دۆسیه‌یاسای نه‌وت و گاز

کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێم هەڕەشە لە بەغدا دەکەن

زێدپرێس

ڕۆژی ٢٨ی ئابی ٢٠٢٣ کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان (‘APIKUR’) کە لە شەش کۆمپانیای وەبەرهێنی نێودەوڵەتی کە لە کێڵگەکانی هەرێمدا بەرهەمهێنان دەکەن، لە بەیاننامەیەکدا ئاماژە بەگرنگی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم دەکات لە ڕێی هێڵی بۆڕی تورکیا-عێراق دەکات، لەهەمان کاتدا هۆشداری دەدەن، کە ئەگەر مافە گرێبەستییەکانیان پارێزراو نەبێت لە وەرگرتنی شایستە داراییەکانی ڕابردوو و ئایندە دەست بەهەناردەکردنی نەوت ناکەنەوە، ئەگەر قوفڵی هەناردەی نەوتی تورکیاش بکرێتەوە.

بەگوێرەی کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان، لە لایەکی ترەوە، یاسای بودجە مافە داراییەکانی کۆمپانیاکان بە تەواوی نادات، هەروەها ڕەشنووسی یاسای نەوت و گازی عێراق حساب بۆ وەبەرهێنانی مێژوویی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی لە هەرێمی کوردستان یان ئەو مەرجە گرێبەستییانە ناکات، کە بووە هۆی پێشکەوتنی ئابووری لە ڕابردوودا.

لە یەیاننامەیەکدا هاتووە، کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان هاندەری گفتوگۆکانی ئەم دواییەی نێوان حکوومەتی فیدراڵی عێراق و حکوومەتی تورکیایە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بۆڕی عێراق-تورکیا (‘ITP’). کردنەوەی بۆڕی عێراق- تورکیا هەنگاوێکی گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان بۆ دەستپێکردنەوەی گرنگترین کەرتی بازرگانی کە ٨٠٪ی ئابوورییەکەی پێکدەهێنێت، هەروەها بۆ کۆمپانیا نێودەوڵەتییە نەوتییەکان تا دەستبکەنەوە بە کارەکانیان، کە سوودی بۆ زۆرێک لە عێراقییەکان دەبێت.

بەگوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، داخستنی ئەو بۆڕییە لەڕووی ئابوورییەوە زیانی بە هەموو لایەنەکان گەیاندووە، لەوانەش حکوومەتی فیدراڵی عێراق، حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەبەرهێنەرانی نێودەوڵەتی و گەلی عێراق.

ڕاگەیەندراوەکە دەڵێت، بەهۆی داخستنی بۆڕییەکەوە لە کۆتاییەکانی مانگی ئازاردا، زیانەکان بە نزیکەی چوار ملیار دۆلاری ئەمریکی دەخەمڵێندرێت، کە زۆر زیاترە لەو تاکە بڕیارەی کە عێراق وەریگرتووە بۆ یەکێک لەو پێنج داواکارییەی کە خستوویەتییە بەردەم دەستەی ناوبژیوانی ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی. ئەم زیانانە لە کاتی گفتوگۆ سیاسییە بەردەوامەکاندا بەردەوامن.

لە بەیاننامەکەدا کۆمەڵەکە بەڕوونی دەڵێت “بەڵام تەنانەت ئەگەر هێڵی بۆڕی ITP بکرێتەوە، کۆمپانیا ئەندامەکانی APIKUR نەوت بۆ هەناردەکردنی بۆڕی بەرهەم ناهێنن، تاوەکوو ڕوون نەبێتەوە کە چۆن شایستە داراییەکانی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت دەدرێت بەپێی مافە گرێبەستییەکانیان بۆ نەوتی هەناردەکراوی ڕابردوو و داهاتوو.”

بەپێی بودجەی عێراق کە لەم دواییانەدا پەسەندکرا بۆ ساڵی ٢٠٢٣ تا ٢٠٢٥،  حکوومەتی عێراقی فیدراڵ جگە لە ١٢.٦٧٪ی بودجەی حکوومەتی هەرێم، تەنیا مافی ئەوەی هەیە  شایستەی قەرەبووکردنەوەی تێچووی بەرهەمهێنان بەپێی تێکڕای تێچووی عێراق وەربگرێت، کە ئەمە بۆ خۆی تەمومژاوییە  (دەنگۆی ئەوە هەیە بۆ هەر بەرمیلێک نەوت تەنیا ٦ دۆلاری ئەمریکی بدرێت). لەسەر بنەمای کێڵگە عێراقییە دیارینەکراوەکان.

