شرۆڤه‌كه‌لتوور

کاریگەری مانگرتنی مامۆستایان لەسەر پڕۆسەی خوێندن

ڕەهێڵ دزەیی

 

سیستەمی پەروەردە و فێرکردن کاریگەری زۆری هەیە لەسەر گەشەکردن و بەرەوپێشچوونی هەر وڵاتێک. ئەو وڵاتانەی گرنگی زۆر بەم کەرتە دەدەن و هەردەم لە هەوڵی باشکردنی سستەمی پەروەردە و فێرکردنن، وڵاتانێکن بەردەوام لە گەشەکردندان و لە سەرجەم بوارەکان سەرکەوتوون، پێچەوانەکەشی ڕاستە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

لە هەرێمی کوردستان نەتوانراوە گەشە بە سستەمی پەروەردە و فێرکردن بدرێت، هێشتا کار بە سستەمێکی دواکەوتوو و کلاسیک دەکرێت. کەرتی پەروەردە پەراوێزخراوە و گرنگییەکی ئەوتۆی پێنەدراوە، حزبەکانی دەسەڵات بەکاری دەهێنن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی کۆمەڵگا لە ڕێگای دانانی کەسانی لایەنگری خۆیان و کەسانێک ئینتمای تەواوی بۆ حزب هەبێت نەک بۆ پیشە پیرۆزەکەی.

لەبەر دواخستنی مووچە و نەدانی شایستە داراییەکانی مامۆستایان و فەرمانبەران، مامۆستایانی سنوری پارێزگای سلێمانی لەگەڵ دەستپێکردنی ساڵی خوێندنی ٢٠٢٣/٢٠٢٤ کە دەبوو لە ڕۆژی ١٣/٩/٢٠٢٣ دەست بە خوێندن بکەن، بەپێی ساڵنامەی خوێندنی وەزارەتی پەروەردە و فێرکردن، بڕیاری مانگرتنیان دا. مانگرتنی مامۆستایان هەر بەردەوامە و بڕیاریان داوە تا مافەکانیان بەدەست نەهێنن نەچنەوە ناو پۆلەکانیان.

ئەم مانگرتنە کاریگەر زۆری لەسەر خوێندکاران هەیە و دەبێت. خوێندکاران زەرەرمەندی سەرەکیین.

 

تەنیا ١٦ ڕۆژ ماوە بۆ کۆتایی ڕۆژەکانی خوێندنی وەرزی یەکەمی ساڵی خوێندنی ٢٠٢٣/٢٠٢٤ و تا ئیستا خوێندکارانی سنوری پارێزگای سلێمانی یەک وانەیان پێنەگوتراوەتەوە

 

خوێندکار بەپێی ڕێنماییەکانی ڕێکخراوی یونیسێڤ مافی ئەوەی هەیە ساڵانە ١٩٠ ڕۆژ وانەی پێبگوترێتەوە و ئەو زانستانەی لەم ساڵەی خوێندن بە تەواوەتی فێربکرێت و بەشیوازێک کە زانستەکان لەلای ببێت بە مەعریفە و سوودی لێوەربگرێت و لە داهاتوو لەڕێگای ئەم مەعریفەتە خزمەت بە وڵاتەکەی بکات.

لە ١٣/٩ تا ئەمڕۆ کە ٢٥/١١ /٢٠٢٣یە، دەکاتە ٥٢ ڕۆژی خوێندن، لەگەڵ ئەوەی مامۆستایانی سنوری پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک ئەوانیش مافە داراییەکانیان وەرنەگرتووە، بەڵام مامۆستایان مانیان نەگرتووە و دەرگای خوێندنگاکان بەڕووی خوێندکاراندا کراوەن، لە سنوری پارێزگای سلێمانی خوێندکارەکان لە خوێندن بێبەش بوونە.

لە ساڵنامەی خوێندن کە وەزارەتی پەروەردە و فێرکردن دایڕشتووە و تێیدا کۆی ئەو ڕۆژانە دیاریکراون کە دەبێت خوێندن لە خوێندنگاکان بە خوێندکاران بگوترێتەوە. هەرچەندە ئەم ڕۆژانەی دەستنیشان کراوە کەمترە لە ستانداری جیهانی. لە ساڵنامەی خوێندن ١٣٥ ڕۆژ بۆ خوێندن دیاری کراوە، کە دەبوو ١٩٠ ڕۆژ بێت. تەنیا ١٦ ڕۆژ ماوە بۆ کۆتایی ڕۆژەکانی خوێندنی وەرزی یەکەمی ساڵی خوێندنی ٢٠٢٣/٢٠٢٤ و تا ئیستا خوێندکارانی سنوری پارێزگای سلێمانی یەک وانەیان پێنەگوتراوەتەوە.

پرسیارەکە ئەوەیە، ئەگەر ئەو ١٦ ڕۆژەش تەواو بوو، مانگرتنی مامۆستایان بەردەوام بوو، وەرزی یەکەمی ئەمساڵی خوێندن تەواو بوو، چۆن وەزارەتی پەروەردە ئەو کاتە بۆ خوێندکارانی سنوری سلێمانی قەرەبوو دەکاتەوە؟

یان بە بڕیارێک ساڵێکی خوێندن بۆ خوێندکارانی سنوری سلێمانی کورت دەکەنەوە بۆ وەرزێک!

