سیاسیشرۆڤه‌كه‌لتوور
ئاراستەکان

پەیوەندی نێوان ئامرازەکانی ڕاگەیاندن و دەسەڵاتی سیاسی

پێشەکی

لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمدا، گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە بواری ڕاگەیاندندا، سەرتاپای بیر و بۆچوونەکانی سەبارەت بە دەسەڵاتی سیاسی گۆڕی. بەرفرەوانبوونی ئامرازەکانی ڕاگەیاندن و پەیوەندیکردن، بوو بە ھۆی تێکھەڵکێشانی کات و شوێن و شکاندنی سنوورەکان و لێکنزیککردنەوەی پانتایی ژیانی تایبەت لە پانتایی ژیانی گشتی. بە ھۆی ئەم ئامرازانەوە، ڕووداوەکان بە خێراییەکی بێوێنە بڵاودەکرێنەوە، یاخود ڕووداوەکان دەتوانن بە زمانی وێنە قسە بکەن و پەیامی خۆیان بە بینەر بگەیێنن و گۆڕان بەسەر ڕا و بۆچوونەکاندا بهێنن. ئەمەش وای کردووە کە دەسەڵاتی سیاسی ڕووبەڕووی تەحەدایەکی گەورە ببێتەوە.

 

کاریگەریی ئامرازەکانی ڕاگەیاندن

ھەروەک چۆن پرۆفیسۆری ئەنتروپۆلۆژی (جۆرج باڵاندییە) نووسەری پەرتووکی (ئەنترۆلۆژیای سیاسی) دەڵێت: “بە ھۆی ئامرازەکانی ڕاگەیاندن و ئەو گۆڕانکارییە گەورەیەی کە لەم بوارەدا ڕوویداوە شێوازی بەرھەمھێنانی وێنە سیاسییەکانیش گۆڕانی بەسەردا ھاتووە. جیھانی سیاسەت بە چەشنێکی بێوێنە لە بەردەم ھاووڵاتییاندا نمایش دەکرێت و بە ڕادەیەکی زۆر لایەنی ئەفسونئامێزی خۆی لە دەست داوە. ئەمەش خۆی لە خۆدا دەبێتە ھۆی لە ئەفسانەخستنی سیاسەت”.

بەکارھێنانی سەرەکی ئامرازەکانی ڕاگەیاندن ئەوەیە کە بیر و بۆچوونە گشتییەکان گەڵاڵە بکات و جۆرە ھاوڕاییەکی کۆمەڵایەتی کە بۆ دیسپلێنی کۆمەڵگە لە ھەر سیستەمێکدا پێویستە وەدی بێنێت. ئەم ئەرکەش ئامرازەکانی ڕاگەیاندن ئەنجامی دەدەن. لە میانەی بڵاوبوونەوەی زانیارییەکان، بیر و ڕای تاکەکان لە بەرانبەر ژینگە و ئەو پرسانەی کە لە دەوروبەری ڕوودەدەن کراوەتر دەبێت. ھەروەھا تاک پەی بە ئەرک و مافەکانی خۆی دەبات و دەتوانێت لە بەرانبەر دەستێوەردانی حکوومەت بەرپەرچدانەوەی ھەبێت و سنوورێک بۆ کردارەکانی حکوومەت بکێشێت؛ لێرەدا دەسەڵات بۆ ئەوەی بتوانێت پارێزگاری لە بەردەوامبوونی خۆی بکات ناچار ھەوڵدەدات لە بڕیار و کردارەکانیدا بۆچوونی هاووڵاتییان ڕەچاو بکات.

 

ئامرازەکانی ڕاگەیاندن خاوەن دەسەڵاتێکی یەکجار زۆرن بە چەشنێک لە توانایاندایە گۆڕانکاری لە کەلتوورەکاندا دروست بکەن و داواکاری تازە لە جێگەی خواستەکانی ڕابردوو دابنێن

 

