شرۆڤه‌كه‌لتووركۆمه‌ڵایه‌تی

کارامەییەکانی سەدەی بیست و یەکەم

پەروەردە و فەلسەفەی پێداگۆجی بەشدارییەکی بەرچاوی هەیە لە حکومڕانی جیهاندا Global Governance بۆ ئەوەی زیاتر بمێنییەوە، شوێنت لە پانتایی، بازاڕ و ناوەندە جیهانییەکاندا ببێتەوە و ددانت پێدابنرێت، دەبێت لەم چەرخەدا خاوەن چەندین کارامەیی و لێزانین بیت. دەکرێت ڕستە و دیالۆگە بەناوبانگەکەی سوکڕات باشترین و نزیکترین نموونە و وێنەبێت بۆ تێگەیشتن لەم پرسە کاتێک دەڵێت:<قسە بکە با بتبینم Speak, so that I may see you> قسەکردن لێرە و لە یۆنانی کۆنیشدا دیاردەیەک بووە بۆ نمایشکردنی چیەتی و ماهیەتی ئەو توانا و ماتەوزە ناوەکییەی کە خود هەڵگریەتی و لەڕێگەیەوە دەیەوێت خۆی لە مەیدانی کاردا بسەلمێنێت و ددانپێدانی خاوەن کار و گشت بەدەستبهێنێت.

 

لەزمانی پێداگۆجی و حکومڕانی سەردەمدا، ئەم کۆتوانا و وزە پەنگخواردووەیە ناوی لێنراوە <کارامەییەکانی سەدەی بیست و یەکەم 21st Century Skills> کە خۆی لە سێ کاتیگۆری سەرەکی ڕێکدەخات وەک کارامەیی فێربوون learning Skills و کارامەیی ژیان Life Skill و کارامەیی خوێنەواری دیجیتیاڵی Literacy Skills و هەریەک لەم ڕشتانەش دووبارە خۆیان دابەشدەکەنەوە بۆ یەکەی تر لەوانە کارامەیی فێربوون کە بە 4Cs دەناسرێت دەبێت بە چوار یەکە لەوانە: بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە Critical Thinking، داهێنان Creativity، هەماهەنگی Collaboration و دنیای پەیوەندییەکان Communication دیارە ئەم یەکانە وەردەکاری و چیرۆکی زۆر قوڵتر و فرەوانتر لەخۆدەگرن کە لێرە دەرفەتی باسکردنمان نییە.

پرسیارە بونیادییەکە لێرەوە دەستپێدەکات؛ چ فەلسەفەیەکی پەروەردەیی ماتەوزە و دیوی ناوەوەی ئێمە دەجوڵێنێت و بەگەڕی دەخات. تاک/قوتابی دەبێت لەڕێگەی چ جۆرە فەلسەفە و بیرکردنەوەیەکی پەروەردەییەوە جۆش بدرێت و دەرگیربێت Engagement لەگەڵ خۆی، کۆمەڵگە و بازاڕ و دەوروبەر. بۆچی زانکۆ ناتوانێت ماتەوزەی قوتابی دەستکاری بکات و بیگۆڕێت بۆ کارامەیی و کارایی.

لەڕاستیدا بەشێکی ئەم قەیرانە پەیوەستە بە مۆدێل و فەرهەنگی زانکۆیی ئێمەوە. دیارە زانکۆ لای ئێمە بەشێکی کارەکانی دابەشکردنی بڕوانامەیە. بەڵام بڕوانامە بە تەنیا ناتکات بە بوونێکی ددانپێدانراو لە حکومڕانی جیهانی و بازاڕدا. ئێمە خەریکە دەکەوینە نێو هەڵاوسانی بڕوانامە. بڕوانامەیەکی یەکجار زۆر بەبێ دنیای کارامەیی و گەیشتن بە بازاڕ.

