ژینگه‌كه‌لتووركۆمه‌ڵایه‌تی
ئاراستەکان

نیاندەرتاڵ؛ دێوانەیەکی پێش مێژوو لە بێدەنگیدا لەناوچوو

 

پێشەکی

لە حەوت ملیۆن ساڵەوە تا ئەمڕۆ کە ئێمەی مرۆڤ تیادا بەسەر زەویدا زاڵ بووین، جۆرەکان مرۆڤ و هاوشێوەکانی بە دەوران و گۆڕانی زۆردا تێپەڕیون. زاناکانی بواری ئەنترۆپۆلۆژی (مرۆڤناسیی)، هەروەها شوێنەوارناسیی هێشتا لە هەوڵی ئەوەدان زۆرتر بزانن و ڕووناکی زیاتریش بخەنە سەر نزیکترین جۆر لە ئێمەوە، کە ئەویش نیاندەرتاڵ Neanderthal بوو.

پێش 45 هەزار ساڵ، نیاندەرتاڵ بەتەواوەتی لەناوچوو. دووای خۆی جگە لە ئێسک و پروسکی ناو ئەشکەوتەکان، شتێکی تری بەجێنەهێشت. کەس نەیدەزانی جگە لە ئێمە، کە بە Homo Sapiens یان مرۆڤی ژیر ناسراوین، جۆرێکی تری هاوشێوە لەسەر زەوی ژیاوە. ئەویش مرۆڤی نیاندەرتاڵە کە لە ئەشکەوتەکانی ئەوروپا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا، جگە لە بۆماوەی بە بەردبوو شتێکی تری لەدووای خۆیەوە بەجێنەهێشت. تا نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەش (واتە دوای 1850)  ئێسک و پروسکە بەجێماوەکانی لەئێسکی ورچ و گیانەوەرە کێوییەکان جیا نەدەکرانەوە.

ئەم بابەتەی کە خوێنەری کورد دەیخوێنێتەوە، گێڕانەوەیەکی پشتبەستووە بە دەرەنجامەکانی زانستی شوێنەوارناسیی پێش مێژوو paleoarcheology، مرۆناسیی پێش مێژوو Paleoanthropology هەروەها زانستی کەشوهەوا لەسەر چاخەکانی پێش مێژوو Paleoclimatology . نووسینی دەستەواژەکان بەئینگلیزی تەنیا لەبەرئەوەیە کە ئەم تێرمانە کەم لە زمانی کوردیدا بەکاردەهێنرێن. کاتێکیش دەڵێین (پێش مێژوو) Prehistory مەبەست لەوەیە کە ئەم دەرەنجامانە پشت دەبەستن بە لێکۆڵینەوە لە بۆماوە بەبەردبووەکانی مرۆڤ کە بە ئەدەبیاتی نەنووسراوی پێش مێژوو pre-literary history دەناسرێت. نووسینەکە لەبنەڕەتدا بەشێکە لە گەڕان بەدوای کاریگەری گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوای پێش چاخی هۆلۆسین، بەڵام لە کۆتاییدا وەک گێڕانەوەیەک دەرەکەوت لەسەر مرۆڤی نیادەرتاڵ کە تەنیا ڕێژەیەکی کەم لە توخمی ئەو لە جینەکانی ئێمەدا بەجێماوە.

 

نیاندەرتاڵ کێ بوو؟

جارێ با بزانین نیاندەرتاڵ کێیە، لە کوێ و چەند هەزار ساڵ ژیاوە، کەی لەناوچووە و هۆکارەکانی لەناوچوونەکەی چین، ئەی ناوەکەی لە کوێوە هاتووە؟ تا ئەو ڕۆژەی ناوی دۆڵێکی لە ئەڵمانیا بەبەردا بڕا، ئێمەی مرۆڤی نوێ، بێئاگا بووین لەوەی پێشڕەوە گەورەکەمان کە دەگەڕێتەوە بۆ 70 هەزار ساڵ لە ئەفریقیاوە بەرەو ئەوروپا، جۆری تری مرۆڤ لەسەر زەوی ژیاوە و وەک ئێمە بووە.

نیادەرتاڵەکان لە ڕووی مۆرفۆلۆژی و جینۆمەوە، نزیکترین کەسی ئێمەی مرۆڤی هاوچەرخ بوون، هەر لەبەر ئەم هۆکارەشە وەک نزیکترین جۆر لە مرۆڤی Homo Sapiens دەناسرێن. ئەدەبیاتی زانستیش وەک (ئامۆزاکان) مرۆڤی نوێ وەسفیان دەکات، هۆکاری زانستی زۆریش هەن پەیوەندییەکانی نێوانی ئێمەی مرۆڤی نوێ بە جۆرێکی تری مرۆڤەوە دیاری دەکات کە بەیەکجارەکی لەسەر زەوی نەما و فەوتا.

ساڵی 1825 یەکەم گۆڕی نیاندەرتاڵەکان لە بەلژیکا دەدۆزرێتەوە، کە ئێسک و پروسکی منداڵێکی تێدا دەبێت. لەبەرئەوەی بەجێماوەکان زۆر شێواوبوون، دەرەنجامێکی ئەوتۆیان بەدەستەوە نەدا. بیست و پێنج ساڵ دوای ئەو ڕووداوە، واتە ساڵی 1856، ژمارەیەک کرێکار لەکاتی پاککردنەوەی ئەشکەوتێکی بچووک نزیک شاری دۆسڵدۆرڤ لە ئەڵمانیا، ڕووپۆشی کەلەسەرێک و هەندێ ئێسک و پروسک دەدۆزنەوە. ئەوان لایان وا بوو کە بەجێماوەی ورچێکیان دۆزیوەتەوە، بەڵام دوای چەند ساڵێک ئێسک و پروسکەکان وەک بەجێماوەی مرۆڤێکی لەناوچوو دەستنیشان کران.

بەجێماوەکانی دۆڵەکەی نزیک شاری دۆسڵدۆرڤ ناوەندی زانایانی سروشتیی شڵەقاند، بەتایبەتی ڕووداوەکە سێ ساڵ پێش بڵاوبوونەوەی کتێبە بەناوبانگەکەی چارلز داروین بوو بەناونیشانی (بنەڕەتی جۆرەکان) لەسەر پەرەسەندنی جۆرە زیندەکان لەسەر زەوی. تا ئەو کاتە سەرچاوەیەکی کەم دەربارەی جۆرەکان و تیۆری پەرەسەندن لەبەردەستدا بوو. ئەوە سەرەتای کارێکی زۆر و بەردەوام بوو لەسەر ئامۆزا لەناوچووەکەمان، کە تیایدا بەجێماوەی هاوشێوە دۆزرایەوە و ئیشتیهای زانایانی شوێنەوار و مرۆناسیی بۆ ناسینی نیاندەرتاڵ بەشێوەیەک کرایەوە وەستانی بۆ نەبوو. ئەوان کێ بوون، چۆن دەژیان و کەی لەگەڵ مرۆڤی هاوچەرخدا بەریەککەوتن، بۆچی لەناوچوون، ئایا هاوڕێ بوون یان دوژمن، ئەوان باوان یان تەنیا خزمی ئێمە بوون؟ ئەی بەدەستی ئێمە کۆمەڵکوژ کران، یان گۆڕانکاری کەشوهەوا و قاتوقڕی لەناوی بردن، یان لەگەڵ گەیشتنی مرۆڤی هاوچەرخ بۆ ئەوروپا لە ئەفریقیاوە، تووشی نەخۆشی و پەتا بوون؟

