شارەدێی ڕزگاری لە گەرمیان کرایە قەزا

بەگوێرەی نووسراوێکی تایبەت کە ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان واژۆی لەسەر کردووە و بە ئاماژەدان بە فەرمانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، شاردێی ڕزگاری لە دەڤەری گەرمیان کرایە قەزا.
نووسراوەکە بە ژمارە ٣٢٩٠٦ی ڕێککەوتی ٢٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ دەرکراوە و تێیدا هاتووە: ئاماژە بە فەرمانی هەرێمی ژمارە (٣٩٧ لە ٢٣/٩/٢٠٢٥) و فەرمانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان/سەرۆکوەزیران ژمارە (٢٨١١ لە ١٢/١٠/٢٠٢٥) و دوابەدوای نووسراومان(نووسراوی وەزارەتی ناوخۆ) بە ژمارە (٢٣١٧٣ لە ٣٠/٧/٢٠٢٥)، سەبارەت بە هێنانەکایەی قەزای ڕزگاری لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و نووسراوی ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان ژمارە (٢٣١٥ لە ٢/٧/٢٠٢٥) و بەپێی مادەی بیست و شەشەم/١ لە یاسای پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، بڕیاردرا بە هێنانەکایەی قەزای ڕزگاری لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، بە هەمان سنووری ئێستای ناحیەی ڕزگاری.
هەر بەپێی ناوەڕۆکی نووسراوەکە، بڕیارەکە لە ڕۆژی دەرچوونی فەرمانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێککەوتی ١٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ەوە کاری پێدەکرێت.



