەرموودە و ڕێنماییەکانی جەنابی سەرۆکی حکوومەت هەوڵدەدەین شایستە داراییەکان و مافە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان بپارێزین”.

لەبارەی ناردنی ٧٠٠ ملیار دینارەکەیش بۆ هەرێمی کوردستان، باسی لەوە کرد، “سەرجەم ڕێکارەکان لای ئێمە تەواوبوون و زیاتر لە ١٠ ڕۆژ دەبێت نووسراومان بۆ بەغدا کردووە، لە بەغدا دوازانیاری ئەوەیە کە وەزارەتی دارایی دەستی بە تەمویلکردنی هەموو وەزارەتەکانی خۆیان کردووە، بڕیاریشە کە تەمویلکردنی ئێمەش لەو چوارچێوەیەدا بێت و دوانەکەوێت”.

 

سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، هەڵوەستەی لەسەر دەستکردنەوە بە هەناردەکردنی نەوت کرد و گوتی “بڕیارە لە دوای ١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە دانیشتنێکی دیکە لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق بکرێت، لەماوەی سەردانەکەی وەزیری نەوتی عێراق و تیمەکەی بۆ هەرێم، تیمە هونەرییەکان کۆبوونەوەی دوورودرێژمان کردووە، هەندێک داواکاریان هەبووە، کە بریتی بوون لە پێدانی زانیاری لەسەر بارودۆخ و دۆسیەی نەوت لە هەرێمی کوردستان، سەرجەم ئەو زانیاری و داواکارییانەی وەزارەتی نەوتی عێراق داوایکردبوو، هەموویمان بە نووسراوێکی فەرمی پێش سێ ڕۆژ بۆیان ناردووە”. ئاماژەی بەوەشدا “بڕیاروایە لە ٣ی کانوونی یەکەم کۆبوونەوەیەکی دیکە بکەین و بزانین حکوومەتی فیدڕاڵی دواین بڕیاری خۆی بدات، کە ئایا دەتوانێت تێچووی ڕاستەقینەی بەرهەمهێنانی نەوت و شایستەکانی لە ئەستۆ بگرێت یان نا؟”.

لەبارەی هەڵوێستی حکوومەتی هەرێم بۆ دەستکردنەوە بە هەناردەکردنی نەوت، باسی لەوە کرد “لەگەڵ ئەوەداین، ئێستا و دەستبەجێ دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوت بکرێتەوە، بەڵام ئەوە پێوەستە بەوەی کە حکوومەتی فیدڕاڵی چەند دەتوانێت تێچوو و شایستەکانی کۆمپانیاکانی خاوەنکار لە کەرتی نەوت و گازی کوردستان دابین بکات. چونکە ئەگەر تێچوو دابین نەکرێت، بەرهەمهێنان و هەناردەکردن دەست پێ ناکاتەوە”.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...