پەیمانگەی ماکس پلانک بۆ ئەنترۆپۆلۆژیای پەرەسەندن لە ئەڵمانیا، لە پشکنینی توخمی DNA  یازدە کەس لە دوو ئەشکەوتدا لە سیبیریا، ئەوە دەسەلمێنێت کە نیاندەرتاڵەکان 430 هەزار ساڵ لە ئەوروپا و ڕۆژئاوای ئاسیا ژیاون، پێش 40 هەزار ساڵیش لەناوچوون. پێش ئەو لەناوچوونەش بە 30 هەزار ساڵ مرۆڤی ساپیان لە ئەفریقیا گەیشتووەتە ئەوروپا و ئاسیا. ئەم دەرەنجامە کە پشت دەبەستێت بە پشکنینی بەجێماوە بە بەردبووەکان لە ڕێگەی کاربۆنی 14، ئەوەشمان بۆ دەخاتەڕوو کە داگیرکردنی ئەوروپا لە لایەن ساپیانەکانەوە دەگەڕێتەوە بۆ  70 هەزار ساڵ پێش ئێستا. توێژینەوەکانی بواری شوێنەوارناسی و مرۆناسیی، ئەوەمان بۆ ڕوون دەکەنەوە کە نیاندەرتاڵەکان و مرۆڤی ژیر، بەڕێژەی 99.7% یەک توخمی ژینالۆژییان هەیە. لەو سۆنگەیەشەوە کە نیاندرتاڵەکان نزیکترین جۆری مرۆڤن لە ئێمەوە، بەڕێژەی 1% هەتا 4% توخمیان لە ناو دانیشتوانی ئەوروپا و ئاسیادا جێهێشتووە.

ئەگەر لەوەوە دەست پێبکەین کە نیاندەرتاڵەکان چۆن بوون، توێژینەوە زانستییەکان گەیشتوونەتە ئەو دەرەنجامەی کە نزیکترن جۆری مرۆڤ لە ئێمەوە نیاندەرتاڵەکانن، سیما و سەریان لە ئێمە گەورەتر و فرەوانتر بووە.  ئەوان لە ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی نزیک، بە کوردستانیشەوە، دەژیان و مێژووی دەرکەوتنیان دەگەڕێتەوە بۆ 400000 هەزار پێش ئێستا، ڕەچەڵەکیان دەگەڕێتەوە بۆ سەر جۆری هایدلبێرگ کە ئەوانیش لە جۆری مرۆڤی Erectus واتە مرۆڤی (بەپێوە ڕاوەستاو) بوون. نیاندرتاڵەکان ژیر و ئازابوون و بەشێکی زۆری داهێنانەکان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوان، وەک دروستکردنی کەرەستەی ڕاو، ژیانی بەکۆمەڵ و ماڵییکردنی ئاگر، خواردنی ڕووەک و  ئاگالێبوون لەژیانی یەکتری لەناو گرووپێکدا. واش مەزەندە دەکرێت کە مردوویان ناشتبێت و چارەسەری برینداریان کردبێت. شوێنی هەر گرووپێکی نیاندرتاڵەکان ئەشکەوت بوو.

 

سیما و فۆڕمی نیاندەرتاڵ

تیمێکی توێژینەوەی شوێنەوارناسیی لە زانکۆی دیوک لە باکووری کارۆلینا لە ئەمریکا و زانکۆی Witwatersrand  لە باشووری ئەفریقیا، هەستا بە کۆکردنەوەی ئاماری 13 نیاندەرتاڵ و 233 هۆمۆساپیانی پێش مێژوو، هەروەها 83 مرۆڤی مۆدێرنی ئێمە. ئەوان لە ڕێگەی ئەو ئامارانەوە سەرنجیان خستە سەر پێوانە ستانداردەکانی کەلەسەر وەک کۆنتڕۆڵێک بۆ لێکۆڵینەوە لە قەبارە و شێوەی پێکهاتە سەرەکییەکانی دەموچاو. هەبوونی کۆنتڕۆڵی لەو شێوەیە ڕێگەی بە تیمەکە دا، کە بە باشترین شێوە ئەوە دیاری بکەن ئایا ئەگەری ئەوە هەیە مرۆڤی ساپیان کە ڕەچەڵەکی ئێمەن، لەگەڵ نیاندەرتاڵەکان زاوزێیان کردبێت و تێکەڵ بووبن یان نا.

هەروەها توێژەران جۆراوجۆرێتییە ژینگەییەکانیان بەکارهێناوە (وەک کەشوهەوا) کە پەیوەندییان بە گۆڕانکاری لە تایبەتمەندییەکانی سیمای مرۆڤدا هەیە، ئەوەش لە پێناو دیاریکردنی ئەگەری ئەوەی کە ئەو پەیوەندییانەی لە نێوان دانیشتووانی نیاندەرتاڵ و ئێمەدا دروستبوون، دەرەنجامی زاوزێ بن یان هۆکاری تری وەک کاریگەریی کەشوهەوا.

دەرەنجامی توێژینەوەکە ئەوە دەردەخات کە تایبەتمەندییەکانی دەموچاو، کاریگەرییەکی بەهێزی کەشوهەوایان لەسەر نەبووە، ئەمەش ئەگەری کاریگەرییە جینییەکان لەدەرەنجامی زاوزێدا زیاتر دەکات. هەروەها ئەوەش بۆ توێژەرەکان دەرکەوتووە کە شێوەی دەموچاو گۆڕاوێکی بەسوودتر بووە بۆ بەدواداچوونی کاریگەرییەکانی زاوزێی نێوان نیاندەرتاڵەکان و مرۆڤی نوێ.

بەگشتی نیاندەرتاڵەکان تەنیا لە مرۆڤ گەورەتر بوون، بە تێپەڕبوونی کاتیش قەبارەی دەموچاوی مرۆڤەکان بچوکتر بووە. لەڕاستیدا هەندێک لە سیماکانی دەموچاو، بەڵگەی تێکەڵاوبوون و زاوزێی لەگەڵ نیاندەرتاڵەکاندا هێشتەوە.

نیاندەرتاڵەکان، لەگەڵ ئەوەی لە ئەوروپا و ڕۆژهەڵانی نزیک و کوردستان دەژیان، بەڵام توخمیان لە ئاسیا زیاتر لە هەر  شوێنێکی تر بەجێهێشتووە، ئەمەش دەرخستەی ئەو ڕاستییەیە کە ئەوان لەگەڵ مرۆڤی ژیر تێکەڵاو بوون و زیاتریش وا دەردەکەوێت کە پیاوی نیاندەرتاڵ لەگەڵ ژنی Homo Sapiens یەکیان گرتبێت و وەچەیان خستبێتەوە. ئەمەش دوای ئەوە ڕوویداوە کە مرۆڤی نوێ ئەفریقای بەجێهێشتووە و گەیشتووەتە ئەوروپا و باکووری ئەفریقیا و ڕۆژهەڵاتی نزیک، یانی پێش ئەوەی لە ئاسیادا بڵاوببنەوە.

 

ناوی نیاندەرتاڵ لە کوێوە هاتووە؟

کە ئامۆزەکەمان لەدووای خۆیەوە هیچ ناوێکی بەجێ نەهێشت، ئەی ناوی نیاندەرتاڵ لە کوێوە هات؟ وەک پێشتر ئاماژەم بۆ کرد ناوەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو دۆڵەی کە بۆ یەکەمجار ئێسکە بەجێماوەکانی تێدا دۆزرایەوە، یانی دۆڵی نیاندەر نزیک شاری دۆسڵدۆرڤ لە ئەڵمانیا.

