ئەو ڕووداوانە کراون بە فیلم، لەژێر ناوی “هاریێت تۆبمان”، کە فیلمێکە لەسەر بنەمای ئەو ژنە ئەفرۆ ئەمریکییە بەرهەمهێندراوە و بریتییە لە بایۆگرافی هاریێت، بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش. فیلمەکە لە 2019 بەرهەمهێندراوە و دوو سەعات و شتێکە. فیلمکە پەیامێکە بۆ هەموو ئازادیخوازانی دونیا، بەوەی کە ئازادی لە پنتێکەوە دەست پێدەکات و گەورە دەبێت و بەئامانج دەگات. هاریێت کە لەژێر نیری کۆیلەتیدا بوو، لەمێژ نەبوو هاوسەرگیری کردبوو، هۆشیار بوو بەو دۆخە نالەبار و پڕ لە ئازارەی کە تێیدا بوو. جارێکیان، دوای ئەوەی خاوەنەکەی دەیەوێت بیفرۆشێت، بڕیار دەدات ڕابکات، بەڵام خاوەنەکەی لەگەڵ ژمارەیەک چەکدار بەدوایدا دەگەڕێن و دەیانەوێت بیدۆزنەوە و دەستگیری بکەن، تا ڕۆژێک لە ناوەڕاستی پردێک لە هەردوولاوە هاریێت لەکاتی ڕاکردنیدا گەمارۆی دەدەن. لەوێوە هاریێت بڕیار دەدات بمرێت باشترە لەوەی جارێکی دیکە ژیانی کۆیلەتی هەڵبژێرێتەوە، بۆیە لەسەر پردەکە خۆی فڕێ دەداتە ناو ڕووبارە ئاڵۆز و تووشەکەوە. ئیدی لەوێوە چیڕۆکی هاریێت دەست پێدەکات. وردەکاری فیلمەکە نانووسم بۆ ئەوەی چێژ لە تەماشاکردنی ببینن.
کۆتاییهێنان بە بزووتنەوەی کۆیلەتی لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەهاوکاری ژمارەیەکیش لە سپی پێستەکان، ئەوانەی کە باوەڕیان بە یەکسانی مرۆڤەکان هەبوو، قوربانییەکی زۆری ویست تا بۆ دواجار لە سەردەمی ئەبراهام لینکۆلن بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی یەکجارەکی سیستمی کۆیلەتی درا.
کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەگەر وەکوو تاکیش لەناو سیستمی کۆیلەتیدا نەژیت، وەکوو نەتەوە دەستەجەمعێکی بەکۆیلەکراوە. دەتوانین بە دەیان ئەرگومێنت ئەو تێزە پشتڕاست بکەینەوە، کە تا ئەو چرکەساتەش، شوێنەوار و ئاکامەکانی لەبەردەستدان. ڕۆژئاڤای کوردستان کە تا مێژوویەکی نزیک، لەناوناوانیش دیار نەبوو و مافی هاووڵاتیبوونێکی بێمافیشی نەبوو، ئێستاش لەژێر هەڕەشەی داگیرکاری دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا دایە. هەموومان دۆخی باکووری کوردستان دەزانین و تەنانەت خوێندن بەزمانی دایکیش بەڕەوا ناناسرێت و لە تورکیا لەسەر ئاستی دەستوور و کەلتووری نەتەوەی داگیرکەر، بوونێک نییە بەناوی کورد. دۆخی ڕۆژهەڵاتیش زۆر جیاواز نییە، ڕاستە دان بە بوونی کورددا دەنرێت، بەڵام وەکوو بوکەڵەیەک لە چوارچێوەی پانئیرانیزمی شۆفینیزمدا. دۆخی باشووری کوردستانیش کە ئێستا لە ناسەقامگیرییەکی ترسناکدا دەگوزەرێت، نیوەی زیاتری لەژێر کۆنتڕۆڵی بەغدا دایە، لەسایەی فشاری میلیشیاکان و پڕۆسەی تەعریب و زاڵبوونی عەرەبیزمدا دەژیت، هەرێمی کوردستانیش لە سایەی ناکۆکی و دووبەرەکی و ئاڕاستەی بە سەنتەرکردنی حزب لەجیاتی نەتەوە و نیشتمان جڵەوی ئابووری و چارەنووسیشی کەوتۆتەوە دەست بەغدا و لەدۆخێکی ناهەموار و خراپدا دەژیت. سایکۆلۆژیای هاووڵاتییان بەسەریەکدا ڕماوە و لەنێوان بەرداشی داگیرکاری و ناکۆکی حزبیدا سەریان لێشێواوە.
داگیرکەر، سوودی لە کۆمەڵێک فاکتەر وەرگرتووە بۆ درێژەدان بە شەوی داگیرکاری و هەژموونی زاڵمانەی خۆی بەسەر هەر چوارپارچەی کوردستان، بەڵام ترسناکترین هۆکار، خۆفرۆشی و ناکۆکی ناوخۆییە. کورد لەهەموو کاتێک زیاتر پێویستی بە بزووتنەوەیەکی هۆشیارکردنەوە و خۆناسینە، پێوسیتی بە بزووتنەوەی ئەبۆلیشیزمە، بەر لەوەی هیچ کارێکی دیکە بکات، لەپێناو ڕزگاری و ئازادی و سەربەخۆیی.
کورد نەتەوەیەکە لەسەر خاک و بەردی خۆی دەژی و هیچی لە نەتەوەکانی ناوچەکە کەمتر نییە. شەرمەزارییە بۆ هەموو کوردێک کە تا ئەوڕۆ لەو دۆخە ناسەقامگیر و داگیرکراوییەدا دەژیت.