سیاسیشرۆڤه‌
ئاراستەکان

چیرۆکی ٦٥٠ لە قانوونی بودجەدا

بریکاری وەزیر و بەڕێوەبەرە گشتییەکان لادەبردرێن؟

لە عێراق ماوەی دەیان ساڵە بەشی زۆری داودەزگاکانی دەوڵەت، بەشێوەی وەکالەت بەڕێوەدەبردرێن. هەر لە سەرۆکی دەستەکان و بریکاری وەزیرەکانەوە بیگرە هەتاوەکو بەڕێوەبەرە گشتییەکان. ئەمانە زۆرینەی ڕەهایان بە وەکالەتن.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

وەکالەت چییە و کێشەی چییە؟ لە ڕوانگەی قانوونی و کارگێڕییەوە، هەموو یەکەیەکی کارگێڕی کاتێک بەرپرسی یەکەمی بەهەر هۆیەک (خانەنشینبوون، وازنامە، دوورخستنەوە بە بڕیاری دادگا) کە لە کارەکانیان نامێنن، لەو کاتانەدا بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە بەشێوەیەکی کاتی، کەسێک ڕادەسپێرن بە شێوەی وەکالەت فەرمانگەکە بەڕێوەببات. لە ئەسڵدا وەکالەت ناوەکەی بە خۆیەوەیەتی و نابێت لە شەش مانگ زیاتر بێت، بەڵام لە عێراق، نەک شەش مانگ و شەش ساڵی تێپەڕاندووە، بەڵکو تیایدایە دەیان ساڵە!

بەپێی زانیارییەکان زیاتر لە ٦٥٠ پلەی وەزیفی تایبەت بەشێوەی وەکالەت بەڕێوەدەبردرێن. هەر بۆیە کردوومانە بە ناونیشانی ئەم نووسینە کورتە.

هۆی ئەم کێشەیە دەگەڕێتەوە بۆ ململانێی تایفیی و نەتەوەیی و پشکپشکێنەی حزبی. ئەمەش کاریگەری خراپی لەسەر ژیانی داودەزگایی دەوڵەت درووستکردووە. ئەم ساڵ کە قانوونی بودجەی سێ ساڵە پەسەندکرا، لە ماددەی (٧١)ی قانوونەکەدا هاتووە (حکوومەت پابەند دەکرێت بە کۆتایی پێهێنانی بەڕێوەبردنی سەرجەم داودەزگای دەوڵەت بە وەکالەت، هەتاوەکو دوا ڕێککەوتی ٢٠٢٣/١١/٣٠. لە پاش ئەو ڕێککەوتە، پێویستە فەرمانگە پەیوەندیدارەکان هەڵسن بە ڕاوەستاندنی سەرجەم دەرماڵە داراییەکان و دەسەڵاتە کارگێڕییەکانیان. لە کاتێکدا لەکارەکانیان بەردەوام بوون لە پاش ئەو ڕێککەوتەی کە لە سەرەوە ئاماژەی بۆکراوە. لەسەر ئەنجوومەنی وەزیران پێویستە هەموو ئەوانەی ڕاسپێردراون بە پلەکانی سەرۆکی دەستە سەربەخۆکان و پلە تایبەتەکان (أ، ب)، بریکاری وەزیرەکان و راوێژکارەکان بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی بنێرن پێش (٣٠) ڕۆژ لە ڕێککەوتی سەرەوە. ئەنجوومەنی نوێنەران پابەند دەکرێت بە گرتنەبەری دەنگدان لە ماوەی (٣٠) ڕۆژ لە ڕێککەوتی ناردنی ناوەکانەوە)، ئەمە دەقی وەرگێڕدراوی ماددەی قانوونەکەیە بۆ زمانی کوردی. کەواتە ٣٠ ی مانگ دواڕۆژ بوو، بەڵام بەشی زۆرینەی ڕەهایان ناوەکانیان بۆ پەرلەمان نەنێردراوە، ئەمە جگە لەوەی بەڕێوەبەرە گشتییەکان پێویستی بە فەرمانی دیوانی سەرۆک وەزیرانە و دەنگدانی پەرلەمانی پێویست نییە. ئەمەشیان هەر نەکراوە. ئاشکرایە ئەم بابەتە ڕەهەندی سیاسی و کارگێڕیی و هونەری هەیە، سەرۆک وەزیران پێشوەخت لە دادگای فیدڕاڵی داوای یاسایی تۆمارکرد، لە داواکەی دەڵێ: ئەم مەرجی ڕێککەوتە بۆ یەکلاییکردنەوەی مەلەفی ئیدارەی دەوڵەت بە وەکالەت زۆر قورسە و پاشان پڕۆژەی قانوونی بودجە کە حکوومەت ئامادەیکردووە ماددەی لەو شێوەیەی تیادا نەبووە و پەرلەمان خۆی بۆی زیادکردووە، هەر بۆیە سەرۆک وەزیران داوای کرد، ئەمری وەلائیی بۆ دەربکەن.

ئەمری وەلایی ڕێککارێکی داوەرییە بە ڕاوەستاندنی جێبەجێکردنی ماددەیەکی قانوونی، هەتاوەکو دادگا پاشان بڕیاری یەکلاکەرەوەی خۆی لەو بارەیەوە دەردەکات، دادگا ئەم داوایەی سەرۆک وەزیرانی ڕەتکردەوە. بەڵام دادبینی بۆ تانەکەی سەرۆک وەزیران بەردەوام دەبێت و پاش ماوەیەکی تر، دادگا بڕیاری کۆتایی دەردەکات بە جێگیرکردنی ئەو ماددەیە و جێبەجێکردنی یان هەڵوەشاندنەوەی.

ئێستا وەزارەتەکان دەستیانکردووە بە دەرکردنی فەرمانی کارگێڕی بۆ ڕاوەستاندنی دەسەڵاتی بریکاری وەزیرەکان و بەڕێوەبەرە گشتییەکان، هەتاوەکو دەرچوونی بڕیاری کۆتایی دادگا، بە کورتییەکەی پاش ماوەیەکی تر ، یان زیاتر لە ٦٥٠ پلەداری بریکاری وەزیر و سەرۆکی دەستە و بەڕێوەبەری گشتی کۆتایی بە پلەکانیان دەهێنرێت، یان دووبارە دەرچەیەکی تریان بۆ دەدۆزرێتەوە و دەمێننەوە.

هاوڕێ تۆفیق

شارەزای یاسایی

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...