لە بنەڕەتدا ناوی دۆڵەکە پەیوەستە بە قەشەیەکی مەسیحییەوە لە سەدەی حەڤدەدا، بەبێ مەبەستیش دەبێتە ناوی جۆرێک لە مرۆڤ کە پێش هۆمۆ-ساپیانەکان، دواجۆری مرۆڤی ژیر بوون لەسەر زەوی. لە ڕاستیدا ئەگەر بەجێماوەکانی ناو دۆڵەکەی نزیک شاری دوسڵدۆرڤ ساڵی 1856 نەدۆزرابانەوە، ناوی ئەو قەشە مەسیحییەش نەدەما و نەدەبیسترا. ئەو ناوی (یواکیم نیاندەر) بوو، قەشەیەکی ئەڵمانی کاڵڤینی بوو، باوانیشی بەشەش پشت لەپێش ئەوەوە هەر قەشە بوون(Baber, 2023) . بەردەوام دەچووە دۆڵەکە و و لەوێ دەمایەوە و پیاسەی دەکرد و لە سروشت ڕادەما و هەندێک تێکستی ئەدەبیشی نووسیوە.

نیاندەر هەرزەکارێکی یاخی بوو، هاوڕێکانی کاریگەری خراپیان لەسەر دانابوو، تەنانەت دوور بوو لەوەی وەک باوانی ببێتە قەشە. ئێوارەیەک لە تەمەنی بیست ساڵیدا، بەمەبەستی گاڵتەکردن بە قەشەیەکی نوێ، لەگەڵ هاوڕێکانی بەشداری لە مەراسیمێکی کڵێسادا دەکەن. بەپێچەوانەی نیازی گاڵتەپێکردن بە قەشە نوێکە، ئەو وشە ئایینییانەی ئەو شەوە گوێی لێیان دەبێت، کاریگەرییەکی زۆری لەسەر دروست دەکەن، ئیتر دوای نوێژەکە دەمێنێتەوە و لەڕێگەی هەمان قەشەوە باوەڕێکی تەواو بە مەسیح و ئایینی مەسیحیی دەهێنێت و هەتا کۆتایی دەبێتە هاوڕێیەکی نزیک قەشەکە.

چیرۆکی بوونی نیاندەر بە قەشە لەسەر ڕێڕەوی خێزانەکەی، هیوایەکی زۆر دەبەخشێتە دایک و باوکانی ئەو کاتەی هەزرەکارە هاوتەمەنەکانی یواکیم کە خەمی منداڵەکانیان بوو بۆ ئەوەی نەکەونە ژێر کاریگەریی خراپەکارییەوە. یواکیم نیاندەر هەر لە تەمەنی گەنجێتیدا، چەند پارچە شیعر و مۆسیقایەکی جوان دەنووسێت، بەڵام نەخۆشی سیل دەرفەتی نادات و لە تەمەنی 30 ساڵیدا کۆچی دوایی دەکات. لەکاتی نەخۆشییەکەیدا تێکستێک بەناونیشانی “ستایش بۆ پەروەردگاری گەورە” دەنووسێت.

پێش ئەوەی ببێتە قەشە، نیاندەر وەک مامۆستا لە دوسلدۆرف کاری کردووە کە ئەو کاتە تەنیا شارۆچەکەیەکی بچووک بووە. هەر ئەو دەمەش زۆرجار سەردانی دۆڵێکی نزیکی ڕووباری دوسلدۆرڤ (dussel) دەکات کە شوێنێکی جوان و ئیلهامبەخش بووە و لە بەشێکی زۆری نووسینەکانیدا ڕەنگی داوەتەوە. دەگوترێت هەر لەو دۆڵەدا کۆبوونەوە و خزمەتەکانی ئەنجام دەدا و خۆشەویستییەکەی بۆ ئەو کارە بە باشی لای خەڵک ناسراو بووە. لە سەرەتای ساڵانی 1800دا، ناوی دۆڵەکە دەنرێت (نیاندەر). Thal یانی دۆڵ Neander یش ناوی قەشەکە دەبێت و بەم شێوەیە دەبێت Neanderthal واتە دۆڵی نیادەر کە ئەمڕۆ بە نیاندەرتاڵ دەناسرێت و دەخوێنرێتەوە.

لەبەرئەوەی یەکەم بەجێماوەی ئامۆزا لەناوچووەکەمان، ساڵی 1856 لە ئەشکەوتەكەی ئەو دۆڵەدا دۆزرایەوە، ئیتر زاناکان ناویان لێنا نیاندەرتاڵ.

 

ئەشکەوت وەک نیشتمان

توێژینەوەیەکی زانکۆی دی ترینتۆ لە ئیتاڵیا ئەوە یەکلایی دەکاتەوە کە ئامۆزاکانمان لە ئێمە کەمتر نەبوونە لە ڕووی ژیرییەوە. بەجێماوەکانیان لە دوورگەی ئیبێریک (پۆرتوگال و ئیسپانیا)، بەتایبەتیش لە ئەشکەوتەکانی پورتوگال پێمان دەڵێن کە ئەوان زانیویانە ئاگر بکەنەوە و خواردن ببرژێنن، ئەمەش بەلای شوێنەوارناس (دیێگۆ ئانجێلوچی) لە زانکۆی ترینتۆ، ژیرێتی ئەوان دەردەخات(Trento, 2023). نیاندەرتاڵەکان توانای بیرکردنەوەی ڕەمزییان هەبوو، دەیانتوانی کەرەستەی هونەری دروستبکەن و جەستەی خۆیانی پێ بڕازێننەوە، هەروەها سیستەمی جۆراوجۆری خۆراکیان هەبوو. ئەم شوێنەوارناسە بە پشتبەستن بە دۆزینەوەکانیان، جەخت لەسەر ئەوەش دەکاتەوە کە بەشێوەیەکی بەردەوام خواردنی کوڵاویان دەخوارد. ئەمەش پشتڕاستی ئەو ڕاستییە دەکاتەوە ئامۆزاکانمان وەک مرۆڤی هاوچەرخ کە هەزاران ساڵ دواتر ژیاون، لێهاتوو بوون.

بەدڵنیاییەوە ئاگر لە ڕێگەی ڕووداوە سروشتییەکانی وەک بروسکەوە هاتووەتە ناو ژیانی ئەوانەوە، بەڵام بووەتە توخمێکی سەرەکی لە ژیانی ئەواندا. شوێنەوارناسەکان بۆ سەلماندنی ئەم ڕاستییە دەگەڕێنەوە بۆ بەجێماوەکانی ئەشکەوتی ئۆلیڤێرا (Deschamps, M., Martín-Lerma, I., Linares-Matás, G. et al.2022) لە ناوەڕاستی پورتوگال کە یەکێکە لە گرنگترین شوێنەوارە ئەوروپییەکان لەسەر چاخی بەردینی ناوەڕاست. لە ساڵی (1989)ەوە تا ساڵی (2012)  بەشێوەیەکی سیستماتیکیی ورد کار لەم ئەشکەوتەدا کراوە.

ئەشکەوتەکە لە سەرووی کانییەکی گەورەوەیە کە لە سەردەمی جیاوازی پێش مێژوودا، بووەتە کۆڵۆنییەکی مرۆڤی نیاندەرتاڵ و بەگوێرەی لێکۆڵینەوە لە چینەکانی ناوەوەی، مێژووی بەردینی ئەشکەوتەکە کە کۆمەڵێک بڕگە لەخۆدەگرن، دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی 120 هەزار ساڵ لەمەوبەر، دواهەمین چین دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی 40 هەزار ساڵ. پێدەچێت نیاندەرتاڵەکان لە نێوان 100 هەزار بۆ 70 هەزار ساڵ لەمەوبەر لەم شوێنەدا نیشتەجێ بووبن.