ئامرازەکانی ڕاگەیاندن وەک بەشێک لە سیستەمی لاوەکی کۆمەڵگە (Subsystem) لە ژێر کاریگەری سیستەمی گشتیی کۆمەڵایەتیدان. ھەروەھا سەرکەوتنیشیان لە ڕاکێشانی بەشداریی گەل دەتوانرێت لە چوارچێوەی سیستەمی زاڵ بەسەر ئەم ئامرازانەدا ھەڵبسەنگێنرێت. ئەم سەرکەوتنەش بەندە بە بوونی سیستەمێکی جەماوەری. سەقامگیری ئەم سیستەمەش پێشمەرجێکە بۆ ھێنانەدی یەکگرتوویی و فاکتەرێکی ڕێخۆشکەرە بۆ بەشدارییە کۆمەڵایەتییەکان لە پڕۆسەی سیاسیدا. ئەم ئامرازانە لە ڕێگەی پلان و بەرنامەکانیانەوە توانیویانە جۆرە کەلتوورێکی یەک دەست و سەقامگیر لە کۆمەڵگەدا بێننە ئاراوە. ھەر ئەم کەلتوورەش وایکردووە کە ئامرازەکانی ڕاگەیاندن بۆ ژیانی سیاسی بایەخی زۆریان ھەبێت.

ئامرازەکانی ڕاگەیاندن خاوەن دەسەڵاتێکی یەکجار زۆرن بە چەشنێک لە توانایاندایە گۆڕانکاری لە کەلتوورەکاندا دروست بکەن و داواکاری تازە لە جێگەی خواستەکانی ڕابردوو دابنێن. میدیا تازەکان مۆنۆپۆڵەکانی پێشوو دەخەنە ژێرەوە و بە دانانی مۆنۆپۆڵی نوێ، سەرچاوەکانی دەسەڵات و ھەژموون لە گرووپێکی کومەڵایەتییەوە بۆ گرووپێکی تر دەگوازنەوە، ڕاگەیاندنە نوێیەکان نەتەنیا ناوەندی نوێی دەسەڵات دروست دەکەن، بەڵکوو شێوازی فیکری و پەیوەندیی نوێش دروست دەکەن و داھێنەری گەلێک تێگەیشتن و دەرککردنی نوێ و تایبەتن لە ھەموو پانتاییەکانی ژیاندا. بۆیە ئەم ئامرازانە، بوون بە بەشێک لە کەناڵەکانی چاودێری دەسەڵات و ئەمەش کاریگەری بە سەر بڕیارەکانی دەسەڵاتدا ھەیە و لەمپەرە لە بەرانبەر ئازادانە کارکردنی دەسەڵاتدا.

 

ئامرازەکانی ڕاگەیاندن بوون بە بەشێک لە کەناڵەکانی چاودێری دەسەڵات و لەمپەرن لەبەردەم ئازادانە کارکردنی دەسەڵاتدا

 

ھابرماس، ئاماژە بە ھەندێک ئەرک دەکات کە ئامرازەکانی ڕاگەیاندن لە سیستەمە سیاسییەکانی دامەزراو لەسەر بنەمای یاسا ئەنجامیان دەدەن، ئەم ئەرکانەش بریتین لە:

١. چاودێریکردنی ژینگەی کومەڵایەتی_ئابووری و گوزارشتکردن لەو گۆڕانکارییانەی کە لەوانەیە بە شێوەی پۆزەتیڤانە یان نێگەتیڤانە کاریگەری لەسەر خۆشگوزەرانی ھاووڵاتییان ھەبێت.

٢. بەرجەستە کردنی ماناداری پەیامەکان، واتە گەڵاڵەکردنی بابەتەکان بە جۆرێک کە مانایان ھەبێت.

٣. سەکۆیەکە بۆ پشتگیریکردنی ڕۆشنبیرانە لە سیاسەتمەدار و گوتەبێژی گروپەکانی تری ناو کۆمەڵگە.

٤. دروستکردنی پانتایی گفتوگۆ لە نێوان ڕوانگە جۆراوجۆرەکان، ھەروەھا لە نێوان دەسەڵاتداران و خەڵکدا.

٥. رێکاری پێویست گرتنەبەر بۆ ناچارکردنی بەرپرسان بۆ وەڵامدانەوەیان سەبارەت بە چۆنێتی بەکارھێنانی دەسەڵاتیان.

٦. ھاندان و فێرکردنیان لە چۆنیەتی بەشداری سیاسی و بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنەکاندا.

٧. بەرگریی بەردەوام دژ بە ھێزەکانی دەرەوەی ئەم ئامرازانە کە ھەوڵدەدەن سەربەخۆییان لە ناو ببەن.

٨. ڕێزگرتن لە بەرانبەر.

ھەروەھا بە بۆچوونی هاروڵد لاسویل ئەرکەکانی ئەم ئامرازانە بریتین لە، پارێزگاریکردن لە ژینگە، ھێنانەدی ھاوبەندی لە نێوان گشت بەشەکانی کۆمەڵگەدا، و گواستنەوەی میراتی کەلتوور لە وەچەیەک بۆ وەچەیەکی تر.

لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت کە ئەم ئامرازانە پردی پەیوەندین لە نێوان گەل و دەسەڵاتدا، کە لە میانەیدا ھەم دەسەڵات ئاگاداری داواکارییەکانی ژینگەی دەرەوە و ناوەوەی خۆی و چۆنێتی تێڕامانی جەماوەر بۆ دەسەڵاتی سیاسی دەبێت و ھەم جەماوەر ئاگاداری بڕیارەکانی دەسەڵات دەبێت.

 

پێویستە ئامرازەکانی ڕاگەیاندن ئەوەندە لە سیاسەت و حکوومەت نزیک بن تا بتوانن زانیاری دەستەبەر بکەن. هاوکات دەبێت بێلایەن و خۆپارێزبن تا بتوانن ئیعتیباری خۆیان بپارێزن

 

بەم پێیە، پێویستە ئەم ئامرازانە ئەوەندە لە سیاسەت و حکوومەت نزیک بن تاکو بتوانن زانیاری دەستەبەر بکەن. لە لایەکی ترەوە، دەبێت ئەم ئامرازانە بێلایەن و خۆپارێزبن تا بتوانن ئیعتیباری خۆیان بپارێزن. بەم شێوەیەش دەبن بە ناوبژیوان و بازنەی پەیوەندی لە نێوان ھاووڵاتی و حکوومەتدا لە بەرھەمھێنان و بەکارھێنانی ڕەوڕەوەکانی زانیاری کە ئەمەش بناغەی داڕشتنی بڕیارە سیاسییەکانە.

توێژەران چوار ڕێگایان دیاریکردووە کە لە میانەیدا ئامرازەکانی ڕاگەیاندن کاریگەرییان بەسەر ڕای گشتییەوە ھەیە:

١. ئاگادارکردنەوەی جەماوەر لەو شتەی کە لە جیھاندا ڕوو دەدات(شێوازی فێرکردن).

٢. دیاریکردنی دۆز و ڕووداوە سیاسییە گرنگەکان یان کێشەکانی ڕۆژ (شێوازی پلەبەندیکردنی ڕووداوەکان).

٣. گێڕانی ڕۆڵی کاریگەری خستنەسەر دیاریکردنی ئەوەی کە کام یەک لە سیاسەتمەداران پێویستە لۆمە یان پاداشت بکرێت (دیاریکردنی بەرپرسیارێتی).

٤. شێوازی کاریگەری خستنەسەر بژاردنەکان (الخیارات) و حەزە سیاسییەکانی خەڵک (ڕازیکردن).

بەم جۆرە ئامرازەکانی ڕاگەیاندن لە سەردەمی زانیاریدا بەشێکی دانەبڕاون لە پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیانی مرۆڤ و ڕۆڵی کارا لە پەروەردەکردن و پێشکەوتنی تاک و کۆمەڵدا دەگێڕن. ئەم ئامرازانە لە ڕێگەی ئەو وێنە و وتارانەی کە بڵاویان دەکەنەوە توانیویانە جۆرە ورووژاندنێکی هاووڵاتی لە کۆمەڵگەدا بخوڵقێنن. لە قۆناغی ئێستادا، ئامرازەکانی ڕاگەیاندن سنورە سیاسی، ئابووری، کەلتووری و کۆمەڵایەتییەکانیان تێکشکاندووە و بە ڕاشکاوانە دەست لە کاروباری ژیانی ڕۆژانە وەردەدەن و ڕووە شاراوەکانی ھەر ڕووداو و بابەتێک ئاشکرا دەکەن. ئەمەش وای کردووە کە بەدەستھێنانی زانیاری قۆرخ نەکرێت و ئاستی زانین و ھۆشیاری گەل بەرز ببێتەوە و بە شێوەیەکی ئاسانتر داواکارییەکانی خەڵک لەلایەن دەسەڵاتی سیاسییەوە دابین بکرێن.

