گوتاری ڕق و داڕمانی متمانە
کاتی کۆتاییهێنان بە شەڕی ناوخۆی میدیاییە!

شێرپەنجەی دووبەرەکی: لە سیاسەتەوە بۆ شەقام
سەرچاوەی سەرەکیی ئەم قەیرانە لەو ناکۆکی و دووزمانی و دووڕووییەدایە کە سیاسەتی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنی داگرتووە. لەبری ئەوەی ململانێی سیاسی لەسەر بنەمای بەرنامە و دیدگای جیاواز بۆ بەڕێوەبردنی وڵات بێت، بووەتە شەڕێکی شەخسی و هەوڵێکی سیستماتیک بۆ شکاندنی بەرامبەر بە هەر نرخێک بێت. ئەم شەڕە تەنها لەنێو هۆڵی پەرلەمان و کۆبوونەوە حیزبییەکاندا قەتیس نەماوە، بەڵکو بە شێوەیەکی ترسناک پەلی هاویشتووە بۆ نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ژیانی ڕۆژانەی خەڵک. و میدیا فەرمییەكانی حزب.
لێرەدایە کە “پەیج و ئەکاونتە سێبەرەکان” وەک سوپایەکی ئەلیکترۆنیی ڕێکخراو، ڕۆڵی کارگەی دروستکردنی ڕق و کینە دەگێڕن. ئەرکی ئەم سوپایانە لە کەرتکردنی کۆمەڵگەدا کەمتر نییە لە سیاسەتێکی چەوتی دەسەڵات یان ئۆپۆزیسیۆن. ئەوان بە شێوەیەکی ئامانجدار کار لەسەر تیرۆری کەسایەتی، بڵاوکردنەوەی زانیاریی چەواشە و گۆڕینی هەر جیاوازییەکی سیاسی بۆ دوژمنایەتییەکی شەخسی دەکەن. زمانی زبر، سووکایەتی و تۆمەتی بێ بنەما بووەتە نۆرم و ئەمەش بووەتە هۆی دابەزینی مەترسیداری ئاستی پەروەردەیی و هەڵسوکەوتی زمانیی ئێمە لەگەڵ یەکتردا. ئەو زمانە شیرینەی كە گفتوگۆی پێدەكرا، كە پڕبوو لە ڕێز و خۆشەویستی، لە گفتی شیرین خەریكە لە نێو تۆڕی كۆمەڵایەتیی و میدیا فەرمییەكاندا نامێنێت.
ئەنجامی ئەم سیاسەت و ئیدارەدانە چەوتە و دەستئاوەڵاكردنی میدیاكان بۆ ئەوەی هەرچییەك لە ئاستی دانایی خۆیاندا بوو بیڵێن و بیگوێزنەوە، نامۆبوون و بێگانەبوونێکی قووڵی لەنێوان تاکەکانی کۆمەڵگەدا، لێكەوتۆتەوە. من هەتا دوێنی هیچ كوردێكم نەبینیبوو بەم زمانە شیرینە و بە ئاشكرا لە تەلەفزیۆنەكانەوە جوێن و وشەی ناشرین بەكار بهێنێت. لە نێو زمانی ئێمەدا، بە تایبەتی زمانی ئایینی ئێمەدا، ئەوەندەی شوكرانەبژێری و ڕێز و ستاییش و مەزنایەتی بۆ ئەویتر هەیە، هەرگیز لە نێو ئەم زمانەدا ئەوەندە جوێن و قسەی زبر نەبووە و نەبیستراوە. ئێمە لەبری ئەوەی یەکتر وەک هاووڵاتی و هاونیشتمانی ببینین، فێرکراوین وەک دوژمن، نەیار، یان “ئەویتری خیانەتکار” تەماشای یەکتر بکەین. ئەمە گەورەترین خزمەتە بە دوژمنانی دەرەکیی کوردستان، چونکە کۆمەڵگەیەک، کە لەناوەوە داڕزابێت، ناتوانێت ڕووبەڕووی هیچ هەڕەشەیەکی دەرەکی ببێتەوە.
