
محەمەد مەنتک
ڕۆمانی وێڵی لە نووسینی دلاوەر ڕەحیمی، لە ڕووی شێوازەوە ڕۆمانێکە خوێنەر زوو هەست دەکات، ڕۆمانەکە خۆی شێوازی خۆی داڕشتووە. بە خوێندنەوەی ڕۆمانەکە، خوێنەر دەزانێت نە ناوەڕۆک کراوە بە قوربانی شێواز و نە شێوازی کراوە بە قوربانی ناوەڕۆک. خوێنەر ناتوانێت ناوەڕۆک و شێواز لە یەکدی جودا بکاتەوە. لەناو ڕۆمانەکەدا هورژومی فشارێکی دەروونی گەورە لەسەر وەگێڕ و بەردەنگ هەیە، چونکە بەردەوام وشەکان پاتە دەبنەوە. “بیر لە پەیوەندی تۆ و تەنیاکەوتن دەکەمەوە، بیر لە پێوەندیی تەنیاکەوتن و تەنیاخستن دەکەمەوە، بیر لە تۆ و تەنیاخستن دەکەمەوە، بیر لە خۆم و ئەو دیلییەی تۆ، ئەو تەنیاخستنەی تۆ دەکەمەوە.” (وێڵی، ل١٦) ئەم پاتبوونەوەی وشەکان، بەڵگەی بوونی شەپۆلێکی بەهێز و گەورەی یادەوەرییە، تێیدا کارەکتەر لە ڕێی شەپۆلی هۆشەوە ئەو فەزا و شێوازە دامەزرێنێت، کە ڕۆمانەکە پێویستییەتی. هەمان کات دەبینین بە هۆی ئەم شەپۆلانەوە، هیچ هێڵێکی درامی، جووڵەیەکی دیار و ئاشکرای ڕووداو و کارەکتەرەکان نییە، چونکە دەروون و زەینی کارەکتەر و وەگێڕ کراوە بە مەیدانی هەڵچوون و داچوونی شەپۆلی یادەوەرییەکان.
شەپۆلی هۆش لەم ڕۆمانەدا وەک مێتۆدێک بۆ خستنەڕووی چەمکەکان بەکار دێت، چەمکگەلی وەک: سلوول، بەندی، بەندیوان، کۆمەڵ، زێوان و یاخیبوون… تاد. ڕۆماننووس خۆی دەچێتە دەرەوەی هەموو شتەکان، ئەو دەکێشتەوە، ئەوە کارەکتەر، وەگێڕ و بەردەنگن خۆیان بابەتیبوون دەدەنە دەقەکە. وەگێڕ، لە ڕێی ئەو شەپۆلانەوە دەیەوێت کارەکتەر بەئاگا بهێنێتەوە، کە ژیان و تاقانەیی ئەو جێی تێڕامانە. لەم ڕۆمانەدا چیرۆکی کەسێکمان هەیە لە ڕابردوودا یاخیبووە، بەڵام ئێستا لە لایەن کۆمەڵەوە فڕێدراوە، پەراوێزخراوە، پارچە پارچەبوونی ئەو چیرۆکە لە نێوان ڕابردوو و ئێستای گێڕانەوەدا بۆ نیشاندانی کاریگەری ڕووداوەکانی ژیانی کارەکتەرە لەسەر ئێستادا، چونکە وەگێڕ، دەیەوێت هەموو ئەو شتە یاخییانە، تەنانەت هەندێک جار خۆشانەیش بیر کارەکتەر بخاتەوە، کە کاریگەرییان لەسەر ئەو هەبووە. ئەو پارچە پارچەبوونەی بیری کارەکتەر وەک شێوازێک خراوەتەڕوو، بۆ نموونە مێشکی وەگێڕ بەردەوام لە نێوان ڕابردوو و ئێستادا دەگۆڕێت، جارێک بۆ دواوە و جارێک بۆ پێشەوە. بۆ ئەم مەبەستەیش بەردەوام دۆخێکی بەراوردکاری لە نێوان کارەکتەر و ئەوانی دیکەدا هەیە: کاتبەفیڕۆدان لەو وێڵگەیەدا چۆنە و جیاوازی لەگەڵ کاتبەسەربردنی دیلێکی تر لە بەندیخانەیەکی تر چییە و چۆنە؟ ئاخۆ زیندانیکردنی مۆتەکەکانت کاتبەفیڕۆدانە یان شیش ژماردنی دیلەکانی تر. (وێڵی، ل١٧).