وەک ڕاگەیەنراوەکە دەڵێ، ئەم بڕە پارە بەس نییە بۆ قەرەبووکردنەوەی تێچووی بەرهەمهێنان و مافەکانی کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکانی  IOCs بەپێی گرێبەستەکانی هاوبەشیکردن لە بەرهەمهێنان (‘PSCs’)، باسی وەبەرهێنان  و مەترسییە بەرچاوەکان ناکەین، کە تا ئێستا کۆمپانیاکان تووشی بوون.

سەرەڕای ئەوەش، وەک لە بەیاننامە ڕۆژنامەوانیەکەی کۆمەڵەی  APIKUR لە ١٣ی ئابی ٢٠٢٣دا ئاماژەی پێکراوە، ئەم مافە گرێبەستانە بە یاسای ئینگلیزی بەڕێوەدەبردرێن لەگەڵ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لە ڕێگەی ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لەندەن.

هەروەها ئەپیکور نیگەرانی هاوشێوەی هەیە سەبارەت بە داڕشتنی یەکەم یاسای نەوت و گاز لە عێراق. وەک لە بودجەی ئێستای عێراق، تێدەگەین، لە فۆرمی ئێستای، ڕەشنووسی یاسای نەوت و گاز، حساب بۆ وەبەرهێنانی مێژوویی نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان یان ئەو مەرجە گرێبەستانە ناکات، کە بووە هۆی گەشەسەندنی بەرچاوی ئابووری لە ماوەی ١٥ ساڵی ڕابردوودا.

شکستی بودجەی عێراق و هەر یاسایەکی نوێی نەوت و گاز لە ڕەچاوکردنی وەبەرهێنانە نێودەوڵەتییە مێژووییەکان و پابەندبوونە گرێبەستییەکان دەبێتە هۆی تێچووی ناوبژیوانی (دادگای ناوبژیوانی) و زیانی زیاتر بە کەشوهەوای وەبەرهێنان لە عێراقدا.

لەکۆتاییدا ئاپیکور دڵنیایە لەوەی کە چارەسەرێک کە توانای جێبەجێکردنی هەبێت ئەمڕۆ لەبەردەستدایە بۆ چارەسەرکردنی کێشە بەردەوامەکان. دەڵێن، داوا لە هەموو لایەک دەکەین بەپەلە بگەن بە چارەسەری بازرگانیی کە لە سوودی هەموواندا بێت و هانی وەبەرهێنانی نێودەوڵەتی بدات بۆ بەرژەوەندی هەموو عێراقییەکان.

 

APIKUR کێیە ؟

APIKUR کۆمپانیایەکی سنووردارە، کە پێکهاتووە لە هەریەک لە DNO، Genel Energy، Gulf Keystone Petroleum، HKN Energy و ShaMaran Petroleum کە بەپێی یاسای ئینگلیزی لە ساڵی ٢٠٢٣ لەلایەن ئەو کۆمپانیا نێودەوڵەتییانەی نەوت و گاز کە لە هەرێمی کوردستانی عێراق چالاکن، دامەزراوە.

کۆمەڵەکە دەڵێت: ئامانج و مەبەستی ئەم کۆمەڵەیە بریتییە لە پێشخستنی هەرێمی کوردستانی عێراق KRI وەک شوێنێکی سەرنجڕاکێش بۆ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت و گاز، پێشکەشکارانی خزمەتگوزاری و وەبەرهێنەران.

جگە لەوەش، APIKUR  دەڵێت، ئامانجییەتی داکۆکیکردن و نوێنەرایەتیکردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی ئەندامەکانی بکات، وەک دەنگێکی هاوبەش و کاریگەر بۆ ئەندامەکانی، بەرانبەر بە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان چ لە هەرێمی کوردستانی عێراق، یان شوێنەکانی دیکە کار بکات و مەکۆیەک بۆ ئەندامان دابین بکات بۆ هاوبەشکردنی زانیارییە  پیشەسازییە پەیوەندیدارەکان و بەکارهێنانیان بە باشترین شێوە.

 

  • لە ڕوونبین وەرگیراوە

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...