 

کوانووی ئاگر

كوانووی ئاگر و بەجێماوەی خۆراک لەم ئەشکەوتەدا ئەو کەرەستە گرنگانە بوون کە سەرنجی شوێنەوارناسەکانیان ڕاکێشا. لە ڕووبەری 30 مەتردا و بەقوڵایی 6 مەتریش، شوێنەوارناسەکان توانییان نزیکەی 10 کوانووی ئاگر لە چینە جیاجیانی ناو ئەشکەوتەکەدا بدۆزنەوە. دەرەنجامەکان ئەوە دەردەخەن کە دانیشتووانی ئەشکەوتەکە خۆراکیان دەکوڵاند، بەڵگەی سەلمێنراویش بۆ دۆزینەوەکە بوونی ئێسقان و داری سووتاو و خۆڵەمێشی بەردینەیە، هەروەها بەردیان لە ژێرەوە دۆزیوەتەوە کە بەهۆی گەرمییەوە سوور هەڵگەڕاوە. ئەم وردەکارییانە، ئەوە بەباشی ڕوون دەکەنەوە کە ئاگر خەسڵەتێکی سەرەکی ژیانی نیاندەرتاڵەکان بووە و یارمەتی داون جێگیربن، هەروەها گەشەسەندنی جڤاکی و تەماشاکردنی ئەشکەوت وەک نیشتمانێک.

شوێنەوارناسەکان ئێسقانی سووتاوی بزن، ئاسک، ئەسپ، کەرکەدەنیان لە ئەشکەوتەکەدا دۆزیوەتەوە، هەروەها کیسەڵیش کە وا دیارە لەسەر بەرگە ڕەق و ئەستوورەکەی پشتی لەسەر بەردی گەرم برژێنراوە. گۆشت لە ئەشکەوتی ئۆلیڤێرادا لە لیستی سەرچاوە خۆراکییەکانی نیاندەرتاڵدایە.

لە پشکنینی تردا لەو ئەشکەوتانەی دەکەونە سەر دەریای سپی ناوەڕاست لە ڕۆژئاواوە نزیک ئسپانیا، پاشماوەی ماسی و خۆراکە دەریاییەکان دۆزراونەتەوە، تەنانەت دەنکە سنەوبەری برژاویش. ئەمەش پەیوەندی هەیە بەو سەرچاوانەی خۆراک کە شوێنەکە دەستەبەری کردوون و ئاماژەیەکی بەهێزە بۆ هەمەڕەنگی سیستەمی خۆراکی نیاندەرتاڵەکان. بەکورتییەکەی، زاناکان هەموو ئەو بەڵگانە دەخەنەڕوو کە نیاندەرتاڵەکان ئاگریان بۆ ئامادەکردنی خواردن بەکارهێناوە. لەگەڵ ئەوەشدا، هێشتا نەگەیشتوونەتە نهێنی چۆنێتی دۆزینەوەی ئاگر و گواستنەوەی بۆ ناو ئەشکەتەکان.

هەر لەناو ئەشکەوتەکاندا جۆرێک لە ژیانی ڕۆحی و جڤاکیی هەبووە. یەکێک لە ئاماژەکانی هاوکاری و لایەنی ڕۆحی ئەوان لە بەجێماوەکانی ئەشکەوتی شانەدەر لە کوردستاندا دەردەکەوێت. لە گۆڕی مرۆڤی شانەدەر-4دا جۆرێک لە گوڵ دۆزراوەتەوە، ئەمە وەک مامەڵەیەکی ڕۆحییانە لەگەڵ مردوودا لێکدەرێتەوە کە چۆن ڕووەکێکیان لەگەڵ تەرمەکەدا ناشتووە.

دوور نییە کە نیاندەرتاڵەکانیش، وەک چۆن لە چاخی بەردینی نوێدا ئاگر دەکرایەوە، ئەوانیش لەڕێگەی خشاندن یان کێشانی بەردێک بە بەردێکی تردا و دانانی پووش و پەڵاش لە نێوانیاندا، بەئاگر ئاشنا بووبن.

لەگەڵ ئەوەشدا پشکنینی چینەکانی ناو ئەشکەوتی ئۆلیڤێرا کە هەلێکی باشی بۆ زاناکانی شوێنەوارناسیی ڕەخساندووە بۆ بەراوردکردنی تا پێش 30 هەزار ساڵ لەگەڵ پێگەی تر لەهەمان ناوچەدا، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ چاخی بەردینی دێرین؛ هەڵبەتە ئەمەیان بۆ زەمەنێکی نوێتر دەگەڕێتەوە. گێڕانەوەی زانستیی لەم بوارەدا بوونی مرۆڤی ژیر لە ناوچەکەدا ساغ دەکاتەوە و ڕووناکی دەخاتە سەر ئەوەی کە مرۆڤەکانی پێش مێژوو بەشێوەی لەیەکچوو لە ئەشکەوتدا ژیاون و ژیر بوون. ئەوان تەنیا جۆرێکی تر بوون لە ژانری مرۆڤ.

 

نیاندەرتاڵەکان ڕووەکی خەرتەلەیان خواردووە

نیاندەرتاڵەکان ڕووەکخۆر بوون یان گۆشتخۆر، یان هەردووکیان بوون؟ توێژینەوەیەکی نوێ کە بەرواری 17ی ئۆکتۆبەری 2022 بڵاوبووەتەوە، پێ وایە کە ئەوان گۆشتخۆر بوون. ئەویش لە ڕێگەی توێژینەوەی زانستیی لەسەر هاوجۆرەکانی زینک. بەگوێرەی کلیڤیا ژاوێن، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە لە ئەکادیمیای نیشتمانی بۆ زانست لە ئەمریکا، باس لەوە دەکات کە ئەو نیاندەرتاڵانەی لە نیوە دوورگەی (ئیبیرێک)ەوە (ئیسپانیا و پۆرتوگال) هاتوون زیاتر ڕووەکیان خواردووە، لە کاتێکدا ئەوانەی لەشوێنی ترەوە هاتوون وا دەردەکەوێت کە تەنیا گۆشتخۆر بووبن. (Kabukcu C, Hunt C, Hill E, et al. doi:10.15184/aqy.2022.143)

لەم ساڵانەی دواییدا، توێژینەوەیەکی زۆر لەسەر ڕووەکخۆریی نیاندەرتاڵەکانەوە ئەنجامدراوە و بۆچوونێکی وەهاش دروستبووە کە ئەوان ڕووەکخۆر بوون. توێژەرەکان هەستان بە ئەنالیزەکردنی کاکیلەی نیاندەرتاڵەکان لە هەرێمی گاباسا لە ئیسپانیا بەبێ ئەوەی هەوڵ بدەن بۆ دەرخستنی پوختەی پڕۆتینەکان و ئانالیزەکردنی هاوجۆرەکانی نایترۆجین لە کۆلاجینی ئێسقاندا، بەڵکو چاویان لەسەر ڕێژەی هاوجۆرەکانی زینک بوو لە مینای دداندا کە بەهێزترین و پڕ کانزاترین شوێنە لە لەشی مرۆڤدا و بەرگری هەموو جۆرە تێکچوونێک دەکات. دەرەنجامەکان ئەوە دەردەخەن کە سیستەمی خۆراکی نیاندەرتاڵ زیاتر لەسەر گۆشت ڕاوەستابوو.

