هه‌واڵ

مەحموود ڕەزا: هۆشیار زێباری “خەرجی فیعلی” خستە ناو یاسای بودجەوە

زێدپرێس

 

مەحموود ڕەزا ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی “خەرجی فیعلی”یەوە، کە ئێستا بووەتە کێشەی بەشەبودجە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، ئاشکرای دەکات، هۆشیاری زێباری خەرجی فیعلی خستووەتە ناو یاسای بودجەوە.

 

مەحموود ڕەزا ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی گۆڕان لە دیدارێکی میدیاییدا، ئاشکرای کرد، ساڵی ٢٠١٥ لەلایەن هۆشیار زیبارییەوە “خەرجی فیعلی” خرایە ناو یاسای بودجەوە.

ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، ساڵی ٢٠١٥ لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران و خودی خۆی، لەگەڵ هۆشیار زێباری گفتوگۆی زۆریان کردووە، لەسەر ئەو بڕگەیەی پێوەست بە خەرجی فیعلی، کە یەکەمجار بووە بخرێتە ناو یاسای بودجەوە و دەڵێ “گوتمان ئەوە خراپە بۆ داهاتوو، ئەو گوتی نەخێر هەقتان نەبێت، لێم تێک مەدەن، ئەوە من دامناوە و باشترین شتە”.

ئەو لێدوانەی مەحموود ڕەزا لەکاتێکدا دێت، کە هەر لە ساڵی ٢٠١٥ەوە کە بیرۆکەی “خەرجی فیعلی” خراوەتە ناو یاسای بودجەی عێراقەوە، تا ئێستا بووەتە کێشەی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدڕاڵیدا.

لایەنی عێراقی پێداگیری لەسەر ئەوە دەکات، کە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بەگوێرەی “خەرجی فیعلی” دەنێرێت و بەوەش ڕێژەیەکی زۆر کەم لە شایستە داراییەکانی هەرێم گلدەدرێتەوە و بەدەست هەرێم خۆی ناگات.

پێشتر، جیهانگیر گوڵپی پسپۆڕی دارایی گشتی لە شیکارییەکی تایبەتدا کە لە زێدپرێس بڵاوکراوەتەوە، “خەرجی فیعلی” وەک “تەڵە”یەک پێناسە کردووە، کە پشکی بودجەی هەرێمی کوردستانی پێوە کراوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...