سیاسیشرۆڤه‌

هێنری کیسنجەر مرد

 

ئەمە هەواڵێکی ئاسایی نییە. لە ڕاستیدا ئەکاونتێکی تویتەر هەیە بە ناوی، ئایا هێشتا کیسنجەر نەمردووە. کە زیاتر لە سی هەزار فۆلۆی هەیە. ئەم بەیانییە تەنیا نووسیبووی بەڵێ. دەمێکە خەڵکێکی زۆر چاوەڕێی ئەو هەواڵەیە. کیسنجەر زۆر ژیا، زیاتر لە سەدەیەک.

 

هێنری ژیانێکی پڕ لە ڕوداو ژیا. لە کۆماری ڤایمەر لە شارۆچکەی فۆرث لە کۆتایی ئایاری ساڵی ١٩٢٣ هاتە دنیاوە. هێنری جوو بوو، بە هەڵکشانی نازیەت لە ئەڵمانیا خێزانەکەی ناچار بە هەڵاتن بوون بۆ ئەمریکا، کاتێک ئەو تەنیا تەمەنی شادزە ساڵان بوو. سەرباری ئەوە یەکێک لە کاراکتەرەکان کە کیسنجەری پێ دەناسرایەوە ئەکسێنتە ئەڵمانییەکەی بوو. کیسنجەر بە ناوبانگترین وەزیری دەرەوەی ئەمریکایە. تەنانەت ناوبانگی ئەو لە ڕیزی بیتلزدابوو، باندە گۆرانیبێژە هەرە ناسراوەکەی بەریتانیا.

کیسنجەر پاش سەربازیی و ئیشی هەواڵگریی چووە ئەکادیمیا. لە زانکۆی هارڤەرد پڕۆفیسۆر بوو. لەوێ لە شەستەکان کۆرسێکی تایبەتی بۆ سی ئای ئەی ئامادە دەکرد کە لە زۆر شوێنی دنیاوە، وڵاتان لاوەکانیان دەنارد، وەک سیاسیی داهاتوو، هەتا لەوێ فێری وانەی سیاسەت بن. سەربوردەیەکی سەرنجڕاکێش هەیە لە نێوان بیرمەندی ئیتاڵی جۆرجیو ئەگامبین و کیسنجەر لە میانەی ئەو کۆرسەدا.

لە ساڵی ١٩٦٨، کە ساڵێکی ئیجگار تایبەت بوو لە ژیانی شاری پاریسدا، ئەگامبین لە پاریسەوە، بە هاوکاری حکوومەتی ئیتاڵی دەچێت بۆ بەشداری لەو کۆرسەی کیسنجەردا، وەک کەسێک کە ئامادە بکرێت بۆ سیاسەت لە داهاتوودا. ئەگامبین لە میانەی کۆرسەکەدا بە کیسنجەر دەڵێت تۆ هیچ دەربارەی سیاسەت نازانیت. ئەویش گاڵتەی پێ دێت و تەنیا زەردەخەنەیەکی بۆ دەکات. ئەگامبین پاش ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ باشوری فەڕەنسا و لەوێ لە کۆرسێکدا بەشدار دەبێت کە هایدگەر وانەی تیادا دەڵێتەوە. هەردوو ڕەهەندە کیسنجەرییەکە و هایدگەرییەکە بە شێوازی جیاواز سەدەی بیست دادەڕێژن.

کیسنجەر سیاسییەک و بیرمەندێکی کۆنزەرڤەتیڤی دژە شۆڕشە. تێزی دوکتۆراکەی دەربارەی کۆنگرەی ڤییەنایە، ئەو وڵاتانەی کە کۆدەبنەوە بۆ درووستکردنی بەرەیەک دژ بە شەپۆڵی شۆڕشی فەڕەنسی. لە هەمانکاتدا کیسنجەر دژە دیموکراسیی و سیاسەتی جەماوەرییە.

من نزیکەی زیاتر لە بیست ساڵە خولیای ژیان و کارەکانی ئەوم. کاتێک لە ساڵی ٢٠٠٦ دوا لێکۆڵینەوەی قۆناغی بەکالۆریۆسم دەربارەی ئەو نووسی، لە لایەن پڕۆفیسۆر ئەندرو کۆتی و پڕۆفیسۆر یۆرن گۆتفیڵدەوە سەرپەرشتی کرا، پلەی نایابم وەرگرت.

