هه‌واڵ

سەفین دزەیی: هەرێمی کوردستان نەرمی زۆری بۆ بەغدا نواندووە

زێدپرێس

سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، عێراق لەپێناو ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار، زیانی پێنج ملیار دۆلاری بەخۆی و هەرێمی کوردستان گەیاندووە.

سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەم ٢٩ی ئابی ٢٠٢٣، چەند لێدوان و ڕوونکردنەوەیەکی بۆ میدیاکانی کوردستان دا.

دزەیی باسی لە سەردانەکەی وەزیری دەرەوە و وەزیری وزەی تورکیا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان کرد و گوتی “تورکیا لایەنگیری ئەوەیە کە دووبارە نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە بکرێتەوە، بەغداش بە فەرمی باس لەوە دەکەن کە ئامادەنە، بەڵام تا ئێستا هەنگاوی کرداری نەنراوە”.

باسی لەوەش کرد، کە پێویست بوو کە دیدی هەولێر، بەغدا و ئەنقەرە لەیەکتر نزیک بکرێنەوە، ئەو کۆبوونەوانەی هەبوون بۆ ئەوە بوون دید و بۆچوونەکان نزیک بکرێنەوە و ئەو ئاستەنگانەی هەن، ئەگەر تەکنیکی یان سیاسی یان دارایی و کارگێڕی بێت، نەمێنن، بۆ ئەوەی دووبارە هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێبکاتەوە، لەکاتێکدا بەپێی یاسای بودجەی عێراق، هەرێمی کوردستان دەبێت نەوتەکەی هەناردە بکات و ئەو ٤٠٠ هەزار بەرمیلە ڕادەستی حکوومەتی فیدڕاڵی بکات و هەوڵەکانیش لەوڕووەوە بەردەوامن”.

سەفین دزەیی گوتیشی “جێی سەرنجە کە دوای بڕیاری دادگەی ناوبژیوانی پاریس، کە تورکیا پێویستە نزیکەی ملیارێک و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار وەک قەرەبوو بە عێراق بدات، بەداخەوە تا وەرگرتنی ئەو پارەیە و بەهۆی هەناردەنەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە لە مانگی ئازارەوە تا ئێستا، عێراق پێنج ملیار دۆلار زەرەری لە خۆی و هەرێمی کوردستان داوە”.

زیاتر دەڵێ “ئەگەر لەڕووی ماتماتیکییەوە تەماشای بکەیت، لۆجیکی نییە بۆ دەسخستنی ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار، تۆ پێنج ملیار دۆلار زەرەر لەخۆت بدەیت. هیوادارم لەو گفتوگۆیانەی ئێستا لەئارادان، بتوانین چارەسەری کێشەکان بکەین”.

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، سەبارەت بە ڕێککەوتن و پێوەندییەکانی هەولێر و بەغدایش گوتی، “پێدەچێت بە قسە هیچ کێشەیەک نەبێت، بەڵام لەڕووی کردارییەوە بەداخەوە کێشەکان هەر ماون”.

سەفین دزەیی، هیوای خواست بارودۆخەکە نەگاتە دوورکەوتنەوەی زیاتر و پێداگیری لەسەر ئەوە کرد، کە هەوڵەکانی هەولێر بەئاڕاستەی نزیکبوونەوەی زیاتر بەردەوامن و گوتی “لە زۆر بابەتیشدا نەرمییەکی یەکجار زۆر لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە بەرانبەر بەغدا نوێنراوە، لەپێناو چارەسەرکردنی گرفتەکاندا”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...