 

ئامرازەکانی ڕاگەیاندن سنورە سیاسی، ئابووری، کەلتووری و کۆمەڵایەتییەکانیان تێکشکاندووە و بە ڕاشکاوانە دەست لە کاروباری ژیانی ڕۆژانە وەردەدەن و ڕووە شاراوەکانی ھەر ڕووداو و بابەتێک ئاشکرا دەکەن

 

ئەم ئامرازانە ڕەنگدانەوەی ژینگەی سیاسیین؛ یاخود ئاوێنەی ڕووداو و ململانێ و کارلێککەرە ناوخۆیی و ھەرێمی و نێودەوڵەتییەکانن لە ئاستی سیاسیدا و بەبێ ئامرازەکانی ڕاگەیاندنی جەماوەری، ھیچ کەس لە دەرەوەی بازنەی سیاسیدا ناتوانێت ئاگاداری ڕووداوە سیاسییەکان بێت. بەمجۆرەش، ئامرازەکانی ڕاگەیاندن چوارڕیانی پێکەوەگرێدانی کۆمەڵگە پێکدێنن. ئەم چوارڕیانە دەسەڵاتداران بە نوخبە و بە جەماوەر، کۆمەڵانی خەڵک بە یەکدی و دەسەڵاتداران بە یەکەوە دەبەستنەوە. لە ڕاستیدا ئامرازەکانی ڕاگەیاندن لە جیھانی نوێدا ئەرکی گواستنەوەی وتار و بیستراوەکانیان لە ئەستۆدایە، بەرھەمھێنانی مەعریفە و زانیاریش ئەرکی دووەمی ئەم ئامرازانە پێکدێنێت.

لە میانەی تیشک خستنە سەر گشت چین و توێژەکانی کۆمەڵگە و کێشە و گرفتە جۆراوجۆرەکان و گەڵاڵەکردنی بابەتە ھەستیارەکان و پێشخەریدان بە ھەندێکیان و دواتریش ڕاکێشانی سەرنجی خەڵک، ئەم ئامرازانە فاکتەری سەرەکین لە ورووژاندن و بەرھەمھێنانی ڕای گشتی، بە تایبەتیش لەو کات و کۆمەڵگەیانەدا کە ڕکابەرێتی لە نێوان ئەم ئامرازانەدا لە ئارادابێت. (ستوارت ھال)، لە پەرتووکی “خۆ دۆزینەوەی ئایدۆلۆجیک “ئاماژە بەوە دەکات کە ئامرازەکانی ڕاگەیاندن ڕۆڵێکی گرنگیان لە ئافراندن و بەھێزکردنی ڕامانی ئێمە بۆ کۆمەڵگەی خۆمان و جیھانی دەوروبەرمان ھەیە. ئەم ئامرازانە جەماوەر ڕەزامەند و ھۆگری بارودۆخی بەرقەراری سیاسی و ئابووری ئێستا دەکەن. ئامرازەکانی ڕاگەیاندن، سەرەڕای دروستکردنی چوارچێوەی کەلتووری جەماوەری، گرنگترین ئامرازەکانی سەرمایەداری سەدەی بیستەمن بۆ پاراستنی گوێڕایەڵی خەڵک بۆ دەسەڵاتی سیاسی لە کۆمەڵگەدا.

 

ئامرازەکانی ڕاگەیاندن، سەرەڕای دروستکردنی چوارچێوەی کەلتووری جەماوەری، گرنگترین ئامرازەکانی سەرمایەداری سەدەی بیستەمن بۆ پاراستنی گوێڕایەڵی خەڵک بۆ دەسەڵاتی سیاسی لە کۆمەڵگەدا

 

دانیێڵ لێرنر، لە پەرتووکەکەیدا بە ناوی ”گوزارشت لە کۆمەڵگەکانی تەقلیدی، مۆدێرنیزاسیۆن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست”، کە لە ساڵی ١٩٥٨ دەرچووە، لەبارەی چۆنیەتی گەشەسەندن لە وڵاتانی دواکەوتوودا سەبارەت بە ڕۆڵی ئامرازەکانی ڕاگەیاندن لەم وڵاتانەدا وادەبینێت کە بەرزبوونەوەی ئاستی شارستانییەت مەیلدارە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی پەروەردە. بەرزبوونەوەی ئاستی پەروەردەش دەبێتە ھۆی زیاتر نزیکبوونەوە لە ئامرازەکانی ڕاگەیاندن و نزیکبوونەوەش لە ئامرازەکانی ڕاگەیاندن دەبێتە ھۆی بەشداری ئابووری بەرفرەوانتری خەڵک (سەبارەت بە ئاستی داھاتی تاک) و بەشداری سیاسی زۆرتر (دەنگدان).