توێژینەوە کیمیاییەکان دەریدەخەن کە نیاندەرتاڵەکان خوێنی ئەو ئاژەڵانەیان نەدەخوارد کە ڕاویان دەکرد، لەبەرانبەردا مۆخی ناو ئێسکەکانیان دەخوارد. ئەم لێکۆڵینەوە نوێیە وادەکات کە جیاوازی بکرێت لە نێوان گۆشتخۆرەکان و ئەوانەی کە سیستەمی خۆراکیان گۆشت و ڕووەکیش بووە. دۆمێنگۆ کارلۆس سالازار، توێژەر لە سەنتەری ماکس پلانک پێی وایە کە دۆزراوە نوێکان دەربارەی سیستەمی خۆراک و پشتبەستن بە گۆشت، گفتوگۆ لەسەر سیستەمی خۆراکی نیاندەرتاڵەکان زیندوو دەکاتەوە.

توێژینەوەی نوێ لە بواری شوێنەوارناسیدا لایەنێکی شاراوەی ژیانی مرۆڤەکانی چاخی بەردین ئاشکرا دەکات، ئەویش خواردنی ڕووەک و دانەوێڵەیە. زۆربەی توێژینەوەکانی هەردوو بواری شوێنەوارناسی و مرۆڤناسیی تا ڕۆژانی ئەمڕۆ لەو باوەڕەدا بوون کە سیستەمی خۆراکی نیاندەرتاڵەکان لەسەر گۆشت دامەزرابوو، بەجێماوەکانی ئەشکەوتی شانەدەر لە کوردستان و ئەشکەوتی فرانچتی لە یۆنان، ئەوە دەردەخەن کە ئەوان سیستەمێکی ئاڵۆزی خۆراکیان هەبووە و هەندێک گوڵ و ڕووەک و دانەوێڵەیان بەکارهێناوە تا ئەمڕۆ لەناو کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا کە درێژکراوەی هۆمۆ-ساپیانەکانی دوای نیادەرتاڵە، بەکاردەهێنرێن و کەرەستەی دروستکردنی بەهارات و ڕۆنن، هەروەها ڕاستەوخۆش دەخورێن.

(Mario Mata-González, Britt M. Starkovich, Mohsen Zeidi& Nicholas J. Conard, 2023)

پێش 70 هەزار ساڵ، خەرتەلە کە ڕووەکێکی خۆڕسک و ڕەسەنی کوردستانە، یەکێک بووە لەو خۆراکانەی نیاندەرتاڵەکان بەشێوازی جۆراجۆر خواردوویانە. ئەم دۆزینەوە زانستییە دوای توێژینەوەیەک دێت کە لەسەر بەجێماوەی نیاندەرتاڵەکان لە هەردوو ئەشکەوتی شانەدەر و فرانچتی وەک کەرەستەی بەخەڵوزبوو تا ئێستا ماونەتەوە.

ئەم دۆزینەوە ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە نیاندەرتاڵەکان مرۆڤی ژیر و بەتوانا بوونە لە سیستەمی خۆراکدا و تەنیا پشتیان بە گۆشت نەبەستووە، هەروەها ئەو ڕووەکانەیان هەڵبژاردووە کە بەهای خۆراکی بەرزی هەبووە. وەک هەموومان دەزانین کە خەرتەلە لە هەموو ناوچەکانی کوردستاندا دەڕوێت و سوودێکی زۆری هەیە: بەسەوزی دەخورێت، هەروەها دەکوڵێنرێت یان لە ڕۆندا سوردەکرێتەوە، لە تۆوەکەی ڕۆن و بەهارات دروست دەکرێت. لەهەموو جیهانیشدا وەک گیراوەیەکی خەست لەگەڵ زۆر خواردندا دەخورێت.

 

جڤاکی نیاندەرتاڵەکان

کاتێک زاناکانی شوێنەوار و مرۆناسیی دەکەونە سۆراخی کەسە نزیکەکانی دوێنێمان لە جینۆم و مۆرفۆلۆژیدا، لە ڕێگەی پشکنین و توێژینەوەی ورد و دروستەوە لە ئێسک و پروسک و گۆڕەکانیان، دەگەنە هەندێک زانیاری لەسەر بیرکردنەوە و ژیان و جۆری پەیوەندی نێوان خۆیان و هەروەها پەیوەندی ئەوان بە مرۆڤی ژیرەوە. لەپاڵ ئەوەشدا دەگەنە هەندێک دەرەنجام کە دەکرێت وەک هۆکاری لەناوچوون و فەوتانیان لێکبدرێتەوە.

زۆرجار ناوهێنانی نیاندەرتاڵ لە بیرکردنەوە و کەلتووری ئێمەدا، ئاماژەیە بۆ دڕندایەتی و کەسانی بێهەست و بکوژ، لەکاتێکدا شتێکی کەمیان لەبارەوە دەزانین. لە ئەدەبیاتی کوردیدا، تا ئەمڕۆ زانیاری و تێگەیشتنمان لەسەر نیاندەرتاڵەکان دیاریکراوە. زۆرجاریش کە ناوی ئەشکەوتی شانەدەر دەهێنین، تەنیا شانازی بەوەوە دەکەین کە مرۆڤی دێرین لە کوردستاندا بوون، بەڵام کەمترین زانیاریمان لەسەر ئەو مرۆڤانە هەیە کە لە ئەشکەوتەکەدا دەژیان و توخمی ئەوانیشمان هەڵگرتووە، ئێمە نازانین چۆن و کەی گەیشتنە ئەشکەوتەکە، چۆن دەژیان و چۆنیش لەناوچوون؟ ئایا گۆڕانکاری کەشوهەوا ئەوانی گەیاندە شانەدەر یان لەدەست کوشتن و بڕینی بەکۆمەڵ لەسەر دەستی مرۆڤی نوێ ڕایانکرد، یان خۆیان بەبێ ئامانج و لە کوێ سەرچاوەکانی خۆراک دەست بکەوتایە لەوێ نیشتەجێ دەبوون؟

تا ئێستا، ئەدەبیاتی زانستی مرۆیی لە کوردستاندا، کەم بەلای ئەم پرسیارانەدا چووە و بەدەگمەن وەڵامدراونەتەوە. لێرەدا ئەو ڕاستییە دووبارە دەکەینەوە کە نیاندەرتاڵ و ساپیان بۆ ماوەی 30 هەزار ساڵ لەگەڵ جیاوازییان لە ژمارە و جڤاتی کۆمەڵایەتیدا پێکەوە لە ئۆراسیا ژیان. مرۆڤی نوێ مایەوە، نیاندەرتاڵیش فەوتا. دەیان ساڵە پرسی ئەم فەوتانە زاناکانی سەرقاڵکردووە، تیۆرێک بەلای ئەوەدا دەچێت کە نیاندەرتاڵەکان لەسەر دەستی ئێمە کۆمەڵکوژ کرابن، تیۆرێکیش وای دەبینیێت کە لەگەڵ گەیشتنیان لە ئەفریقیاوە بۆ ئەوروپا، ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ساپیانەکان پەتایان لەناو نیاندەرتاڵەکاندا بڵاوکردبێتەوە، ڕەوتێکی تریش پێی وایە کە گۆڕانکاری کەشوهەوا بووەتە هۆی لەناوچوونیان. هیچ یەکێک لەم تیۆرانە یەکلا نەبووەتەوە، چونکە وەک پێشتر باسکرا زەمەنی دووای گەیشتنی ساپیانەکان لە ئەفریقیاوە بۆ ئەوروپا و لەناوچوونی نیاندەرتاڵ زیاتر لە 30 هەزار ساڵە. واتە لەناوچوونەکە دەیان هەزار ساڵی پێچووە و لە ناکاوێکدا ڕووینەداوە. (Roussell Moul, 2023)

 

جوڵەی ژنی نیاندەرتاڵ زیاتر بووە لە پیاو

فەوتانی نیاندەرتاڵەکان تا ئەمڕۆ جێگەی گفتوگۆیەکی زۆرە، بەڵام تیۆرە نوێکەی پەیمانگەی ماکس پلانک پشتی پێ دەبەستێت، پێی وایە هۆکارەکانی فەوتانی ئامۆزاکانمان دەگەڕێتەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئێمە و ئەوان. ئەگەر پشکنینی DNA  مۆڵەتی ئەوەی دابێت باشتر لە لایەنەکانی پەرەسەندن و فیزیۆلۆژیی نیاندەرتاڵەکان تێبگەین، ئەوا تا ئەمڕۆ تێگەیشتن لە ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی و پەیوەندییەکانیان، گرێیەکە و ماوەتەوە.

