“پیاھەڵدان بە سەدام و بەعس پێشهاتێکی مەترسیدارە”
زێدپرێس
چەند ڕۆژی ڕابردوو و دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، ژمارەیەک لە لایەنگرانی لیستە عەرەبییەکانی کەرکووک لەبەردەم باڵەخانەی پارێزگای کەرکووک وێنەی (سەدام حوسێن)، سەڕۆکی ڕژێمی بەعسیان بەرزکردەوە و بە گوتنەوەی دروشمی (بروح بدم، نفدیک یا سدام)، ستایش بەعس و سەدامیان کرد، ئەوەش نیگەرانی زۆری بۆ کوردانی شارەکە و ڕێکخراوەکانی بواری جینۆساید درووستکردووە.
زیاتر لە ٢٠ ڕێکخراوی بواری جینۆساید لەوبارەیەوە ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە و دەڵێن، پیاھەڵدان بە سەدام حوسێن و حزبی بەعس ھەڕەشە لە ئاشتی و پێکەوەژیانی کەرکووکییەکان دەکات.
دەقی ڕاگەیەندراوەکە:
وەک ئاشکرایە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا و لە بەردەم باڵەخانەی دیوانی پارێزگای کەرکووک، لایەنگرانی چەند لیستێک، لە پای سەرکەوتنی لیستەکانیان لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بە بەرزکردنەوەی وێنە سەدام حوسێن و گوتنەوەی دروشمەکانی حزبی بەعسی لە ناوچوو، ئاھەنگیان دەگێڕا.
ئەم پێشهاتە مەترسیدار و بێی پێشینەیە و بەو جۆرە ئاشکرایە لەسەر شەقام لە کاتێکدا؛ سەدام حوسێنی تاوانبار و ڕژێمەکەی دەستیان سوربوو بە خوێنی ملیۆنان کەس لە گەلانی عێراق و لە ساڵی ٢٠١٦یشەوە بەپێی (یاسای قەدەغەکردنی حزبی بەعس)، ستایشکردن و پیاھەڵدان بە حزبی بەعس و سەرانی ئەو حزبە قەدەغەکراوە.
ئێمە لە ڕێکخراوەکانی تایبەتمەند بە بواری جینۆساید، ئەم پێشهاتە بە زەنگێکی مەترسیدار و ھەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر برایەتی و پێکەوەژیانی پێکهاتەکان لە کەرکووک دەبینین.
ئەوەش ناشارینەوە، کە سەرەڕای ئەوەی باس لە دەستگیرکردنی ئەو کەسانە دەکرێت لەلایەن دەزگا ئەمنییەکان، بەڵام تا ئێستا ھیچ لێدوان و ڕاگەیاندراوێکی فەرمی دەزگا ئەمنییەکان بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسانە بڵاونەکراوەتەوە، ئەمەش مەترسی ئەوەی لێی دەکرێت، ئەو پرسە دێزە بە دەرخۆنە بکرێت.
ھاوکات تا ھەنووکە، ھیچ لایەن و قەوارەیەکی سیاسی پێکهاتەی عەرەبی و ئیدارەی شارەکە، ئیدانەی ئەو ڕەفتارەیان نەکردووە.
بۆیە وەک ڕێکخراوەکانی تایبەتمەند بە بواری جینۆساید، داوا دەکەین، فەرمی و بە ڕاگەیاندراوی ڕەسمی دەستگیرکردنی ئەو کەسانە ڕابگەیەنرێت و ناوەکانیان بڵاوبکرێتەوە و بەپێی (یاسای قەدەغەکردنی حزبی بەعس) مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت.
ھاوکات داوا لە لایەنگرانی لیست و قەوارە سیاسییەکان لە سەرجەم پێکهاتەکان دەکەین، برایەتی و پێکەوەژیان و دوورکەوتنەوە لە توندوتێژی و پیاھەڵدان بە تاوانباران، بکەنە بناغەی ئاھەنگێڕان و دەڕبرینی خۆشییەکانیان لە پێناو کەرکووکێک بۆ ھەمووان و کەرکووکێک دوور لە دەمارگیری نەتەوەیی.
ڕێکخراوەکانی بواری جینۆساید
١ـ رێکخراوی کوردستان بێ جینۆساید
٢ـ رێکخراوی مانەوە بۆ پرسی شەھیدان و ئەنفالکراوان
٣ـ کۆمەڵەی داکۆکی لە پرسی ئەنفال
٤ـ رێکخراوی بەرگری لە مافی قوربانیانی گۆرە بەکۆمەڵەکان
٥ـ رێکخراوی ژیانی نوێ بۆ ژنانی ئەنفال
٦ـ رێکخراوی منداڵە ونبووەکانی ھەڵەبجە
٧ـ رێکخراوی چاودێری کوردۆساید ـ کوردستان
٨ـ رێکخراوی چێرۆکەکانی ئەنفال
٩ـ تۆڕی ھاوپەیمانی رێکخراوە کوردستانیەکان لە پێناو دادگای تاوانی نێودەوڵەتی
١٠ـ رێکخراوی کار بۆ ئەنفال
١١ـ ناوەندی داکۆکی پشدەر بۆ قوربانیان و جینۆسایدکراوان
١٢- کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی ھەڵەبجە
١٣- رێکخراوی باران بۆ پرسی شەھیدان وئەنفالکراوان
١٤ـ تۆڕی ئایکان کوردستان
١٥ـ رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کۆکوژ لە کوردستان
١٦ـ رێکخراوی ئەنفالەکانی کوردستان
١٧ـ جیھانێکی بێ چەکی کیمیاوی و بایەلۆجی
١٨ـ رێکخراوی ژیانەوە بۆ پرسی شەھیدان و ئەنفالکراوان
١٩ـ ڕۆژنامەی نوگرەسەلمان
٢٠ـ گۆڤاری تۆپزاوە ـ تایبەت بە پرسی ئەنفال و جینۆساید
٢١ـ ڕێکخراوی عەر عەر بۆ داکۆکیکردن لە نەوەی شەھیدان و ئەنفالکراوان
٢٠٢٣/١٢/٢١