ئەم ڕۆمانە لە ڕووی نووسینەوە شێوازێکی ئاسانی فریودەرانەی هەیە. واتە بە زمانێکی ئاسان، بەڵام تۆکمە و ورد داڕێژراوە. لە کۆی ڕۆمانەکەدا بەر وشەیەکی ناڕوون، ئاڵۆز و فەلسەفی ناکەوین، ئەوەی هەیە شێوازە وردە داڕیژراوەکەیەتی، خوێنەر ناتوانێت وشەکان، ڕستەکان لێک هەڵاوێرێت، هەرچەندە کۆی بونیادی ڕۆمانەکە لەسەر شەپۆلی هۆش دامەزراوە، بەڵام ئەوە وای نەکردووە، ڕستەکانی ناو ڕۆمانەکە وەک وڕێنە و قسەی هەلەقومەلەق دەرکەون. “من تۆ دەگێڕمەوە، دەمەوێ نەخنکێم، دەمەوێ بەوانی تر بڵێم وەک تۆ نەبنە دیلێک لە بەندیخانەیەک کە خۆیانن و پاسەوانگەلێک کە کۆمەڵگەیە. بۆیە من بە حەز و چاوەڕوانی ئەوان ناتگێڕمەوە، ویست و حەزی ئەوان زۆر قۆڕ و قێزەونە، من دژی حەز و سەلیقەی ئەوان دەتگێڕمەوە.” (وێڵی، ل٢٣). سەرەڕای ئاسانی وشەکان بۆ تێگەیشتن، زمانەکە ڕیتمێکی توندی هەیە، ئەم توندییە لە زمانەکەدا پەیوەندی بە کۆنتێکستنی دەقەکەوە هەیە، چونکە بابەتی دەقەکە پەیوەندی بە یاخیبوونەوە هەیە، ئاخر ناکرێت، بابەتی فڕێدان و پەراوێخستن، دژبوونی کۆمەڵ بە زمانێکی نەرم و پەمەیی گوزارشتی لێ بکرێت. هەموو ئەو شتانە لە ڕێی کۆنتێکستەوە دەردەبڕدرێن. ڕستەکانی درێژن، لق و پۆپیان هەیە، بەڵام تۆکمە و یەکگرتوون. ئەم درێژبوونەی ڕستەکان نیشانەی دڵەڕاوکێ و دۆخێکی دەروونی قووڵن. دیسان دەیڵێمەوە، کۆی دۆخی ڕۆمانەکە پێویستیی بە ڕستەی درێژ هەیە، چونکە دۆخەکان دەبێت ڕوون بکرێنەوە. کۆی ڕۆمانەکە لەبارەی وێڵبوونی کەسێکەوەیە، کەسێک بەندی خۆیەتی، فڕێدراوە، کەسێک دژ بە هەموو پیرۆزی و دەسەڵاتێکە. ئەمە بیرۆکەی سەرەکیی ڕۆمانەکەیە، بەڵام ئەمە بە کۆمەڵێک وردەکاری دیکە دەور دراوە، کە ئەم هەستی دڵەڕاوکێیەی کارەکتەر قووڵتر دەکاتەوە. وردە بابەتگەلی وەک: نووسەربوون، گۆرانی، کتێب، چایخانە، عەبدولخالق مەعرووف، پیاسەکردن…تاد دەبنە تەواوکەری بابەتە سەرەکییەکە. وێڵی و دژبوونی کۆمەڵ بە هێنانە بەرباسی گۆرانییەکانی حەسەن زیرەک، کتێب و چارەنووسی عەبدولخالق مەعرووفەوە کامڵ دەبێت. “تۆ خوێندنەوەت کرد بە ناوی خۆتەوە، بە ڕاوەستانەوە کتێبت دەخوێندەوە، بە ڕاکشانەوە، بە دانیشتنەوە کتێبت دەخوێندەوە، لە پارکەکان، لە چایخانەکان، لەبەر گڵۆپی بەر دەرگای خواپێداوەکان، لەژێر ڕۆشنایی مانگەشەو کتێبت دەخوێندەوە.” (وێڵی، ل٦٢). لێرەدا کرداری خوێندنەوەمان هەیە، ئەم کردارە پێویستی بە کۆمەڵێک وردە باسی دیکە، واتە بە وەسفکردن و لقی دیکەوە پتر ڕوون دەبێتەوە. ئەگەر کەسێک خوێنەری جددی بێت، دەبێت لە هەموو ئەو دۆخانەدا ئەزموونی خوێندنەوەی کردبێت، خوێنەر بە هۆی ئەم وردە دۆخانەی لە پاش کردارەکەدا هاتوون تێدەگات، ئەو کەسە چ خوێنەرێک بووە.