لێکۆڵینەوەکەی پەیمانگەی ماکس پلانک، تیشک دەخاتە سەر ئەم لایەنە و تەنیا پابەندە بە پەیوەندی کۆمەڵایەتی 11 کەس کە ئێسک و پروسکیان لە ئەشکەوتی چاگیرکا Tchagyrka  لە ڕووسیا، هەروەها ئێسک و پروسکی 2 كەسی تر لە ئەشکەوتی ئۆکلاندنیکۆڤOklandnikov  لەهەمان وڵات. هەردوو ئەشکەوتەکە دەکەونە ناو چیاکانی ئاڵتای لە باشوری سیبیریا. مێژووی ژیانی نیاندەرتاڵەکانی ئەشکەوتی چاگیرکا دەگەڕێتەوە بۆ 59 بۆ 51 هەزار ساڵ پێش ئێستا، لە کاتێکدا بەجێماوەکانی ئەشکەوتی ئۆکلاندنیکۆڤ دەگەڕێتەوە بۆ 44 هەزار ساڵ پێش ئێستا. (Max Blank, 2022)

لەنێوان ئەوانەی لە ئەشکەوتی چاگیرکادا ژیابوون، دەرکەوتەکان ئەوە دەخەنەڕوو کە هەندێکیان زۆر لە یەکەوە نزیک بوون و لە یەک چاخدا ژیاون. ئەوەی لە ڕێگەی ئەم گرووپەی نیاندەرتاڵەوە ئاشکرا بووە ئەوەیە کە هەمەجۆریی توخمی کرۆمۆسۆماتی Y کە لە باوکەوە بۆ منداڵ دەگوازرێتەوە زۆر لە هەمجۆریی توخمی کرۆمۆسۆماتی Y کەمترن کە لە دایکەوە دەگوازرێتەوە بۆ منداڵ. ئەمەش ئاماژەیەکی بەهێزە بۆ ئەوەی کە ژنان لە کۆچ و گواستنەوەی بەردەوامدا بوون لە نێوان گرووپ و شوێنە جیاجیاکاندا.

لە نێوان ئەو گرووپەدا، زاناکان گەیشتنە ئەو دەرەنجامەی کە دۆزراوەی دوو شێوازی لە یەکچوو لە توخمێکی دیاریکراو لە دایک و باوەکەوە کە پێی دەگوترێت Homozigoty هۆمۆزیگۆتی لە مرۆڤی نیاندەرتاڵدا بەرزە و دەگاتە ئەو ئاستەی لە خێزانی گۆرێلا چیاییەکاندا هەیە. ئەم دەرکەوتە بەلای زاناکانەوە ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ بوونی گرووپی کۆمەڵایەتی نیاندەرتاڵ کە لە 20 کەسێک پێکهاتووە. مەزەندە دەکرێت نزیکە 6%ی ژنانی ناو ئەم گرووپانە لە گرووپی ترەوە هاتبن و پەیوەندییان کردووە بە خێزانی نوێوە، بەپێچەوانەوە پیاوان لە ناو گرووپ و شوێنەکانی خۆیاندا جێگیربوونە.

ئەم دەرەنجامە، پاڵپشتی پشکنین و لێکۆڵینەوەی پێشووتر دەکات کە پشتبەستووە بە ئاکاری شوێن پێی بەردین و لێکدانەوەی شوێن، باسی کۆمەڵگەیەکەی بچووکی نیاندەرتاڵ دەکات. بە بەراوردکردنی جینۆمەکانیان لەگەڵ زنجیرەی جینۆمی پێشووتر، لێکۆڵەران توانیویانە ئەوە دیاری بکەن کە ئەم گرووپانە دەگەڕێنەوە سەر وێنە گەورەکەی مرۆڤی نیاندەرتاڵ لە ئۆراسیا. ئەوەی لێرەدا زۆر جێگەی سەرنجی زاناکان بوو، توخمی ئەو 13 كەسەی ئەشکەوتی چاگیرکا زیاتر لە توخمی نیاندەرتاڵەکانی ئەشکەوتی ڤیندیا Vindija  نزیکە لە کرواتیا کە پێش 50 هەزار ساڵ تیایدا ژیابوون نەک لە توخمی نیاندەرتاڵەکانی ئەشکەوتی دینۆسۆڤا لەناوچە چیاییەکانی ئاڵتای کە بەروارەکەی دەگەرێتەوە بۆ 130 تا 91 هەزار ساڵ پێش ئێستا.

لەگەڵ ئەوەی گرووپەکانی هەردوو ئەشکەوتی چاگیرکا و ئۆکلاندنیکۆڤ لە ڕووی بۆماوەییەوە تایبەتمەندن، بەڵام هەمویان وا دەردەکەون کە پەیوەست بن بە نیادەرتاڵەکانی ئەوروپاوە و بەشێک بوون لە دانیشتووانە سەرەتاییەکان، ئەوان هەڵگری هیچ گرووپێکی تری نیاندەرتاڵ نەبوونە. گرنگی ئەم لێکۆڵینەوەیە لەوەدایە بۆ یەکەمجار پەیوەندی ئەندامانی خێزانی نیاندەرتاڵ دەدۆزێتەوە و لەناویاندا دوو باوک و دوو کچ هەن. بەڵام ئەمە دەرەنجامی تەواوەتی نییە، چونکە تەنیا دەرکەوتەی گرووپێکی بچووکە بە بەراورد لەگەڵ قەبارەی دانیشتووانی نیاندەرتاڵەکان لە ئۆراسیا. بەگشتی دەرکەوتەکە پرسیاری ئەوە دەوروژێنێت کە ئەگەر تایبەتمەندی دانیشتووانی چیاکانی ئاڵتای پەیوەستن بە شوێنە جوگرافییە دابڕاوەکان لەوپەڕی ڕۆژهەڵاتەوە، بەتایبەتی وا مەزەندە دەکرێت قەبارەی دانیشتووانی ئەشکەوتی ڤیندیا لە کرواتیا گرنگتر بێت.

