کتێبخانە و ناوەندی ڕۆشنبیریی ماڵی وەفایی لە شاری هەولێر، ئەمڕۆ پێنجشەم، ٢١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ لە ڕاگەیەندراوێکدا سەرجەم خوێنەران و نووسەران لە هەرێمی کوردستان لە دەستپێشخەرییەک ئاگادار دەکاتەوە کە ساڵانە چوار وەرزی پێشبڕکێی باشترین ڕانان و خوێندنەوەی کتێب ڕادەگەیەنێت.
بەپێی ڕاگەیەندراوی ناوەندەکە، براوەی پێشبڕکێیەکە کە لەلایەن لێژنەیەکی تایبەتمەند و شارەزا لە دەرەوەی ماڵی وەفایی دەستنیشان دەکرێت، بە (٧٠) کتێبی چاپکراوی ماڵی وەفایی و دەزگاکانی دیکە خەڵات دەکرێت.
ماڵی وەفایی گوتوویەتی: “ئامانجەکانی دەستپێشخەرییەکە، برەودانە بە کەلتووری خوێندنەوە و هاوکات بەرزکردنەوەی توانای نووسین” و لە بەیانی هەینی ٢٢ی تشرینی دووەم، یەکەمین کتێب بۆ ڕانان و خوێندنەوە لەلایەن ماڵی وەفاییەوە پێشنیاز دەکرێت، لەپاڵ خستنەڕووی ڕێنمایی و وردەکارییەکانی پێوەست بە کات و شێوازی نووسین و ڕانانەکە.