لە سەردەمی جەنگی ئەمریکا بۆ سەر عێراق، کیسنجەر هاتە زانکۆکەمان. ئەو سەردەمە خۆپێشاندانی گەورە دژی هەبوو. من نەچومە سیمینارەکەیەوە و نە بەشداریی خۆپێشاندانەکانم کرد. ئەو سەردەمە کیسنجەر بۆ من ئەو کەسە بوو، کە دنیابینی ئەمریکای بەرانبەر کورد لە قاڵبدا. ئەم دنیابینییە لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ڕێتچارد هێلمس، باڵێوزی ئەو کاتەی ئەمریکا لە ئێران دەردەبڕدرێت. کۆبوونەوەکە لە تەممووزی ساڵی ١٩٧٣دا بەڕێوە دەچێت. لەوێدا کیسنجەر هاوکێشەی پەیوەندی کورد و ئەمریکا دادەڕێژێت کە هەتا ئەمڕۆ کاریگەری هەیە، ئەویش بەم شێوەیەیە.

دەبێت پشتیوانی کورد بکرێت هەتا ئاستێک کە فشار بخاتە سەر نەیارەکانمان. نابێت ئەو فشارە بگاتە ئاستێک گۆڕانکاریی لە نیزامی ناوچەکەدا درووست بکات. بۆیە دەبێت پشتیوانییەکە سنورداربێت. ئەم دیدە دەربڕی فەلسەفەی کیسنجەرە، کە بەلایەوە نیزام یان ئۆردەر گرنگترین شتە. کیسنجەر کتێبێکی بەو ناوەوە هەیە. لای ئەو نیزام یان ئۆردەر لە هەوڵی هاوسەنگییکردن یان نەهێشتنی مەترسی ئەویتر یان مانەوەی خۆیدایە. بەڵام لای ئەو بوونی نیزام گرنگە یان پێویستییە. دەبینین پرسی کورد لە هەناو نیزامدا دەبینێتەوە، بە جۆرێک بەکاربێت بۆ ئیدارەدان و ڕاستکردنەوەی ئاڕاستەی ئەو نیزامە بەپێی پێداویستی ئەمریکا، نەک تێکدانی یان گۆڕینی.

بوارێکی تر کە پاشان گرنگی بۆ من زیاتر کرد، چیرۆکی چین بوو. کەس هێندەی کیسنجەر ڕۆڵی کاریگەری نەبینیوە لە درووستبوونی چینی ئەمڕۆدا. چینییەکان خۆشیان دەویست و لە دوا سەردانیدا لە تەمەنی سەد ساڵیدا سەرۆکی چین پێشوازی لێکرد.

چیرۆکی کیسنجەر و چین بە سەردانی نهێنی لە ساڵی ١٩٧٢ دەست پێدەکات. کیسنجەر وەک کەسێکی ئاسایی و بە نهێنی، بەڵام بە ئاگاداریی و هاوکاری دەوڵەتی پاکستان، دەچێتە چین. کاتێک لە ئوتێلەکەیەوە دەبردرێت بۆ فڕۆکەخانە، کوڕی وەزیرێکی پاکستانی بە ئۆتۆمبیلی خۆیان دەیبات بۆ ئەوەی ئاشکرا نەبێت.

چین ئەو ڕۆژگارە هەوڵدرا لە سۆڤیەت دوور بخرێتەوە. هەوڵەکە سەرکەوتووبوو. چین و سۆڤیەت پەیوەندییان خراپ بوو. شۆڕشی کەلتووری و بازدانە تراژیدییەکانی ماو چینی برسی و ماندوو کردبوو. بۆیە ئامادەبوون بکرێنەوە بەڕووی سەرمایەداریدا، بەڵام بە قۆناغ. بۆ ئەوەی لە کۆنتڕۆڵیان دەرنەچێت. کیسنجەر زۆرجار ماو دەبینێت. ئەو وەها وەسفی دەکات کە لە قۆناغی دایەلۆگی سۆکراتیدا بوو. مەبەستی ئەو لەو دەربڕینە ئەوە بوو کە ماو، بەردەوام قسە دەکات، ئەوەی گوێی لێدەرێت ناوەناوە یەک دوو وشە دەڵێت و ئەویش بەردەوام دەبێت. یەکێک لە خەسڵەتەکانی سیاسییە چەپەکان ئەوەیە کە زوو خۆیان لە سیاسییەوە لێ دەبێتە فەیلەسوف، یان کەسێک کە چاوەڕێ دەکەن هەمووان ئەشهەدوبیلای بۆ بکەن.

کیسنجەر وەک جەستە مرد. بەڵام ڕوانگەکانی دەمێننەوە. لە ماوەی داهاتوودا بەشی دووەمی ژیاننامەکەی لە لایەن مێژوونووسی ئینگلیزی نایڵ فێرگەسنەوە دەردەچێت. بەشی یەکەمی چەند ساڵێک لەمەوپێش بڵاوبووەوە، بە ناوی ئایدیالیست. چەمکێک کە هەمیشە کیسنجەر وەک دژی بینراوە.

سه‌ردار عه‌زیز

لێکۆڵەر و رۆژنامەڤان

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...