 

نیاندەرتاڵ؛ دێوانەکەی پێش مێژوو چۆن لەناوچوو

جۆرێکی مرۆڤ کە سەدان هەزار ساڵ لە ئۆراسیا ژیا، چۆن لە ماوەی 30 ساڵ ساڵدا، لەناوچوو؟ ئەوەی ئاشکرایە لەناوچوونەکە پەیوەستە بە کۆچی مرۆڤی نوێوە لە ئەفریقیاوە بەرەو ئەوروپا و بڵاوبوونەوەی بە هەموو دنیادا. بەدرێژایی سەدەی بیستەم، بەتایبەتیش لەدوای (1950)ەوە تا ئەم چرکەساتە، بەجێماوەکانی نیاندەرتاڵ زانایانی شوێنەوارناسی و مرۆناسییان سەرقاڵکردووە و هێشتا وێنەکە نێگەتیڤە و نەشۆراوەتەوە. ئەوەی مرۆڤی نیاندەرتاڵ لەدوای خۆیەوە بەجێی هێشتووە، بەردی تیژ و کەرەستەی ڕاوکردن و هەندێک ئاماژەی ڕۆحیین وەک ناشتنی مردووەکانیان، تەنانەت هەندێک لەزاناکان پێیان وایە کە ملوانەکەشیان دروستکردووە، بەڵام هێشتا کار لەسەر هۆکارەکانی لەناوچوون و سیستەمی گشتی ژیانیان دەکەن.

ئێمە چەردەیەک لە زانیاری دەربارەی نیاندەرتاڵەکان دەزانین، لە ڕووی مۆرفۆلۆژی و کاراکتەر و شێوازی ژیان و تەنانەت لە ڕووی ڕێکخستنی کۆمەڵاتیشەوە، وردەکاری ناو وێنە گەورەکە دەرنەکەوتووە. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە بەجێماوەکانیان لە ئەشکەوتەکاندا لە لایەن شوێنەوارناسان و ئەنترۆپۆلۆگەکانەوە دۆزراونەتەوە، هەروەها جێدەستیان لە ئەشکەوتەکاندا و لەسەر ئێسکی ئەو ئاژەڵانەی سەرچاوەی خۆراکی ئەوان بوون. ئەم بەجێماوانەی نیاندەرتاڵەکان وایان کردووە زاناکان بگەنە هەندێک دەرەنجامی گرنگ لەبارەیانەوە و بۆماوەکانیان لە ئێمەی مرۆڤی هاوچەرخدا.

پرسیاری بەردەوام و دووبارە ئەوەیە کە نیاندەرتاڵەکان و دوای ئەوان مرۆڤی هاوچەرخ چۆن لە ئۆراسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاوبوونەوە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە بەندە بە بارودۆخ و مەرجە ژینگەییەکانەوە. هەتا پێش چاخی بەستەڵەکی کۆتایی کە دەکاتە 10 هەزار ساڵ پێش ئێستا، کە هێشتا توانەوەی سەهۆڵبەندانەکان لەپای بەرزبوونەوەی گەرما دەستی پێنەکردبوو، ئاستی ڕووکەشی دەریا 120 مەتر لە ئێستا نزمتر بوو، ئەمەش لە 300 هەزار ساڵی ڕابردوودا فاکتەرێکی بەهێزی ڕەوکردنی مرۆڤ بوو لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر لەسەر زەوی، دەیتوانی سەفەر بۆ هەر شوێنێک بکات کە دەیویست. لەوانەیە دۆخی جێگیری کەشوهەوا یەکێک بێت لەو فاکتەرە بەهێزانەی کە لەدوای بڵاوبوونەوەی نیاندەرتاڵ و مرۆڤی ژیرەوە بێت.

 

نیاندەرتاڵەکان بۆ لەناوچوون؟

زاناکان هۆکاری یەکەمی لەناوچوونی نیاندەرتاڵەکان دەگەڕێننەوە بۆ کاریگەریی کەشەوهەوا لە دوا چاخی بەستەڵەکدا کە گۆڕانەکان تیایدا خێرابوون، لە گەرماوە گۆڕاوە بۆ سەرمایەکی چڕ، هەروەها بەپێچەوانەوە. ئەمەش پاڵەپەستۆیەکی زۆری لەسەر سەرچاوەکانی خۆراکی ئەوان دروست کردووە، وەک ڕووەک و گیانەوەرەکان. ئیتر مرۆڤی نیاندەرتاڵ ناچار بووە بەزوویی خۆی لەگەڵ کەشدا بگونجێنێت و زۆرجار بەرگەی نەگرتووە.

هۆکاری دووەم، بەگوێرەی توێژینەوەکان کەمی ژمارەیان بووە کە دەیان هەزاریان تێنەپەڕاندووە. ژمارەی ئەندامانی گرووپەکانیان لە 15 کەس زیاتر نەبووە. ئەمەش وایکردووە لە ڕووی وەچەخستنەوە و بەردەوامبوونەوە کەمیان کردبێت، لە کاتێکدا ژمارەی مرۆڤی نوێ زۆرتر بووە و ژمارەی هەر گرووپێکیان خۆی داوە لە 150 كەس. هەر لەم میانەیەشدا باس لەوە دەکرێت ساپیانەکان، دوای ڕەوکردنیان لە ئەفریقیا و داگیرکردنی ئەوروپا، جۆرەها نەخۆشی کوشندەیان لەگەڵ خۆیان گواستبێتەوە کە نیاندەرتاڵەکان بەرگەیان نەگرتووە.

هۆکاری سێیەم، ململانێیەکی قورس بووە لەگەڵ گیانەوە دڕندەکاندا، لە کاتێکدا مرۆڤی نوێ زۆربوون و ئامراز و کەرەستەی پێشکەوتوویان هەبووە و زیاتر زاڵ بوون بەسەر سروشتدا. ئەو هۆکارەش لەبیر ناکرێت کە لەسەر دەستی ساپیانەکان کۆمەڵکوژ کرابن کە ژمارەیان زیاتر بووە و چەکی پێشکەوتووتریان لەبەر دەستدا بووە.

دەکرێ لەم میانەیەدا بگەڕێینەوە سەر ئەشکەوتی شانەدەر لە کوردستان کە ڕوونترین نمونەی کۆبوونەوەی گرووپێکی نیاندەرتاڵەکان پیشان دەدات. تا ئەمڕۆ ئێسک و پروسکی 11 مرۆڤی نیاندەرتاڵی تێدا دۆزراوەتەوە و مێژوویان دەگەڕێتەوە بۆ 50 تا 75 هەزار ساڵ پێش ئێستا. لەناو ئەو 11 کەسەدا منداڵی هەشت ساڵان و ژن و خەڵکی بەتەمەن هەبوون. ئێسکی پروسکی ژنێک تیایاندا ئەوە دەردەخات کە لەدەرەوە بریندار بووە و خۆی گەیاندووەتە ئەشکەوتەکە و لەوێش مردووە، بەڵام برینەکەی سارێژ بووە.