:لە دەستنیشانکردنی دەردەوە بۆ داڕشتنی دەرمان
دەبێت هەموو ململانێیەک خاڵی کۆتایی هەبێت. بەردەوامبوون لەسەر ئەم ڕێڕەوە بەرەو هەڵدێرێکی مێژوویی و کۆمەڵایەتیمان دەبات. بۆیە، کۆتاییهێنان بەم دیاردە قێزەونە ئەرکێکی نیشتمانی و ئەخلاقیی هەموو لایەکمانە. چارەسەر تەنها بە سەركۆنەكردن نابێت، بەڵکو پێویستی بە هەنگاوی کرداریی و بوێرانە هەیە:
١. پەیمانی شەرەفی سیاسیی و میدیایی:
پێویستە سەرکردایەتیی سیاسیی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن، لە کۆبوونەوەیەکی نیشتمانیدا، بگەنە “پەیمان و بەڵێنێكی شەرەف” بۆ قەدەغەکردنی گوتاری ڕق و سووکایەتی لە کاری سیاسیی و میدیاییدا. دەبێت بەڵێن بدەن کە چیتر پارە و توانای حیزبی بۆ بەڕێوەبردنی سوپای ئەلیکترۆنی و میدیای سێبەر بەکار ناهێنن. ئەمە دەبێت یەکەم هەنگاو بێت بۆ گێڕانەوەی متمانە.
٢. چالاککردنی یاسا و بەهێزکردنی دادگاکان:
یاساکانی تایبەت بە خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی، ناوزڕاندن و هاندان بۆ توندوتیژی دەبێت بە شێوەیەکی جیددی و بێ جیاوازی کارا بکرێن. پێویستە سکاڵا لەسەر ئەو پەیج و ئەکاونتانە تۆمار بکرێت کە زمانی ڕق بڵاودەکەنەوە و دادگاکانیش بە بوێرییەوە سزای یاساییان بەسەردا بسەپێنن.
٣. ڕۆڵی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕۆشنبیران:
پێویستە ڕۆشنبیران، نووسەران، مامۆستایانی زانکۆ و ڕێکخراوە مەدەنییەکان ببنە دەنگی ویژدانی کۆمەڵگە. دەبێت بە ئاشکرا دژی ئەم گوتارە بوەستنەوە و لە ڕێگەی سازکردنی کۆڕ و سیمینار و کەمپینی هۆشیارییەوە، گووشار لەسەر لایەنە سیاسییەکان دروست بکەن و خەڵک لە مەترسییەکانی ئەم دیاردەیە ئاگادار بکەنەوە.
٤. پەروەردە و هۆشیاریی میدیایی:
دەبێت لە سیستەمی پەروەردەدا وانەی تایبەت بە “هۆشیاریی میدیایی” و “ئیتیکی گفتوگۆ” زیاد بکرێت. پێویستە منداڵان و گەنجانمان فێر بکرێن کە چۆن زانیاریی دروست لە چەواشەکاری جیا بکەنەوە و چۆن بە زمانێکی شارستانییانە گفتوگۆ لەسەر بیروڕای جیاواز بکەن و چۆنیش لە چ كاتێكدا گوێ بگرن و لە چ كاتێكدا قسان بكەن.
کۆتایی:
دیاردەی قین و ڕق لێبوونەوە پەڵەیەكی شەرمەزارییە بەسەر مێژووی ئێمەوە و پێویستە بە کردەوە شەرمەزار بکرێت، نەک تەنها بە قسە. کاتی ئەوە هاتووە کە هەموو لایەکمان دان بەوەدا بنێین کە براکوژیی تەنیا بە چەک نابێت؛ کوشتنی ڕۆحی یەکتر و داڕمانی شیرازەی کۆمەڵایەتیش جۆرێکی تری براکوژییە. با ئەم شەڕە ناوخۆییە میدیایی و سیاسییە ڕابگرین، پێش ئەوەی هەموومان پێکەوە لەناو ئاگری ئەو ڕق و کینەیەدا بسووتێین کە خۆمان هەڵمانگیرساندووە.
ئاكاری كۆمەڵایەتی كوردستانیانەی ئێمە لە مەترسییدایە. پێوستە سنوور بۆ سنوورشكێنی تۆڕی كۆمەڵایەتیی و میدیای فەرمی دابنرێت. پێویستە سانسۆرێكی ئەرێنی هەبێت. خیزان و منداڵانی ئێمە پێویستییان بەوە نییە سەركێشییەكانی سۆشیالمیدیا و ڕاگەیاندنەكان ببینن و ببیستن و بخوێننەوە.