 

مامۆستایان مافی خۆیانە مان بگرن و داوای شایستە داراییەکانی خۆیان بکەن، دەبوو خوێندکاران و خانەوادەکانیشیان پشتوانی لەم مانگرتنە بکەن، بۆ ئەوەی زووتر حکوومەت بە دەنگ مامۆستان بێت و خوێندکارانیش بێبەش نەبن لە خوێندن

 

ئەم شێوازە پێمان دەڵێ کە وەزارەتی پەروەردە و فێرکردن گرنگ نییە لەلای، کە خوێندکار چی فێردەبێت و تا چەند سوودی لە وانەکان وەرگرتووە، بەڵکو گرنگ نمرەیە و خوێندکار دەرچێت لە تاقیکردنەوە. ساڵانی پێشوو دەریخست کە لەمەش وەزارەتی پەروەردە و فێرکردن سەرکەوتوو نەبوون، ڕێژەی دەرچووان لەو ئاستە نەبووە کە بتوانین بڵێین سەرکەوتووبوون.

مامۆستایان مافی خۆیانە مان بگرن و داوای شایستە داراییەکانی خۆیان بکەن، دەبوو خوێندکاران و خانەوادەکانیشیان پشتوانی لەم مانگرتنە بکەن، بۆ ئەوەی زووتر حکوومەت بە دەنگ مامۆستان بێت و خوێندکارانیش بێبەش نەبن لە خوێندن.

مووچە، هاوکاری کردن نییە لەلایەن حکوومەت بۆ مامۆستایان و فەرمانبەران، تا بە ئارەزووی خۆی بڕیاربدات کەی مووچە دابەش دەکات و کەی نیوەی دەبڕێت، بەڵکو ئەو مووچەیە مافێکە بەرانبەر بەو ئەرکەی پێی هەڵدەستن و دەبێت هەموو مانگێگ لە کاتی خۆی پێیان بدرێت.

ئەرکی حکوومەتە زیاتر لە خەمی خوێندکاران بێت و خوێندن و ماندبوونی چەندین ساڵەیان و دواڕۆژیان نەکاتە بەشێک لە یارییە سیاسییەکانی نێوان حزبەکان و نێوان هەرێم و حکوومەتی مەرکەزی.

لەدەستدانی ساڵێکی خوێندنی خوێندکاران، دەبێتە گەورەترین شکست بۆ ئەم کابینەی حکوومەتی هەرێم. ڕاستە خوێندکاران ساڵێکی خوێندنیان لەدەست دەچێت و گومانی تێدا نییە ئەم شێوازە لە مامەڵەکردن و بێباکی دەسەڵات لەگەڵ خوێندن و ئامانجی خوێندکاران دەبێتە مایەی بێبەهاکردنی خوێندن و بێئومێدی خوێندکاران، کە لە ڕێگای خوێندن ئاواتەکانیان بەدەستبێنن، بەڵام کاریگەری گەورەتری لەسەر ئاستی بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگا زیاتر دەبێت.

 

ئەو بێباکییەی حکوومەت لە چارەسەرکردنی کێشەی مامۆستایان و بەدەنگەوەنەهاتنیان بەشێکە لە پڕۆسەی ئیفلیجکردنی سیستەمی پەروەردە و فێرکردن و بەدیهێنانی کۆمەڵگایەکی ملکەچ

 

لەگەڵ درووستبوونی یەکەم پەرلەمانی هەرێمی کوردستان تا کۆتا پەرلەمان، سیستەمی پەروەردە و فێرکردن بابەتێک نەبوو بەهەندوەرگیرابێت و گرنگیان پێنەداوە، هۆکارەکەش ئەوەیە، ئەندامانی پەرلەمان پێکاتبوون لە کادرانی حزبەکانی دەسەڵات.

دەسەڵات هەر لە سەرەتاوە درکی بەوە کردبوو، بۆ مانەوەی خۆیان پێویستیان بە کۆمەڵگایەکی دواکەوتوو و بێزانست و مەعریفەیە. بۆ ئەوەی کۆمەڵگایەکی دواکەوتوو و نەفام بەرهەم بێنن، دەبێت سەرەتا سیستەمی پەروەردە و فێرکردن ئیفلیج بکەن، ئەو بێباکییەی حکوومەت لە چارەسەرکردنی کێشەی مامۆستایان و بەدەنگەوەنەهاتنیان بەشێکە لە پڕۆسەی ئیفلیجکردنی سیستەمی پەروەردە و فێرکردن و بەدیهێنانی کۆمەڵگایەکی ملکەچ و پرسیارنەکەر و بێئاگا لە ماف و ئەرکەکانی.

مەترسییە گەورەکە ئەوەیە، ئەگەر دەسەڵات ئاوا بێباک بێت بەرانبەر بە مافی هاووڵاتییانی و هەوڵ نەدات متمانەی هاووڵاتییان بەدەستبهێنێت و دڵسۆزانە کار نەکات بۆ خۆشگوزەرانی و گەشەکردنی کۆمەڵگا و درووستکردنی نەوەیەکی ڕۆشنبیر و پڕ لە مەعریفە، دوور نییە لەگەڵ ئەم غرورەی خۆیان خەون و ئاواتی گەلێک لەناوببەن.

ئەم هەرێمە ئاواتی نەک تەنیا خەڵکی هەرێمی کوردستانە، بەڵکو ئاواتی گەلێکە، چەندین ساڵە خەبات دەکات لەپێناوی و لەو ڕێگایەدا چەندەها شەهیدی بەخشیوە، هەرێمی کوردستان وەک هەنگاوێک بەرەو بەدیهێنانی ئامانج و ئاواتەکانیان دەبینن، بۆیە با دڵسۆزانە و بەرپرسیارانە ئەم هەرێمە بپارێزین و گەشەی پێبدەین.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...