لەم ڕۆمانەدا بە دەگمەن نەبێت بەر زمانێکی بارگاوی بە میتافۆڕ ناکەوین، زمانی گێڕانەوە، زمانێکی شیعری و ڕەوانبێژیانە نییە، بەڵکوو زمانێکی واقیعی و ڕاستەوخۆیە. لە هێندێک شوێن نەبێت میتافۆڕەکە زۆر وشک و دەتوانم ناوی بنێم ئاژەڵییانەیە. هۆکاری ئەم شێوازەیش دیسان بۆ کۆنتێکستی ڕۆمانەکە دەگەڕێتەوە. ئەم شێوازە وای کردووە هێندەی زمانێکی شیکارییانە بێت، هێندە زمانێکی جوانکارییانە نەبێت. زمانی گێڕانەوەکە، زمانێکە دڵەڕاوکێ زیاد دەکات، نەک ئەوەی خۆی بە ڕازاندنەوەی وشە و ڕستەکان خەریک بکات. “کوردستان چۆن بووەتە بازاڕی ئاسن و تەنەکەی ژەنگاوی، بووەتە بازاڕی ئەدەب و هونەری کێچ و ژەنگاوی” (وێڵی، ل٥٦). ئەم ڕستانە، هێندە ڕوونن، هێندە شیکارییانەن، چارەگی ئەوە میتافۆڕ نین، جوانکارییان تێدا نەکراوە، ئەگەر هەشیانبێت لە توندی و ئاژەڵییەتیان. دەمەوێ بڵێم هەموو ڕستەیەک لەناو ڕۆمانەکەدا، ڕستەیەکی یاخییانەیە. ئەمەیش بووەتە شێوازێک بۆ ڕۆمانەکە. خوێنەر لەگەڵ بەرکەوتنی بە هەر ڕستەیەک لەم ڕستانە، پتر قەلەقتر دەبێت، دەروونی دەشڵەژێ. بە بڕوای من ئەمە یەکێکە لە پنتە سەرکەوتووەکانی ئەم ڕۆمانە، کە دەروونی خوێنەر لەگەڵ هەر ڕستەیەک دەشڵەژێنێ، واتە دۆخێکی دەروونی لە کن خوێنەر درووست دەکات و تێکەڵی ڕۆمانەکەی دەکات.
پنتێکی هەرە بەهێزی کارەکتەری ئەم ڕۆمانە ئەوەیە، کە تەسلیم نابێت، هەرچەندە دوای گۆڕینی وەگێڕ لە کەسی دووەمەوە بۆ کەسی یەکەم، کەسی یەکەم دەڵێت ئەوەی کەسی دووەم دەیڵێت من نیم. بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە کارەکتەر لەگەڵ ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو بێ واتاییەک، هەموو شکستێک، ئەو کۆڵ نادات. ئەو بەردەوامە لە بەرەنگاری و ڕووبەڕووبوونەوەی دۆخەکە. کارەکتەر هەوڵدەدات لە هەموو شتە نالۆژیکییەکان تێبگات و بە عەقڵ و لۆژیکی خۆی، خۆی لێ دەربهێنێت، هەرچەندە دەشزانێت هەموو هەوڵەکانی لەوبارەیەوە بێ کەڵک و هودەن. واتە کارەکتەر دەیەوێت پێمان بڵێت مەحاڵە هەوڵی دۆزینەوەی شوێنێکی ئارام، دۆخێکی ئارام بدەین، مەحاڵە لە دۆخە تێنەگەیشتووەکان دەربازمان بێت، بەڵام هەوڵی چارەسەرکردنی ناتەبایی نێوان خۆی و ئەو کۆمەڵ و خەڵکە دەدات، کە تێیدا و لەگەڵیان دەژی. ئەی ئەگەر هەموو ئەمانە بێ واتا بن و مەحاڵ بن، بۆ کارەکتەر کۆڵ نادات؟ بە بڕوای من هەموو مرۆڤە هۆشمەندەکان، مرۆڤە بیرکەرەوەکان بەردەوام بە دوای وەها ململانێیەکدا دەگەڕێن. ململانێ لەگەڵ ناتەبایی، لەگەڵ ژیان، لەگەڵ کۆی دەسەڵاتەکان. “تۆ بۆ ئەو سەرکەوتنەت لەو شەڕەدا ئاهەنگت نەگێڕا، تۆ هەمیشە بۆ شکستەکانت ئاهەنگت دەگڕا.” (وێڵی، ل٩٨). ئەم ڕۆمانە ڕێک دەربڕینی ئەزموونی ڕۆژانەیە، بەڵام بە شێوەیەکی قووڵ، ئەزموونی ڕۆژانەی هەموومانە، هەموومان ڕۆژانە تووشی ئەو بێ واتاییانەی ناو کۆمەڵ دەبینەوە، بەڵام ئایا چەندمان ئاوا کاریان لەبارەوە دەکەین، قسەیان لەبارەوە دەکەین؟ بێگومان تاک تاکە.



