سیاسیشرۆڤه‌
ئاراستەکان

لەبارەی هێرشەکەی پاکستانەوە

<پاکستان؛ ئەو پارووەی کە بەئاسانی قووتنادرێت>

 

لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا، ئێران و پاکستان لە دوو کاتی جیاواز هێرش دەکەنەسەر یەکتر. ئێران دەستپێشخەر دەبێت، پاکستانیش کاردانەوەی دەبێت. گرنگە لە پێگەی هەردوو ئەکتەرەکە تێبگەین لەناو سیستەمی هەرێمیدا، دواتر سەرنجێک بخەینەسەر ناوکی ڕووداوەکان. لەمێژووی پەیوەندییە هەرێمییەکانی ناوچەکە، هیچ کات وەک ئێستە، کۆپەیوەندی، کار و کاردانەوەکان وەک ئێستە بەخێرایی و بەشێوەیەکی دراماتیکی تێناپەڕن.

ئێران لەڕووی جیۆپۆلەتیکەوە دراوسێی پاکستانە و سنوری هاوبەشیان هەیە. پاکستانیش لەڕۆژئاوای، دراوسێی ئێران و ئەڤغانستانە، لەباکوور هاوسنورە لەگەڵ چین و تاجاکیستان، لە ڕۆژهەڵاتیش لەگەڵ هیندستان و لە باشووریش بەسەر دەریای عەرەب دەڕوانێت. پێگەی جیۆپۆلەتیکی پاکستان داخراو و مردوو Landlocked نییە وەک ئەوەی ماکندەر و ماهان وێنای دەکەن. لە دەریا و ئاو نزیکە، بەڵام هەمیشە لە ململانێ و بەرەنگاربوونەوەی نەیارەکانی بووە. ململانێ پاڵنەربووە پاکستان ببێت بە خاوەنی چەکی ئەتۆم و بەهێزترین دەزگای هەواڵگری Intelligence Unit لە جیهاندا.

دیارە پاکستان بەردەوام وەک پرسێکی ئاسایشی لە ململانێ و کارلێکە هەرێمی و جهانییەکان دەڕوانێت. لەناوخۆ تاڕادەیەک کۆمەڵگەیەکی دابەشبووە Divided society  هێزی جیاواز، ململانێ جیاواز و بوونی گرووپی یاخی-تیرۆریستی، بەڵام لەدەرەوە شتێکی ترە.

چەقی ڕووداوەکە نمایش، سنور و سەروەرییە Sovereignty & Border! ئێران هێرشدەکاتەسەر <سوپای عەدل> لەناو خاکی پاکستان و چەند کەسێکیان لێدەکوژێت. دیارە پایەی ژمارە یەک لە پەیوەندی و تێگەیشتنەکانی ئێران بۆ وڵاتانی هەرێمی لەسەر بنەمای ئاسایش و مانەوەیە <ئاسایش و مانەوەی سیستەمی ویلایە فەقی> نەک کۆمەڵگە و گەلانی ئێرانی. ئێران وەک کۆمەڵگە دابەشبوو و پەرتە، ڕژێم و سیستمە سیاسییەکەی دەیەوێت لە ڕێگەی هێرش، مانۆر و نمایشی مووشەکی چیڕۆک و گێڕانەوەیەک بنیاتبنێت کە هێشتا بەهێز، زیندووە و شەرعیەت و حاکمیەتی لەناوخۆ و دەرەوەی ماوە.

هەردوو هێرشەکە بەناوی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرە لەڕووکەشدا، بەڵام لەناوەڕۆکدا بۆ پاکستان چیڕۆکێکی ترە. پێشێلکردنی سەروەری وەک چەقی سیستەمی وێستڤاڵی و دەوڵەتی مۆدێرن بۆ پاکستانییەکان ئازارێکی گەورە و قبوڵنەکراوە. بەتایبەت پاکستان بەدرێژایی مێژووی دروستبوونی وەک ئەکتەر-دەوڵەتێکی قۆناغی دوای کۆلۆنیالیزم بەردەوام لە جەنگ و ململانێدا لەسەر پرسەکانی سنور و سەروەری بەتایبەت لەگەڵ هیندستان و هەندێکجاریش چین و پاکستانییەکان وەک یەکێتی بوون Unity of existence لە سنور و چوارچێوەی دەوڵەت دەڕوانن.

هێرشەکەی پاکستان بۆ گوندێکی دوورەدەستە لە پارێزگای سیستان-بەلوجستان، ژن و منداڵی بیانی دەکوژێت، بەڵام لەڕووی سیمبولییەوە بۆ پاکستان هاوسەنگی و زیندووبوونی دەوڵەتە. وا دیارە لەدوای جەنگی عێراق-ئێرانەوە یەکەمجارە بەمشێوەیە ئێران هێرش بکرێتە سەر سەروەری، سنور و چوارچێوەی ئاسایشە ناوخۆییەکەی. پاکستان وەک ڕایەڵەی جیۆستڕاتیژی و جیۆپۆلەتیکی زاڵ و ئامادەیە بەسەر ئێراندا، ئەڵقەی گەیەنەری چینە بە ئێران. لە پڕۆژەی ئاورشیمی چینی ڕۆڵی کارا دەبینێت. ئێران خۆی بە دووەم هێز دادەنێت لەدوای چیندا لە بەڕێوەبردنی پەیوەندییە هەرێمییەکانی.

پاکستان دەتوانێت ئەم ئەلقەیە بپچڕێنێت ئەگەر ئێران تەنگەژەکە بەرزبکاتەوە بۆ ئاستی قەیران <ئێران لەڕووی ناوخۆ و دەرەوە و ڕەگەزەکانی هێزەوە ئەو توانایەی نییە> بەڵام پێناچێت ئەوە ڕووبدات. ئەوەی ڕوویدا لەنێوان ئەم دوو ئەکتەرە هەرێمییە، وەک کاردانەوەیەکی تەکتیکی دەمێنێتەوە، ناتوانرێت بگوازرێتەوە بۆ ململانێیەکی ئیتنیکی-جیۆپۆلەتیکی! ئێران ناتوانێت ئەم ململانێیە لەگەڵ پاکستان بەڕێوەببات. پاکستان عێراق نییە، ڕەگەزەکانی هێزی <خاوەن ئەتۆمە>، پێگە، ناسنامە، ڕۆڵە هەرێمییەکەی جیاوازە و بەئاسانی قوتنادرێت!

پەیڕەو ئەنوەر

نووسه‌ر و توێژەر

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...