 

تاوانێکی پێش مێژوو

بۆ یەکەمجار، ساڵانی پەنجاکانی سەدەی بیست ئێسک و پروسکی نیاندەرتاڵەکانی شانەدەر دۆزرایەوە. ساڵی 2018یش لەسەر دەستی تیمێکی شوێنەوارناسیی لە زانکۆکانی لیڤەرپول و کامبریدج شانەدەر-Z دۆزرایەوە. لێرەدا مەبەستم لەسەر چیرۆکی شاندەر-3 وەک نمونەیەک بهێنمەوە، چونکە نمونەیەکی جڤاکیی نیاندەرتاڵەکانە، هەروەها ململانێیان لەگەڵ هەڕەشەی دەرەوە کە لەو کاتەدا تەنیا ساپیانەکان هەڕەشە بوونە لەسەریان. ئەو کەسە کە سێیەم دۆزراوەی ناو ئەشکەوتەکە دەبێت و ناوی لێ دەنێن شانەدەر-3، یەکێک بووە لە ژنە نیاندەرتاڵەکانی کوردستان، لە دەرەوەی ئەشکەوتەکە بریندار دەبێت و بەبرینداری دەگەڕێتەوە شوێنی خۆی و لەدەرەوە نامرێت. دوای ماوەیەک لە ساڕێژبوونی برینەکەی دەمرێت و هەر لەوێدا دەنێژرێت. مرۆڤناس و شوێنەوارناسەکان، چیرۆکی کوشتنی شانەدەری-3 بەیەکێک لە تاوانە مرۆییە گەورەکانی پێش مێژوو دەناسێنن، چونکە بە چەکێکی پێشکەوتوو بەنیازی کوشتن لە سنگی دراوە. ئەوەی سەرنجڕاکێشە لەم چیرۆکەدا ئەوەیە کە نیاندەرتاڵەکان چاویان لەیەکتری بووە و بریندارەکانیان چارەسەرکردووە. توێژەرانی شوێنەوارناس، هۆکاری مانەوە و بەرگەگرتنی ژنەکەی شانەدەر بۆ ماوەیەک دوای برینداربوونی، دەگێڕنەوە بۆ ئەو پەیوندییە بەهێزەی نێوانیان کە چۆن ئاگایان لەیەکتری بووە.

ساڵانی پەنجاکانی سەدەی پێشوو، کاتێک ئێسکی شانەدەر-3 دەدۆزنەوە و لە جۆری لێدانەکەی دەکۆڵنەوە، پێیان وادەبێت بە ڕووداوێکی نەخوازراو بریندار بووبێت یان بەدەستی یەکێک لە هاوەڵەکانی خۆی لەدەرەنجامی ڕق و کینەدا.

ئەو بۆچوونە وەک خۆی نەمایەوە و تیۆری تری زانستی دەرکەوت لەمەڕ کوشتنی ژنەکەی شانددەر. ستیڤن چەرچڵ، پرۆفێسۆری مرۆڤناسیی (ئەنترۆپۆلۆژیا) لە زانکۆی دیوک لە کارۆلینای باکوور لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئەگەری ئەوە دادەنێت کە بکوژەکە یەکێک بووبێت لە مرۆڤە ئاشناکەمان کە ئەویش مرۆڤی ساپیان، واتە مرۆڤی مۆدێرن.

بۆ تیشک خستنە سەر نهێنی مردنی شانەدەری-3، تیمەکەی ستیڤن چەرچڵ ئاڵۆزترین تەکنیکەکانی پزیشکی دادوەریی بەکارهێنا. خۆی و تیمەکەی هەستان بەدروستکردنی تیروکەوانێکی تایبەت و لەسەر لاشەی بەراز تاقی کرایەوە. ئەم شیکارییە دەریخست کە برینە کوشندەکەی سەر سینگی ژنەکەی شانەدەر، بەهۆی چەکێکی وەک ڕم یان تیرێکەوە بووە. لەو زەمەنەدا تەنیا مرۆڤی ساپیان تەکنیکی پێشکەوتووی هاوێژەریان هەبوو. دەشتاییەکانی ئەفریقیاش هۆکاری گونجاندنی ئەو جۆرە چەکە بوون لەگەڵ ژیانی ساپیانەکان بۆ ڕاوکردن.

لەبەرانبەردا، نیاندەرتاڵەکان لە دارستانەکان و نزیک شوێنی نیشتەجێبوونیان دەژیان و چەکەکانیان بریتیبوون لە کەرەستەی تیژ و حەربەی سەرەتایی. ئێستا ئەوە ڕوون بووەتەوە کە ئەو چەکەی دژی شانەدەر-3 بەکارهاتووە، برینێکی بە گۆشەی 45 پلە بەرەو خوارەوە دروستكردووە. بەگوێرەی ستیڤن چەرچڵ، دەکرێت ڕێڕەوی ئەم برینە بەراورد بکرێت بە ڕێڕەوی برینێک كە ڕم دروستی بکات، بە گریمانەیەک کە قوربانییەکە (باڵای نزیکەی مەترێک و 67 سەنتیمەتر بووە) لە کاتی وەستاندا بووە. تیمەکە بۆ ئەوەی بزانێت چەند ڕۆژ دوای برینداربوونەکەی ماوەتەوە، گەڕایەوە بۆ تۆماری شەڕە ناوخۆییەکان لەو کاتەی کە هێشتا دەرمانی (ئەنتی-بایۆتیک) لەئارادا نەبووە، ئەوەش لەپێناو ئەوەی بزانن بریندار بەبێ (ئەنتی-بایۆتیک) چەند ڕۆژ دەمێنێتەوە و بەرگە دەگرێت.

بەگشتی توێژینەوە نوێکان پێیان وایە کە پەیوەندی مرۆڤی نیاندەرتاڵ و مرۆڤی ساپیان توندوتیژی زۆری بەخۆیەوە بینیوە و نەمانی ئەوەی یەکەمیان بۆ ئەو پەیوەندییە دەگەڕێننەوە. پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە، نیاندەرتاڵەکان کە خاوەن بونیادێکی جەستەیی پتەو و بەهێز بوون، بۆ ماوەی 400 هەزار ساڵ لە ئەوروپا و ئاسیادا ژیان و بەرگەی چاخە بەستەڵەکەکانیان گرت، چۆن لە بارودۆخێکی تەمومژاویدا و دوای هاتنی مرۆڤی ساپیان لە ئەفریقیاوە، فەوتان و ساپیان جێگەی ئەوانی گرتەوە؟

هێشتا چیرۆکی ژنەکەی شانەدەر، وەڵامێکی دیاریکراو بۆ ئەم پرسیارە بەدەستەوە نادات و هەموو جارێکی دەگەڕێینەوە سەر ئەوەی کە دوا چاخی بەستەڵەک بووەتە هۆی نەمانی خۆراک لەبەردەم نیاندەرتاڵەکاندا، واتە گۆڕانکاری کەشوهەوا لەناوی بردوون. بەڵام خۆ هەر لەو کاتەشدا ساپیانەکان هەبوون و چۆن ئەو دۆخەی کەشوهەوا کاریگەری لەسەر سەرچاوەی خۆراکی ئەوان نەبوو؟ چیرۆکی ئەشکەوتی شانەدەریش بوونی هەردوولا لەیەک کاتدا پیشان دەدات.

بۆچوونی دووەم پێی وایە کە نیاندەرتاڵەکان لەناو کۆمەڵگەی نوێدا کە ساپیانەکان بوون، تواونەتەوە. هەڵبەتە ئەمەشیان هەر پەیوەستە بە هێز و هەژموونی لایەکەوە بەسەر لاکەی ترەوە. هەرچی بۆچوونی سێیەمە، پێی وایە کە مرۆڤی مۆدێرن مرۆڤی سەرەتایی لەناوبردووە.

زانایانی بوارەکانی مرۆڤناسیی، شوێنەوارناسی و کەشناسیش باس لەهۆکاری تری فەوتانەکە دەکەن، بەڵام بەبێ ئەوەی یەقینێکی زانستیی هەبێت. بۆیە دەکرێت باس لەوە بکرێت کە دوا چاخی بەستەڵەک بووەتە هۆی ململانێیەکی بەهێز لەسەر دەست بەسەراگرتنی سەرچاوەکانی خۆراک. هەڵبەتە لە دۆخێکی وادا، باڵادەستیی بۆ مرۆڤی مۆدێرن ماوەتەوە، چونکە لە ڕووی ژمارەوە زۆرتر بووە و چەکی پێشکەوتووتریشیان لەبەردەستدا بووە.

 

خالید سلێمان

نووسەر و ڕۆژنامەنووس

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button