هه‌واڵ

لێخۆشبوونی گومرگی بۆ کەرەستە سەربازییە هاوردەکراوەکانی پێشمەرگە دەرکرا

ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لێخۆشبوونی گومرگی دەرکرد بۆ ئەو کەرەستە سەربازییانەی لەچوارچێوەی پڕچەککردنی هێزی پێشمەرگە هاوردە دەکرێن.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، کە لە کۆبوونەوەی ڕۆژی ٨ی ئایاری ٢٠٢٤ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بەسەرۆکایەتی محەمەد شیاع سوودانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان و سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، کۆمەڵێک بڕیار و ڕاسپاردە دەرکران لەوانە، لێخۆشبوونی گومرگی لەو کەرەستە سەربازییانەی کە وەزارەتی پێشمەرگە دەتوانێت هاوردەیان بکات لەچوارچێوەی پڕچەککردنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان.

فەریق ڕوکن عیسا عوزێر سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگه لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار بوو. وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێ: “ئەم بڕیارە دەبێتە دەستکەوتێکی گرنگ بۆ مێژووی هێزی پێشمەرگە و وەزارەتی پێشمەرگە و حکوومەتی هەرێمی کوردستان”.

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگەدا هاتووە: “دوای بەرەوپێشچونی پەیوەندییەکانی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و سوپای عێراق هاوکات بەشداربوونی سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و پاڵپشتی ڕاستەوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و تێگەیشتنی زۆری محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەچارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا هۆکاری سەرەکی بوون بۆ دەرکردنی ئەم بڕیارە”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...