 

پوختە

ئامرازەکانی ڕاگەیاندن ئەرکی دوولایەنە دەگێڕن، واتە بڕیارەکانی دەسەڵات بۆ کۆمەڵگە دەگوازنەوە و، بیر و بۆچوونەکانی کۆمەڵگەش بۆ دەسەڵات. ئەنجامی ئەم چالاکییەش ئاگاداری ڕای گشتی و دەسەڵاتە لە داواکارییەکانی یەکدی. لێرەشەوە جۆرە ئاسایش و متمانەیەک لە نێوان دەسەڵات و کۆمەڵگەدا وەدیدێت کە لە دەرھاویشتەی چالاکییەکانی بابەتییانەی ئامرازەکانی ڕاگەیاندنن. ئەم ئامرازانە بە ھۆی بەرفرەوانی پانتایی تۆڕەکانیان، ڕۆڵێکی بەھێز لە چۆنیەتی دروستکردنی بۆچوونی هاووڵاتییان دەگێڕن؛ چونکە پەروەردکردن و ئاگادارکردنەوە لە چالاکییە هەرە سەرەکییەکانی ئەم ئامرازانەن. لەلایەکی ترەوە، بە ھۆی زیادبوونی جۆراوجۆری ئەم ئامرازانە، دەسەڵاتی سیاسی لە زۆربەی وڵاتاندا ھەوڵدەدات کە لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا پشت بە ڕەزامەندیی جەماوەر لە دەسەڵات و بڕیارەکانی ببەستێت. بەتایبەتیش لە وڵاتە دیموکراسییەکاندا کە گەل بە سەرچاوەی دەسەڵات لە قەڵەم دەدرێت. ھەر بۆیە دەبینین لەم وڵاتانەدا مەڵبەندی بەھێز ھەن کە بە میتۆدێکی زانستییانە لەسەر پرسە گرنگەکان ڕاپرسی ئەنجام دەدەن و بیر و ڕای ھاووڵاتییان سەبارەت بە پرسە ھەستیارەکان دەخەنە ڕوو.

 

سوود لەم سەرچاوانە وەرگیراوە؛
  • د. احمد نقیب زادە، درڕمدی بر جامعە شناسی سیاسی، انتشارات سمت، چاپ اول، تھران،١٣٧.
  • ادوارد اس ھرمن و نوام چامسکی، فیلترھای خبری، ترجمە میرفخرایی، انتشارات موسسە ایران، چاپ اول، تھران،١٣٧٧،
  • پرویز علوی، ارتباطات سیاسی. ارتباط، توسعە ومشارکت سیاسی، موسسە نشر علوم نوین، چاپ اول، تھران، ١٣٧٥.
  • جواد اطاعت، پەروەردە و گەشەپێدان، وەرگێڕانی ئیبراھیم شێخ شەرەفی ئیبراھیم، گۆڤاری سەنتەری برایەتی، ژمارە٢٥، ھەولێر، پاییزی٢٠٠٢.
  • جین کوھن، حوزە عمومی ڕسانەھا وجامعە مدنی، ترجمە لیدا کاووس، مجلە ڕسانە، سال پانزدھم، شمارە٣، شمارە پیایی ٥٩، پاییز١٣٨٣.
  • د. سید محمد دادگران، مبانی ارتباط جمعی، انتشارات فیروزە، چاپ ششم، تھران،١٣٨٣.
  • مانوئل کاستلز، اطلاعات اقتصاد جامعە و فرھنگ.قدرت ھویت، ترجمە حسین چاوشیان، ویراستار علی پایا، جلد دوم، انتشارات طرح نو، چاپ دوم، ١٣٨٠.
  • ستیفن إینز لابیر و ڕخرون، لعبة وسائل الاعلام السیاسە الامریکیة فی التلفزیون، ترجمە د. شحدە فارع، مراجعە فاروق منێور، دار البشیر، الطبعة الاولی، عمان، الاردن،١٩٩٩.
  • عزیزە عبدە، الاعلام السیاسی و الرای العام دراسة فی ترتیب الاولویات، دار الفجر للنشر والتوزیع، الطبعە الاولی، القاھرە، ٢٠٠٤.
  • سمیە خواجەوندی، ڕسانەھای جمعی ڕکن اصلی دموکراسی، بخش دوم، بە نقل از ڕوزنامە شرق، سال دوم، شمارە٤٩٧، ١٢/ژوئن/٢٠٠٥.
  • د. سید محمد دادگران، افکار عمومی و معیارھای سنجش ان، انتشارات مروارید، چاپ سوم، تھران،١٣٨٤،

 

هیوا مه‌جید خه‌لیل

پسپۆڕ لە گەشەسەندنی سیاسی

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...