بڕوانامە گرنگە، بەڵام دەبێت ناوک و بزوێنەرە سەرەکییەکەی <کارامەییەکان> بێت نەک مەعریفەیەکی بەتاڵ و پەروەردەیەکی نادیمۆکراتییانەی چەقبەستوو و سنوردار. میتۆد و فەلسەفەی خوێندن دەبێت فێری بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانەمان بکات. بیرکردنەوەی ڕەخنەیی واتە بەگومانەوە سەیری پرسیار و وەڵام و شیکردنەوە و چیڕۆکەکان بکەین بۆ ئەوەی بەئاسانی بچینە نێو ژیانی دیمۆکراتیی و بەهاکانەوە. problem solving لەڕێگەی کارامەیی چارەسەکردنی کێشەکانەوە بیر لەڕێگەی تر بکەینەوە بۆ گەیشتن بە ڕاستی و زاڵبوون بەسەر قەیرانەکان. زانینی زمان و نووسینی پڕۆژە Proposal Writing و داهێنان لە کار و شێوەی ژیان و هەماهەنگی ناوکی کارامەیی و گەیشتن بە بازاڕی کارن. دنیا تادێت بەرەو دنیای هەماهەنگییەکان Collaboration دەچێت، چیتر کەس ناتوانێت بەشێوەیەکی تاکگەراییانە Individually و بەبێ کارکردنی بەکۆمەڵ کاربکات. خۆی داببڕێنێت لەوانی تر.

پێدەچێت گەشەی خێرای ژیری دەستکرد Artificial Intelligence تاڕادەیەک کاریگەری لەسەر دنیای کارامەییەکانی سەدەی بیست و یەکەم و ژیانی دیمۆکراسیشدا هەبێت، بەڵام ناتوانێت کۆتایی بە چیڕۆکی کارامەیی مرۆڤ بهێنێت. بەرزکردنەوەی توانا و تواناسازی Capacity Building & Empowerment ئەرکێکی دەزگایی و پێداگۆجیانەیە. سیستم و فەلسەفەی پەروەردەیی و ئەکتەرەکانی ناوی دەبێت کۆشش بکەن تاوەکوو قوتابی وەک ئەو بیرنەکاتەوە و لەخۆی نەچێت و ببێت بە خاوەن خودێکی سەروەر و ئۆتۆنۆم و تێکەڵ بە جیهانی کارامییەکان بێت. نەک وێنەیەکی وەک خۆی بەرهەمبهێنێتەوە! دەرفەتنەدان بە قوتابی بۆ بیرکردنەوە، لە قوتابیبوونی دەخات و دەیکات بە عاشقی بڕوانامە Certificate seeker بەوەش دووری دەخاتەوە لە بنیاتنانی تواناکان و کۆمەڵگەی دیمۆکراتیک و خودسەروەر.

دواتر ناتوانێت هیچ بەشدارییەکی کۆمەڵگەیی هەبێت بۆ چارەسەکردنی کێشە، قەیران و ململانێکان، ناتوانێت دەرگیربێت لە داڕشتنی سیاسەت و بڕیار و ئامانجەکان، دابڕاو و دوورخراوە دەبێت لە حکومڕانی جیهانی و بازاڕ. بەداخەوە! تادێت دنیای ئێمە بەرەو کەڵەکەبوونی بڕوانامە و نامۆبوون دەچێت. زانکۆ نەیتوانیوە کۆمەڵگەی ئێمە بگوازێتەوە بۆ دۆخێکی تر، سەردەمێکی تر بهێنێتەوە کایەوە، وادیارە کارامەییەکانی سەدەی بیست و یەکەم کەمترین جێگە و شوێنی هەیە لە فەلسەفەی پەروەردەیی ئێمەدا. دەمێکە سەردەمی تاریکی مەعریفی لای ئێمە دەستپێکردووە! سڵاو لە ڕێنەیسانس و ڕۆشنگەری!

پەیڕەو ئەنوەر

نووسه‌ر و توێژەر

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئه‌مه‌ش ببینه‌
Close
Back to top button
Loading...